تەنها گۆرینی دەسەڵات زامن نیە بۆ گۆرانکاری ئومێدبەخش

چیا عەباس
  2024-12-12     128

لە زۆربەی وڵاتانی رۆژهەڵاتی ناوەراست و چەند وڵاتێکی سەر بە بلۆکی یەکێتی سۆڤێتی جاران کاتێک سیستەمی سیاسی و حوکمرانی ناچاری گۆرین کراون دەبینین دەسەڵاتە نوێکان رویان لە توندرەوی سیاسی و ئاینی و ئایدۆلۆجی کردوە.
حوکمرانی شای ئێران کە بەپۆلیس و بەکرێگیراوی ئیمپریالیزم و زایۆنیزم و سیستەمێکی ستەمکار ناسرابو دوای روخاندنی هێزێکی سیاسی شیعە مەزهەبی هەرەم پێکهاتە دەسەڵاتی گرتە دەست، لەو ساتەوەش پشکی ئەو وڵاتە لە ئارامی و ئاشتی و سەقامگیری و گەشەکردنی ئازادی و رێزگرتن لە مافەکانی مرۆڤ و نەتەوەکانی ئێران بەدەگمەن بەرچاو دەکەوێت.
پاش تێکچونی یەکێتی سوڤێتی جاران ئیتر پێگە و شکۆی روسیا لە سایەی دەسەڵاتدارەکانیەوە ( بێجگە لە سەردەمی گۆرباشۆڤ) تا ئەم چرکەیەش کە سەرکردەیەکی دکتاتۆر حاکمە دەپروکێنەوە، ئەمە نمونەیەکی ئاڵۆزە کە قوتابیە پەروەردەکراوەکانی هەمان خوێندنگای کۆمینیزم زۆر جیاواز و دژ بە رێبازی یەکتر سیستەمی سیاسی و حوکمرانیان بەرێوەبردوە. بەهەمان شێوە بە پێداچونەوە بە وڵاتانی سەر بە کەمپی یەکێتی سۆڤێتی جاران هەمان ئەو جۆرە رودااونە بینراون، یۆگۆسلاڤیا نوقمی دەریای خوێنی پیكهاتە جیاکانی بو، پۆڵۆنیا خۆی خستە باوەشی ناتۆ، وڵاتانی هەنگاریا و رۆمانیا خۆیان بە یەکێتی ئەوروپاوە گرێدا، بلاروس لە باوەشی دایکدا مایەوە و ئۆکرانیاش گویرایەڵی روسیا نەبو و ئاکامەکەشی ئەم شەرەی ئێستایە. نمونەکانی چەندین وڵاتی ئاسیا و ئەمریکای لاتینی بەخەستی لێوان لێون لە حوکمی دکتاتۆر و کودەتا و ستەمکاری و خوێنرشتن و موخەدەراتیش.
ئەوروپای رۆژئاوای جاران بە سەقامگیری و گەشەی ئابوری و دیموکراسیەت و تۆلێرانسی ئەو دەیان ساڵانەیان بەرێکردوە.
سەدام دکتاتۆرێکی خوێنرێژ و توندرەو بو، ئەو ساتەی رژێمەکەی تەپا و خۆشی وەک پەککەوتەیەکی چڵکن لە کونێکی ژێر زەویدا دەریان هێنا زۆربەی گەڵانی عێراق کەوتنە بەرپاکردنی سەمای خۆشی و هیوا بەخشین. لە سایەی جێگرەوەکانی سەدام عێراق بۆتە کەلاوە و دەروازەی توندرەوی ئیسلامی و مەزهەبی و یەکێک لە وڵاتە گەندەڵەکانی دنیا لە ئاستێکی بەرزدا، هاوکاتیش زۆربەی نەریتە کۆمەڵایەتیە رەسەنەکانی کۆمەڵگای عێراق وەک بەفری بەر هەتاو دەتوێنەوە. دکتاتۆرێکی سوننە مەزهەب گۆردرا بە کۆمەڵێک تاکرەوی گەندەڵ و میلیشیای مەزهەبی و تاسەر ئێسک ناحەز بە کورد، هەروەک بیرمەندی جارانی حزبی دەعوە، عزەت شابندەر، دەڵێت: لە روخاندنی سەدام بونی ئەمریکا لە عێراق ناچاری کردین پێرەوی سیستەمی سێکتاریزم و سازان لەگەڵ کورد بکەین.
گەر بێێنە سەر باسی بزافە نەتەوەیی و نیشتمانی و رزگاریخوازەکانی ناوچەکەمان دەبینین زۆربەیان زۆر خراپتر لە دەسەڵاتی وڵاتەکانیان پشکی شێریان لە شەری یەکتر، وێرانکردن، گەندەڵی. پاشکۆیەتی و ستەم بەردەکەوێت. ئەمانیش وەک هاوشێوەکانیان لە کەمپی ئاینی و کۆمینیزم و سۆشیالزم  و رزگاریخوازی گوناهباری گەورەن دەرهەق بە نەتەوە و نیشتمان و بیر و باوەریان.
وازهێنانی بەشار ئەسەد لە دەسەڵات نمونەیەکی بێ وێنەیە کە سەرکردەیەکی دکتاتۆر و ستەمکار کە بنەماڵەکەی زیاتر لە نیو سەدە سوریایان حوکم کردوە و دۆستی بەهێزی وەک روسیا و ئێران و چەند هێزی ناوچەکەی هەبوە بێئەوەی یەک فیشەک بتەقێنێت گۆرەپانەکە جێدەهێڵێت و رو لە تاراوگە دەکات.
جێگرەوەکەی ئەسەد، تەحریری شام، کە ساڵانێکە حوکمی ئەدلیب دەکات و رێکخراوێکی تێرۆریستی سەر بە قاعدە بوە و بە هاریکاری سەرەکی تورکیا ئەم پێگەیەی ئێستای بەدەست هێناوە نمونەیەکی زۆر مەترسیداری دەسەڵاتی ئیسلامی توندرەوی لە ئەدلیب سەلماندوە، ئێستا بە زمانی لوس و وەعدی درۆ و دەلەسە دەیەوێت خەڵک لە خشتەبەرێت، تایبەت کەمینەکانی سوریا: وەک کورد، دروز. کریستیان و عەلەویەکان.
لەو باوەرەدام ئەم گروپە تێرۆریستە ئیسلامیەی سەر بە ئەردۆگان وەک زۆربەی نمونەکان لە گۆرینی دەسەڵات لە ناوچەکەمان چاوەرانی شەر و وێرانیان لێدەکرێت، ئەو نەرمیەی ئێستا دەینوێنن کاتیە تا شوێن و دەسەڵاتیان دەچەسپێنن.

چاوەروان بین ئایندە وەڵاممان دەداتەوە

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×