ئێمەی کورد بە تەنھا و لە مرۆڤە یەکەمەکانی سەر ئەم گۆی زەوییەین کە خاوەن ڕەنگی زەرد بووین.
ڕەنگی زەرد کە یەکێکە لە ڕەنگە بنەڕەتییەکانی ژیان، لە پاڵ ڕەنگی سور و شین و سەوزیشدا. ئەو ڕەنگانەی کە بە تێکەڵکردنیان ڕەنگەکانی دیکەی ژیان بەرھەم دێن و پێک دێن.
ڕەنگی زەرد بە گشتی، لە نێو کولتورە جیاوازەکاندا خاوەن گەلێک ئاماژە و نیشانەیە. دەبینین ھەندێک جار نیشانەیە بۆ گەشبینی و ھەندێک جاریش بۆ ڕەشبینی. بۆ نموونە:
لە لای ھەندێک نیشانەیە بۆ تیشکی خۆر، کە خودی خۆریش نیشانەیە بۆ ڕووناکی و گەرمی و خۆشبەختی.
خۆریش بۆ کورد سیمبولێکە ھەم لە ئەزەڵەوە پێمانەوە لکاوە و ھەم بە نەمری بۆ ھەتایە لە گەماندایە. چونکە خۆر سیمبولێکی پیرۆزە ھەم لە لای ئایین دێرینی ئێزیدیمان و ھەم لە لای دایکە ئایینی زەردەشتیشمان. ئەمە بۆ خۆی پێوە لکانی ئەزەلی ڕەنگی زەردە بە کوردەوە. ئەمڕۆش ھەمان خۆر چەقی ئاڵای کودستانیشی نەخشاندووە. ئەو ئاڵایەی تازە بووەتە ھێمایەک لە ھێماکانی کورد و لە گەڵماندا بە نەمری دەمێنێتەوە. لێرەوە ئەم گەشبینییەی ڕەنگی زەرد بەر لە ھەر نەتەوە ومیللەتێک بەر کورد کەوتووە.
ھەر وەھا ڕەنگی زەرد لە نێو ھەندێک لە کولتورەکاندا نیشانەیە ھەم بۆ وزە و ھەم بۆ چالاکی. باوەڕ ناکەم لەمەشیاندا مێژووی ھیچ میللەتێک بە سەختی و دژواری وەکو مێژووی کورد تێپەڕی بێت. کەچی کورد لەو میللەتە سەرسەخت و کۆڵنەدەرانەیە کە ھەمیشە وزەیەکی ناوەکی لەوەی خۆری تێدایە کە لە تەقینەوەی بەردەوامدایە و خامۆش ناکرێ.
بەڵام لە پاڵ ئەو ھێما پڕ مانا و وزە بەخشانەی ڕەنگی زەرددا، دەبینین بە دیوێکی دیکەشدا ئەم ڕەنگە، ھەندێک ھێماو ئاماژەی نەرێنیشی ھەیە، لە نێو ھەندێک کولتوردا. ئەمانەش بە وێنەی: مەترسی و ئاگادارکردنەوە، ئیرەیی ودڵەڕاوکێ ھەروەھا نەخۆشی و دەردوبەڵا.
تەماشاکەن ھێندەی پەیوەست بوونی مانا و ئاماژە گەشبین و وزەبەخشەکانی ڕەنگی زەرد، ئاماژە و مانا ڕەشبینییەکانیش بە ھەمان شێوە پەیوەستن بە کوردەوە. لە خۆتان بپرسن چ میللەتێکە لە مێژوودا، ھێندەی کورد لە مەترسیدا بووە و ھێندەی کورد پێویستی بە چاودێری دۆخی خۆی بووە بە بێ دابڕان؟ چ میللەتێک ھێندەی کورد تووشی دەردوبەڵای کۆمەڵایەتی و دووبەرەکی و ناتەبایی و ئیرەیی بە یەکتر و خیانەتکردنی جەمسەرەکانی لە یەکتری بووە؟
ئەمڕۆ کوردستان بە ھەستیارترین دۆخی خۆیدا تێدەپەڕێت. خۆری کورد لەو پەڕی چالاکیدایە و دوژمن و نەیار و داگیرکەرانیشی لە ھەموو کاتێک زیاتر ددان و چڕنووکەکانیان تیژکردووە بۆ پەلاماردان. بەڵام دەبینین لە بری یەکگرتن و پاڵپشتی کردن لە یەکتری باشوری لە پلاندایە دژی ڕۆژئاوای.
ئاخر ناکرێ دوو ھێز لە سەر ئەم خاکی کوردستان ھەردووکیان ھەڵگری بەیداخی زەرد بن. لە لایەکەوە یەکیان پڕ لە وزە و شۆڕش و خەبات و فیداکاری بێ و نیشانە بێ بۆ ژیان و برایەتی و یەکسانی و ئازادی. لەو لاشەوە ھێزێکی دیکە لە ژێر ھەمان بەیداخی زەرد خەریکی خامۆش کردنی وزەکان و لە ناوبردنی شۆڕشەکان و کوشتنی یەکسانی و جوانی و برایەتی بێ.
ھەر بۆیە دەبینین ڕەنگی زەرد بۆ کورد ھەم دەرمانی دەردە و ھەم بۆ خۆشی دەردە.