چیرۆکەکانی نیشتمان: بەغدا چی لە کورد ویستوە و دەوێت؟

چیا عەباس
  2022-06-07     729

مێژو پێمان دەڵێت میسۆپۆتامیای نێو دو روبار گۆرەپانی شەر و کوشتن و قرکردنی بەشێکی بەرچاوی ئیمام و گەورە کەسایەتی ئیسلام و مەزهەب و ئاراستە جیاکان و لەشکر و ئیماندارانی ئەو ئاینە بوە. لە خۆرایی نەوتراوە روباری دجلە ئولفەتی لە گەڵ خوێندا گرتوە.
ئەم بەناو دەوڵەتی عێراقەی ئێستا لە زەمینە و رەحمی ئەو مێژوەوە چاوی بەدنیا هەڵهێناوە، لە ژێر رەشماڵی خێڵە هەمەجیەکان و کەنارەکانی روبارەکانی خوێن و لە سایەی گۆرە بێ ژمارەکانی بەکۆمەڵە کوژراوەکان لە بیابان و سەرکردە و سەرۆکە خوێنرێژ و چەتە و لەشکرەکانی وێرانکردن گۆشە و پەروەردە کراوە.
سەرەرای ئەوەی لە دێریندا ئەم پارچە خاکەی هەسارەی زەوی رەحمی لە دایکبونی چەند بەهای گرنگی شارستانی بوە، بەڵام دەیان ملیۆن هاوڵاتی عێراقی ئێستا چی لەو بەشە گەشەی ئەو مێژوە بکەن و لەبەر خاتریشی بێدەنگ و ملکەچ بن، لە کاتێکدا ئێستا بەدەست وارسەکانی ئەو بەشە قێزەوەن و نەفرەت لێکراوەی ئەو مێژوەوە دەناڵێنن، کورد وتەنی ئەو نانە نانە ئەمرۆ لە خوانە.
کورد لەم وێرانەیەدا
با زۆر نەگەرێینەوە بۆ مێژوی کورد لە سەدەی رابوردوی ئەم عێراقە، کوردێک نیە بەشێکی زۆری نەزانێ، چونکە خۆی قوربانیەکی بوە و ماڵوێران و دەربەدەر و کوژراو ئەنفال و کیمیاباران کراوە. بێگومان کورد هەن دەڵێن با ئەو مێژوە بەلاوە بنێین و لە گەڵ واقعی ئێستای عێراق مامەڵە بکەین و لەو روانگایەوە دیدگامان بۆ ئایندە دارێژین و کاری بۆ بکەین.
ئەم بۆچونە سیاسیە، هەر هێز و کەسێک خاوەنی بێت، لەم دۆخەی ئێستادا زادەی ناچاریەکی بێ ئیرادەیە، ئاماژەیەکی زەقیشە بۆ تەسلیمبون بەو وێرانەیە و کەنارگیری لە سوچەکانی کەلاوەکانیدا و پچراندنی پشکێک لە سایەی شەفاعەتی بەڵاطەکان و وەلیمە و هەریسەی بۆنە و مەراسیمەکاندا.
ئەوانەی لەسەر دەستوری عێراق هیوا و ئومێدیان هەڵچنیوە بۆ بە خەڵک ناڵێن ئەو دەستورە ئەو پەندە کوردیەی دەڵێت:" شەق دەزانێ قۆناغ لە کوێێە" پر بە پێستیەتی، روخاندنی سەدام لەلایەن ئەمریکاوە و داگیرکردنی عێراق ئەو شەقە بو کە سەرجەم هێزەکانی عێراقی ناچارکرد ئەو دەستورە قبوڵ بکەن.
