شەقامی پەرت پەرتی کوردی

دلێر محەمەد نوری
  2024-08-06     175

ئەگەر شەقامی سیاسی و کۆمەڵایەتی و میللی کوردی، بە شەقامێکی ئاسایی وێنا بکەین، ئەوا بێ یەک و دوو ئەتوانین بڵێین، شەقامێکی پڕ تاسە و چاڵ و چۆڵی و ناڕێکی بەرتەسک و پڕ کەم و کوڕیمان هەیە.

شەقامی کوردی، ڕەنگە یەکێک بێ لە هەر شەقامە ناکۆک و یەکتربڕەکان و ناقۆڵاکانی نێو میللەتانی جیهان. چونکە کورد بە هۆی ناکۆکی و ململانێی سەخت دگەڵ یەکتری، هێشتا لە خاڵی سفری تێکۆشانە، ئەگەرچی زۆرترین قوربانی و گەورەترین زیانیشی، لە ئەنجامی خەباتی ڕزگاری نشتیمانی  پێ گەیشتووە.

میللەتێکی وەکو کورد کە هێشتا لە چوارگۆشەی یەکەمی خەباتدا قەتیس بووە، دەبوو خاوەن بەهای نەتەوەیی جێگیر بووایە. دەبوو ئەم بەهاو و مەسەلە دەست بۆ نەبراوانە بۆ هەموو عەشیرەت و خێڵ و حزب و بنەماڵە و ئاراستە سیاسییەکان وەکو قورئان و تەوراتی نەتەوەیی بووایە و شێواندن و دەستبردن بۆی هێڵی سور و حەرامێکی گەورە بووایە.

دەبوو لە پێشینەی هەر کارەکانمان حەرام کردنی خوێنی کورد بووایە بە دەستی کورد خۆی، کەچی دوو هێندەی شەڕی دوژمنان شەڕی براکوژی و خۆکوژیمان کردووە. دەبوو فرمێسکەکانمان بەر لە هەر ستەملێکراو و خوێن رژێنراوێکی بە ناهەقی دونیا، بۆ ستەملێکراو و بۆ خوێن بە ناهەق ڕژێنراوێکی کورد بووایە. چونکە تا ئەمڕۆشی لە گەڵ بێ هیچ نەتەوە و میللەت و ئایینزا و لایەنێک فرمێسکی بۆ کوردێکی قوربانی نەڕشتووە.

پێم وا نیە میللەتێک هەبێ لە سەر ڕووی ئەم زەمینە، بە بەردەوامی و بێ پسانەوە، چرکەیەک لە زەمەن نەڕواتە پێشەوە، بە بێ ئەوەی کەسێکی نەکوژرێ، زیندانی نەکرێ، ئازار نەدرێ، ماڵوێران نەکرێ، تەنها لە سەر کورد بوونی.

 گەر بەراوردێک بکەین لە نێوان کورد و فەلەستینی، ئەوا بۆمان دەردەکەوێ کە ستەملێکراوانیش بێ بەخت و بەدبەختیان تێدایە.

تۆ تەماشا، فەلەستین یەک دوژمنی هەیە کە ئیسرائیلە. یەک جۆر سیاسەتی لە دژ پیادە ئەکرێ. یەک جۆر سەرباز و ماشێنی سەربازی دژی دەجەنگێ. جەنگی دوژمنەکەی جەنگە لە سەر خاک، نەک شتێکی دی و سەرەتای ئەم جەنگە تەنها لە چلەکانی سەددەی ڕابردووەوە پەرپا بووە. لایەنی کەم دووجار دەرفەتی بە دەوڵەتبوون و ئەگەری چارەسەری کۆتایی بۆ پێشنیار کراوە، بەڵام فەلەستینییەکان بە کەمتر لە خستنە ناو دەریای تەواوی جولەکەکان ڕازی نەدەبوون. لە گەڵ هەموو ئەمانەشدا تەواوی دونیا هاوسۆزی مەسەلەی فەلەستینە. لە گەڵ ئەوەیشدا کە فەلەستینییەکان خاوەنی بیری خۆکوژی و بە کارهێنەری مێتۆدی تیرۆرن لە خەباتیاندا لە دژی ئیسرائیل.

