کوردستان ئەفغانستان نیە، سەماکردن لەلێواری بورکاندا
چیا عەباس
2021-08-22   743
کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانان لە ئەفغانستان دارمانی حکومەتی ئەفغانی
بە دوادا هات و بێئەوەی شەری ئەوتۆ روبدات بزوتنەوەی تاڵیبان دەسەڵاتی گرتەوە
دەست.
ئەم روداوە لە باشوری کوردستانیش گەلێک مشتومر و هەڵسەنگاندن و چاوەروانی
وروژاندوە، تایبەت ئیدارەی بایدن بەنیازە لە کۆتایی ئەمساڵدا هێزەکانی ئەمریکا لە
عێراق بکشێنێتەوە.
وێرای ئەوەی زۆربەی هەڵسەنگاندن و چاوەروانیەکان لە خەمخۆریەوە هەڵقوڵان، بەڵام
هەوێنی حزبی و فکری و ئاینی و مەزهەبی ئاراستەیانی کردون، پەیامی نەتەوەیی گشتگیر
تێیاندا نارون و لاوازە.
بەشێکی بەرچاوی کەسایەتی و هێزە ئیسلامیەکان، بێجگە ئەمینداری گشتی یەکگرتوی
ئیسلامی کە چاوەروانی بژاردە کردوە، روداوەکە بە سەرکەوتنی هێزێکی ئیسلامی و شکستی
داگیرکەران وەسف دەکەن، خۆشیان لە قەرەی ئەو راستیە نەداوە کە تاڵیبان خاوەن مێژویەکی خوێناوی و نامرۆیی و
تێرۆری کۆمەڵایەتیە، هاوکاتیش لە بۆچونەکانیاندا بە کشانەوەی ئەمریکا لە عێراق و
هەریـمیش گەش بینین و خەونێکی شاردراوەیان دەبینرێت کە لە سایەی کشانەوەی ئەمریکا دەرفەتێک
برەخسێت بەرەو دەسەڵات هەڵبکشێن، بەشێکیش لێیان بە حەزەرەوە ئاماژە بە ئاقڵبون و
نەرمبونی تالیبان دەدەن لە سەرەتای دەسەڵاتداریەتی ئەمجارەیاندا.
هێزە علمانیەکانی کوردستان چاوەروانن و هەڵوێستێکی ئاشکرایان رانەگەیاندوە، سیروان
بارزانی پێش ئەوەی گۆرانکاریەکان بگەنە ئاستی ئێستایان خەم و دڵەرواکێی خۆی
دەربارەی ئایندەی عێراق و هەرێم راگەیاند، ئەمیش بە هۆکاری بەئاگابونی لە
وردەکاریەکان ئەو هەڵوێستەی بەیان کردوە.
شوبهاندنی کوردستان بە ئەفغانستان لە بەشێکی ئەو هەڵسەنگاندنانەدا زەمینەخۆشکەری
چاوەروانیەکانیشە کە چەند خاڵیک کرۆکیان دارشتوە، گەرچی ئەم خاڵانە روکەشانە چەند تەوەرێکی
هاوبەشیان تێدا بەدی دەکرێت، بەڵام لە ناوەرۆک و ئەرزی واقیعدا زۆر جیاوازیان هەیە.
یەکەم: حزوری ئەمریکا لە ئەفغانستان و عێراق بە هێزی سەربازی و شەر رویداوە،
ئەفغانستان دوای کارە تێرۆریستەکانی ١١ سێپتمبەر بو، حوکمی تاڵیبان یان تێكشکاند و
لە عێراقیش رژێمی سەدام یان روخاند.
لە هەر دو وڵات حزوری ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی بە چەندین بریاری نێودەوڵەتی
شەرعیەتی یاسایی وەرگرتوە، لە عێراق و ئەفغانستان هێزەکانی تێرۆریستی ئیسلامی، وەک
قاعدە و تاڵیبان و داعش، ئامانجی سەرەکی بەکارهێنانی هێز بوە دژیان، لە عێراقیش لە
ماوەی دو ساڵی رابوردو گەلێک تاقمی چەکداری شیعە و سەر بە حەشدی شەعبی دوای شکستی
داعش لە گەڵ ئەمریکا روبەروی یەکتر بونەتەوە.
