سەلاحەدین دەمیرتاش و شیروان شیروانی دوو زیندانی سیاسین. هەرچەندە مەودای نێوان زیندانەکانیان سەددان کیلۆمەترە و لە دوو وڵاتی جیاوازن، بەڵام هەر ئەڵێی بە یەک یاسا و بە یەک بڕیاری یەک دادوەر و لە یەک دادگا و لە سایەی یەک ڕژێمی سیاسی و لە سەر هەمان ئەو تۆمەتانە سزادراون.
هەردوکیان لە حەزرەتی مەسیح بێتاوانترن بەڵام بارگاوی کراون بە تۆمەتی جۆراوجۆر. یەکیان سیفەتی ڕۆژنامەنووسی و چالاکوانی مەدەنی لێ زەوت کراوە و کراوە بە جاسوس و موخابەراتی وڵاتان دژی وڵاتەکەی خۆی و ئەوی دیکەشیان سیفەتە سیاسییە ڕکابەرییەکەی لێ زەوت کراوە وکراوە بە تیرۆریست و لەت کەری وڵاتەکەی خۆی.
ئەگەرچی هەردووکیان خۆڕاگر و سوورن لە سەر بۆچوونی خۆیان بەڵام وزە و زەبری دەسەڵاتی سەر دادگا و زیندانەکانیشیان، تاقەت پڕووکێنن. دادگا سەپاوەکانی سەر شیروانی و دەمیرتاش هێندە بەخشندەن لە تۆمەت بەخشینەوەدا، هەردوو بە ناهەق زیندانی کراو، ژمارەی ڕۆژان و ساڵانی زیندانی خۆیان لێ ئاڵۆزکاوە، نازانن سزای کام تۆمەتەیان چووە و سزای کامەیان ماوە؟
بەڵام لە هەموو ئەمانە سەیرتر ئەوەیە کە دەوڵەتی تورک و دادگاکەی زیاتر لە سەددەیەک تەمەنی درێژە، کە ڕەنگە هەزارەها ئەکادیمیستی دادوەری و کەسانی پڕۆفیشناڵیشی بەڕێکردبێ، بەڵام بۆ گیانی چالاکوانی سیاسی و ڕۆژنامەنووسی کوردپەروەر، بە تەرازوویەکی لارەوە بڕیار دەدا و بە بێ تاوان، ڕاگرتنی دەمیرتاش درێژئەکاتەوە. ئەگەر دەزگا دادوەرییەکانی تورکیا بە تەرازووی سەنگین تاوانبار و بێ تاوانیان جیا بکردایەوە، ئەگەر یەک تورکی چەپی چەپ بوونی هەبووایە، ئەگەر یەک عەلمانی باوەڕی تورک هەبووایە، ئەگەر یەک موسڵمانی بە ناو دادپەروەر هەبووایە، ئەگەر تورکێکی ڕۆشنبیر و خاوەن بیروڕای بەرزی ئینسانی هەبووایە، لە ئەردۆگانیان ئەپرسی: "ئەرێ تەیب بێگ کاتێ لە هەڵمەتی هەڵبژاردندا دەڵێی ئەگەر من هەڵبژێردرێم بە سەرۆک هەرگیز نایەڵم دەمیرتاش ئازادبکرێت"، ئەمە کەوتۆتە کام تای تەرازووەکەی دادگاکانی تورکەوە؟ ئەم دادپەروەرییەی ڕەجەب تەیب مەگەر هەر لە ژێر عەمامەی سوڵتانەکانی عوسمانی و کلێتە فەرووەکەی ئەتاتورک دەست بکەوێ، دەنا نە پرۆسەی زیندانی کردن ئاوا ئەبێ و نە ئازادکردنیش به هەڕەشەی ڕەجەبێک ئەوەستێ.
ئەمما سەبارەت بە تاوانبار کردنی بە ناهەقی شیروان شیروانی و ئەشکەنجەدانی دەروونی و جەستەیی و دۆزینەوە و داتاشین و هەڵبەستنی تاوان لە دوای تاوان بۆی سەلماندوویەتی کە شاگردەکانی تورک لە تورکی وەستایان بە سەلیقەترن لە ئەتک کردنی دادگا و دادپەروەری. ئەگەر دادگاکانی هەولێر و دادوەرەکانی پارتی تاکە شەرمێکیان لەو کتێب و لێکۆڵینەوە یاساییانە بکردایە، کە خۆیان نووسیویانن؟ ئەگەر بوکەڵەی دەستی حزب نەبوونایە، هەرگیز ئەوەیان قبووڵ نەدەکرد کە پێش پڕۆسەی دادگایی کردن و لێکۆڵینەوە و لە کاتی ڕاگرتنی شیروان شیروانی و هاوڕێکانیدا، سەرۆکی حکومەتەکەیان تۆمەتەکانیشی بۆ دەستنیشان کردن و سزاشی بۆ دیاری کردن. ناتوانم باوەڕ بە خۆم بکەم کە دادوەرێک هەبێت، وەها بێ خەم لە سزادنی ئەو بێ تاوانانە بڕیاری وا قورس بدات و بتوانێ شەو به بێ خەم سەر بخاتە (سەرسەرین)، مەگەر ...!! ئێستا شیروان شیروانی ڕاگیراوە، خەریکی دروستکردنی تۆمەتەی دیکەن لە دادتاشخانەکەی هەولێر بۆی. زۆر ئەترسم هیچ تۆمەتێک نەدۆزنەوە. بۆیە پێشنیار ئەکەم، بگەڕێن بزانن ڕۆژێک لە ڕۆژان لە جیاتی پێنج فەرزەکە یەکیانی بیر نەچووە!؟ یان ڕۆژێک لە گەڕانەوە بۆ ماڵەوە، ڕێگەیەکی دیکەی گرتبێ! یاخود پێڵاوێکی بچووکتری لە ژمارەی پێی خۆی کڕیبێ...چونکە بە مەزەندەی ئێوە شیروان شیروانی تاوانباری سەددەیە و دوور نیە ئەم تاوانە مەزنانەشی ئەنجام نەدابێ.