ئایا دەسەڵاتدارانی گۆڕان لەخەمی میللەتدان؟
چیا عەباس
2019-03-15   1432
کارکردنی هێزە کوردییەکان لەسەر ئەنجامەکانی هەڵبژاردن بۆ ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق و پەرلەمانی کوردستان جارێکی تر سەلماندی ئەو هێزانە لەمەقامی یەکەمدا بۆ خەمەکانی خۆیان سەرقاڵی ئاڵوگۆرو سەفقەی سیاسی و حوکمرانی دوای هەڵبژاردنەکانن، نمونەی شێوازی کاندیدکردنی کوردێک بۆ سەرۆک کۆمارو کاندیدەکان بۆ چەند وەزارەتێک لەبەغداو چاوشارکێی پارتی و یەکێتی لەسەر پۆستەکانی کابینەی نۆ ئەو راستیە تاڵە دەسەلمێنن.
ئەگەرچی بەشێکی ئەم هاوکێشەیە مافی هێزەکانەو رەوایە وەلێ نیەتی پشت ئەو جۆرە مامەڵەکردنە زەمەنێکی درێژە کەوتۆتە ژێر پرسیارە.
بەگشتی دۆخی عێراق و ناوچەکە لە بەرژەوەندی کوردا نیە، هێزە زلهێزەکانی دنیاو ناوچەکە دۆخی سیاسی و ئابوری و ئەمنی و حوکمرانی باشوریان وەک مشتێک لم لە مستیاندا هەڵگرتوە، لە گەڵ هەر گرژی و توندبونێکدا برێکی لمەکە لە نێو پەنجەکانیانەوە هەڵدەوەرێت. شکستهێنان بە ریفراندۆم و روداوەکانی ١٦ ئۆکتۆبەر ئەو راستیە دەسەلمێنن، هەر ئەو هێزانەش چ ساتێک ویستیان دەتوانن سەر لەنوێ چنگیان بە لمی کوردی گەرم کەنەوە.
سەرکردایەتی سیاسی کورد لەناچاریەوە یاخود بۆ مەرامی تایبەتیان بێت ئەم دۆخەیان قبوڵ کردوە، گەیشتونەتە قەناعەتێک باشترە لەو چنگەداو بەو شێوازە بمێننەوە، چونکە زۆر باش تێگەیشتون هەر ساتێک مستەکە کرایەوە وەک ئاردی نێو درکیان لێدێت.
مایەی هەزارو یەک پرسیارە بۆچی هێزەکان لەدۆخێکی وا دژواردا لەسەر چەند پۆستێک کەوتونەتە شەن و کەوی یەکتر، زیادە بۆ ئەمەش بەشێک لەو هێزانە لەسەر حسابی بەرژەوەندی میللەت حوکمرانیان کردوە بە ئامرازێک بۆ رازیکردنی باڵ و تاقمە زۆرو ناکۆکانی نێو خۆیان؟ ئەوان وێرای ناکۆکی و جیاوازیەکانیان بەرژەوەندیەکانیان بەیەکەوە گرێدراون، هەر ساتێک بەتەواوی لەیەکتر بترازێن بێجگە چەند تورەکە پارەو چەکدارێک شتێکی ئەوتۆیان نامێنێت.
بۆ سی ساڵ دەچێت کورد لەباشور حوکمی خۆی دەکات کەچی پرسە بنەرەتیەکانی کورد لە گەڵ بەغدا و وڵاتانی درواسێ و ناوچەکە نەک بە قازانجی کورد نەشکاونەتەوە بەڵکو خراپتر بون. ئەوەی دەگوزەرێت سورانەوەیە لە فەزایەکی زۆر گەورەتر و بەهێزتر لەوەی هێزەکانی باشور بتوانن دەسکاری بکەن و لێی دەرچن، دەیان جار دەرکەوتوە پاشکۆی روداوەکانن.
سەرە داوە گرنگەکانی گەران و دۆزینەوە و بەرهەمهێنان و گواستنەوە و فرۆشتنی نەوت، ئاسایشی کارەباو و ئاو و خۆراک و تەندروستی و سوتەمەنی و کۆمەڵایەتی و ناوخۆی هەرێم، پەیوەندی هەرێم بە دنیای دەرەوە، سیستەمی بەرگری و مەشقکردن و چەککردنی هێزەکانی پێشمەرگە و چەند تەوەرێکی گرنگی تر بە ئیرادەی کوردی بەرێوە نابرێن.
