شێخ لاهور، ئەگەر و ئەستەنگەکانی بەردەمی، بەشی سێیەم: پارتی، یەکێتی و شێخ لاهور
چیا عەباس
2021-03-29   1192
سەرهەڵدانی کێشەی خەست نێوان پارتی و یەکێتی و ئاڵۆزیەکانی زەمینەیەکی
مێژوییشی هەیە، دەگەرێتەوە بۆ کۆتای پەنجاکان و سەرەتای شەستەکانی سەدەی رابوردو
کە دواتر بە جەلالی و مەلایی ناسراوە، سەردەمانێک شێخ لاهور لە دایک نەبوبو، لە
گەڵ ئەوەشدا کە نزیکەی شەست ساڵ بەسەر ئەو ئیرسەدا تێپەریوە بەڵام شێخ لاهور وەک
بەرپرسێکی باڵای یەکێتی و لەلاکەی تریشەوە بەهۆی ئینتیمای بۆ بنەماڵەی تالەبانی روبەروی
قورسترین و ئاڵۆزترین ئەگەر کردوە، لێرەدا پێویست ناکات بۆ ئەو مێژوە بگەرێینەوە،
بەڵام ئاماژەکردن پێی بەرچاومان دەربارەی دۆخی ئێستا زیاتر رون دەکات.
وێستگەی هەستیار کە وەرچەرخاندنێکی گرنگی لە پەیوەندیەکانی نێوان شێخ لاهور و
پارتیدا بەرەو زیاتر خراپبون و ئاڵۆزی برد روداوەکانی ئۆکتۆبەر بو، پێش ئەوەش
سەرەرای ئەوەی شێخ لاهور بە تەنیشت مەسرور بارزانی یەوە بەرپرسێکی باڵای ئاژانسی
هەواڵگری هەرێم بو، بەڵام زۆرجار رێگەی خۆی گرتۆتە بەر، تایبەت لە سەردەمی
شەرکردنی داعشدا، ئەمەش ئاڵۆزی و کێشەی لە گەڵ پارتیدا بۆ دروستکردوە.
لە ئەدەبیاتی پارتیدا شێخ لاهور و باڤڵ ی ئامۆزای وەک دو تاوانباری سەرەکی لە
روداوەکانی ئۆکتۆبەردا باسکراون، دواتر بۆ راگرتنی بەرژەوەندیەکانی پارتی و یەکێتی
لە دەسەڵات و حوکمرانیدا پارتی چاوی لە باڤڵ نوقاند پاش ئەوەی بە دەسەڵاتی رەهای
مسعود بارزانی و پارتی قایڵ بو، بەڵام تا ئەم چرکەیەش بە خەستی تیری کەوانەکانی
ئاراستەی شێخ لاهور دەکات.
سەبارەت بە ئامۆزاکەی تری شێخ لاهور، قوباد تەلەبانی، پارتی بەپەرۆشیەوە و بە
موبارەکی ئەمریکا رازی بو پۆستی جێگری سەرۆک وەزیران وەربگرێت، پارتی بەم هەنگاوانە
سێ نیشانی گرنگی بە تیرێک پێکاوە:
یەکەم: لەتکردنی بنەماڵەی تالەبانی،
دوەم: رازیکردنی ئەو سەرکردانەی یەکێتی کە لە شێخ لاهور دورن،
سێیەم: رازیکردنی ئێران کە بنەماڵی تالەبانی هێلی سورە بەلایانەوە و ئەمریکاش کە
ئاسایش و سەقامگیری هەرێم کۆڵەکەیەکی بنەرەتیە لە سیاسەتیدا لە عێراق.
