پانۆرامای لەتبونی هێزە کوردیەکان

چیا عەباس
  2025-04-09     915

لەتبونی هێزە کوردیەکان لە زۆربەی بەشەکانی کوردستانی گەورە، تایبەت لە باشور و رۆژهەڵآت، دیاردەیەکە چەندین جار رودەدات.
لەتبونی پارتی لە شەستەکانی سەدەی رابوردو باڵی مەلایی و جەلالی لێکەوتەوە لە ناو یەک حزبدا، زۆربەی هۆکارەکانیشی پرسە کەسیاتیەکان بون بۆیاخکراو بە هزری چەپ و لەژێر کاریگەری بزافی نەتەوەیی عەرەب (حرکة القومیین العربیة) کە خوالێخۆشبو جمال عبدالناصر سەرکردایەتی دەکرد و هانی ئەو هزرەی ناو پارتی دەکرد بۆ  چەسپاندنی کارنامەی دژ بە: کۆنەپەرستی، ئیمپریالیزم، ئەمریکا، ئێران و زایۆنیزم، هاوکاتیش پشگیری لە بزافی نەتەوەیی عەرەب و پرسی فەڵەستینیەکان. سەرچاوە: دۆکیۆمێنتێکی کورت مام جلال بەزمانی ئینگلیزی زۆر سنوردار بڵاوی کردۆتەوە کە تێیدا باس لە دانیشتنێکی خۆی لەگەڵ جمال عبدالناصر دەکات.
پێویست ناکات باس لە ئاکامەکانی ئەم لەتبونە بکەم کە کورد تا ئەم چرکەیەش بەدەستیەوە دەناڵێنێت. دوای بەیانی ئازاری ١٩٧٠ باڵی جەلالی ناوی خۆیان گۆری بۆ پارتی شۆرشگیری کوردستان و زوربەشیان گەرانەوە ناو پارتی دیموکراتی کوردستان.
لە ناو خودی پارتیشدا لەتبون دروستبوە، چەند دانەیەک لە سەرکردەکانی چونە پاڵ سەدام، بەشێک لێێان حزبیان دروستکرد.
حیزبی سۆسیالیست دیموکراتی کوردستان لەساڵی ١٩٧٦ دامەزراوە لەلایەن سەیداساڵح یوسفی ، و لەساڵی ١٩٧٩ بەشێک لە ئەندامانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان جیابوونەوە ھاتنە بەرەی حیزبی سۆسیالیستی کوردستان.
لە دامەزرێنەرانی ئەم هێزە: خوالێخۆشبوان : سەیدا ساڵح یوسفی، عەلی عەسکەری دکتۆر خالید ،عەلی هەژار وڕەسول مامەند.
شەهید سامی عبدالرحمن بەشداری شۆرشی ئەیلول بو و رۆڵی بەرچاوی لە روداوکاندا هەبو، پاش رێکەوتنی مارسی ١٩٧٠ بو بە وەزیری کاروباری باکور، پاش شکستی شۆرشی ئەیلول بەشداری شۆرشی گوڵان کرد، دواتر پارتی گەلی دروستکرد. پاش شەری یەکەمی کەنداو گەرایەوە ناو ریزەکانی پارتی دیموکراتی کوردستان تا شەهیدبونی لە تەقینەوەکەی ١ فێبرواری ٢٠٠٤، بۆ خۆم لە نزیکەوە دەمناسی چونکە لە بەغدا سەرپەرشتی رێکخراوە دیموکرتیەکانی پارتی دەکرد بە یەکێتی قوتابیانی کوردستانیشەوە کە ئەندامی مەکتەبی سکرتاریەتی بوم. بە مەزەندەی خۆم هەڵگری هزرێکی پێشکەوتنخواز بو کە دەگەرێتەوە بۆ ئەو ساڵانەی لایەنگری پارتی کۆمینیستی عێراق بو.