عزەت شابندەر لە چاوپێکەوتنێک لە گەڵ رۆژنامەگەرێکی رۆژنامەی نیۆرکەر دەڵێت: ئێمەی سەرکردەکانی شیعە لە عێراق دوای روخاندنی سەدام گەراینەوە، ئیمە پەروەردە و گۆشەکراوی ئاینی ئیسلام بوین و خەونمان دامەزراندنی دەوڵەتێکی ئیسلامی بو لە عێراق، کاتێک ئەمریکا و هێزەکانیمان لە عێراق بینی تێگەیشتین جارێ واز لەو خەونە بهێنین و لە بری ئەوە تەبەنای دەوڵەتی سێکتاریزمان کرد. ماوەیەکە هێدی هێدی دەردەکەوێت کە دەسەڵاتی بەغدا خواستیانە ئەو دەستورە هەموار بکرێت.
زۆر ئەزیەتم دەدات کاتێک دەڵێم گەر ئەمریکا نەبوایە زۆربەی هێزە دەسەڵاتدارەکانی ئێستای کوردستان و عێراق سەرەرای خەبات و قوربانیەکانیان دەبو ئێستاش لە دەرگای ئەم وڵات و ئەو سەرکردە و ئەو هێز بدەن.
گریمان ئەم ناچاریە سیاسیە تەنها بژاردەی سەرەکی ئێستایە، لە بری ئەوەی هێزە کوردیەکان بەیەکەوە نزا و دوعاکانیان لە یەک چارۆکەدا هەڵگرن، دەبینین بەشێکی سەرکردە و بەرپرسانی کورد لە باشور چاوقایمانە بەجیا و لە پشتی یەکترەوە لەیەک ساتدا سەرقاڵی چاوبازی و مەراکردنن لە گەڵ و بۆ سیمبۆڵە میراتگرەکانی مێژوی کوشتن و رق و کینە و وێرانکردنی کورد و کوردستان و لە هەوڵی خەستدان بۆ لکاندنی نزاکانیان بە فرە مەرقەدەکانی سەربە میراتگرەکان.
ئەم واقیعە تاڵە لە پرسی کوردێک بۆ سەرۆک کۆمارێك تا ئەم چرکەیەش دەکوڵێت.
کاتێک پرسی نەتەوەیەکی ستەملێکراو و کەنارگیرکراو و گەمارۆدراو و مافە رەواکانی دەکرێتە دەسکەلای ئاین و ناکۆکی و شەر و مەرافەی مەزهەب و ئاراستە جیاکانی، ئیتر لەو واقعەدا شتێکی ئەوتۆ  نامێنێت لە ئومێدکردنی نەوەکانی بە ئایندەیەکی گەش و جێگیر.
مێژوی زۆربەی وڵاتان، تایبەت لە ئەوروپا، چەندین ئەزمونی خوێناوی و وێرانکەری لەو جۆرەیان تا سەردەمی هەستانەوە و جیاکردنەوەی ئاین و دەسەڵات بەرێکردوە.
سەرکردەکانمان لە داغکردنەکانی مێژو لە ماڵی خۆماندا فێر نەبون جا بگرە لەوانەی هەزاران کیلۆمەتر لێیان دورن.
عزەت شابندەر، کەسایەتی سیاسی شیعەی ناودار، دەربارەی عێراق دەڵێت:
" ئەمریکا لە ٢٠٠٣ رژێمی سەدامی نەروخاند بەڵکو مەبەستی روخاندنی عێراق بو وئەوەشی جێبەجێکرد". ئاکامەکەی ئەو کەلاوە بێ خاوەن و ئایندەیەیە.  
دەسەڵاتە یەک لە دواکانی ئەم کەلاوەیە بەرپرسن لە ناوبردن و کوشتن و سوتاندن و زیندە بەچاڵکردن و دەردەبدەریکردن و زیندانکردن و .... زیاتر لە یەک ملیۆن هاوڵاتی کورد، لە کۆی گشتیدا دەکاتە نزیکەی٣٠% ی موعەدلی ژمارەی کورد لە مێژوی سەدەی رابوردوی عێراقدا.
