خۆشی بۆ یەکەمەکان و ئازاریش بۆ ئەوانی تر

دلێر محەمەد نوری
  2024-07-23     189

ھیچ دایک و باوکێک شک نابەم لە دونیادا، کە ئەگەر نەوەکەی سەرکەوتوو بێ لە خوێندن، یان ھەر بوارێکی دیکەدا، حەزنەکات وێنەی لە سەر سنگی خۆی ھەڵنەواسێ و جاڕ بۆ ئەو سەرکەوتنە نەدات! مەگەر زۆر بێ باک  بێت یان کێشەیەکی ھەبێت یاخود باوەڕی بە بەچاوەوەبوون ھەبێت. ھەتا ئێرە ئەمە بابەتێکی ئاسایی و تا ڕادەیەکیش پەسەندە. ھەواڵی یەکەمەکانی قۆناغی کۆتایی خوێندن، ئەو بابەتەیە  کە ساڵانێکە لەم مانگەدا،  میدیا بە گشتی و سۆشیاڵ میدیا بە تایبەتی دەتەنێت.  
بەڵام ئەوەی تەواو نا پەسەند و نادادپەروەرییە کە، تەواوی حکومەت و پەروەردە و میدیای بەرپرس، دونیای کورد بە وێنە و لێدوان و شانازی یەکەمەکانەوە خەریک بکات. من تێدەگەم کە نانی سۆشیال میدیا، لە قوڕگی تەنانەت بێ بایەخترین ھەواڵدا پەیدا دەبێت. بۆیە زۆربەیان دەبنە میدیای نابەرپرس. بەڵام دەکرێ ھەموو ئەوانی دیکەش بۆ سواڵی لایک و کۆمێنت ھەمان ڕێچکە بگرنەبەر؟
 لە میدیا بگەڕێ ئاخۆ دەکرێ تەنانەت قوتابخانە و حکومەت و دەزگای پەروەردەش لە ھەمووان خراپتر ھەڵپەی بڵاوکردنەوەی ئەم جۆرە لە ھەواڵانە بدات؟ 
پرسیارێک کە زۆر سادە و ڕوون و ئاشکرایە و وەڵامەکەشی زۆر سانا بە نەخێرە! ئەکرێ ھەرچی قوتابی ھەیە لە وڵاتێکدا لە یەکەمەکان بن؟ 
ئەی ئاخۆ ئەگەر ھەندێک پرسیاری دیکە بیر لێبکەینەوە، دەگەینە چ بارێکی تراژیدی لە بیرکردنەوە و تێفکرین و تێڕوانین بۆ ئایندە؟ 
ئاخۆ چوون بۆ قوتابخانە و بڕینی قۆناغەکانی خوێندن تا کۆتا ساڵ، لە پێناو ململانێ و کێشمەکێشە بۆ بە دەست ھێنانی پلەی یەکەمی؟ یان دانانی جۆرێک لە پێوەر و ئەزموون و پلەبەندی کردنی خوێندکاران لە کۆتا قۆناغدا، بۆ ئەوەیە کە توانا و سەلیقە و بەھرە و ئارەزووە جیاوازەکان جیابکرێنەوە؟ ئاخر ئەگەر ھەموو کۆمەڵگا ببەن بە دکتۆر و ئەندازیار و پاڕێزەر، کێ ببێ بە پەرستار و فەرمانبەر و ژمێریار و دەرگاوان و ھونەرمەند و کارگوزار و ...ھتد؟ 
بەڕای من پەروەردەیەک نەتوانێ ڕێز و حورمەتی ھەموو پیشە و کار و فەرمانەکان یەکسان بکات، ھەق وایە دەرگاکەی دابخات و بڕواتە ماڵەوە. چونکە ئەوە پەروەردە نیە و ھیچ بنەمایەکی پێداگۆگی نازانێ و پیادە نەکردووە. ئەگەر پەروەردە پەروەردە بێ، ئەبێ لەوە تێبگات کە ئێمەی مرۆڤ جیاوازین، تیاماندایە لە ماتماتیک زیرەکین