قەدەری گەلی کورد و ڕەچەڵەکی باوباپیرانی وابووە کە نشتەجێی سەر زەمینێك بن کە جێگەی سەرهەڵدانی هەموو ئایینە ئیبراهیمی و زۆرینەی ئایینە ئاسمانی و فەلسەفی و ئینسانییەکان بن.
چاکەی گەلی کوردیش لەوەدا بووە کە هەر لە باوەشگرتنە، ئایینە فرە خوداییەکان و تا دەگاتە زەردەشتی و ئێزیدی و موسڵمان و کریستیان و جوو و کاکەیی و هەقە و وردە ئایین و ڕێبازی ئایینی دیکەش، هەمیشە گیانی پێکەوە ژیان و یەکتر قبووڵکردن، یەکێک بووە لە خەسڵەتە هەرە گرنگەکانی کورد.
ئەو پەلاماردانی یەکترییەش، لە سەر بیروباوەڕی ئایینی، کە ئەگەر ڕووی دابن لێرە و لەوێ، جگە لە کاری پیلانگێڕی و دوژمنان و کارکردنە سۆزی تاکی کوردی سەر بە ئایینێک، دژ بە تاکی کوردی سەر بە ئایینێکی دیکە، لەمە بەدەر نەبووە. دەنا کورد هەرگیز بە تەواوی هزریی خۆیانەوە، نەچوونەتە ناو هیچ ئایینێکەوە.
سەرباری هەموو ئەم ڕاستییانەش، کورد هەرچ ئایینێکی گۆڕی بێ بە ئایینێکی نوێ، خستوویەتییە ژێر ڕکێفی بیری کوردانەوە. هەموو ئەم ڕاستییانەش بە دەلیلی ئەوەی کە تا دوێنێی پێش سەرهەڵدانی سەحوەی سەلەفی و وەهابی و ئیخوانی و ئیسلامی سیاسی، هیچ کوردێک بیری جیاوازی ئایینی و بیروباوەڕی ڕوحی بۆ نەبووبوو بە کێشەیەک.
بە ڕاستی پێکەوەژیان یەکێک لە هەرە خەسڵەتە جوانەکانی کوردستان بووە بە درێژایی مێژوو. بەڵام گەر بگەڕێینەوە بۆ پەنجاکانی سەددەی ڕابردوو بە گشتی و بۆ سەردەمی دوای ڕاپەڕین بە تایبەتی، دەبینین کە تەوژمێکی ئیسلامی توندڕەوی ڕووت یاخود میانڕەوی توندڕەو شاراوە، لە کوردستان سەری هەڵداوە.
گەر لەوە زیاتر خۆ بە مێژووی پێکەوەژیانی ئایینی لە کوردستاندا سەرقاڵ نەکەین و بێینە نێو کڕۆکی باسەکەوە دەبینین:
لە نێو زۆرێک لە ئیسلامی و سەلەفی و وەهاب و ئیخوانییەکاندا، بیرێکی دژە کولتور و دژە بۆنەی نەتەوایەتی و دژە مێژوو و دژە هەموو پاشخان و پاشماوەیەکی نەتەوەیی خۆیان دەوەستنەوە.
ئەوان ئامادەن هەموو ئەمڕۆی کوردی خۆێان بکەن بە قوربانی دوێنی ئەنفالکەر و ئەمڕۆی ئەتککەر و داگیرکەری خودی کورد. تەنها لە بەر ئەوەی ئەرکی سەرشانی کوردی موسوڵمانە بەوەی کە یاسای "انصر اخاك المسلم، سواواً كان ڤالما او مڤلوماً". واتا "پشتی برای موسڵمانی خۆت بگرە، جا ستەمکاربێ یان ستەملێکراو". چی هەیە لەوە داماوتر کە کورد خۆی بە خۆی بکات لە بەر تیشکی وەها فەرموودەیەکی پڕ لە نادادپەروەریدا؟
بەمەش تۆ بێی ئامادە بی خوێنی برای خوێنی خۆت بمژی و بیکەیتە قوربانی برای دینی خۆت. ئەو ئیسلامە سیاسییەی ئەمڕۆ ئێخەی بیر و هەستی نەتەوایەتی و کوردایەتی گرتووین، پەیڕەوێکی دیکەی جێگیرییان هەیە کاتێک دەڵێن: "سلامُ علی من اتبع الهدی" واتا: "ئاشتی تەنها بۆ ئەوانەی ڕێگەی ڕاستیان گرتووە". جا با هێڵە نەتەوەیی و کوردانە و ئازادەکە ستەملێکراو بن، مادام ڕێگەی ڕاستیان نەگرتووە و برای دینییان نین، ئەیانکەن بە قوربانی ئەو ستەمکارانەی کە برای دینین و بە تەنها لە بەر ئەوەی، ئەوان هاوڕێی ئەو دونیای ئەمان دەبن، جا با دونیای ئەمڕۆی برای خوێنیشمان وێران بکەن.