نە سەر بە پەکەکەم و نە بۆ ڕۆژێکیش شوێنکەوتەی بیری ئاپۆ بووم. بگرە بە داخەوە کە کاتێ کادیرێکی پێشکەوتووی یەکێتی بووم، یەکێتی دوور لە ئێستای، خەریکی شەڕی براکوژی بوو لە گەڵ پەکەکە، لە ماخوبزنان و بناری قەندیل-دا. بەڵام کاریگەری وشەکانی ڕابەری پەکەکە لە زیندانەوە، لە سەر ھەموو ناوەندەکانی بڕیاری ھەرێمی و جیھانیدا، وا ئەکات سەرسامی خۆمان بەم پیاوە مەزنە بۆ نەشاردرێتەوە.
ئەگەرچی من بۆ خۆم، بەرلە ڕاگەیاندنی پەیامەکەی بەڕێز ئۆچ ئالان و دوای ڕاگەیاندنیشی، ھەمان وتەم دووبارە کردۆتەوە کە؛ پەیامی زیندانییەک لە زیندانەوە بۆ ئاشتی و چەکدانان بۆ ڕژیمی تورک، ھەر ھێندەی ئیدیعای باڵندەیەکی نێو قەفەس بۆ ئازادی فڕین و گەڕانەوە بۆ بەردەستی ڕاوچی مانادارە.
بەڵام لێرەدا من ھێندەی باس لە کاریگەری ئەم کەسە ئەکەم لە سەر ڕووداوەکان، ھێندە خەریکی شەن و کەی وشە بە وشەی نێو پەیامەکەی نابم، کە زۆر نووسەری دیکە لە نێوان ئاشبەتاڵ و حیکەمەت و خۆڕادەستکردن، لێکدانەوەیان بۆ ئەو پەیامە کرد.
پەیامەکەی ھەرچییەک بێ، پێ ناچێت ھیچ کاریگەریەک لە ھەڵوێستی قەندیلییەکان بکات، ئەگەر زەمینەی یاسایی و کرداری چەکدانان خۆش نەکرێ. ئەوەتا قەرەیلان لە تازەترین لێدواندندا بڕیاری چەکدانانی بەستەوە بە بیروباوەڕی تەواوی گەریلاکان نەک بڕیارێکی تاکە کەسی. وە بە ئاشکراش دەڵێن ئێمە وا بەستەی بڕیارێک نین لە زیندانەوە درابن.
ئەگەر چی چاوەڕوان دەکرا ئۆچەلان بە شێۆەی ڕاستەوخۆ یان بە ڤیدیۆی تۆمارکراو پەیامەکەی بڵاوبکرێتەوە، بەڵام ڕێگە بەمە نەدرا. بیانووی ئەم ڕێگەگرتنە یاسا بەربەستیەکانی تورکیا بوو، کە من بۆ خۆم بە بیانوویەکی پووچی دەبینم. چونکە ئەدی بە کام یاسا ڕێگە بە ڕابەری پارتێک دەدەی کە تۆ بە پێی یاسا "بە تیرۆریستی" دەناسێنیت، کە لە زیندانەوە پەیام بڵاوبکاتەوە!؟ نەخێر ئەم ڕێگریی و سنوردارکردنی دەرکەوتنی ئاپۆ تەنھا بۆ داپۆشینی بەشێک لە کارێزما و کاریگەری ئەو ڕابەرە جوامێرە یە.
ناوکی ئەم نووسینەم بۆ ڕوونکردنەوەی جیاوازی کاریگەری و کارێزمای ئۆچ ئالانە لە چاو ڕابەری پارتەکانی دیکەی کوردستان، بە درێژایی مێژوو.
ئەوەی دوێنی ئۆچ ئالان بە دەر لەوەی چی وتووە، پێی وتین، کە ئاپۆ لەو یاریکەرە سیاسییە ئەچێت کە تەواوی ناوەندەکانی جیھانی ئاواتیان دابەزینێتی بۆ نێو یاریگای سیاسەت، تا ڕووداوەکان بە ئاراستەیەکی جیاواز بگۆڕێت. ئۆچ ئالان نیشانی داین کە ھێزی کاریگەر و گۆڕانی پێیە، خۆ ئەگەر لە زیندانیشەوە بێ.
ڕەنگە ھەبن وا بیر نەکەنەوە بەڵام وەرن بەراوردی تواناو ھێزی کاریزمای ئەم ڕابەرە بکەن لە گەڵ ڕابەرەکانی دیکە، لە سەر کوردی باکور و ھەر سێ پارچەکەی تریش لە مێژووی نوێی گەلەکەماندا.
