ماهیەتی سیاسەتی کوردی

چیا عەباس
  2019-09-23     1305


لە پێشەکیدا پێویستە بڵێم شتێک نیە بە ناوی سیاسەتی کوردی، ئەوەی هەیە سیاسەتی جیاجیای هێز و سەرکردە کوردەکانە بەرامبەر ناحەز و دوژمن و داگیرکەران و تەنانەت لە نێو خۆشیاندا. کۆی گشتی ئەم سیاسەتانە بە سیاسەتی کوردی ناوزەد دەکرێت، تەرەفەکانی بەرامبەریش ورد و ژیرانە مامەڵە لە گەڵیان دەکەن و جارجاریش دانەوێڵەیان بۆ رۆ دەکەن و ئاراستەشیان دەکەن. 
قەدەری کوردستان ئەوەبو دوژمنەکانی داگیریان کردوە و کوردیش بە دەست دەوڵەتی داگیرکەرەوە هەرچی خوا پێی ناخۆشە چێشتویەتی. وێرای ئەم مێژوە سەخت و پر وێرانی بۆ کورد، بەڵام کاتی خۆ نمایشکردن تەنها وەک قوربانی لەم سەردەمەدا زۆر کاڵبۆتەوە، ئەوەی زۆر گرنگە کورد لە باشور بە کردار بیسەلمێنێت شایستەی پشتگیری و پاڵپشتی دۆستاکانیەتی. 
داگیرکەرانی کوردستان خاوەن ئیمپراتۆری گەورە و قوڵایی نەتەوەی و ئاینی بون، ئێستاشی لە گەڵدا بێت خاوەنی دەوڵەت و سوپای گەورە و سەرچاوەی دارایی گەورەن، سەرەرای ستەمکاری بێ وێنەی کورد بە درێژایی مێژو کوردیشیان بەکار هێناوە. 
سەدام حسێن هەڵگری هزرێکی توندرەوی شۆڤێنیزمی عەرەبی بو، خاوەنی ئیمپراتۆریەت و دەوڵەتداری ئەقڵانیەت و کڵتورێکی قوڵی شارستانیەت و فەرهەنگی دەوڵەمەند نەبو. لەو هزرە کاتیەوە مامەڵەی وەحشیانەی لە گەڵ کورد دەکرد، بۆیە لە دوا مەتافدا سەری خۆی خوارد. 
بەشێکی هێزی دەسەڵاتدارانی شیعەی ئێستا لە بەغدا لە عێراقەوە هاتوە، بەشە گرنگەی تری لە قوڵاییەکی ستراتیژی مەزهەبیەوەیە هاتوە کە لە ناوچەکە دوای شۆرشی ئیسلامی لە ئێران و روخاندنی سەدام بۆتە هێزێکی بەرچاو و کاریگەر.
ئەم فرە رەگە مەزهەبیەی سەرچاوەکانی دەسەڵاتی بەغدا زیادە بۆ سیاسەتی زلهێزەکانی دنیا و ناوچەکە واقیعێکی سەپاندوە کە کورد خۆشی بوێت یاخود ترش دەبێت مامەڵە لە گەڵ بەغدا بکات، هاوکاتیش مامەڵە لە گەڵ سەرچاوە و راگر و پارێزەرەکانی ئەو دەسەڵاتە لە دەرەوەی سنورەکانی عێراقیش بکات.
لە سایەی ئەم دۆخەدا، تایبەت دوای شکستهێنان بە پرۆسەی ریفراندۆم و کارەساتی ئۆکتۆبەر، کورد ناچار کرا واز لە سیاسەتی سەپاندنی ئەمری واقیع هەنگاو بە هەنگاو بهێنێت و دەست بە چەمکی سیاسی واقیعبینی کلاسیکی بگرێتەوە. چەمکێک دەبێت حسابی ورد و درشتی هەمو شتێک بکەیت تا هیچ لایەنێک دڵگران نەکەیت و زیاتر زەرەرمەند نەبیت، لە ئاکامدا ئەوەی ئێستا دەبینرێت ماهیەتی سیاسەتی کورد لە باشور بە لایەنی کەمەوە نیمچە ئیفلیج بوە.
زلهێزەکان و وڵاتانی ناوچەکە و بەغدا ئەوەندە لە گەڵت نەرم و نیانن تا لە لێواری ژیانێکی کولەمەرگیدا بمێنیتەوە، لەوە زیاترت بوێت چاوەروانی کارەساتی گەورەتر بکە. ئەوان گوێ لە خەم و مەراق و داواکاریەکەنی تۆ دەگرن، بەڵام بەگوێت ناکەن، عەرەب وتەنی: " ترید ارنب اعگیک الارنب، ترید الغزال اعگیک الارنب"، بە واتایەکی تر ئەوان چیان بوێت ئەوەت پێدەدەن. 
