دۆخێکی دژوارو فەنەری ئومێد!
چیا عەباس
2020-10-20   865
وڵاتانی ئەوروپا پاش ماڵئاوایی سەرکردە کاریزماکانی، وەک دیگۆل، میتراند، ئۆلف پاڵمەر، ویللی برانت، مارگریت تاچەر، هێڵموند کۆڵ و چەند سەرکردەیەکی تر بژاردەی سەرکردایەتی دەستەجەمعیان بۆ بەرێوەبردنی وڵات گرتەبەر، تا رادەیەکی باش سەرکەوتو بون و لە سایەیدا زۆنی ئیرۆیان دروستکرد، یەکێتی و پەرلەمانی ئەوروپا و پەیمانی ناتۆیان گەشە پێکردو پاراستویانن و چەندین رێکەوتن وگرێبەستی گرنگیان بۆ پاراستنی ئاسایشی ئەوروپا و روبەروبونەوەی تێرۆریزم و گەشەی ئابوری و سەقامگیری کۆمەڵایەتیان ئەنجام داوە.
لە غیابی سیاسی مام جلال و کاک نەوشیروان و دواتر وەفاتی هەر دوکیان هاوکێشە سیاسی و حوکمرانیەکانی باشوری کوردستان بە رادەیەک تێكچون کە بێ ئومێدی و قەیران و کێشەکان بەردەوام خەستتر و ئاڵۆزتر دەبن، هاوکاتیش دوای وەفاتی ئەو دو سەرکردەیە، وێرای جیاوازی و ناکۆکیەکانیان، بۆشاییەکی سیاسی کوشندە سەری هەڵدا، لەوە کەمەرشکێنتر عجزی ئیرسە حزبی و خانەوادەکانیان بو کە نەك نەیانتوانی دەستەجەمعی بەرقەرار بکەن بەڵکو میراتەکانیان پارچەپارچە کرد و سەرقاڵی مسۆگەرکردنی پشکی خۆیان بون لەو میراتە. زیادە بۆ ئەمانەش بەشێک لە هاوخەبات و هاوکارانی ئەو دو سەرکردەیە لە سایەی شەفاعەت و رەحمەتی پارتی بۆیان کەوتنە لاوازکردن و پەراوێزکردنی یەکتر.
پێویست بە باسکردنی روداو و دیاردە نەخوازیارەکانی ئەو قۆناغە ناکات چونکە لای خەڵک ئاشکرا و زانراون، ئەوەی ئێستا گرنگە ئایا دەکرێت بە نیەتێکی پاک و تێرامانێکی بنیاتنەری هاوبەش کار بۆ ئایندەی نیشتمان و نەتەوە بکرێت ؟ لە دۆخی سیاسی و حوکمرانی ئەم ساتەدا گەر ئەمە نەکرێت ئەوەندەی تر قوری نەگبەتی و نەهامەتی خەستر دەبێتەوە.
بەتەنیشت ئەم ئاڵۆزیە خەستەی دۆخی سیاسی و حوکمرانی تێكچون و هەڵوەشاندنەوەی تەونی کۆمەڵایەتی یەکێکە لە کێشە بنەرەتیەکانی ئەم سەردەمەی کۆمەڵگای کوردەواری لای خۆمان. هەرچەندە زەمینەی ئەم دیاردە مەترسیدارە بۆ سەردەمی سەدام دەگەرێتەوە، بەڵام دوای روخاندنی رژێمەکەی لە سایەی دەسەڵاتی کوردیدا ئەو هاوکێشەیە خەستتر و ترسناکتر بوە، چونکە تەونێک زۆربەی کەرەستە رەسەنەکانی لە دەست دراون، لە بری ئەوانە خۆپەرستی، گەندەڵی، رق و کینە، دو رویی، پاشکۆیەتی و کۆیلایەتی، درۆ و دەلەسە، ساختەکاری، پاشقولگرتن و ... تاد، تەنگیان بە ژیانی سیاسی و حوکمرانی و کۆمەڵایەتی هەڵچنیوە.
ئاراستە فکری و سیاسیە رەسەنەکانی یەکێتی نیشتمانی کوردستان و هزرەکانی جەماوەری گۆرانکاری و چاکسازی تێکەڵاویەکە لە پرسە نەتەوەییەکان، لیبرالیزمی کۆنسێرڤەتیزم و چاکسازی حوکمرانی و کۆمەڵایەتی. ئەم زەمینە تێکەڵاوە نارۆشنە دوای دروستبونی گۆڕان لە نێو توێکڵە رەق و بەرتەسکەکانی حزبیدا بە قەتیسماوی نەمایەوە، بەڵکو بوە رەوتێکی جەماوەری کە تا ئەم چرکەیەش لە دەرەوەی دەسەڵاتی حزبەکاندا زیندو راگیراوە.
