شانۆگەری رکابەری دو رۆڵەی شارەکەم بۆ سەرۆکێک بۆ کۆماری وێرانە

چیا عەباس
  2022-10-17     635

هەر دو بەرێزان بەرهەم سالح و لەتیف رەشید دەناسم و ئاشناشم بە مێژوی خۆیان و خانەوەداکانیان، یەکەمیان خزم و سەردەمانێک لە یەکێتی بەرپرسم بوە، دوەمیشیان ناسیاوێکی دێرین و دۆستێکی نزیکی چەن کەسێک لە خانەوادەی صاحبقران.
بە چاوی رەخنەگرێک هەڵسەنگاندم بۆ دکتۆر بەرهەم کردوە و چەند وتارێکی خەستم بەبەڵگەوە لەسەر کردار و هەڵوێستە سەرسورماوەکانی نوسیوە، هەرچۆنێک بێت لە ساڵانی دواییدا خاوەنی کەسایەتی خۆی بوە، هەربۆیەش لە کەش وهەوای سیاسی ئێستای کوردستان دەستەمۆکردنی ئەستەم بوە.  هاوکاتیش بە رێز و بەرزنرخاندنێکی بێئەندازە تێروانینم بۆ هەر دو رەحمەتی حاکم ئەحمەدی باوکی و باجی روناکی دایکی هەبوە و هەشمە، دو مرۆڤی نیشتمانپەروەر و پاک و دڵسۆز. رۆڵە بە ئەمەک و بوێرەکانی کورد و شارەکەم بون، نمونەی پاکی و دلسۆزی و بێگەردی بون.
دکتۆر لەتیف لە هەفتاکانی سەدەی پێشو  لە دەرەوەی وڵات بەرێگەی یەکێتیەوە ناسیومە، مرۆڤێکی بەتوانا و زمانزان و دیبلۆمات، قسەکەرێکی لێهاتو و بەئاگا، هاوکاتیش زۆر سرک و خوێنەوەری وردەکاریەکانی سیاسەت و بەرژەوەندیەکان.
بۆ هەر ئەم دو هەڵسەنگاندنە چەندین راپۆرتی باوەرپێکروای نێودەوڵەتی لەبەر دەستدان، تایبەت لە ساتەکانی بەرپرسیاریەتیان لە حوکمرانی عێراقدا.
ئەم نوسینەم  بۆ ئەم دو کورەی شارەکەمە کە نامۆ نین بەو سەردەمەی شارەکەم و خانەوەداکانیشیان باش یەکتریان ناسیوە و تێکەڵاوی یەکتر بون.
هیوادارم بە ژمارەی دەنگەکانیان لە خۆیان بایی نەبن، بێچگە لەوەی دەنگی حزبەکەی کاندیدی براوە بۆ ئەم ئەنجومەنەی ئێستای عیراق نوێنەرایەتی پازدە لە سەدی دەنگی کورد ناکات هاوکاتیش زۆرینەی ئەو دەنگانەی هەر دو کاندید بەدەستیان هێناون دەنگی کورد نین، ئاکامی پرۆسەیەکی رەوای دیموکراسی و بێ فروفێڵ و ساختەکاری سیاسی و  حزبی و مەزهەبی نین، لە واقعدا بەشێکی بەرچاو دەنگی نەیاران و دوژمنان و بکوژەکانی شەهیدەکانی کورد و کوردستان و رۆڵەکانی شارە " حەیاتەکەن" . هەر کەسێک باوەر بەم واقع و راستیانە ناکات با بەوردی لە لاپەرەکانی مێژودا بەدوایاندا بگەرێت.
باش دەزانم خۆشمان بوێت یاخود ترش لە ئێستادا بەشێکین لە وێرانەی عێراق و دەبێت سوچێک و پێگەیەکمان لەو وێرانەیەدا هەبێت، پرسیارە بنەرەتیەکە ئەوەیە چۆن و بۆچی.
مسعود بارزانی لە گەڵ خوالێخۆشبوان مام جلال و نەوشیروان مستەفا لە دوای روخاندنی سەدامەوە رۆڵی گرنگیان لە چەسپاندنی پێگەی کورد لە دەوڵەتی عێراق هەبو کە دەستوری هەمیشەیی سەرەرای کەمو کوریەکانیشی بۆ یەکەمجار لە مێژوی عێراقدا جەخت لە پێگە و رۆڵی کورد دەکات.
ئەو سەردەمە هیوا و ئومێد بە عێراقی نوێ وروژابون و چاوەروانی خێر دەکرا.
ئێستا،نزیکەی بیست ساڵ دوای ئەو وەرچەرخاندنە، هیوا و ئومێد وەک گەڵای پایزان زەردهەڵگەراو و سیس هەڵدەوەرێن، پێویست بەباسکردنی زیاتر ناکات.
بۆیە دەبێت هەمو بپرسین چۆن و بۆچی بەم شێوازە ئارەزومەندانە بەپەرۆشی و گورجی و گۆڵیەوە و بە مێتۆدە زیگزاگ و شاردراوەکان شەرمانە بۆ قوژبنێکی ئەو وێرانەیە، نەدەکرا بەشێوازێکی تر بکرایە!
ئێستا دڵنیا بن دکتۆر لەتیف لوتفی جارانی نەماوە  و دکتۆر بەرهەمیش  چاوەروانی بەرهەمی گەورەی لێناکرێت. عەرەب وتەنی:
إسأل مجرب ولا تسأل حكيم

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×