دوای روخاندنی سەدام لە زاری چەند سەرکردەیەکی کورتبینی کورد گوێبیست بوین کە هەرێم دەبێتە نمونەیەکی نوێی دیموکراسی بۆ عێراق و ناوچەکە و کیانێکی ئومێد بەخش بۆ سەرجەم نەتەوەی کورد و پەناگای تێكۆشەرانی کوردستان و شایستەی پشتگیری نێودەوڵەتیش دەبێت، ئێستا ئەم "نمونەیە" بۆتە وێرانەیەکی فەرمانرەوایی و دورگەیەکی گەندەڵی و گۆرەپانێکی ئامنی هەواڵگری و سەربازی دوژمنانی کورد و پاشکۆیەکی سیاسی و جەمسەرگەری ئیقلیمی و بازاری عەکازی بازرگانە زەبەلاحە ناوخۆیی و دەرەکیەکان و دۆزەخێک بۆ هاوڵاتیە رەسەنەکانی نیشتمان، هاوکاتیش بەشێکی زۆری خاکی نیشتمان و مافە رەواکانی هاولاتیان خۆبەخش و ئارەزومەندانە بە داگیرکەرانیان بەخشیوە.
بێ ویژدانیە بڵێم دەسەڵات هیچی نەکردوە، بەڵام ئەوەی باسم کردوە پوختەی ئاکامە وێرانکەرەکانی دەسەڵاتی هەرێمە. لە ساڵیادی دامەزراندنی یەکێتیدا سەرۆکەکەی دەڵێت: " لە زۆر بواردا نەک بۆ پێشەوە نارۆین، بەڵکو بۆ دواوە دەرۆین." داننان بە راستیەک، ئەوەی پێویستیش بو راشکاوانە باسی هۆکارەکانی ئەو دۆخەی ئێستای بکردایە.
شایستەی وردکردنەوەیە کە ئەم دۆخەی ئێستای باشوری کوردستان بەپاساوی بەرژەوەندی هاوڵاتیانی هەرێم و دابینکردنی موچە و داهات و پێداویستیەکانیان لەلایەن دەستەیەک لە هەرزەکاری سیاسی و حوکمرانی و گەلێک لە تازە هەڵکەوتوی نابەرپرس بۆتە بارمتەیەکی زێرین بۆ دەسەڵاتی بەغدا و هێزە ئیقلیمیەکان. مافە نەتەوەیی و سیاسیە رەوکانی کورد لە جانتاکانی چەند بەقاڵێکی سیاسی و حوکمرانی کورد نێوان هەولێر و بەغدا دەخزێنرێنە ژێر لمی گەرمی بیابانی ئەو دەڤەرانە، بەغداش هەر وەک لە گەمەی شەترەنجدا بەردەوام و هێدی هێدی کش مات دەکات. شایستەی گاڵتەجاری و پێکەنینیشە ئەمانە رودەدەن کاتێک بەناو چەند نوێنەرێکی کود وەک بوکەشوشەی رومەت ئاڵی شانۆگەری پۆستی باڵای بەناو سیادیان لە بەغدا پێدراوە، دەسەڵاتییشیان بەسەریەک شەرفرۆشی حەشدی شیعەشەدا نیە. بەداخەوە ئەمانە ئاوێنە ژەنگ هەڵگەراو و شکاو و تاریکەکانن.
ئەوە خەتای من و هاوڵاتی دڵسۆز نیە بەو قەدەرە گەیشتون چونکە مێژو سەلماندویەتی لەم جۆرە دەسەلات و ئەقڵیەتە ئەوانە چاوەروانکراون.
کاتێک چەند تاقمێکی تازە هەڵکەوتو، خاوەن ئەزمونی هەژاری سیاسی و فەرمانرەوایی دوای راپەرین و گۆرانکاریە سیاسیەکان ئارەزومەندانە بەناوی ئۆپزسیۆنبون دەبنە واجهەیەک بۆ ئارایشتەکردنی بەشە لادەرەکەی دەسەڵاتی کوردی، ئیتر کاتی ئەوە هاتوە کە دەمامک لە روخساریان داراماڵرێن، چونکە بەمەزەندی زۆربەی رکابەرە رەسەنەکان ئەم دو تەرەفە ئاو دەرێژنە ئاشی یەکتر.
باڤڵ تالەبانی لە ساڵیادی دامەزراندنی یەكێتیشدا ئاماژە بە ئۆپزسێۆن دەکات و دەڵێت: " پێم خۆش نیە بێرێزی بەرامبەر هیچ لایەنێک بکەم، بەڵام پۆپۆلیستانە کۆمەڵێک بەڵێن دەدرێت جێبەجێ ناکرێت... ئێستا چەند لایەنێک دروستبون وەک بیستومەم قسەکانیان واقیعیترە، رێک و پێکترە..تاد." ئەم بۆچونەی بەشێکی گرنگی دەسەڵاتی کوردی شایستەی هەڵوەستەکردنە. بۆ خۆم چەند مانگێک لەمەو پێش لە نامەیەکی تایبەتدا چەند پێشنیازیکم بۆ کردبو، یەکێک لەوانە کرانەوە و دیالۆگ بو لە گەڵ لایانە رکابەرە رەسەنەکان. مەخابن تا هەڵبژاردن نزیک نەبێتەوە هیچ هەنگاوێکی جدی لەو بوارەدا نەداوە. ئێستاش نەرۆشتوە بروات، فەرمون ئەوە ئەرز و ئەوە گەز.