یەکێتی بەهۆکاری توانای دارایی و سەربازی و ئیداریەوە توانیویەتی تا رادەیەک ئەو زەمینەیە بۆ مەرامی جەمسەرەکانی خۆشە بکات و بەکار بهێنێت، لە بەرامبەردا جەماوەری گۆرانکاری و چاکسازی هەرچەندە دوای وەفاتی کاک نەوشیروان دەنگی نارازیان دەبیسترێت بەڵام پەرتەوازەن و کەناریان گرتوە و یەکتر ناخوێننەوە، تا ئەم چرکەیەش شکستیان هێناوە لە سازدانی لایەنی کەمی لێکتێگەیشتن و دیدگای هاوبەش و چاوەروانن، چاوەروانن روداو و گۆرانکاریەکان دەرفەتیان بۆ برەخسێنن و ئەوان ببزوێنن نەک ئەمان بزوێنەری روداو و گۆرانکاری بن، لەم گێژاوە فکری و سیاسیەدا تەراوح دەکەن و هەر رۆژەی لە سەر شانۆیەک و لە سایەی پرۆژەیەکدا خۆیان عەرز دەکەن و سەریشیان لە خۆیان و لە خەڵک شێواندوە.
ئەم دۆخە بێ ئومێدی خەستتر کردوە و رەشبینیەک فەزای فکری و سیاسی تەنیوە، خۆپەرست و ئۆپۆرچینیستەکانی سەر شۆستەی نارازی و بەناو ئۆپزسیۆن، کە زۆربەیان کوری حزبەکان بون، لە کەمیندان و کاردەکەن لە سایەی ئاڵۆزی و کێشەکانی نێوان بەغدا و هەریم پێگەیەکی سیاسی بۆ خۆیان مسۆگەر بکەن، تایبەت لە هەڵبژاردنەکانی ئایندە بۆ پەرلەمانی عێراق.
پارتی وەک هێزێکی نەتەوەیی کلاسیکی باڵادەست بێگوێدانی جدی بە گۆرانکاری و چاکسازی لە لێکەوتکانی ئەم دۆخە بزەی لێوی دێت، تا بۆی بکرێت درێژە بە زەمینەی بێسەروبەری و پەرتەوازەیی و لێکترازانی بەرەکانی بەرامبەری دەدات.
وێرای ئەوەی لە ناو هێزە ئیسلامیەکاندا کەسانی بوێر و نیەت پاک و خەمخۆری چاکسازی دەنگیان دەبیسترێت بەڵام تا ئەم چرکەیەش تەم و لیڵی کۆتا سیاسەتی ئەو هێزانەشی تەنیوە. لە نێو هێزە عەلمانیەکانی تردا دەنگی یاخیبونی نەوەی نوێ زیاتر راشکاوانەتر دەبیسترێت.
ئەم دۆخە چەقبەستوە دینامیکی بزوێنەری نیە، دیدگایەکی رونی هاوبەشی لێ نەکەوتۆتەوە، سەرکردەیەکی کاریزمای نەخەڵقاندوە، دەستەجەمعی بۆتە خەونێکی نەزۆک و لە بازنەو چەمکە کلاسیکیە سواو و پوچەڵەکاندا دەسورێتەوە. خەڵک دوای سەراب ناکەوێت و کاتێک بەرپرسێکی باڵای عێراق دێتە لایان وەک شەپۆلی هەڵچوی دەریا بە پیریەوە دەچن. چ شەرمەزاریەکە تایبەت بۆ ئەوانەی خۆیان بە فریاد رەس دەزانن لە قسەی سواو زیاتر هیچی تریان پێ نیە، لە گەڵ ئەوەشدا دەسەڵاتی کوردی، تایبەت پارتی، بە بەرپرسیاری سەرەکی دەزانن، ئەم راستیە پشکی خۆیان لە بەرپرسیاریەتی ناسرێتەوە، چونکە کاتێک ئەوە هەڵسەنگاندنیانە بۆچی بەتوندی دەستیان بە سوچێکی ماڵەکەی پارتیەوە گرتوە؟ بۆچی ئەوەندە لە خۆیان بایی بون و بۆچی ..... تاد.
چی بکریت؟
کورد دەلێت: کوێرە چیت دەوێت، دو چاوی ساغ.
لە بەرەی بەناو نارازی بێ ئومێدی زیاتر دروێنە کراوە، لە حزبەکان خۆپەرستی و کەنارگیری، لە جەماوەری گۆرانخواز پەرتەوازەیی و نارۆشنی و لە بەغداش گەمەی سیاسی قێزەوەن و دەستەدەستی پێکردن و نیەتی شاردراوە و لە ..... تاد.
هەرچۆنێک بێت رەشبینیم بێ هۆکار و زەمینە نیە، هاوکاتیش باوەری توندم هەیە کە لە هەمو کۆمەڵگایەک وزە و ئیرادەیەکی شاردراوە ( الگاقه و الاراده الکامنه) هەیە کە لە سات و ئانێکدا سەرهەڵدەدەن و کار بۆ گۆرینی واقیعەکە دەکەن.
کورد دەوڵەمەندە لە پێکهاتە و کەرەستەکان بۆ ئەو سەرهەڵدانە، رێگر و کۆسپەکانیش کەم نین، کەوتۆتە ئەستۆی ئیرادەی سیاسی جەماوەری دڵسۆز و بەئەمەک بۆ سەرکردە و خەبات و قوربانیەکان چاو بە خۆیاندا بخشێننەوە، بەلایەنی کەمەوە کۆلارەیەک بە فەنەری ئومێدەوە لە ئاسماندا هەڵکەن.
نوسینی: چیا عەباس
رۆتەردام: ٢٠ ئۆکتۆبەر ٢٠٢٠