 بەڵام دۆخەکە بۆ کورد زۆر جیاوازە. چونکە کورد لە بری یەک دوژمن چوار دوژمنی هەیە. چوار سیاسەتی جیاواز لە یەک کاتدا لە دژی کار دەکات. چوار جۆر سەرباز و چوار جۆر ماشینی سەربازی لە دژی ئەجەنگێت. جەنگی دوژمنانی کورد جەنگە لە سەر خاکی کوردستان، جەنگە لە دژی زمان و کولتور و مێژووی کوردستان. مێژووی کورد مێژووی جەنگی چوار نەتەوەیە دژ بە کورد و بۆ ماوەی چەندین سەدەییە درێژەی هەیە. کورد هەمیشە ڕازییەکەی ناو هاوکێشەکە بووە بە ئاشتی و پێکەوژیان لە سەر خاکی خۆی لە گەڵ میللەتی سەردەست و داگیرکەری خۆی. کوردەکان هەرگیز لە خەبات و تێکۆشاندا کاری تیرۆر و میتۆدی تیرۆریستیان بە کارنەهێناوە. لە چاو مەسەلەی فەلەستینیدا، مەسەلەی کورد نیو هێندەی فەلەستینییەکان سۆز و هەستی دونیای بۆ نەجووڵاوە.

ئەوەی بۆ من مایەی هەم خەمێکی قووڵ و هەم تێڕامانێکی قوڵترە کە خودی کورد خۆیەتی. بە چ مانایەک کورد ئەتوانێ لە پای وەها مێژوویەک لە قوربانی و تێکۆشان و خەبات و ئازاردان و داگیرکاریی، خۆی لە دوژمن دوژمنتر بێ بۆ خودی خۆی؟

دەسەڵاتی کورد لە باشور یەکێکە لە بە تەمەنترین دەسەڵاتە خودبەڕێوەبەرەکان، لە مێژووی چەند سەددەی دواییدا. ئەوەی چاوەڕوان دەکرا کە ئەم دەسەڵاتە ڕۆژ بە ڕۆژ لە خەمی خۆسەپاندن و خۆ پتەوکردندا بێ. بەڵام ئەوەی مایەی بەدبەختییە کە ڕێک پێچەوانەی چاوەڕوانییەکان ڕوویدا. من نامەوێ لێرەدا بە مێژووی سی ساڵەی دەسەڵاتی کوردی لە باشوردا بچمەوە، کە دڵنیام خوێنەرانی ئەم وتارە یان تیا ژیاون یان هەموویان بیستووە. بەڵام ئەوەی لە ماوەی سی ساڵی دواییدا بنەماڵە دەسەڵاتدار و دوو حزبە کوردستانییەکە کردیان بە یەکتری و بە تەواوی قەوارەکە، لە پەتپەتی و دەردەسەری، بە هەر چوار دوژمنەکە بە ئاگر و ئاسن بۆیان نەکراوە. ئاشکراشە هەم مێژوو بەزەیی بەم بنەماڵە و حزبانەدا نایەتەوە و هەمیش شەقامی کوردی ڕۆژ بە دوای ڕۆژ خەریکە تۆڵەیان لێ دەکاتەوە. ئەم دوو بنەماڵە دەسەڵاتدار و حزبەکانیشیان لە گەڵ هەندێ حزبی دیکە کە دواتر پەیدا بوون یان لە پەیدا بووندان، توانیان شەقامی کوردی پەرت پەرت بکەن. باوەڕ ناکەم پێویست بە نموونە هێنانەوە بکات بۆ ڕادە و کاریگەری ئەو پەرت بوونە تا چ ئەندازەیەکە و چۆن کاری لە هەستی نەتەوایەتی تاکی کورد کردووە بە نەرێنی.  ئەگەر لەو بگەڕێین بە نموونە ئاسایی لە وێنەی ناکۆکی برا لە گەڵ برا یان دوو هاوسەری هەمان خێزان یاخود و هاوڕێ و دراوسێ، بگرە ئەم ناکۆکییە پەلی بۆ ناکۆکی شارەکانی باشوریش کێشا دژ بە یەکتری. جگە لەمانەش بەها جێگیرە نشتیمانییەکانی لای تاکی کورد سڕیوەتەوە. من پێم سەیرە حزبەکەم خیانەتی ئاشکرا بکات و هەر پێم وا بێ ئەبێ بەرگری لێ بکەم. من پێم سەیرە بۆ ئەوەی خیانەتی حزبەکەم پەردەپۆش بکەم ئەبێ خیانەتی حزبەکانی دیکە باس بکەم. من پێم سەیرە خیانەتی نشتیمان زۆر بە ئاسانی بکرێ بە کوردایەتی و بازاڕی فڕۆشتنیشی گەرم بێت. ئەمانە بەشێکن لە ناکۆکی و ناتەبایی شەقامی سیاسی و میللی و نەتەوەیی کوردی.

