هەڵوێست لەشوناسو مەسەلەی نەتەوایەتی.. لەنێوان چینو حزبە سیاسییەکانی وڵاتانی عەرەبدا
د. کاوە مەحمود
2019-03-05   1060
لەماوەی 23 شوباتی ئەمساڵ تا 2ی ئازار، فەرمانگەی رۆژئاوای ئاسیا لە کۆمیتەی پەیوەندییەکانی کۆمیتەی ناوەندی حزبی شیوعی چین، بانگەشەی کۆمەڵێک لایەنی سیاسیی چەپی لە وڵاتانی رۆژئاوای ئاسیا و باکوری ئەفریقیای بۆ سەردانی چین کرد. ئەم وڵاتانە بریتیبوون لە( مەغریب، تونس، میسر، ئەردەن، فەلەستین، لوبنان، عێراق، هەرێمی کوردستان). جگە لە بینینی ئەو سەرکەوتنانەی کە لە گشت بوارەکاندا چین ئەنجامی داوە، بەشی سەرەکی بانگەشەکردنی ئەم وەفدە کە لە 19 کەس پێکهاتبوو، بەشداریکردن بوو لەو کۆنفرانسەی کە لە شاری ئۆرومچی کە 700 هەزار موسڵمان لە نەتەوەی ئیغور تیادا دەژی و 700 مزگەوت و پەیمانگای و کۆلیجی شەریعەتی ئیسلامی تێدایە، و ئەم شارە پایتەختی ناوچەی ئۆتۆنۆمی شینجینغ، بەسترا.
جگە لە حزبمان 16 وەفدی گەورە و 60 حزب و 43 دەوڵەت بەشداری ئەو کۆنفرانسەی کرد کە لە 26ی شوبات ئەنجام درا، و بابەتی سەرەکی کۆنفرانس دەربارەی سیاسەتی حزبی شیوعی چین و وڵاتی چین بوو سەبارەت بە مامەڵەکردن لە گەل مەسەلەی نەتەوەیی و ئاینیی و پێکهاتەکانی خاوەن شوناسی تایبەت، بوو.
هاورێیانی چین پەیامێکیان بە سەرجەم وەفدەکان گەیاند کە ئەوان بە شێوازێکی مارکسی لینینی و بە ڕچاوکردنی بنیاتانی سۆسیالستی بە تەرز و مۆدێلی چینییەوە مامەڵەی یەکسان و هاوتا لە گەشەپێدان و یەکسانی نێوان سەرجەم نەتەوەکان کە دەگەنە 56 نەتەوە و سەرجەم ئاینەکان، ئەزمونێکی بەیەکەوژیانی هاوبەش و گونجاویان درووست کردوە، کەچی وڵاتانی ئمپریالست و کۆنەپەرستە و بەشێک لە حزب و رێکخراوەکانی ئیسلامی سیاسی پروپاکندە و شاڵاوی دوژمنکارانە ئەنجام دەدەن و هەر بۆ نموونە وەزارەتی دەرەوی تورکیا و ئۆردوگان ناوچەی شینغینغ بە تورکمانساتی رۆژهەڵاتی ناو دەبەن و ئەو پروپاگندەیە دەکەن کە گوایە مافی ئاینی و نەتەوەی نییە!
وەفدە 19 کەسەکەی ئێمە زۆر خۆشحاڵی خۆیان سەبارەت بە یەکسانی نەتەوەکان و یەکەتر قەبولکردنیان و ژیانی هاوبەش دەڕبڕی و لەسەروی هەمەیانەوە ئەو گەشەپێدانە گەورەیەی کە لە شاری ئۆرومچی دا هەیە.
پاشگەڕنەوەمان بۆ شاری بەکین، وەفدەکەمان بە باشی زانی بەیاننامەیەکی هاوبەشی گشت لاینەکان سەبارەت بە سەردانەکە و هەلومەرجی سیاسی لە وڵاتە عەرەبییەکان و رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بڵاوبکەنەوە، و دوو برادەری سەرکردەی سەرەکی لە حزبی تجمع نیشتمانی میسری و حزبی گەلی فەلەستین کە دووەمیان لە کۆبونەوەکانی حزبە کۆمۆنیستەکانی جیهان بەشداری دەکەن، ئەرکی نوسینی پرۆژەی بەیاننامەکەیان خستە ئەستۆی خۆیان. کاتێک پرۆژەی بەیاننامەکەیان بۆ من هێنا کە ئیمزای حزبی شیوعی کوردستانی لەسەر دانێم کۆمەڵێک چەمەک و بابەتی تێکەڵ و پێکەڵی تێدا بوو و جگە لەوەی چەندین جار ئاماژەی بۆ مەسەلەی گەلی فەلەستین و ململانێی عەرەب و ئیسرائیل، و پاراستنی دەوڵەتی نیشتمانی ناوچەکە و رووبەرووبونەوەی پرۆژەی ئیمپریالزم بۆ دابەشکردن ناوچەکە، بەڵام باسی رووبەرووبونەوەی تیرۆر کە سەرجەم ناوچەکەی گرتۆتەوە، و باسکردنی مەسەلەی ڕەوای گەلی کوردستان، ئەوا بە هیچ شێوەیک لەو پرۆژەیەدا نەبوو. کە ڕەشنوسەکەم بینی کارم بۆ کورتکردنەوە و رێکخستنی کرد و سێ بابەتی گرنگم خستە سەری. یەکەمیان: پشتگیریکردنی مافی ڕەوای گەلی کوردستان. دووەمیان: رووبەرروبونەوەی تیرۆر. سییەمیان: پشتگیریکردنی داواکاری گەلانی ناوچەکە بۆ ئازادی و دیموکراسی.