بۆ نموونە ئۆچ ئالان دەستگیر ئەکرێ، بەڵام پارتەکەی و شۆرشی باکور نەک ھەرەس ناھێنێ بگرە ڕۆژ بە ڕۆژ بتەوتر و کاریگەرتر ئەبێت و بیری ئاپۆ و بنکەی جەماوەری بە ھەر چوار لای کوردستاندا بڵاودەبێتەوە و وتەکانی دەبن بە دروشمی شۆرش و ڕاپەرینەکان لە بەشەکانی دیکەی کوردستانیش. ئەمڕۆ دوای ٢٦ ساڵ زیندانی بەڵام ھێزی چەکداری پەکەکە و توانای جەنگی پەکەکە و کاریگەری خودی ڕابەرەکەی لە ھەموو کات لە کاریگەری ھەرپارت وڕابەرێکی دیکەش بەھێزترو کاریگەرترە.
بەڵام ئەگەر باس لە کاریگەری ڕابەری کۆچ کردووی پارتی مەلا مستەفا بکەین دەبینین؛ جا با ئەو پارتییانەی دەروێشانە پارتین، تا ئەمڕۆش تەنانەت شانازی بەو دار جگەیەشەوە بکەن کە سیخاری پێ کێشاوە. بەڵام کاریزمای ئەم ڕابەرەکۆچکردووە، نە لە سنوری پارتەکەی تێپەڕیوە نە دوای ئاشبەتاڵ و مردنیشی تا ڕاپەڕینەکەی ٩١، نە پاری توانی لە سەر پێی خۆی بوەستێ. نە دوای خۆی ئاسەواری شۆڕش و خەباتەکەشی مایەوە.
خۆ ئەگەر بەروردی کارێزمای ڕابەری ئەمڕۆی پارتی بکەین بە کاریگەری و کاریزمای ئۆچ ئالان، دەبینین دەنگ و کاریگەری بارزانی تەنانەت ناگاتە شارێکی وەکو سلێمانیش، کە سەر بە ھەرێمەکەی خۆیشێتی، چ جای کاریگەری جیھانی و ئیقلیمی.
ئەمە تەنانەت بۆ ھەندێ ڕابەر و سەرکردەی دیکەش ڕاستە. تۆ تەماشا ئەگەرچی کەسێکی وەکو تاڵەبانی کەسایەتییەکی کاریزمی و کاریگەری کوردستانی و عێراقی و جیھانیش بوو بەڵام دوای مردنی یەکێتی دابەش و لاواز دەبێ و تەنانەت دەستی پارتیش دەگاتە ھەناوی سەرکردایەتی و مەکتەبی سیاسیشی.
خۆ ئەگەر بەراوردکارییەکە بگوێزینەوە بۆ لای نەوشیروان مستەفا دەبینین، کە لە گەڵ ئەوەشدا کەسێکی کاریگەر و کاریزمی و خاوەن پڕۆژەی سیاسی و ستراتیژی بوو بەڵام ئەمیش وەکو تاڵەبانی لە پاش کۆچی دوایی کردنی تەواوی پڕۆژە سیاسییەکەی و کاریگەرییەکانی لە ناوچوون.
بە وێنەی نەوشیروان مستەفا و تاڵەبانیش ئەم بەراوردکارییە بۆ شەھیدان قاسملۆ و شەڕەفکەندیش ڕاستە. چونکە بە مەرگی ئەم دوو سەرکردەیەش دیموکراتی ئێران ھەم پەرت پەرت و ھەم بێ گاریگەر تا ئەمڕۆش ماونەتەوە.
ئەم بەراوردکارییە ھیچمان پێ نەڵێت، پێمان ئەڵێت کە ئۆچ ئالان زیاتر لە ھەموو ئەو ڕابەرانەی لە چل و پەنجاکانەوە پەیدا بوون خاوەن ھێزی کارێزمی و کاریگەری سیاسی و ڕێکخراوەییە لە سەر ملیۆنان مرۆڤی کورد لە ھەر چوار پارچەی کوردستان و پاشخان و بنەمایەکی پتەوی شۆڕش گێڕی وحزباتی بەجێ ھێشتووە کە نە زیندانی کردن و نە بە کۆچی دوایی کردنیشی لە بەین ناچن. جگە لەمەش تەنھا کاریگەری وشەکانی لە سەر کاغەزێکی بێ گیان لە زیندانەوە ھەموو سەرکردە و ناوەندەکانی بڕیاری لە جیھاندا ھێنایە قسە.