یەکێتی و تایبەت شێخ لاهور لە بەرامبەردا کارتێکی بەهێزی لە دەستدایە و لەو
باوەرەشدام کە دو ئامۆزاکەی تری ژێربەژێر ئەو کارتەی دەستی شێخ لاهور یان پەسندە،
ئەویش هەڵوێستێکی توند بەرامبەر بە دەسەڵاتەکانی مسعود بارزانی و پارتی، تەنانەت
تالەبانیەکانی تریش لە دەسەڵات بە شێوازێکی زیگزاگ هەڵوێستی شێخ لاهور یان پەسندە،
وەک سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان و سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتی لە بەغدا، چونکە ئەو فشارکردنە
لەسەر پارتی هەلیان بۆ دەرەخسێنێت تا بتوانن زیاتر بواری موناوەرەکردنیان هەبێت،
ئەمەش زۆر بەخەستی لە هاوکێشەکان لە بەغدا رەنگی داوەتەوە.
چەندینجار لەلایەن کەسایەتی ناوخۆ و لایەنی دەرەکیەوە هەوڵدراوە پەیوەندی نێوان مسعود
بارزانی و پارتی لە گەڵ شێخ لاهور هێوربکرێتەوە، دوا هەوڵی خانەوادەیەکی شێخ محمود
حەفید شکستی هێنا چونکە هەر دو تەرەف مەرجیان بۆ چاوپێکەوتنی یەکتر دانابو کە
پەیوەندارن بە روداوە زۆر هەستیارەکان: پرسی کەوتنی شنگاڵ و ئێزیدیەکان لە گەڵ
روداوەکانی ١٦ ئۆکتۆبەر.
بۆ خۆم لەو باوەردام هەر دانیشتن و چاوپێکەوتنێک گەر بە قازانجی نەتەوە و نیشتمان
بشكێتەوە دەبێت پێشوازی لێ بکرێت، بەپێچەوانەوە گەر دارشتنەوەی قەوانە سواوەکانی
رابوردوی نێوان پارتی و یەکێتی بێت ئەوە هەڵوێستێکی تری پێویستە، ئەزمونەکانی
رابوردوی سەردەمی عەسری زێرینی نێوان یەکێتی و پارتی سەلماندویانە کە هەر دوکیان
سەرکوتکردنی بەرەی ئۆپزسیۆن و نارازی لە لوتکەی ئەجێندای کاری هاوبەشیاندا بوە،
روداوەکانی دوای دروستبونی گۆڕان و ١٧ شوبات و بەکارهێنانی هێزە چەکدارەکانیان لە
خۆپیشاندانەکانی هاوڵاتیان ودەرکردنی سەرۆکی پەرڵەمان و وەزیرەکانی گۆران لە هەوڵیر.. تاد حاشاهەڵنەگرن بۆ سەلماندنی نیەت
و رەفتار و کاری هاوبەشی دەسەڵاتی هاوبەشیان.
شێخ لاهور بەو هەڵوێستانەی بەرامبەر بە پارتی سۆزی بەشێکی بەرچاوی گەنجیشی
بەدەستهێناوە، هەر کاتێک نزیکبونەوە و لێتێگەیشتنێکی بەرژەوەندخوازی حزبی و تایبەت
لە گەڵ پارتی ئەنجام بدا ئەوا ئەو پێگەیەی ئێستای زۆر لاواز دەبێت.
بەشێکی بەرچاوی یەکێتی بە ژمارەیەکی بنەماڵەی تالەبانی و سەرکردە دێرینەکانی
یەکێتیشەوە لە پەیوەندیەکانیان لە گەڵ پارتی کونجی قەناعەتیان گرتوە و پارتیش زۆر
شتی بۆ دابین کردون. شێخ لاهور و هەوادارانی تموحی گەورەیان هەیە و تا ئەم چرکەیەش
بەو کونجی قەناعەتە قایڵ نەبون. لەم پرۆسە ئاڵۆز و دژوارەدا کەرەستەکانی بەردەستی
شێخ لاهور دیاریکراو و سنوردارن و کاریگەریان جێگیر نیە.