تاکە مەرجی منیش وەک حزبی شیوعی کوردستان بۆ دانانی ئیمزای حزب لە سەر ئەم بەیاننامەیە ئەوە بوو ئەگەر ئاماژە بە تێکۆشانی گەلی کوردستان لە پێناوی مافەکانیدا نەکرێ ئەوا ئیمزای حزب لەسەر ئەو بەیاننامەیە ناکەم. چوار لایەنی سیاسی پشتگیری منیان کرد، و مەبەستی سەرەکیم لەم هەڵوێستە ئەو تابۆیە بشکێنم کە هێزە سیاسییەکانی گەلانی عەرەب لە هەڵوێست سەبارەت گەلی کوردستان، دایان ناوە. ئەوانەی بەیاننامەکەیان دادەڕشتەوە بەلێنی ئەوەیان دا کە تێبینییەکانی من وەرگرن پاشان بەیاننامەکە بۆ گروپی وەفدەکە دەنێردرێت و دوای قایلبوون بە فەرمی بڵاودەکرێتەوە.
کاتێک لە گروپی پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکانی وەفدەکە لە ئینتەرنێت، دەقی نوێی پرۆژەکەم بینی، تێکرای تێبینییەکانی منیان وەرگرت بوو تەنها یەک تێبینی نەبێت ئەویش:( پشتگیریکردنی تێکۆشانی گەلی کوردستان لە پێناوی مافە ڕەواکانیدا).
بێگومان منیش ڕاستەوخۆ داوام کرد کە ناوی حزبمان لەسەر بەیاننامەکە نەبێ و گلەییەکی زۆرم لە سەرجەم وەفەکە کرد ووتم: دیارە بە پێچەوانەوە سوودتان لە ئەزمونی هاورێیانی حزبی شیوعی چینی وەرگرتوە!
سەرلەنوێ بەلێییان دا کە ئەو داواکارییەی من جێبەجێدەکەن، و ئەو ڕستەیەی داوام کردبوو دایدەنێن.
کاتێک لە سایتی حزبی گەلی فەلەستین بەیاننامەکەم خوێندەوە بینیم ڕەش نووسی یەکەمی پرۆژەی بەیاننامەکەیان بڵاوکردۆتەوە. پێش ئەوەی نوێنەری حزبی گەلی فەلەستین بگاتەوە شوێنی خۆی، نامەم بۆ نارد و پێم ڕاگەیاند کە بڵاوکردنەوەی ئەو بەیاننامەیە بەو جۆرە لە مامەڵەکردنی سیاسیدا شەرمەزارییە بۆ ئێوە. ئەو دوای لێبوردن پێمی ڕاگەیاند کە بە هەڵە بڵاویان کردۆتەوە و دەیگۆڕن.
لە سەرەتای بینی یەکە بە یەکە لە ئەندامانی وەفدەکە کە باسی وەزعی کوردستان بە هەرچوار پارچەکەیەوە بۆم دەکردن، پێم ووتن: ئێوە هەمووتان داوا لە ئێمە دەکەن کە پشتگیری خەباتی گەلی ئێوە بکەین، بەڵام هیچ کەس لە حزبەکانی ئێوە ئامادە نین نەک پشتگیریمان بکەن تەنانەت ئامادەنین هاوسۆزی سەبارەت بە ئەو نەهاماتانەی کە دووچاری گەلەکەمان بۆتەوە دەڕبڕن، جا نازانم چۆن رووتان دێ داوا لە ئێمە دەکەن کە پشتگیریتان بکەین!
ئەوەی شایانی ووتنە گەلی کوردستان بەبەردەوامی پشتگیری لە تێکۆشانی گەلانی جیهان کردوە، بەڵام هەڵویستی پشتگیری و هاوکاری یەک لایەنە تا کەی؟!