لە دیواری  بەرلینەوە بۆ بازگەی دێگەڵە

دلێر محەمەد نوری
  2025-02-10     135

دیواری بەرلین لە ساڵی ١٩٦١ ھەڵچنرا، بۆ جیاکردنەوەی خەڵکی ڕوژھەڵاتی  ئەڵمانیا لە خەڵکی ڕۆژئاوای. ئەم دیوارە نەفرەتییە ھەرگیز نەبووە ھۆی ئەوەی کە خەڵکی ھەمان ئەڵمانیا بە تەواوی ببن بە دوو لەتەوە. ئەم دیوارە ھەر ئەوەندە بڕی کرد کە ھۆکارەکانی پشتی لە ناوچوون و ھەر دوای کۆتایی ھاتنی یەکێتی سۆڤێت و جەنگی سارد و بە ھۆی فشاری خۆپیشاندانی لە وێنەی شۆڕشێکی بەرفراوانی ھاوڵاتیانی ھەردوو بەرەکەی ئەڵمانیا، ئەم دیوارەش لە ساڵی ١٩٨٩ درزی تێکەوت و تا لە ساڵی ١٩٩١ بە تەواوەتی ڕوخێنرا.

ئەگەرچی ھۆکارەکانی پشتی ھەڵبەستنی دیواری بەرلین لە نێوان بە ناو دوو ئەڵمانیاکە و داواکاری خۆپیشاندەرانی ھەردوو بەرەکە بۆ ڕووخاندنی دیوارەکە، زۆر جیاوازە لە ھەڵبەستنی زاڵگەی دێگەڵە و خۆپیشاندانی ئەمڕۆی مامۆستایانی سلێمانی و ھەولێر، بەڵام ھەردووکیان لە وێنەی دوو دیوار بۆ جیاکردنەوەی خزم و خوێش و ھاوڵاتیانی یەک جوگرافیا بوو. دیواری بەرلین ڕووخێنراو و خەڵکەکانی ھەردوو دیوەکە باوەشیان کردەوە بە یەکدا.

 ئەمڕۆش بۆ یەکەم جارە لە دوای ساڵی ١٩٩٦ەوە کە بەم لێشاوە، ھاوڵاتییانی سنوری بەشی باشوری ھەریمی کوردستان، ئەم زاڵگەیە ببەزێنن و بپەڕنەوە بۆلای سنوری ھاوڵاتیانی بەشی باکوری ھەرێمی کوردستان. جێگەی ئاماژەیە کە دەمێکە ئەم دەسەڵاتە یاری لە سەر وەتەرێکی ھەستاری جیاخوازی ئەکات. یاری کردن بە دەمارێک کە ھەرگیز دوژمنان بە سەددان ساڵ نەیانتووانیوە ھێندەی ٣٠ ساڵی حوکمڕانی کوردی ئەو دەماری خێڵەکی و دووبەرەکی و جیاخوازییە خوێن بدەن.  شاری من و شاری تۆ، ناوچەی من و ناوچەی تۆ، زۆن و زەلکاوی من و زۆن و زەلکاوی تۆ. بۆیە وشەی زەلکاو لە پاڵ زۆن بەکاردێنم چونکە سیاسەتی چەوتی ناوچەگەری ئیدی ئەو ناوچەیە ئەگۆڕێت بۆ ژینگەیەکی نا تەندروست بۆ  کۆی خەڵکەکە. چونکە ئیتر تۆ دێی لە سەر ئەم بنچینەیە بە خەڵکەکە ئەڵێی یان زەردی یان ناژیت یان سەوزی یان ناژیت.  لە سەروبەندی شەڕی ناوخۆوە ئەم سنور و خەڵک لێک جیاکردکردنەوەیە درێژەی ھەیە تا ڕۆژگاری ئەمڕۆمان. ئەوێ ڕۆژێ بەعس ئاسا لە سەردەمی شەڕی ناوخۆ پرۆسەی تەرحیل کردنی خێزان و بنەماڵە پێشمەرگەی زۆنی ئەولا بۆ لای خۆی و ھی ئەملاش بۆ لای خۆی، دەستی پێکرد. ھەر ئەم پڕۆسەیەش بوو ھەولێری ئاوارەی سلێمانی و سلێمانیشی ئاوارەی ھەولێر کرد. ئیتر لێرەوە پرۆسەی یەک ڕەنگ ڕێژکردن و بە یەک حزب کردن و بە یەک ئایدیا و یەک فیکر و...ھتدی ۆردنی شارەکان دەستی پێکرد. ئەم سیاسەتی بە یەکانە کردنی شارەکان لە پێناو مانەوەی حزب و لە ناوبردنی یەکپارچەیی خاک و دەسەڵات بوو. ئەوەی ئێوەی حزبی و سیاسییەکان ھەمیشە ئەیڵێنەوە، سەرۆکی ھیچ لایەک دەسەڵاتی دانانی کارگوزارێکی لاکەی دیکەی نیە، ھەر ئەوەیە کە ئێمەش ئەیڵێین. بەڵام وەڵامی پرسیارەکە لای ئێوەیە نەک میللەت، میللەت ھەمیشە پرسیوێتی: لە پای چی ئەم لەت و پەتییە، لە کاتێکدا میللەت خۆی یەکە و ناکرێ بە دوو؟

وەکو ئاشکراشە کە ئەوانەی لە خزمەتی ئەم دوو لەت بوونەدان، بەرژەوەندی تەسکی حزبی و بنەماڵەییە و ھیچی تر. لەم نێوەندەشدا پارتی بە پلەی نایاب لە پشتی ھەڵچنینی وشکە کەڵەکی ئەم زاڵگە و دیواری دێگەڵەیەدایە. کە دەشڵێم وشکە کەڵەک چونکە ئەمڕۆ نا سبەی ھەر دەڕووخێت. چونکە دواجار ئەوەی ئەم زاڵگەیە دەڕووخێنێت ھەولێر و سلێمانییەکانن پێکەوە.