پێشمەرگەی دێرین خوالێخۆشبو علی سنجاری ناوەراستی پەنجاکانی سەدەی پێشو دەبێتە ئەندامی پارتی و دەگاتە ئەندامی کۆمیتەی ناوەندی پارتی دیموکراتی کورددستان، دوای شکستی شۆرشی ئەیلول لە شام نیشتەجێبو و لەوێ یەکێتی دیموکراسی کوردستانی دروستکرد و لە شام رۆژنامەی (الشعڵة – مەشخەڵی) دەردەکرد، دواتر گەرایەوە ناو پارتی و لە ساڵی ٢٠١٥ بەشێک لە یادەوەرایەکانی لە ناو پارتیدا بڵاوکردەوە، دواتر مسعود بارزانی وسامی بارزانی پێبەخشی.
بەشێکی باڵی مەکتەبی سیاسی ناو پارتی ناسراو بە جەلالی دوای شکستی شۆرشی ئەیلول یەکێتی نیشتمانی کوردستان یان دروستکرد. خوالێخۆشبو مام جلال زۆر باش لە کەسایەتی و هێزە سیاسەکانی کوردستان تێگەیشتبو، بۆیە یەکێتی نیمچە بەرەیەک بو کە زۆربەی هێز و ئاراستە جیاکانی لەخۆ گرتبو کە هەر لایەک پێگەی لە سەرکردایەتی و بەرێوەبردنی یەکێتی و شۆرشی هەستانەوە هەبو. ئەم پێکهاتەیە زۆر گرنگ بو تا دوای شکستی شۆرشی ئەیلول بەشێکی زۆری میللەت کۆبکاتەوە و هاوکاتیش دەرفەتی جیابونەوە و لەتبون زۆر کەم بێت.
لە ناو ئەو چەپکە گوڵەی یەکێتی کۆمەڵە لە بوارەکانی رێكخستن، هێزی پێشمەرگە و بەرپرسەکانی و هەروەها لە تێرامان بۆ ئایندە خاوەنی هزرێکی چەپی باوی ئەو سەردەمە بو، بۆیە کۆمەڵە پێکهاتەی بنەرەتی و سەرەکی یەکێتی بو.
ئەم واقعە بە دڵی بەشێک لە پیكهاتەکانی تری یەکێتی نەبو، بۆیە بەشێک لییان لە یەکێتی کشانەوە، وەک خوالێخۆشبو رەسوڵ مامەند، محمەد حاجی محمود کە دواتر لەگەڵ دکتۆر محمود عوسمان  پارتی سۆشیالیستی کوردستان یان دروستکرد و دواتریش شەر و پێکدان لەگەڵ یەکێتی دروستبو.
قەدەر و نەریتی لەتبون و جیابونەوە کۆمەڵەشی گرتەوە، لە ئاکامدا بەشێک لە کادر و پێشمەرگە و بەرپرسانی کۆمەڵە رێكخراوی ئاڵای شۆرش یان دروستکرد کە لەلایەن بەشێک لە هێزەکانی دەرەوەی یەکێتی هاریکاری و پشتگیری دەکرا.
سەرەرای ئەوەی کادر و پێشمەرگەکانی کۆمەڵە و ئاڵا ساڵانێک هاوسەنگەری یەکتر بون بەڵام دوای جیابونەوە زۆر بە توندی مامەڵەی یەکتریان دەکرد.
تا ئەم چرکەیەش هۆکارە بنەرەتی و هاندەرە سەرەکیەکانی ئەم لەتبونە کۆنکرێت و بەبەڵگەوە بەرچاو نەکەوتون، ئەمە سەرەرای ئەوەی دەریایەک لە نوسین و شێکردنەوەی بۆ کراوە. ئەوەی لێی یەقینم هۆکارە شەخسێەکان زەمینەخۆشکەرێکی بەهێز بوە بۆ ئەو کارەی برادەرانی ئاڵای شۆڕش. پاش راپەرین بەشێک لە سەرکردەکانی ئاڵای شۆرش پەیوەندیەکانیان لە گەڵ یەکێتی گرێدایەوە و ئاکامەکەشی گەرانەوەی برادەرانی ئاڵای شۆرش بو بۆ ناو یەکێتی.