رەنگبێ قۆناغەکانی شەری داعش و دەرئەنجامەکانی دوای شکستی داعش بۆ کورد زیندوترین یادەوەریە سیاسیەکانی کورد بهروژێنن، ئێستاش ئەو فرە دڵنیایەی بەغدا دەرباری پارە رۆژانە بە کوردی دەدەن شایستەی هەڵوەستەکردنی وردە، نەکرێت جۆریکە لە کروزانەوە.  
ئێستا کاتێکی گونجاوە بۆ وردکردنەوەیەکی واقیعی چەند خاڵێکی ستراتیژی گرنگی بەشێک لە هێز و سەرکردەکانی کورد، ئەو خاڵانەی بە هۆکار و ئەقڵیەتێکی سیاسی ناوخۆیی چەمکە بەسەرچوەکانی نێو ژیانی سیاسی کورد شکستیان پێهێنرا. 
لەو تەوەرە گرنگانە:
- سیاسەتی رازیکردنی بەغدا و دەر و دراوسێ و زلهێزەکان کە خوالێخۆشبو مام جلال ئەندازیاری و جێبەجێکەریشی بو،
- سیاسەتی خۆ دور راگرتن لە شەری داعش لە سەرەتای داگیرکردنی موسڵ و شەنگال و چەند ناوچەیەکی تر کە مسعود بارزانی داوای دەکرد.
- سیاسەتی بنیاتنانی پشتێنێکی ئەمنی بە دەوری کوردستان، تایبەت لە ناوچە زەوتکراوەکان، کە خوالێخۆشبو نەوشیروان مستەفا دارێژەری بو،
- داواکاری پێکهێنانی سوپایەکی نیشتمانی یەکگرتو و بە نیشتیمانیکردنی پەیوەندیەکانی هەرێم کە جاران بزوتنەوەی گۆڕان پێداگری لێیان دەکرد،
- سیاسەتی سەربەخۆیی ئابوری، کە نێچرڤان بارزانی کاری لە سەر دەکرد،
- بەرێکردنی پرۆسەی ریفراندۆم کە مسعود بارزانی رابەرایەتی دەکرد.
ئەم تەوەرانە زۆر گرنگ و بنەرەتین بۆ کورد و ئایندەی، چونکە کەرەستە بنەرەتیەکانی بنیاتنانی کیان و دەوڵەتی کوردین.
لە بری وردکردنەوەی ئەم شادەمارانە و فێربون لە هەڵەکان و دارشتنەوەیان بە شێوازێکی گونجاوتر بینیمان چۆن ئەقڵیەتی سیاسی و چەمکە چەقبەستوەکان رێگەی گەرانەوەیان بۆ خاڵی سەرەتا گرتەبەر. دیسانەوە کەوتونەتەوە جەولاتی مەکۆکی بۆ پچراندنی بەشێکی بودجە و موچە بۆ هەرێم، جارێکی تر لە سەر ژمارەی بەرمیلە نەوت جەرحەبلیانە لە گەڵ بەغدا. 
بەناو سەرۆک کۆمار نوێنەری کوردە لە پۆستەکەیدا، تێدەگەین دەبێت بەرژەوەندیە باڵاکانی عێراق بپارێزێت و سەرۆکی هەمو عێراقیەکان بێت. پێرەوکردنی دەستور و جێبەجێکردنی ناوەرۆکەکەی شا رێگایە بۆ ئەو ئەرکە قورسەی، مەخابن ئەم سەرۆک کۆمارە چونکە وەک نوێنەری هێزێکی کوردی دیاریکراو بە رێکەوتنە ژێر بە ژێرەکان هەڵبژێردراوە ناتوانێت پشت لەو پیاوچاکیە بکات، بۆیە دەبینین زۆر سەرقاڵی چەسپاندن و پاراستنی پێگەکەی خۆی و بەرژەوەندیەکانی دانەرەکانیشیەتی، بۆ ئەو مەبەستەش ئامادەیە ژێربەژێر لە گەڵ هەمو لایەک جۆرێک لە مساوەمە بکات. 
لەم دۆخە ترشاوەدا پرسیارە سەرەکیەکە ئەوەیە کوا کۆدەنگی سەرکردایەتی سیاسی کورد و پەرلەمانی کوردستان دەرباری ئەوەی چی باشە بۆ کورد بکرێت، کارێکی ئەستەمە، نابینین چۆن دانانی پارێزگارێکی کورد بۆ دڵ و قودسی کوردستان وەک حیکایەتی هێلکە و مریشکیان لێکردوە.