لەهەموو ئەمانەش مەترسیدارتر کە لەم ساڵانەی دواییدا سەری هەڵداوە دەنگ و کاریگەری ئیسلامی سیاسییە لە سەر بیر و مەزاج و فەزای گشتی لە باشوری کوردستان. کە خودی ئیسلامییەکان دە هێندەی حزبە کوردستانییەکان توانیویانە دەنگی شەقامی کوردی بە تەواوی پەرت بکەن و بیری نەتەوەیی و هەستی کورد بوون وەهای لاواز بکەن کە هەرگیز بە خەیاڵی دوژمناندا نەهاتووە کە ئەوەی ئیسلامییەکان بە شەقامی کوردی ئەکەن ڕێگای دژایەتی ئەوان بۆ زمان و کولتور و مێژووی کورد ئەوەندە کورت کردۆتەوە کە ئیتر ئەوان پشتوێنی لێ شل بکەنەوە و پاڵی لێ بدەنەوە و لە بری ئاکتکردن تەماشاکەر بن.

لە چەند ساڵی دواییدا ئیسلامی و سەلەفی و وەهابی و ئیخوانی و داعشییەکانیش، هەموویان بە یەک ئاراستە خەریکی بنکۆڵ کردنی هەستی نەتەوەیی، گیانی کوردەوارین. ئەوەی ئەمڕۆ لە نەوەی نوێدا دەبینرێ کە هێندەی پەیوەستە بە برایەتی موسوڵمانەوە، هیچ بیر و هۆشێکی لای برای کورد بۆ کوردی نەماوە. بەهای ئایینی لە لا پیرۆزە و هیچ جۆرە تێگەیشتنێکیان بۆ بەهای کۆمەڵایەتی و کولتوری کوردی نەماوە. لە بری ئەوەی وەکو قوربانی دەستی ستەم و نادادپەروەی ڕووە و بەها مرۆڤایەتی و مافە تاکەکەسی و دونیای کرانەوە هەنگاو بنێن، پشتی لە ڕۆژئاوا ڕووە و جیهانی عەرەبی و ئیسلامی خۆی تەیار کردووە. ئیسلامییەکان  ڕووە و سیستەمی ئایینی داخراو و بیری زەبروزەنگی داعشی و سڕینەوەی هەموو دەنگ و ڕەنگە جیاوازەکان هەنگاویان ناوە. گەر بەر لەم شاڵاوی بە عەرەب کردن و بە ئیسلامی کردنی کۆمەڵگا نەگیری، دوور نیە لە ئاییندەیەکی نزیک بەیداخە ڕەشەکە جێگە بە ئاڵای کوردستان و شمشێریش جێگە بە هەتاوەکە لێژ نەکات. ئەم نەوەیە بە جۆرێک لە کورد و کوردستان دوور کەوتۆتەوە کە ئامادەیە تف لە لاشەی ڕۆڵەی کوژراوی خۆی بکات و نوێژی غائیبیش‌ لە سەر لاشەی دوژمنی خۆی بخوێنێت. ئامادەیە هەلهەلە بۆ سەرکەوتنی جەندرمەی ئەردۆغان بکات بە سەر لاشەی گەریلا و شەڕڤانەوە. ئەو بە وشەیەکیش هاوپشتی شۆڕشی ژینا ئەمینی نەکرد بگرە ڕێگری لەو چەند ئاکتیڤیستەی سلێمانیش کرد کە پاڵپشتی شۆڕشی لەچک فڕێدانیان کرد. نەوەیەک سەرڕێ کەوتووە ئازادی بووە بە حەمزە و نەوزادی بووە بە ئوسامە. نەوەیەک ڕقی لە هەموو بوونێکی کوردە و ڕاستەوخۆ بەرنامەی تەعریب و تەتریک پیادە دەکات و کڵاوەکەی سوڵتانی لە سەر ناوە و جبەکەی خالیدیشی داوە بە شانیا.‌

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×