" ناڕازی " چەمکێکی چەواشەکەر
چیا عەباس
2021-02-27   677
لە ماوەی ساڵانی رابوردودا دەستەواژەی
نارازی بەخەستی کەوتۆتە نێو ئەدەبیاتی سیاسی کوردی باشورەوە، لە گەڵ سەرهەڵدانی
گروپ و تاقمە نارازیەکان لە دوای راپەرینەوە و لە سەردەمی باڵی ریفۆرمی ناو یەكیتی
و دروستبونی گۆڕان، تایبەت دوای کۆچی دوایی کاک نەوشیروان، لە لایەن دڵگران و
بەشخۆر و بۆڵەبۆڵکەر و یاخیبو و موریدە راستگۆکانی چاکسازی ناو گۆڕان و هێزەکانی
تر و بەرەیەکی فراوانی هاوڵاتیان بەرگێکی فکری و سیاسی فرە رەنگ بەبەری ئەم چەمکەدا
کرا. لە ئەدەبیاتی سیاسی ئەو گروپانەدا ئەو
چەمکە بە مەبەستی خۆ پێناسەکردن وەک بەرەیەکی ئۆپزسیۆنی نافەرمی و کەنارگیر لە
سێبەردا وەک دوعا و نوشتەی نزا جیاوازەکانیان بە زهن و خواست و ئیرادەی هاوڵاتیاندا چرپێنراوە.
ئێستا گەیشتۆتە ئاستێک دەیان گروپ و کەسایەتی و ئاراستە لە سایەی نارازایەتیان
نازناوی تریشیان بۆ خۆیان هەڵبژاردوە و هەمان پەیامیش دەچرنەوە.
لە ماوەی ساڵانی رابوردودا سەرجەم ئەو تاقم و گروپانەی ئاڵای نارازیان بە موناسەبە
و بێ موناسەبە بەرزکردۆتەوە بەو ئاڵایە موخاتەبەی هاوڵاتیان کردوە، هەرچەندە ئەم
کارە لایەنی ئەرێنی هەبوە، تایبەت وەک زەنگێکی هۆشیاردان بە دەسەڵات و حزبەکان
کاریگەری هەبوە، بەڵام هاوڵاتی بەئاگا لەوان بیرتژتر و بەئاگاتر پێکهاتە و وردەکاری
و مەبەستە جیاکانی ئەو چەمکە و هەڵگرانی خوێندۆتەوە، بە شێوازێکی عابر و بە
دڵەراوکێ و نارونی بەدەنگیەوە چون و دەچن.
بۆچی؟
چەمکی نارازی و رازیبون لە بنەرەتدا دیاردە کۆمەڵایەتی و ئاینی و کڵتوری و ئابوری
و سیاسیەکانی لە خۆ گرتوە، بۆ نمونە ئەو ئایاتانەی قورئان پەیوەندیان بە
رازیبونەوە ( الرضا ) هەیە ٥٤ دانەیە، لە روی زمانەوانیشەوە وشەیەکە لە زمانی
عەرەبیەوە وەرگیراوە و بەپێی بەکارهێنانی مانای جیاواز رادەگەیەنێت.
لە ئاینی ئیسلامدا رازیبون دو مانای بنەرەتی دەگەیەنێت: رازیبونی کەسێک لە خوا و
رازیبونی خوا لە کەسێک، لەم هاوکێشەیەدا خەسڵەت و ئەرک و رەفتارە ئیسلامیەکان رۆڵی
سەرەکی دەگێرن، بۆ نمونە:
قَالَ
اللَّهُ تعالى: (هَذَا يَوْمُ يَنْفَعُ الصَّادِقِينَ صِدْقُهُمْ لَهُمْ جَنَّاتٌ
تَجْرِي مِنْ تَحْتِهَا الْأَنْهَارُ خَالِدِينَ فِيهَا أَبَدًا رَضِيَ اللَّهُ
عَنْهُمْ وَرَضُوا عَنْهُ ذَلِكَ الْفَوْزُ الْعَظِيمُ [المائدة: 11].
لە بواری کۆمەڵایەتیدا نارازیبون زۆر بوار
دەگرێتەوە و بەهەمان وەتیرەش لە بوارەکانی کارکردندا، لە سەرجەم ئەم حاڵەتانەدا
دەکرێت پەیوەندار بە جێبەجێکردنی بەشێک یا هەمو خواستەکانی رازی بکرێت.
نارازیەتی لە کایەی سیاسی و حزبیشدا دیاردەیەکی ئاساییە، زۆر بوار دەگرێتەوە، وەک
نارازیبون لە سیاسەتی حزب، لە سەرکردەکان یا بەشێک لێیان، لە دیاردە قێزەوەنەکانی
ناو حزب، لە بێبەشبون یاخود کەمبەشی لە دەسکەوت و ئیمتیازات و پلە و پێگە و
....تاد. چەندین جار رویداوە کە لایەنەکانی ئەم دیاردەیە لە ناو حزبێکدا بە
چارەسەر نەگەیشتون بۆیە جیابونەوە و شەر و مەرافە و ناخۆشییان لێکەوتۆتەوە.
" نارازیبونی " ئەم سەردەمە کۆکردنەوەی زۆربەی ئەو فرە زەمینە و
هۆکارانەیە، ئەمەش وایکردوە کە بەکارهێنانی وەک چەمکێکی سیاسی بە پەرتەوازەیی و سەقەتی
و نارونی و لە تەم و لێڵیدا بەرێوە دەچێت، هاوکاتیش سەرەرای زەمینەی پەرتەوازەیی و
دەمارگیری و تاکرەوی ئەو هەمو گروپ و تاقمە "نارازیە" سیاسیانە، بەڵام
تا ئەم چرکەیەش لە سەریەک خاڵی بنەرەتی هاوران، ئەویش هەمویان
" نارازین " و لە سایەی سحری ئەو چەمکەدا بەم شێوازەی ئێستایان دوای
سەرابی گۆرانکاری و چاکسازی کەوتون و کات بەرێ دەکەن.
بۆ خۆم زۆرجار لە نوسینەکانمدا ئەم دەستەواژەیەم بەکار هێناوە، ئێستا زۆر لێی
پەشیمانم، چونکە پێناسەیەکی نەگونجاوە لە گەڵ هیوا و خواستەکانی خۆم و هەزاران
هاوخەونەکانم.
بیرکردنەوە لە جێگرەوەیەکی دروست بۆ ئەم دەستەواژەیە رێگاخۆشکەر دەبێت بۆ
بەرچاورونی زیاتر، بۆ زیاتر تێگەیشتن لە یەکتر و بۆ گەشەکردنی متمانە و هیوای
هاوڵاتی بەو ئاراستە سیاسی و فکرە نوێیە یەکگرتوەی سەرهەڵدەدات.
لە نێوان دەستەواژەکانی جێگرەوە لای من زانراون: تاوکەر، هەوڵدەر. گۆرانکار،
خۆراگر و ....تاد خۆراگر لە هەمویان بەگونجاتر دەزانم.