ئەوە چ جۆرە بەرپرس و سەرکردەیەکە جورئەتی ئەوەی هەیە ئەم ئۆقیانوسە لە قوربانی بێ بایەخ بکات و پشتگوێ بخات! سەرکردە بە ئەزمونەکان لە روانگای قوتابخانەی واقیعی کلاسیکیەوە دەیهێنن و دەیبەن تا بە کەمترین زەرەر لێی دەرچن، هاوکات تازە پێگەیشتوەکان کە لە ئەزموندا هەژار و بێ دیدگای رۆشنن و لە واقیعێکی زۆر ئاڵٶزدا دەگوزەرێن هەڵپەیانە و بێهودە و بێ هزرێکی نەتەوەیی و ئاراستەی دیاریکراو خۆیان خسۆتە نێو داوی روداو و گۆرانکاریەکانی دەرەوەی ئیرادەیان و ئەستەمیشە بەتەنیا لێی قورتار بن.
ئەم هەڵوێست و رەفتارانە گەر لە ناچاریشەوە بێت ئاماژەی زەقن بۆ بێ ئیرادەیی و لاوازی و دڵەراوکێ، تایبەت لە کاتێکدا بەشێک لەو بەرپرسانە و دەوروبەریان لەسایەی ناچاری و بێباکیدا لە کەلاوەکەدا شاهانە سودمەندن.
شێخ سەعیدی پیران، شێخ حەفیدی نەمر، شێخە شۆرشگیرەکانی بارزان، پێشەوا قازی محمد، مەلا مستەفا، عبدالرحمن قاسملۆ، مام جلال، نەوشیروان مستەفا نمونەی ئەو سەرکردانەن کە تا دوا هەناسەیان بێ ئیرادە و بێئومێد نەبون و بەشێک لێیان ملیان بەپەتی سێدارەوە کرا و بە توندی رەتیان کردۆتەوە دەست بۆ دوژمنانی کورد و کوردستان درێژ بکەن.

 

نمونەیەکی حاشاهەڵنەگر
دوای روخاندنی نازیەت و دامەزراندنی دەوڵەتی ئیسرائیڵ کەسایەتیە سیاسی و بە ئەزموونەکانی جولەکە کەوتنە راوەدونانی ھەموو ئەو کەسانە لە هەمو سوچ و قوژبنێکی دنیادا کە دەستیان لە تاوانی جینۆساید وکۆمەڵکوژی جولەکەکاندا ھەبو.
یەکێک لە ئەفسەرە نازیە ھەڵھاتوەکان ئەدۆڵف ئایخمان بو کە گەورە ئەفسەری نازیەکان و بریکاری دەزگای ھەواڵگیری نازی ناسراو بە " SS"بو.
ئەدۆڵف ئایخمان، ساڵی ١٩٤٥ پاش ڕووخانی نازیەت ھەڵھات بۆ وڵاتی ئەرجەنتین و بۆ ماوەی ١٥ ساڵ لە ژێر ناونیشان و پیشەی ترەوە ژیانی بردە سەر.
ئیسرائیل بەردەوام بە شوێنیەوە بون، لەسەر داوای راستەوخۆی "گۆڵدا مایەر" یەکەم خانمە سەرۆک وەزیرانی ئەوکاتەی ئیسرائیل بریاردرا بە دۆزینەوەی "ئەدۆلف ئایخمان" و بە مەرجی زیندومانەوە و پاشان بە ساغ و سەلامەتی تەسلیم بە دادگای ئیسرائیلی بکرێتەوە.
ئەرکەکە جیبەجێکرا، ئایخمان بە سەرپەرشتیکردنی خودی بەرپرسی دەزگای موساد  لە ئەرجەنتینەوە بردیان بۆ ئیسرائیل و دوای داداگاییکردن سزای رەوا درا.
دوای گەرانەوەی بەرپرسی موساد بۆ ئیسرائیل هاوسەرەکەی لێی دەپرسێت: ئەو ماوە درێژە لە کوێ بویت، لە وەڵامدا دەلێت: لە شوێنێکی دنیا بوم.