حزوری ئەمریکا لەو دو وڵاتە بە رەزامەندی و رێکەوتن بوە لە گەڵ حکومەتەکانیان.
دوەم: لە عێراق دۆخێکی تایبەت تا ئەم چرکەیەش واقیعێکی حوکمرانی و سیاسی و سەربازی
و ئەمنیە، ئەویش هەرێمی کوردستانە کە بەشێکە لە عێراقی فیدراڵ و پێگەی تایبەتی لای
ئەمریکا و هاوپەیمانان هەیە و ئەوانیش راستەوخۆ مامەڵەیان لە گەڵ کردوە و دەشی
کەن. جەنگی دژ بە داعش لە باشوری کوردستان ئەو راستیە دەسەلمێنێت، هاوکاتیش هەرێمی
کوردستان بەردەوام گۆرەپانێکی ئارام بوە بۆ حزوری ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی.
ئەمجۆرە دۆخە لە ئەفغانستان بونی نەبوە. ئەم راستیە دەیسەلمێنێت کە ئەم واقعە
ناوەرۆکی بنەرەتی پرسی نەتەوەییە و هیچکات هزر و فکر و مەزهەب و ئاینێک تایبەت
هاندەر و زەمینەخۆشکەری دروستبونی نەبون،
واقیعێک لە ئەفغانستان نە حزوری هەبوە و نە کاریگەریشی هەبوە.
لە ئەرزی واقیعدا ئەم نیمچە کیانە کوردستانیە هەر لە دوای راپەرین و کۆرەوەکەوە
شایستەی گرنگیدان و هاریکاری ئەمریکا و ئەوروپای رۆژئاوا بوە تا دەسەڵاتێکی
میانرەوی دیموکراسی پێگەیەکی بەهێزی لە عێراق و ناوچەکەدا هەبێت.
باشوری کوردستان، تایبەت بەشی هەرێمەکەی، کە کیانێکی سەربەخۆ نیە، گۆرەپانێکی
سیاسی و سەربازی و ئەمنی و ئابوری و کۆمەڵایەتی بێ وێنەیە، پانتایی بەیەک گەیشتن و
تێکەڵاوبونی زۆربەی پارادۆکسەکانی ناوچەکەیە، وەک کورد و داگیرکەر و دوژمن و نەیار
و دۆستەکانی، ئیسلامی سیاسی میانرەو و توندرەو و تا ئاستی تێرۆریزمی ئیسلامی، هێزی
علمانی میانرەو وچەپ و پۆپۆلیست و توندرەو، هێزە کوردیەکانی دۆست و ناحەز بەیەکتر،
بەرژەوەندیە زەبەلاحەکانی تورکیا و ئێران و عێراق و زلهێزەکانی دنیا و چەند
بوارێکی سەربازی و ئەمنی پارادۆکس.
حوکمرانی کورد سەرەرای شکستی گەورەی لە زۆر بواری حوکمرانیدا بەڵام تا ئەم چرکەیەش
توانیویەتی ئەو هاوکێشە ئاڵۆزە پاردۆکسانە و بە هاریکاری ئەمریکا رابگرێت و
نەتەقێتەوە، چونکە گرتبونەوەی ئەم دژانە بەیەک لە جوگرافیایەکی لاواز و گەمارۆدراو
و راگرتنیشیان بەو شێوەیە زەمینەیەکی زۆر بەپیتە بۆ چەسپاندنی پێگەی ئەمریکا لە
ناوچەکە و تەنانەت بەشداربونیشی لە ئیدارەکردنیدا.
