رەشبەڵەکی تایبەت لە یادی راپەریندا

چیا عەباس
  2022-03-07     663

ساڵانێکی درێژە کوردی ئەم باشورەی کوردستان لە زۆر شت رازی نیە، رەخنە دەگرێت و قسەی خۆی دەکات، بەرامبەر دەسەڵاتی حوکمرانی کوردی کە خەونی باو  باپیرانمان بو، خۆپیشاندانی رەوا دەکات و قوربانی دەدات، تورەبون و نارازی بە هێزەکان دەرێژێت، ناو و ناوبانگی شۆرشگیر و سەرکردە دێرینەکان و حوکمرانی دەخاتە ژێر گومان و پرسیارەوە و ..... تاد.
بەرەی حوکمرانیش، جا لە کێ پێکهاتوە گرنگ نیە، بێئەوەی راشکاوانە دان بە هەڵە و خوار و خێچی و گەندەڵیەکانی خۆیدا بنێت، بەردەوام قەوانە کۆنەکەی لێدەداتەوە و بە زمانێکی ئەستور جەخت لە خزمەتکردنی هاوڵاتیان و پاراستنی دەسکەوتەکانی خەبات و راپەرین دەکاتەوە.  
بە رەچاوکردنی ئەم " بەخشندەیی و میهرەبانیەی دەسەڵات"  بوایە دەبو خەڵک  کونجی قەناعەت بگرن و بێدەنگ بونایە و تێشگەیشتبونایە دەسەڵات لە دۆخێکی ئاڵۆزی عێراق و ناوچەکەدا هەر ئەوەندەی پێدەکرێت.
بڵێین چی یاخیبونی زۆربەی خەڵکی باشور ئیرسێکی مێژوە و وا زو پێی تەرک ناکرێت، چەندین جار دەستیان داغان کراون، راهاتون و  ئەزمونەکانی رابوردو فێری کردون تەنانەت لە سێبەری فەرمانرەوا و بەرپرسانیش دڵنیا نەبن، دەبوا دەسەڵاتیش لە بری توند و تیژی و ستەم و سەرکوتکردن سەبرێکی زۆر بنوێنێت و قەناعەت بە خەڵک بهێنێت کە ئیدیعاکانی بۆ دیموکراسی و ئاشتی و دادپەروەری کۆمەڵایەتی و و خۆشگوزەرانی و دیالۆگ و یەکریزی و یەکگرتویی جدین.
با بێێنە سەر دیوی دەسەڵات، بزانین ئەوان لە واقیعدا چیان کردوە و چیان لێهاتوە و لە ئاکامدا بۆ هەر دو تەرەف هەڵسەنگاندن بکەین.
نێوان چاک و خراپ زۆنێکی بەرینی تر هەیە کە چەندین رەنگ تێیدا قەتیس بون: کەسک. زەرد، نیللی، سور و رەنگی کاڵیش کە ئیبداعێکی سیاسەتە لە باشور.
دوای راپەرین بینیمان چۆن شۆرشگیرە دێرینەکان نیشتمان و نەتەوەیان کرد بە دو لەت، رەنگ، زمان، پێشمەرگە، خوێندن، پەروەردە، رەوشت، سامان، پیرۆزیەکان و خەونەکانیشیان دابەشکرد، بینیمان چۆن بە پاساوەکانی مێژو، چەپ و راست، بەکرێگیراو و نیشتمانپەروەر رۆلەکانی نەتەوە هەڵخەڵەتان و خۆیان کردە سوتەمەنی شەرێکی بێهودەی وێرانکەر، خەڵکانێک نەک تەنها ئەمانەیان  قبوڵکرد بەڵکو بە گەرمی لە شایی خۆکوژیدا پێی رەشبەڵەکیان بە توندی بە ئەرزدا دەکوتی و چەپڵەرێزانیشیان سەدای مەرگ و ماڵوێرانی لێ دەبیسترا. هێزە دەسەڵاتدارەکانیش راشکاوانە ئەم نەریتە نەخۆشەی مۆتۆربە دەکرد و بچێک پارە و ئیمتیازی بە سەپان و دەهۆڵژەن و پێنوسە کۆیرەکان دەبەخشی.
دەسەڵات زۆر رێگەی گرتۆتە بەر بۆ مانەوەی و زیاتر چەوربونی، خەڵکیش بەگشتی بێدەنگ بوە و لە سەباتێکدا گیرساوەتەوە، نارازی و یاخیبونەکانی کاتی و پەرتەوازە و بێ بەرنامە بون، لە دۆخێکی وەهادا چی لە دەسەڵاتێکی چاوچنۆکی تێرنەبو چاوەروان دەکەیت، لە ئاکامدا ئەوەی دروێنەکراوە لەتبونی میللەتە، لاوازبونی ئومێد و ئیرادەیە، تێکشکاندی تەونە کۆمەڵایەتیەکانە، بەدکردنی رەوشتی سیاسی و کڵتوریە، ئیفلیجکردنی پرۆسەی بە دیموکراتیزەکردنە و  ناشرینکردنی روخساری ئەزمونی حوکمرانیە بەروی دنیای دەرەوەی ئەم گۆرەپانە.
بەوەش نەوەستاون، بۆ مشتێک دۆلار و پۆستێکی پوچەڵ لە بەغدا هەرچی پیسی و خاشاکی ناو ماڵمان هەیە بەتەنافی ناو کۆڵاندا هەڵواسی، کەچی رەنگە جیاکانی تر بە هەلهەلە و میلۆدیای ساختەی دیموکراسی پەچەی شەرمیشیان راماڵی و لەو ئەکرۆباتیکە سێرک ئاسایەدا بەشدارن.