بەشێکی بەرچاوی دەسەڵاتدار و سیاسەتمەداری کورد لە مێژە بە قەناعەتەوە دەمارەکانیان بە عێراقچیەتی دەبوژێنەوە، تایبەت ئەوانەی بۆ بۆن دوای چەپرەوی کەوتبون و لە سایەی ئەوەدا تێرامانیان بۆ کوردایەتی دارشتبو. ئەوانە ئێستا وەک ئاردی ناو درکیان لێهاتوە، بەڵام بەشێکی بەرچاویان لە پێگەی بریاردان و دەسەڵاتەکانی سیاسەتی کوردیدا هێشتا بونیان هەیە.
ناسیۆنالیزمە کلاسیکیەکان بەپێی رۆژگار و دۆخەکان کار و سیاسەتیان بەرێکردوە، ئەختەبوتی پێوەندی و کارکردنیان لە گەڵ دۆست و دوژمن دارشتوە، بە هۆی ئەوەی ناوچەکە پێویستی بەو جۆرە سیاسەتکردنەی کورد هەبوە بۆیە ئەو واقیعە هۆکارێکی گرنگی مانەوە و بەهێزبونی ئاراستە کلاسیکیەکان بوە و هاوکاتیش رۆڵی بەرچاویان لە بزافی کوردایەتیدا بینیوە. 
لەم سەردەمەدا ئەو پێکهاتە و ئاراستانە بە سەر یەکدا ترشاون، لە دوای روخاندنی سەدامەوە هەرچەند دەکەن ناتوانن بگەنە لێکتێگەیشتنێکی چەسپاوی هاوبەش بۆ رابەرایەتیکردنی سەردەمەکە. شەر، رێکەوتنی سیاسی و حوکمرانی و سازانیشیان لە هەرێم و بەغدا تاقیکردۆتەوە، لە دوا مەتافدا لێکەوتەکانی دابەشکردنی دەسەڵات و داهات و گەندەڵی و حوکمرانیەکی سەقەت لە سایەی کەم متمانەیی و زمانی زبر و بێنە و بیبەدا بوە.
ماهیەتی ئەم جۆرە لە سیاسەتکردن و رەوشە سیاسیەکە زیاتر لاوازکردنی کوردی لێکەوتۆتەوە، ئەم راستیە لە روداوەکانی ریفراندۆم و ئۆکتۆبەر و هەڵبژاردنی سەرۆک کۆمار و پێکهێنانی کابینەی نۆ و پرسی ناوچە زەوتکراوەکان بە زەقیەکی گەورەوە بەرچاون.
زیادە بۆ ئەمانەش غیابی ئۆپزسیۆنێکی کارا لە پەرلەمان و دەرەوەشی ماهیەتی سیاسەتی کوردی ئەوەندەی تر بێ بەها کردوە.
زۆر ئاساییە پێکهاتە سیاسیەکانی کورد بۆچون و دیدگای جیاوازیان دەرباری بەرژەوەندیە باڵاکانی نەتەوەکەیان هەبێت، بەڵام کاتێک هەر یەک لێیان بە جیا و بۆ بەرژەوەندی تایبەتی خۆی موخاتەبەی بەرامبەرەکانی نەتەوەکەی بکات ئیتر هیچ بەها و مانایەکی رێزلێگیراو نامێنیت بۆ ئەو جۆرە لە سیاسەتکردن.
هەواڵە سەرەتاییەکان ئاماژە دەکەن بەوەی مەسرور بارزانی لەهەوڵدایە ئەو ختابە کوردیە بە هاوبەشی لە سەر ئاستی هەرێم و بەرامبەر دنیای دەرەوەی هەرێم دارێژێت. بۆ خۆم زۆر بە ئەستەمی دەزانم ئەم کەرەستە سیاسیە باڵادەستانەی کوردستان لە سەر سیاسەتیكی چەسپاوی هاوبەش رێک بکەون و لەوێشەوە مانایەکی مەودادوری ئومێدبەخش بە سیاسەتی کوردی بدەن.
ئەوەی چاوەروان دەکرێت سورانەوەیە لەو بازنانەی دەیان جار تاقیکراونەتەوە، بەرامبەر بەم دۆخە ئەرکی کەسانی پاک و دڵسۆز و رۆشنبیر و جەماوەری نارەزایە بەیەکەوە کار بۆ دارشتنی بەرەیەکی میللی لە دەرەوەی پەرلەمان بکەن، کار و ئامادەسازی بکەن بۆ هەڵبژاردنەکانی ئایندە، هاوکاتیش کارنامەیەکی نەتەوەیی و نیشتمانی سەردەمانە سازبکەن.

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×