ئەوەی کەمێک لە کتێبەکانی بەڕێز ئۆچ ئالان، بیرەوەرییەکانی موسا عەنتەر یان بیروڕاکانی ئیسماعیل بێشکچی یاخود ھەر نەبێت ڕۆمانی داگیرکردنی تاریکی بەڕێز بەختیار عەلی خوێندبێتەوە، بۆی دەردەکەوێ کە دەسەڵاتی یان ڕژێمی تورک چ جۆرە دوژمنێکە؟ دوژمنێک جیاواز لەوانی دیکە لە بیرکردنەوە، لە ڕق و کینە، لە شێوازی لەناوبردن و سیاسەتی نەگۆڕی ڕەتکردنەوەی بوونی کورد.
بەڕای من بەڕێز بەختیار عەلی سودی لە ھەموو ئەو ئەدەبییاتانە وەرگرتووە تا بتوانێ بەو چڕوپڕییە لە ڕۆمانێکی مێژووییدا باس لە ماھییەتی دوژمنایەتی ڕژێمەکانی تورک بکات بۆ گەل و خاک و زمانی کورد. زیاتر لە سەدد ساڵ دژایەتی و لێدان لە گەلێک بە بەکارھێنانی سەددان ڕێگە و پیلان و چەکی قەدەغەکراو و جینۆسایدی ڕێکخراو و یاسا و پیلان بۆ داڕێژراو.
بەندە ھەمیشە وتوومە دوژمنانی کورد چوار دوژمنن کە ھەر چواریان یەک ئامانجیان ھەیە بەڵام بە تێکڕا سییانەکەی دیکەیان بارتەقای ڕژێمەکانی تورکیا سوور نەبوون لە جگە لە داگیرکردنی خاک و وێرانکاری، لە ناوبردن و سڕینەوەی ھەموو ئاسەوارێکی زمانیی و کولتوری و مێژوویی کورد لە تورکیادا. بگرە نەک لە سنوری تورکیادا بەڵکو وەکو خۆیان دووپاتی دەکەنەوە گەر کورد لە سەر مەریخیش کیانێکی ھەبێ ئێمە دژی دەوەستین.
ڕژێمەکانی تورکیا بە ھەموو ڕەنگەکانیانەوە یەک سیاسەتی نەگۆڕیان لە ھەمبەر کورد پیادە کردووە. ئەمەش لە بەر ئەوەی تورکەکان وا پەروەردەکراون، سەرسەختترینییان دژی کورد چانسی مانەوەی لە دەسەڵات زیاترە. ئەردۆغان ئەگەرچی لە ڕووی فیکرییەوە وەکو ئیخوانییەک ھاوسۆزە لە گەڵ ھودا پاری کوردی باکور و یەکگرتووی ئیسلامی باشور بەڵام ئەمە ھیچی لەوە نەگۆڕیوە کە گورگە بۆرەکان و ئەتاتورکییەکانیش شانازی پێوە بکەن و بە نوێنەری خۆیانی بزانن. چونکە ئەردۆغان لە ھەموو شۆڤێنییەک شۆڤێنیتر و لە ھەموو ڕەگەزپەرستێک ڕەگەزپەرستتر کار لە سەر توانەوەی کورد دەکات.
ئەوەی کە زیاتر ئەمڕۆ قوڕەکەی بۆ خەباتی سیاسی کوردانی باکور و خەباتی چەکداری برایانی قەندیل خەستتر کردۆتەوە، ھاوسۆزی و ھاوبەرژەوەندی رژێمەکەی ئەردۆغان و پارتی دیموکراتی کوردستانە. ئەوان بوون بە مشەخۆر لە سەر جەستەی یەکتری، بە جۆرێک پارتی تاکە ھۆکاری مانەوەی خۆی لە خوڵقاندنی پشێوی و ئاژاوە لە زۆنی خۆی و واڵاکردنی دەرگاکان بۆ لەشکرکێشی تورک بۆ قوڵایی خاکی ھەرێم و جەنگ بەرپاکردن دژی پەکەکە دەبینێتەوە. تورکیای ئەردۆغانیش بە ھەمان شێوە ھاوکاری سەربازی و سیخوڕی پارتی لە شەڕی دژی پەکەکە بە تاکە ڕێگەی کۆتایی ھێنان بە پەکەکە دەبینێتەوە.
گرنگە لێرەدا بەبیری تورکیای بھێنینەوە، کە بەرھەڵستی کورد بۆ تورکیا و ھێز و توانای سەربازی و تەکنیکی و مرۆیی پەکەکە و کوردی باکور ھەرگیز ھێندەی ئەمڕۆ لە لوتکەدا نەبووە. ئەمە دەرئەنجامی زیاتر لە سەدد ساڵ دژایەتی کورد و مەسەلە ڕەواکەی بووە لە باکوری کوردستان. ئاخۆ تورکیا بە نیازە بەم لەشکرکێشییە نوێیە بگات بەچی؟ پەکەکە لە ناو ببات یان زیاتر و زیاتر لە دڵ و دەروونی کوردی ھەرچوار پارچەکە جێگەی بکاتەوە؟ ئەشپرسین ئاخۆ ئەگەر ھاوکێشەکە بۆ خودی ئەردۆغان و تورکیا وەھابن، دەبێ حزبێکی وەکو پارتی و یەکگرتوو بە نیازن لە دژایەتی پەکەکە و سیخوڕی و ھاوکاری بۆ میت و تورکیا چی ھەڵکڕێنن لە بنکڕی دەستکەوتەکانی ئەردۆغاندا؟
ئەو لەشکرکێشییە گەورەیەی تورکیا کە ئەم ماوەیە پەرەی پێدەدرێ لە سنوری پارتیدا و جموجۆڵی دیبلۆماسی و سیخوڕی تورکیا لە گەڵ ھەولێر و بەغدا لە دوو ھەفتەی پێشوو و تۆمەتبارکردنی پەکەکە بە تێوەگلان لە سووتاندنی بازاڕە میللیەکاندا، جگە لە زنجیرەیەکی ئاکتی سیناریۆ بۆ داڕێژراو و تێوەگلانی وەزارەتی ناوخۆی عێراقیش، پێمان دەڵێن کە تاریکی دگیرکارییەکی تورکی دەستی پێکردووە. مێژوو سەلماندوویەتی کە ھەرکاتێک تورکەکان پێیان خستبێتە خاکێکەوە بە شەڕ نەبێت چۆڵیان ەنەکردووە.
ئەمجارەیان ئەپرسم ئاخۆ حکومەتی عێراق و پارتی بیریان لە دەرئەنجامی ئەم دەرگا خستنە سەرپشتە بۆ لەشکرکێشی تورکیا کردۆتەوە؟ ئاخۆ ئەم کردەی سیاریۆبازییەی پاراستن و میت لە گەڵ دەزگا ئەمنییەکانی بەغدا، جێگەی چڵەپووش بۆ پارتی ئەگرنەوە، تا خۆی لە خنکانی مسۆگەری ھەڵبژاردن و نەمانی شەرعییەتی سیاسی و لە دەست دانی شەرعییەتی شۆڕش گێڕی، پێ بپارێزێت؟
یاخود داگیرکردنی تاریکی تورکیا وەکو پەڵە ھەورە ڕەشەکان دوای بارانێکی خوێناوی بەخوڕ، ڕووناکی دادەھێنێ بە سەر دۆزی کورد لە کوردستان بە گشتی و لە باکوریش بە تایبەتی؟