زەمینەی بەپیتی سەرەکی بەردەستی ئەو ناکۆکی و ململانێ و جیاوازیە خەستەکانی مێژوی
یەکێتی لە گەڵ پارتیدایە کە تا ئەم چرکەیەش بە زیندویی راگیراوە و بەشێک لە
یەکێتییەکان لە سایەیدا چاوەروانی ئەوەن کە خۆیان بە راستکردنەوەی هەقیانەتی مێژویی
تێی دەروانن.
لە دۆخی ئێستای کۆمەڵگای کوردەواری ئەو پرسە مێژوییانەی دەردەسەری و ماڵوێرانی بۆ
هاوڵاتیان لێکەوتۆتەوە زۆر کاڵبونەتەوە، زەمەنیش زۆر گۆراوە و هاوڵاتی خوازیاری
حوکمی یاسا و دادپەروەری و ئازادی و خۆش گوزەرانیە کە دەسەڵاتی یەکێتیش شکستی
هێناوە لە دابینکردنی جێگیر و چەسپاویان.
بەقسەی خودی شێخ لاهور وەک هاوسەرۆکی یەکێتی دۆسیەی عێراق لای خۆیەتی، رەنگبێ زۆر
بەوردی لە نیەت و هەڵوێست و رەفتارەکانی دەسەڵاتی بەغدا بەئاگا بێت، تایبەت لە
پرسەکانی نەوت، بودجە، ئایندەی هێزەکانی پێشمەرگە، موچە و ناوچە زەوتکراوەکانی
کوردستان.
دەسەڵاتی بەغدا لە ئێستادا ماڵئاوایی لە دەوڵەتی سێکتاریزم کردوە و سەرقاڵی
دەوڵەتی ئیسلامی نیمچە مەزهەبیە، مەرجەعێکی باڵای شیعەیان هەیە لە سەروی دەستور و
یاسا و پەرڵەمانەوەیە، تەنانەت مەراسیمە مەزهەبیەکانیشیان لە هۆڵی کۆبونەوەکانی
پەرلەمانی بەغدا بەرێدەکەن. پشتبەستن بەم دەسەڵات و بەغدادە دەسکەوتی کاتی دەبێت
بەڵام لە مەدای دوردا و بێ گۆرانکاری جەوهەری لە نیەتی ئەو دەسەڵاتەدا کارەساتی
لێدەکەوێتەوە.
ئێران رۆڵێکی زۆر گرنگ و هەستیاری هەیە لە دۆخی هەرێم، تایبەت لە گەڵ مام جلال
پێوەندیەکی تۆکمە و تۆڵیان هەبو. کێشە و ناکۆکیەکانی ئێران لە گەڵ پارتی مانای
ئەوە نیە ئۆتۆماتیک پشتگیری کوێرانەی ناحەزەکانی پارتی بکات. ئێران دەوڵەتێکی
گەورە و گرنگی ناوچەکەیە و ئێستا دەسەڵاتی شیعە تێیدا باڵادەستە، بۆیە لە روانگای
بەرژەوەندیەکانی وڵاتەکە و مەزهەب و پێگەیان لە ناوچەکە سیاسەت دەکەن نەک وەک
حزبێکی سیاسی. بەرەچاوکردنی ئەم راستیانە دەشێت مامەڵەکردن لە گەڵ ئێران زۆر
کەوەری بجنرێت. ئێران سنورێکی درێژی لە گەڵ ناوچەکانی دەسەڵاتی یەکێتیدا هەیە و
ئەزمونەکانی پێشوش سەلماندویانە ئەوان ئەو ناوچانە بە باخچەی پشت ماڵی خۆیان
دەزانن و درێغیان نەکردوە بێ پرس و ئاگادارکردنەوە جۆرەها کاری نارەوا ئەنجام
بدەن، هەمو ئەو کارانە لەسەر یەکێتی زۆر کەوتون.