هەرچەندە زۆر لە دانوستان و لێکتێگەیشتن و رێککەوتنەکانی نێوان ئەمریکا و حکومەتی
ئەفغانساتن و تالیبان پێش کشانەوەی هێزەکان رون و ئاشکرا نین، بەڵام روداوەکانی
دوای کشانەوە دەریدەخەن گڵۆپی سەوز بۆ تاڵیبان هەڵنەکراوە بە ئارەزوی خۆی بە
نەریتە کۆنەکەی حوکمرانی بکات، چاوەروان دەکرێت ئەو جۆرە هاوکێشەیەی لە کوردستان چەسپێنراوە
ببێتە بەشێکی گرنگی ستراتیژیەتی ئەمریکا لە قۆناغەکانی ئایندەی حوکمرانی تاڵیبان،
بۆیە ئەمریکا بە چەند مەرجێک پێویستی بە تالێبان بۆ ئەو مەبەستە هەیە.
بۆیە زۆر ئەستەمە ئەمریکا پاش کشانەوەی هێزەکانی هەرێمی کوردستان گورگ خواردو
بکات، کارێک ئەمریکا زۆر زیانی لێدەکات و زۆر ئەستەمیشە، تەنانەت گەر تەنها بۆ
بەرژەوەندیەکانی خۆشی بێت، کورد بخاتە بەردەم هەرەشەی هێزە ئیسلامیە توندرەوەکانی
شیعە و سوننە، کارێکی لەجۆرە زەمینە خۆشکەری بەهێز دەبێت بۆ زیاتر لاوازکردنی
ئیدارەی بایدن کە لە ئێستادا کەوتۆتە بەر چەقۆی تیژی نەیارەکانی.
ئەو تاقم و گروپانەی ئەم روداوە بۆ مەرامی سیاسی و ئاینی نادیاری خۆیان دەقۆزنەوە یا
ئەو زەمینە و هاوکێشانەیان بەوردی و واقیعیانە نەخوێندۆتەوە یاخود خۆیان لێیان
غافڵ دەکەن..
جاران ئێمەمانان کە لە ناو گۆڕاندا کارمان دەکرد کاک نەوشیروان فێری کردین حکومەتی
هەرێم سەرەرای هەڵە و گەندەڵی و کارە نابەجێکانی وەک بیبیلەی چاومان بێپارێزن،
چونکە ئەوە مەزنترین دەسکەوتی مێژویی نەتەوەی کوردە لە کوردستانی گەورە، بێگومان
هەرواش دەکەین و رێگە نادرێت بکرێتە قوربانی هیچ حەز و خواستی ئیقلیمی و ئاینی و
مەزهەبی.
وەک ئاشکرایە لە مێژە زۆربەی کورد لە باشور موسڵمانن و بە درێژایی مێژو بەوپەری
وەفا و راستگۆیانە رەفتار و هەڵوێستی موسڵمانێکی رەسەنیان بەرامبە بە خوا و
هاومرۆڤەکان کردوە.
دەستتێوەردانی چەند کاراکتەری ئاراستەیەکی ئیسلامی دەرەکی و نامۆ بە نەتەوەی کورد
لە کۆتایی پەنجاکانی سەدەی رابوردوەوە لە ژیانی موسڵمانانی کورد لە باشور
زەمینەخۆشکەری بەهیز بون بۆ سەرهەڵدانی توندرەوی و تێرۆری ئیسلامی و
پەرتەوازەکردنی موسڵمانان لە کوردستان، لە گەڵ ئەوەشدا هیچکات نەبونەتە هۆکارێک کە
موسڵمانی رەسەنی ئەم بەشەی کوردستان لە پرەنسیپە پیرۆزەکانی ئاینی ئیسلام لابدات، بێگومانیش
هەروا دەمێنێتەوە.
خەڵک هیواخوازە ئەو هێز و گروپانە زیاتر واقیعی بن بە پێچەوانەوە سەمایەک لە
لێواری بورکانی نەتەوەیی و نیشتمانی باشوردا بەرپا دەکەن کە بە بەرژەوەندیان
ناشکێتەوە.