بەشێک لە هێزەکانی تری باشور دوچاری لەتبون و جیابونەوە بون. وەک حزبی زەحمەتکێشان، سۆشیالیست، تەنانەت هێزە ئیسلامیەکانیش لەم دیاردەیە بێبەری نەبون، تایبەت لە سەرەتای سەرهەڵدانیان لە باشوری کوردستان.
بزوتنەوەی گۆڕان و لەتبونی
ئەو ساتەی کاک نەوشیروان و هاورێکانی بێ ئومێدبون لە گۆرانکاری و چاکسازی لە ناو یەکێتی و فەرمانرەوایی بزوتنەوەی گۆڕان یان دروستکرد، لەیەکەم هەڵبژاردن بۆ پەرڵەمانی کودستان گۆڕان توانی هاوسەنگی هێزی کلاسیکی نیو سەدە لە باشوری کوردستان بگۆرێت، هاوسەنگیەک کە کاک نەوشیروان لە ناو یەکێتیدا رۆڵی بەرچاوی لە سازدانیدا هەبو. ئەم یاخیبونە لەو مێژوە ئەزمونێکی نوێ بو کە هاوڵاتیانی کوردستان بە گەرمیەوە بە دەنگیەوە هاتن.
پێشتر کاک نەوشیروان لە گەڵ بەرێزان کۆسرەت رەسوڵ و عومەر سەید عەلی یاداشتێکیان دابو بە مام جلال بۆ چاکسازی کە دەنگدانەوەیەکی گەورەی لە کایە سیاسیەکان بەرپاکرد. مام جلال توانی لایەنگرانی یاداشتەکە لە یەکتر بکات، دواتر لە هەڵبژاردن بۆ مەڵبەندەکانی یەکێتی کاک نەوشیروان شکستێکی گەورەی دروێنەکرد. لێرە بەدواوە تێگەیشت لەناو یەکێتیدا شوێنی نابێتەوە.
گۆڕان ئەزمونێکی بەهادارە لە ژیانی حزبی و سیاسی باشور کە هزر و تێرامانی مەودا دور بۆ بەرژەوەندیەکانی خاک و نەتەوە سەرچاوەی سەرەکی هێزی بو.
زۆر وتراوە و باسکراوە لە گۆرانی دوای وەفاتی کاک نەوشیروان، گۆڕانی ئێستا مرۆڤە لاواز ونەخۆشەکەی بەرەی گۆرانکاریە.
دوانەی یەک سەرچاوە، گۆڕانی گرد و گۆڕانی مەنفا، کێبرکێ دەکەن بۆ سەلماندنی رەوایەتیان بۆ هاوڵاتی و بەدەستهێنانی متمانە پشتئەستور بە چەند یاسا و رێنماییەک. بۆ خۆم هەر دو گۆڕانەکە باش دەناسم و هەوڵێشم داوە زیاتر لە یەکتر نەترازێن، مەخابن وارسەکانی کان نەوشیروان بە نیەتێکی تەماعکاری و پشتئەستور بە چەندین کەسایەتیەکی خۆپەرست دەیانەوێت لە دو جەژن بخۆن.
گۆڕانی مەنفا (کوردسات)، چونکە دەروازەی گردەکە بەرویاندا داخرا.
بەشێکی بەرچاوی کادر و هەڵسوراوە سەرەتاییەکانی گۆڕان لە وڵات و دەرەوەش چاوەروانن بەشێک لە پرەنسیپ و بەها مەزنەکانی بزوتنەوەکە ببوژێنرێنەوە کە هاوڵاتیان بە پەرۆشیەوە چاوەروانی دەکەن تا جارێکی تر لە ئامێزی بگرنەوە.
بۆ سەلماندنی باوەری هاوڵاتیان بەم دو گۆڕانە پێشنیاز دەکەم لایەنێکی بێلایەن راپرسیەک بکات لەسەر متمانەیان بە دو تەرەفی ئەم لەتبونە، ئەوسات بەرچاو زیاتر رونتر دەبێت.


 

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2025 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×