کاتێک گورگەبۆر وەکو گیاخۆر خۆی ئەنووێنێ؟

دلێر محەمەد نوری
  2025-03-17     147

نووسەر و ڕۆماننووسی گەورەی کورد بەختیار عەلی، کاتێک فەنتازیای خەیاڵی وا فراوان ئەفڕێ و لە ڕۆمانێکی وەکو ڕۆمانی داگیرکردنی تاریکی-دا، دەستی تاکی تورک دەگرێ، تا بەم فەنتازیایە نیشانی بدات کە ئەوان، تووشی چ دەردێک بوون لە ڕق لێبوونەوە، لە کورد و زمان و کولتور و مێژووی کورد. نەخۆشییەک کە ئەمڕۆ لە ناخی زۆرینەیەک لە تورکەکاندا بەرجەستەیە. نەخۆشییەک کە مرۆڤ، گوومان لە مرۆڤ بوونی خۆی دەکات، کاتێک بۆی دەردەکەوێ کە ئەشێت، پەروەردەیەکی ڕەگەزپەرستی و ئایینی و ئیتنی و مەزھەبی بتوانێ وا لە تاکەکانی کۆمەڵگایەک بکات، تا ئەو ئاستە رقیان لەوی تر بێ و شاگەشکە بن بە نەمان و لە ناوچوونیان. بەختیاری عەلی لەم ڕۆمانەدا بە تاکتیکێکی نووسین کاریگەرییەکی گەورە لە سەر خوێنەر جێدەھێڵێت.

 جا لێرەدا پرسیاری بە نرخ ئەوەیە چۆن ئەم ڕۆمانە وەربگێڕدرێتە سەر زمانی تورکی و بکەوێتە بەر دیدی تاک بە تاکی خوێنەری تورک؟

کارئەکتەری سەرەکی ناو ڕۆمانەکە عوسمان ئۆکتای، کە پیاوێکی توندڕەوی و شۆڤێنی بە نەتەوە تورکە و ھەموو ھەوڵ و وچانی خۆی، لە دژایەتی کورد بە کاربردووە. سەرەتای ڕووداوەکان باس لە بڵاوبوونەوەی نەخۆشییەکی سەیر دەکات لە نێو تورکەکاندا کە لە پڕێکدا،  زمانی تورکییان بیردەچێتەوە و بە کوردی دەدوێن. یەکەم کەس کە تووشی نەخۆشی بەکوردبوون دەبێ عوسمان ئۆکتای-یە. ئەم نەخۆشییە وا تەشەنە دەسێنێ و بڵاودەبێتەوە کە تەواوی حکومەت و سەرۆکایەتی وڵات بە خۆیەوە سەرقاڵ دەکات. کارێک دەکات کە ئەوانەی تووشی دەبن، ڕقیان بە جۆرێک لە خۆیان ببێتەوە کە چۆن ئەبێت بە زمانێک بدوێن ئەوان نە بە زمانیان زانیوە و تەنانەت ھەموو تەمەنیان لە  دژایەتی قسەپێکەرانی خەرج کردووە. 

ئەم ڕووداوەی ناو ڕۆمانی داگیرکردنی  تاریکیمان لە ڕۆژانی پێشوو، بە جۆرێکی دیکە، لە واقیعی سیاسی ئەمڕۆی تورکیا ڕەنگیدایەوە. ئەگەر ھەتا دوێنێ گورگەبۆر کوردەکانی ئەخوارد، ئەمڕۆ ناوە ناوە وەکو شوانی کوردەکان خۆی ئەنوێنێ و لە کت و پڕێکدا بووە بە داکۆکی کار لە مافی کورد لە سوریای نوێداو تەنانەت باس و خواسی برایەتی و جیاوازی نەتەوایەتی  لە سەر زاری ئەردۆغان دووبارە  بووەوە بە بنێشتە خۆشە.

لە ڕۆژانی ڕابردوودا، ھەم ئەردۆغان و ھەم ھاکان فیدانیش، نەک وەکو دوژمن دەرنەکەوتن، بەڵکو لە پڕێکدا بوون بە داکۆکی کەری مافەکانی کورد لە سوریا و برایەتی  تورک و کورد لە تورکیا.