ئێستاش ئاکامەکانی هەڵەکانی خەڵک لە بەرامبەر ستەم و خۆپەرستی دەسەڵات تادێت بەری ژیان دەگرن. دەسەڵات هەر ئەوە دەکات کە لێی چاوەروان دەکرێت، پشتئەستور بە بازرگانی رەش بە نەوت، گەر نرخی بوتڵێک نەوتیش بگاتە هەزار دۆلار، هەر ئەوە بەخەڵک دەدات کە دەیەوێت بیدات، باقیەکەشی وەک برا گەورە و مامناوەند و بچوک نێوانیان بەش دەکەن و سەرانەش بە دەر و دراوسێ دەدەن.
نمونەکانی دەسەڵاتگیری کەسانی بێ بەها و کۆیلەی لە زۆر بواردا وەک رۆبۆت بەرهەم هێناوە، ئەم سوپایە لە هەراسەیەکی تر هاوردە نەکراوە، ملازم موحسن و تەواری و مرۆڤ کوژەکانی سەدام نین، بەڵکو بەشێکن لە خۆمان، باوک و برا و پورزا و ئامۆزا و کوری شار و گوند و گەرەکانمانن، چەند سەیرە میلەتێکی ستەم لێکراو لەسایەی خۆ فەرمانرەواییدا ببێت بە دو بەرەی زۆر ناحەز و دور لەیەکتر!
ئەوەی لەم ئەزمونانەدا پێویستە لە ئێستادا باسی بکەین ئەوەیە بیر لە گرتنەبەری رێگەیەکی تر بکەینەوە و وا لەم دەسەڵاتە بکەین بچێک شەرم بیگرێت و ئەوەندە چاوچنۆک و بەهەڵپە نەبێت و رەحمێکیش بە گەنج و نارازی و بیری ئازاد بکات تا لە سوچە تاریکەکانی زیندانەکان توندیان نەکەن، ریگەیەک زۆر ئەستەمە خەڵک هەزمی بکات، بەڵام شایستەی بیرکردنەوەیە!
کاک نەوشیروان رێگایەکی سەردەمانەی ئۆپزسیۆنی پەرڵەمانی هەڵبژارد، هێشتا خۆی لە ژیاندا بو و دوای وەفاتیشی هەم دەسەڵات و هەم هاوکارە دێرینە فرە روەکانی هزرەکەیان کردە ئاردی ناو درک و داڵ. لەم ئەزمونەدا خەڵکانێک  زۆر بە ئاگا و هۆشیاریەوە بە ئەمەک بون بۆی، لە گەڵ ئەوەشدا شکست هەر شکستە. 
با لەمەودوا لە هەمو سوچ و قوژبنێکی نیشتمان وێنەی حاکمەکان بێ دەسکاری بەرەنگی خۆیان هەڵواسرێن، گۆرانی و شیعر و نوسین بەزمانێکی هێمن بۆیان بچرێن و بنوسرێن، لە سوچ و قوژبنەکانی سۆشیاڵ میدیا لە بری جوێن و ناوزراندنیان بەلایەنی کەمەوە خەڵک بێدەنگ بن. لە بری بایکۆت و خۆپیشاندان عەریزەی چەند سەدان هەزار واژۆ کۆبکرێتەوە و بەروی دنیادا بڵاوبکرێتەوە، خەڵک و نوێنەرە راستەقیانەکانیان لە جیاتی فرە نوێنەرەکانی دەسەڵات لە گەڵ دنیای دەرەوە  بەزمانی هێمن و گوێگرتن و ئیرادەی خەڵکیش بەدەستەوە قسە بکەن.
ئەم دەسەڵاتە بۆخۆی پێویستی بە بەرەیەکی توندی رکابەر هەیە تا بەو پاساوە سەرجەم جومگەکانی ژیان بگرێتە دەست و بە بەکارهێنانی هێز و توند و تیژی پێشمان بڵێت خۆم بەهێز و فەرمانرەوام.  دەشێت هەوڵی دەرهێنانی ئەم بەڕەیە لەژێر پێی دەسەڵات شایستەی باسکردن و شێکردنەوە بێت.  
ئەمە تاقیکردنەوەیەکی نوێیە تا بزانین ئەم دەسەڵاتە ( پەرژینێکی قایم بێت لە رویاندا - کورد وتەنی بەقسەی خۆش مار لە کون دەردەهێنیت - )، چی دەکات !
پێویستە لەمەودوا گوێ لە هەمو قسەیەک نەگیرێت، ئەوەی دزە نەکرێت بە رۆبن هود، ئەوەی چەتە و مرۆڤ کوژە وەک سایکۆپاتێکی تاوانبار ناوزەد بکرێت و وێنە و پرۆفایلیان لای رێکخراو و دەزگا پەیوەندارەکانی دەرەوە  بپارێزرێن، تاوانەکان دژ بە مرۆڤایەتی لە دەزگا یاساییە باڵاکانی دنیا تۆمار بکرێن و خاوەن هەق سکاڵا بەرز بکاتەوە.....تاد.
گەر ئەم یاخیبونە پارادۆکسە سەری نەگرت ئەوسات پێویست دەکات بیر لە رێگایەکی تر بکرێتەوە کە چاو لە هیچ لادان و پێشێلکردنی مافەکان و ستەمکاریەک نەپۆشێت، هەر ریگایەک بێت دەبێت رۆڵی هاوڵاتی بناغە و کەرەستە بنەرەتیەکەی بێت، رێگەیەک دور لە دۆگمای حزبی و سیاسی، دور لە شێوازە بەسەرچوە سواوەکانی کاری جەماوەری و سیاسی.     

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×