بەشێکی بەرچاوی سەرکردە و کادر و هەڵسوراوانی یەکێتی و گۆڕان پشکی شێریان لەم گەمە قێزەوەنە بەردەکەوێت. هەر ساتێک پێگە و دەسەڵات و بەرژەوەندیەکانیان لە ناو حزبەکانی خۆیان و دەسەڵات کەنارگیر دەکرێن دەکەونە هاوار گوایە دنیا دەگۆرن، ئێستا بەزەقی دەردەکەوێت دنیا ئەوانی گۆریوە، بۆیە وەک منداڵیکی بێبەشکراو لە شیرینی و گەمە پەنجەی یاخیبون بەرزدەکەنەوە، دەکەونە چاوشارکێ و گەلەکۆمێ و شەرەگەرەک و هات و هاوار تا خەڵک گوێبیستیان بن و ئاورێکیان لێبدەنەوە. پەیامەکانی گەلەکۆمە سیاسیەکانیشیان کۆپیەکی دەیان نمونەی پەیامە کلاسیکیە سواوەکانن.
ئەم نارازیە چەواشەکارانە بەمەش ناوەستن عەرزی خەدەماتی خۆشیان بۆ دەسەڵاتی شوڤینزمی مەزهەبی و نەتەوەیی لە بەغدا دەکەن، نزا و دوعاکانیان بە دەروازەی کۆشکەکانی خەزعەلی و مالکی و عامری دەلکێنن، گوایە ئەمانە بەهانای کوردەوە دێن. هەندێکیشیان لەو باوەرەدان "ژیرانە" مانۆرێکی سیاسی بەرێدەکەن بۆ فشارکردنە سەر دەسەڵاتی هەرێم، بۆیە دەبینین تاک و بە جوملە لێیان چاویان لە میهرەبانی و بەخشندەیی و بەرەکەتیان بریوە، زانیاریەکانیش ئاماژەدەکەن بەوەی ئەوانیش بێ بەزەیی نین لە گەڵیان و کارئاسانیان بۆ دەکەن و ناو بە ناو تورەکەیەک پارەی خوردە فرێدەدەنە دەستە پانکراوەکانیان.
وێرای ئەوەی خەتابارێکی سەرەکی کێشە و قەیرانەکانی نێوان هەرێم و بەغدا دەسەڵاتی کوردیە، بەڵام ئەم خەتاباریە نیەتە ژەهراویەکانی تەرەفی بەغدا ناسرێتەوە و داشیان ناپۆشێت. بەکارهێنانی ئەم واقعە وەک پاساوێکی سیاسی تاوانێکی گەورەی نەتەوەییە.
چەند سەرکردە و بەرپرسی باڵای یەکێتی و گۆڕان کە رۆڵی جارانیان زۆر کاڵبۆتەوە و ۆپەراوێزکراون، گورج و گۆڵ کەوتونەتە خۆیان، بە پینە و پەرۆ خەریکی بوژاندنەوە و هەستانەوە و لیست سازدانن و لێدوانی ئاگرین دەربارەی گۆرانکاری و چاکسازی دەدەن، بە کوردی خەڵک دەگەوجێنن، سەریشیان لە بەردی ئەلحەد بدەن ناتوانن رابردوی شکستیان بچێک سپی بکەنەوە.
لەو بەری باخچەی پاشاشەوە وارسە سیاسیەکان دۆخی نادیاری هەڵبژاردنەکان بۆ پەرڵەمانی کوردستان بەزەرەربەخش بۆ پێگەی هەرێم دەزانن. پێمان ناڵێن چ پێگەیەک؟ نازانن زۆربەی دەوڵەت و میدیا و دەزگا پەیوەنددارەکانی دونیا چۆن باس لە فەرمانرەوایی هەرێم دەکەن، نازانن دەیان راپۆرتی کۆن و تازە بەوردی باس لە پێگەی لەرزۆک و ستەمکار و دارماوی دەسەڵاتتان دەکەن! چەندین رێکخراوی نێودەوڵەتی باس لە پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ و یاسا و رێسا نێودەوڵەتیەکان لەلایەن دەسەڵاتی هەرێمەوە دەکەن، بێگومان ئەم شین و شەپۆرەی واجهەکانی دەسەڵات بۆ .. یاخود بۆهەریسەکەیە!
کارتەکانی دەسەڵات و سێبەرەکانیان بەناو ئۆپزسیۆن ئاشکرا و پوچەڵن، کاتی ئەوە هاتوە نارازیە رەسەنەکان ببن بە رکابەرێکی کاریگەری دەسەڵات، بێگومان ئەو پرۆسەیە دەکوڵێت، نەک لە رێگای هەڵبژاردنێکی مۆتۆربەکراو بە مەرجەکانی بەغدا و خەتمکراو بە سەرلەقاندنی دەسەڵاتێکی بێ دەسەڵاتی هەرێم و هەوڵە نەزۆکەکانی چەند کەسانی دۆراو و پاشکۆ، بەڵکو لە ئەرزی واقعی دۆخی هەرێم و بە ئیرادەی هاوڵاتیان. بێگومان زو یاخود درەنگ گوێبیستی لێدانی ئەم زەنگە دەبین، ئەوەی گرنگە بە ئومێدەوە چاوەروان بین.