و تیاشماندایە فەنتازیای نووسین و ئەدەبیاتمان تیا زاڵە. تیاماندایە گیانی یارمەتی و خزمەتگووزاریمان تێدا بەرزە،  تیاشماندایە حەزمان لە کار و پیشەی دەست و تەکنیکییە، ئیتر بەم جۆرە. کەواتا کاری پەروەردە نیە بێت کەسانێک بە بایەخ و ئەوانی دیکە بێ بایەخ نیشانی کۆمەڵگا بدات. بەڵکو کاری پەروەردە ئەوەیە بە کۆمەڵگا و خوێندکاران و کەسوکاری خوێندکارانیش بڵێ: ھەموو پلە و نمرە و توانا و مرۆڤێک جێگەی ڕێزە و کۆمەڵگا پێویستی بە ھەمووانە. کارگوزار و پزیشک و مامۆستا و شاعیر و گۆرانیبێژ و فەرمانبەر و پۆلیس و ...ھتد، وەکو یەک خێزان یەکتر تەواودەکەن و بێ یەکتری کاری ھیچ لایەک تەواو و مەیسەر نابێت.
لە ڕۆژانی پێشوو لە دانیشتنێکدا کەوتین بە سەر ھەواڵی یەکەمەکان لە میدیاکانەوە. وا ڕێککەوت لەو دانیشتنەدا دووانمان کەسوکارمان ھەبوون کە خوێندکاری دوا قۆناغمان شک ئەبرد. بەر لەوەی دەست بنێین بە دوگمە سەوزەکەدا بۆ زەنگ لێدان، پەیجی سۆشیال میدیای کەس و کار گەڕاین. یەکێک لە دانیشتووان ھەڵیدایێ و وتی: ئەرک مەکێشن ئەگەر لە یەکەمەکان بوونایە ئێستا دەیانکردە پۆستێک لە فیس بووکدا! من ڕاستەوخۆ چوومە لاشە و بیری ئەو خوێندکارانەوە کە لە یەکەمەکان نین. بە بەرخۆمەوە وتم خۆزگەم بەوان نەبێت. ئاخۆ لەو تەمەنە ھەژدە بەھارەدا، ئەبێ ئەوانەی ڕێژەی پەنجا و شەست و حەفتا و ھەشتایان بە دەست ھێناوە لە چ دۆخێکی نارامی دەروونی و جەستەییدا ئەژین؟ ئاخۆ تەنھا بە ھۆی ھەواڵەکانی ئەم ڕۆژانەوە چەند باوک و دایک و فەرزەند کەوتوونەتە کێشە و دەمەقاڵێ و شەڕی توندەوە؟ ئاخۆ چەند دایک و باوک کەوتوونەتە سەرزەنشتی یەکتری و تۆمەت بەخشینەوە بە کەمتەرخەمی لە ڕێنمایی و چاودێری خوێندنی مناڵەکانیان؟ ئاخۆ چەند قوتابی بووە نموونە تانەلێدان و سەرزەنشت و بە دەبەنگ و تەمەڵ و بێ بەھرە و بێ توانا، لە پای ئەوەی کە نەبووە بە یەکەم؟ ئاخۆ چەند ئاژاوە و چەند  جیابوونەوە و چەند توند و تیژی خێزانی لە بەر تیشکی بڵاوبوونەوەی ئەم ھەواڵانەدا سەریان ھەڵدا بێ لەم ڕۆژانەدا؟ 
لە کۆتاییدا ئەپرسم ئاخۆ کێ بەرپرسە لە ڕاستکردنەوەی ئەم خواروخێچییانە؟ میدیا، حکومەت یان خوێندکار و خێزانەکانیان؟ یاخود لەم بوارەشدا وەکو زۆربەی بوارەکانی دیکە پێویست ناکات لە دەرگای حکومەت بدەین، چونکە کەس لە ماڵ نیە!

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×