ھەر وەکو ئەوەی تووشی دەردەکەی عوسمان ئۆکتای بووبن. بەڵام عوسمان ئۆکتای زمانی گۆڕدرا بۆ کوردی نەک ڕەفتاری. بەڵام ئەوەی تووشی ئەردۆغان و ھاکان بووە زمان گۆڕین نیە، بەڵکو نیشاندانی جۆرێک لە ڕەفتارگۆڕینی ساختەیە. نیشاندانی بەزەیی و دڵسۆزیی داپۆشراو بە ڕق و کینە و تۆڵەیە. نیشاندانی نیەتپاکی پشتی نیەتێکی ڕەشتر لەوەی کە ھەبووە بۆ کورد ھەم لە نێوخۆی تورکیا و ھەم لە سوریادا. کورد لە مێژووی تورکیای کەمالی و عوسمانیدا گەلێک جار ھەر مەڕە دڵساف و خۆشباوەڕەکە بووە و ھەتا بەردەمی چەقۆکە باوەڕی بە تورک کردووە. بەڵام کورد لە ڕۆژگاری ئەمڕۆدا ئەو مەڕە دەستەمۆیەی دوێنێ نیە و شوکور ھوشیارە. ئەوەی ئێستا گۆڕاوە کوردە نەوەکو تورک. کوردی ئەمڕۆ کوردە ھەڵخەڵاتووەکەی دوێنێ نیە. بەڵام ئەوە ئەرۆغانەکان و ھاکانەکانن کە ھەر خۆیانن و ھەمان ئەوانەی مانگێک بەر ئێستاو ساڵێک بەر لە ئێستا و دەیان ساڵ بەر لە ئێستان. 

 دەسەڵاتدارانی پێشووی تورکیا ھەر لە سەردەمی ئەتاتورکەوە تا ئەردۆغان ئامانجیان تەنھا پاراستنی سنوری دیاریکراوی ئێستای تۆرکیا بووە، بەڵام ئەوەی دەیان ساڵە ئەردۆغان کاری بۆ دەکات زیندووکردنەوە و بووژاننەوەی خەونی دەسەڵاتێکی عوسمانی و سنورەکانی میساقی میللییە. ھەموو داگیرکاری و ھاتنە قوڵایی خاکی کوردستان لە ڕۆژئاڤا و باشوری کوردستانەوە ئەم ئاماژەیە دەبەخشن. 

ئەمە جگە لە داگیرکردنی مەزاج و فەزای سیاسی و ئایینی لە  باشوری کوردستاندا بە جۆرێک ھەم سەرەکیترین حزبی ھەرێم و ھەمیش حزب و بزاوتە ئیسلامییەکان تەواوی توانای مادی و ڕۆژنامەگەری و سیاسی خۆیان خستۆتە خزمەتی ئەجێندای تورکی دژی میللەتی خۆیان لە باکور و ڕۆژئاڤا. جا ھەر لایەک بۆ بەرژەوەندییەکی خۆی. لایەک تورکیای ئەردۆغانی بۆ پاراستنی ھەژموونی خۆی ئەوێ و لایەکیش گەرەکێتی تورکیای ئەردۆغانی بکەن بە ناوەندی بڕیاری ئایینی و خەلافەت کە کوردستان وڵایەتێکی سەر بەو خەلافەتە بێ. ھەر ئەمەش وای کردووە کە ئیسلامییەکان لە تورک تورکتر بەرگری لە ئەردۆغان و دژی بەرژەوەندییەکانی کورد لە باکور و لە ڕۆژئاڤا کار بکەن. دەنا بە گشتی تاکی کورد لە ھەر چوار بەشەکەی کوردستان لەوە ھۆشیاترە و تێگەیشتووە کە  ھەتا گورگ بۆر گۆشت خۆر بێ باوەڕ بە ئەردۆغانەکان و ھاکانەکان نەکەن، ھەرچەندە سەرکردە و حزب و سیاسی کورد ھەبن بۆ دژایەتی کورد جاشی تورک بن یان  بە ڕادەست بوون بە تورک ھاوڕێی باشی تورک بن. 

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2025 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×