رۆڵی حکومەتی هەرێم و دامەزراوەکانی جێبەجێکردنی بەشێکە لەو ئەجێندانەی بۆ ئەو بوارە بنەرەتیانە دارێژراون، ئەمەش بە کەم و کوری و گەندەڵی و پشک پشکێنەی حزبی ئەنجام دەدرێن، دەسەڵاتدارە خۆپەرست و چاوچنۆکەکانیش لێی تێر نابن.
حوکمرانی هەرێم شکستی گەورەی لە چەند بواری هەستیاردا دروێنە کردوە: پاشەکەوتی موچە، شکستی سیاسەتی سەربەخۆیی ئابوری، بە نیشتیمانی نەکردنی هێزەکانی پێشمەرگە و پەیوەندیەکانی هەرێم، قەرزداری زیاتر لە دە ملیار دۆلار، ناجێگیری و نارونی لە گەڵ بەغدا، گوێرایەڵی بۆ وڵاتانی داگیرکەری کوردستان و پشتکردن لە تێکۆشەرانی بەشەکانی تری کوردستان، ئەو نمونە زەقانەن کە دەیسەلمێنن لە چ دۆخێکدا گیرساوینەتەوە.
زۆربەی هاوڵاتیانی کوردستان پاش نزیکەی ٣٠ ساڵ ئاشنا بون بە خواست و ویست و رەفتاری دەسەڵاتداران، ئەوەی لایان مایەی پرسیار و سەرسورمانە هەڵوێستی نابەجێ و خۆپەرستانەی دەسەڵاتدارانی گۆڕانە.
لەم دۆخەدا دەسەڵاتدارانی گۆڕان بە بریاری بەشداری لە حکومەت ئاویان کردە ئاشی رکابەرەکانیەوە، پەلەپروزێ و سەرپێیانە خۆیان لە سایەی سەرابی چاکسازی و گۆرانکاریدا حەشار داوە، وەک فەقێ و مەلا نابینەرە دێرینەکانی کوردەواری نوشتە و دوعا بۆ حەز و خواستەکانی خەڵکە بێ ئومێدەکان دەچرنەوە و دەپێچنەوە.
ئەوان گۆڕانیان هاویشتە ناو گێژاوێکی سیاسی و حوکمرانیەوە کە دوای دو پاشەکشەی گەورە لە هەڵبژاردنەکان پێویستی پێ نەبو، ئەوەی بنەرەتی پێویستی بو چاکسازی ناو ماڵی خۆی بو. ئەمەیان نەکرد، بە هەڵپە و لە سەر ئەژنۆ رویان لە کەعبەی دەسکەوت و پێگە و پارە و دەسەڵاتی وەهمی کرد، ئیتر چۆن دەتوانن چاکسازی لە جەنجاڵی حوکمرانی و سیاسی کوردستان بکەن، عەرەب وتەنی : " فاقد الشیو لا یعگیە".
ئەوان بزوتنەوەکەیان خستۆتە بەردەم دو ریانێک، رێگەی شکستێکی گەورەتر بۆ گۆڕان بە پوچەڵکردنەوەی جومگە بنەرەتیەکانی گۆڕانبون لە سایەی فەرمانرەوایی و دەسکەوت و گەندەڵیدا کە پاشکۆیەتی و بێدەنگی و لادانیان لێدەکەویتەوە، یاخود رێگەی یاخیبونێکی بەرفراوان لە ناو بزوتنەوەکە کە هیچ مانایەک بۆ بەشداری گۆڕان لە حکومەتدا ناهێڵێتەوە. ئەوەی دەمێنێتەوە گروپێکی خۆپەرستی بچوک کە مەبەستیەتی دوا قۆناغەکانی ژیان بە خانەنشێنیەکی چەور و چەند دەسکەوتێک بە سەرببات.
هێشتا درەنگ نیە، دەسەڵاتدارانی گۆڕان هەلێکیان لە بەردەمدایە لە رێکەوتنی بەشداری حکومەت پاشگەز ببنەوە، بە پێچەوانەوە سەرجەم بەرپرسیاریەتی هەمو ئاکامەکانی کارەکانیان دەکەوێتە ئەستۆ. بێگومان جەماوەری گۆڕان، بێجگە چەند گروپێکی خۆپەرست و بەرژەوەندخواز و ناسراو نەبێت، هەڵوێستێکی تر جیاواز لەوەی ئێستا وەردەگرن.
نوسینی: چیا عەباس
رۆتەردام: ١٥ مارسی ٢٠١٩