باوەڕیش ناکەم ئەمەم بە لایەنگری یەکێتی بۆ ئەژمارد بکەن. چونکە ئەمە ڕاستییە و ئەم دوو زۆنە کت و مت لە یەک ناچن. لە زۆنی زەرد نە حزبی ڕاستەقینە، نە میدیای بوێر نە دەنگی ناڕەزایی و خۆپیشاندانی کاریگەر یان دروست نابێت یان پارتی ناھێڵێت دروست ببێت. بەڵام زۆنی سەوز کاتێک لە قۆناغێکدا دەبێ بە زۆنی سەوز و نیلی و لە ڕۆژگاری ئەمڕۆشماندا کە بووە بە زۆنی سەوز وپرتەقاڵی گەواھیدەری ئەم ڕاستییەن، کە ئەم دووانە جیاوازن، ئەگەرچی لە زۆر دۆخیشدا شەریکی تاوان و گەندەڵی و ھەڵە و پەڵەن. جگە لەمانەش خۆپیشاندان و دەنگی دلێری ڕەخنەگران لە زۆنی سەوز نیشانەی ئەوەی کە یەکێتی نەرمترە، دەنا ھیچ گوومانک لە ھاوھەڵوێستی و ھاوخەمی ھەولێرییەکان نیە بۆ کێشەکانی کۆمەڵگای کوردی.

پارتی دەبێ لەوە تێبگات، کە تەنھا ئەوە کە ڕێگرە لە بەردەم کاریگەری ڕەشەباکانی گۆڕانکاری لە سلێمانییەوە بۆ ھەولێر، بە بیانووی پاراستنی ئارامی، بەڵام چ ئارامییەک؟ ئارامی شاری ھەولێر لە ئارامی نێو خانوویەک دەچێت کە دەرگاو پەنجەرەکانی توند توند داخرابێ لە سەر دانیشتوانەکەی، بە جۆرێک لەو تەنگە نەفەسییەدا بوار بۆ ھەناسەیەکی پاک نەماوەتەوە. ئەمە دۆخێکە ئەکرێ چەند ساڵێک بڕ بکات بەڵام دڵنیابن کە تا سەر ئەم دۆخە ناچێتە سەر چونکە ئەو وێنەیەی پارتی شانازی پێوە دەکات لەو پوزڵەیارییە دەچێت کە گرنگترین پارچەی ونە کە ئەویش پارچەی سلێمانیە. 

ئەمڕۆ دوای ساڵانێکی زۆر دەیان ھەزار خەڵکی سڤیل، فەرمانبەر، مووچەخۆر و مامۆستا، لە نمایشێکی مەدەنی و شارستانییەتی ناوازەدا بۆ یەکەم جار توانییان بگەنە زاڵگەی دێگەڵە، تەلیسمی ئەو ترسە بدڕن. خۆ ئەگەر خۆپیشاندانەکە شارستانی و مەدەنی نەبووایە دەیانتوانی تەخت و پاراجی ئەو زاڵگەیە بھێننە خوارێ. فشاری چەک و ئاوڕشێنی ئەو تەنکەرە ئاوانەی (کە دەبوو لە بەلوعە تینووەکانی ھەولێر و گوژاندنەوەی ئاگرەکانی بازاری لەنگە سەرف بکرایە) و ڕشتنی گازی فرمێسک ڕێژ و گرتنی چالاکوان و میدیاکاران کارێکی کرد کە خۆپیشاندانەکە کۆتایی بێ، دەنا دەمێک بووە ئاپورەی خۆپیشاندان دەگەیشتە ھەولێر و دەبوونە میوانی ماڵە گەرم و میوان دۆستی ھەولێرییان. 

ئەمڕۆ بازگەی دێگەڵە بە وێنەی دیواری بەرلین درزی تێکەوت. دیواری بەرلین دوای ٢٧ ساڵ لە ھەڵچنینی درزی تێکەوت و دوای ٢ لەو درزتێکەوتنەوە بە تەواوی ڕووخێنرا. پارتی ئەبێت بزانێت کە نە ھێندەی لایەکی ئەڵمانیا دەسەڵاتی ئەبێ و نە زاڵگەی دێگەڵەش دیوارەکانی ھێندەی دیواری بەرلین پتەو دەبێ، ئەمڕۆ درزی تێکەوت، زۆری نەماوە ئەم زاڵگەیەش بڕۆخێ و ببێ بە مێژوویەکی ڕەشی دەسەڵاتی کوردی لە جیاکردنەوەی ڕۆڵەکانی لە یەکتری.

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2025 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×