وانەکانی مێژو
لەم سەردە کورتەی مێژو و تا ئەم چرکەیەش دەردەکەوێت کە دەسەڵاتدارانی عێراق بە رەنگ و فکر و مەزهەب و نیەتە جیاکانیانەوە و وەحشەکانی داعشیش یەک نیەتی هاوبەش بە خەستی لە ناخیاندا رەگ و ریشەی داکوتیوە، ئەویش کورد دەبێت موتیعی ئەوان بێت، دەستیان بۆ پان بکاتەوە و لەو قەوارە گەمارۆدراو و داخراوە و تەنراو بە داگیرکەر بۆی هەیە هەناسە بدات، نان و ئاوی هەبێت و بچێک جموجۆڵیش بکات. هەر کاتێک کورد ئەو سنورانەی بەزاند دەبێت سزا بدرێت.
سەرەرای ئەوەی دەسەڵاتی کوردی هەڵەی گەورەی کردوە لە بوارەکانی حوکمرانی، گەندەڵی، پێشێلکردنی یاسا و مافەکانی مرۆڤ و ئازادی، پاشکۆیەتی فرە لایەنە بۆ جەمسەرگەری ئیقلیمی و .... تاد، بەڵام لە بنەرەتدا هەنگاوی گرنگیشی نا بۆ تەحەداکردنی ئەو بەشە قێزەوەنەی کەلاوەی عێراق و هەوڵدان بۆ قورتاربون لە یاسا و رێسا و چنگەکانی ئەو مێژوە. لێرەدا هەڵە هەرە کوشندەکەی زۆربەی ئەو کار و تەحەدا و هەوڵەکانیان بۆ بەرژەوەندیەکانی خۆیان بو و میللەتیان لە بیرکرد.
لەم واقعەوە دەسەڵاتدارانی ئێستای عێراق و بە چاوپٶشینێکی شاردراوەی نێودەوڵەتی و ئیقلیمیش هەنگاو بە هەنگاو سەرقاڵی سزادانی کوردن، سزادانێک تا کورد جارێکی تریش موتیع و گوێرایەڵ و دەست پانکەرەوە بێت بۆیان.
ئەمجارە جیاوازە لە ئەزمونەکانی رابوردو، وێرای ئەوەی دەسەڵاتی کوردی دەرکی بەم واقعە کردوە، بەڵام متمانەی هەرە زۆرینەی میللەتی لە دەستداوە، لە ئەرزی واقیعدا لە گۆرەپانەکەدا زۆر تەنیایە، بەغداش ئەمەی بەباشی قۆستۆتەوە و هەنگاو بە هەنگاو فشارەکانی لەسەر دەسەڵاتی هەریم و تەنانەت لە سەر خەڵکیش توندتر و خەستتر دەکات، پەیامێکی ناراستەوخۆیە بۆ هاوڵاتیان:
ئەوە ئێمە هۆکاری ئەو دۆخە نین، ئەوە دەسەڵاتەکەی خۆتانە. پەیامێکی مەترسیدار و خۆ بێبەریکردنی دەسەڵاتدارانی ئێستای بەغدایە لە تاوانەکانی مێژو و ئێستا بەرامبەر بە کورد.
دەسەڵاتی کوردی لە هەمو لایەکەوە کەوتۆتە داوێکی دژوار و ئاڵٶزەوە، ئێران زۆر ژیرانە و بە سەبری ئەیوبەوە ( هێزی نەرم ) دەیەوێت زیاتر دەستەمۆی بکات، تورکیا بە چاوسورکردنەوە و فشاری سەربازی و هەواڵگری دەیەوێت زیاتر دەستی لە بیناقاقای دەسەلاتی هەرێم و سامان و خەڵکەکەی توندتر بکات، بەغداش دەزانین خەریکی چیە، ئەوروپا و ئەمریکاش وێرای سەرقاڵی بونیان بە جەنگی ئۆکرانیا لە ئەزمونی حوکمرانی هەرێم دڵگرانن کە راشکاوانە پلاسخارت ئاماژەی  پێداوە، ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی بەسەبرن بەڵام هاوکاتیش ئەوەندە گەمژە نین پایدەر لە هەوادا بدەن.
ئێستا بەشێکی بەرچاوی بەرپرسانی هەرێم بەغدا بە قیبلەی چارەسەر دەشوبهێنن، ناهەقیان نیە هەر ئەوەندەیان پێدەوترێت!

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×