لە ناوچەکانی دەسەڵاتی یەکێتیدا رێژەیەکی زۆر گەورەی هاوڵاتیان تا سەر ئێسک لە
ئەدای حوکمرانی پارتی و یەکێتی لە هەرێم نارازین، لە سەر ئاستی زۆنی یەکێتیش
بەهەمان شێوە لە دەسەڵاتی یەکێتی بێزار بون، بۆیە زەمینەی جەماوەری یەکێتی و شێخ
لاهور لە زۆنەکەیاندا وەک جاران نەماوە و پتەو و جێگیریش نیە.
مام جلال لە دوای راگرتنی شەری ناوخۆ بە زەبری ئەمریکا بە وردی لە راستیەک
تێگەیشتبو، ئەویش رکابەریکردن و ململانێکردنی پارتی بە ئاشتیانە و بە چەکیش تەنها
بە دروشم و سۆز و چەک و راگەیاندن ناکرێت، کارتی گرنگی تریش بریتین لە هێزی ئابوری
و پێوەندیە ئیقلیمی و نێودەوڵەتیەکان، بۆیە لە رێکەوتنامەی واشنتۆن بۆ راگرتنی شەر
برگەیەکی باس لە دابەشکردنی داهاتەکانی هەرێم دەکات، تا ماوەیەکی درێژ ئیدارە
جیاکانی ئەمریکا کاریان لەو بوارەدا کردوە تا یەکێتیش رازی بکەن.
ئێستا دۆخەکە زۆر گۆراوە، " لاسەنگیەکی" زەق لە کۆنترۆڵکردنی داهاتەکانی هەرێم و
سەرچاوەکانی لەلایەن پارتی و یەکێتیەوە هەیە، هاوکاتیش پارتی توانیویەتی
بەرژەوەندیەکانی چەند وڵاتێکی بەهێزی ناوچەکە و دنیا تێهەڵکێشی ئەو پرسە بکات، وەک
تورکیا، ئێران، سعودیە، وڵاتانی کەنداو، روسیا و ...تاد، بۆیە ئەمریکا ئێستا
مامەڵەیەکی جیاواز لە گەڵ ئەو پرسەدا دەکات، وەک خۆیان دەڵێن هەروا پایدەر لە
هەوادا لێنادەن.
پارتی توانیویەتی نزیکەی سێ بەشی نەوتی هەرێم کۆنترۆڵ بکات، زیاتر لە نیوەی
سەرچاوەکانی ئاویشی کۆنترۆڵ کردوە، تەنانەت گازی سروشتیش کە لە ناوچەکانی دەسەڵاتی
یەکێتیدان پارتی توانیویەتی داهاتەکەی بۆ بەرژەوەندیە گشتیەکان بەکاربهێنرێت تا یەکێتی ئەوەندە لێی سودمەند نەبێت.... ئەمانە و
کۆمەڵێک بابەتی تر ئەو واقیعەن کە یەکێتی و شێخ لاهور ئێستا دەسەڵاتیان بەسەریاندا
کاریگەر نیە.
لە سایەی ئەم واقیعەدا نابێت یەکێتی پەنا بۆ سەرچاوەی نارەوای تر بۆ داهات ببات کە
کردویانە و هاوڵاتی لێیان یەکەم زەرەرمەند بوە.
باسکردنی ئەم واقیعە تاڵ و دژوارەی زۆنی یەکێتی مانای ئەوە نیە زۆنەکەی تر بۆ
هاوڵاتیان باشترە، واقیعێکە دەبێت لە سیاسەتکردندا حسابی وردی بۆ بکرێت.
لە کۆتاییدا ناشێت باس لەوە نەکەم کە لەسایەی حوکمرانی و دەسەڵاتی هەرێم لە دوای
راپەرینەوە تا ئەم چرکەیە دۆخێک دروستبوە کە کورد و هاوڵاتی ئەم بەشەی کوردستان کە
سەیری ئاوێنەیەک دەکات نەخۆی و نە هیچ شتێکی تریش نابینێت.