لە سەردەمی کۆڵۆنیالیزم و شەری ساردا زۆربەی پێکدادان و شەرەکان لە دنیادا
بەدەر لە رەوایەتی و نارەوایەتیان لەلایەن دو بەرەی سەرەکی ئەو سەردەمەی جیهان وەک
روداوە پرۆکسەکان مامەڵەیان لە گەڵیاندا
دەکرد.
نمونەکان زۆرن، کاتێک بە کورد لە باشور دەست پێبکەین دەبینین چۆن رەوایەتی شۆرش و
یاخیبون و راپەرینەکانی کرانە قوربانی هاوکێشەکانی دنیا و ناوچەکە.
لە دوای روخاندنی دیواری بەرڵینەوە رەوایی خەبات و شەرە نەتەوەییەکان خزێنراوەتە
نێو هاوکێشە بێ سەروبەرەکانی زلهێزەکانی دنیا و ناوچەکان. ئەزمونەکانی کورد لە
سەرجەم بەشەکانی کوردستان لە دوا بیست ساڵدا دەریدەخەن چۆن خەباتی نەتەوەیی کورد
گیرۆدەی حزوری سەربازی و هەواڵگری و ئابوری زلهێزەکان و کێشەکانی نێوانیان بوە لە
ناوچەکە و هەر رۆژێک بەدەردێکیاندا بردوە. زیادە بۆ ئەمەش سەرهەڵدانی جیهانگیری دەستی لە
گەردنی نەتەوە ژێر دەستەکان توند کردوە.
پشتگوێخستنی کورد لە رێکەوتنی ستراتیژی ئەمریکا – عێراق، ناچارکردنی کورد ملکەچی
بەغدا بێت، روداوەکانی ٣١ ئۆگۆست، ریفراندۆم و کارەساتی ئۆکتۆبەر و سەرەرای
قوربانیەکی گەورە کورد ناچارکرا لەو ناوچانەی زێدی باو و باپیرانیانن کە بە
قوربانی گەورە لە شەر دژ بە داعش رزگاریان کردبون بکشێنەوە.
ئەم روداوە گرنگانە کە بەشێکی هەستیار و چارەنوسسازن لە پرسی نیشتمانی و نەتەوەیی دەیسەلمێنن
زلهێزەکانی دنیا و ناوچەکە بەشێوەیەکی جیاواز لە سەردەمی شەری سارد دەسەڵاتی
کوردیان دەستەمۆ کردوە و بەکاریان دەهێنن.
جاران کورد هێزێکی چەکداری گەورەی خاوەن ئەزمونی بەدەستەوە بو، بۆ شەری ناوخۆ
بەکار دەهێنران بەڵام هێزێکی بەرگریکەریش بو لە خاک و نەتەوە، ئێستا ئەو واقیعە
زۆر گۆردراوە، ئەزمونەکان دەیسەلمێنن هێزی پێشمەرگە بە هۆی حزوری بەرفراوانی
سەربازی و هەواڵگری بەهێزی ئەمریکا، روسیا، ئەوروپا، عێراق، تورکیا و ئێران خاوەنی
بریاری سەربەخۆی خۆی نەماوە.
لەم روداو و واقیعە تفت و تاڵانەدا دەردەکەوێت کە دەسەڵاتی کوردیش خەتابارە، هەر
دەسەڵاتێکی حزبی بەپێی بەرژەوەندیە تایبەتیەکانی خۆی ملکەچی ئیرادەی هێزە
بیانییەکانە، گەرانەوە بۆ بەڵگە و دۆکیۆمێنتەکانی ئەو رواداوانە ئەم راستیە
دەسەلمێنن. بە کوردی و کورتی کاتێک هەر هێزێک بەرژەوەندیەکانی خۆی لوتکەی
بەرنامەکەی داگیر بکات ئەوا نەتەوە و نیشتمان لێی زەرەرمەند دەبن.
ئەوەشی لە خەبات و شەری نەتەوەیی وەک پاشماوەی سەردەمی شەری سارد ماونەتەوە چەقیان
بەستوە و لە نێو سنورەکانی سەرهەڵدان و کپرکردنەوەدا گیرساونەتەوە، دۆخی کوردی
باکور و فەلەستینیەکان ئەم راستیە دەسەلمێنن.
زلهێزەکان زۆر بەپەلە شەرەکانی بەڵکان و ئیرلەندا و باسک یان چارەکرد بەشێوەیەک کە
مافی لایەنەکانی شەر بە هاوسەنگی بەدەست هێنران، بە کورتی شەر و نائارامیان لە
ناوجەرگەی رۆژئاوا چارەکرد.
روداوە خۆرسکەکانی وڵاتانی عەرەبی ناسراو بە بەهاری عەرەبی سەرەتای قۆناغێکی نوێ
بو لە خەباتی میللەتانی ناوچەکە، خەبات بۆ دادپەروەری و ئازادی و دەوڵەتی یاسا و
رێزگرتن لە مافەکانی مرۆڤ و دژ بە دەسەڵاتدارە نەتەوەییە ستەمکار و گەندەڵەکان.
دەسەڵاتدارانی باشور تا ئەم چرکەیەش لەنێو روداو و سەروەریەکانی مێژودا خۆیان
حەشارداوە و لە سایەشیدا نەتەوە و نیشتمان بە موڵکی خۆیان دەزانن، حزب و سەرکردە و
مێژو سێ کوچکەی بنەرەتی حزوریانە، هێزی چەکدار و پارە و پاشکۆیەتی بۆ گەمەکەرە
گەورەکانی دۆخی دژواری ناوچەکە سێ کوچکەی مانەوە و هێزی ئێستایانە.
کاتی هاتوە هاوڵاتی کورد لە باشور دەرک بە وردەکاریەکانی ئەم هاوکێشانە بکات و
بیرێکی جدی لە گۆرینی بکاتەوە.
بەشێکی بەرچاوی یاخیبوە بە ئەزمونەکانی باشور ساڵانێکە هەمان قەوانەکانی نارازی و
رەخنە دەچرنەوە، هەر گروپ و تاقمێک لێیان سەریان بەیەکەوە ناوە و راز و نیازی
خۆیان بۆ یەکتر بەیان دەکەنەوە. زۆربەیان پەروەردە و گۆشەکراوی ژیانی حزبی و
رێکخراوەیی و سیاسی هێزە کلاسیکیەکانی کوردستان بون و لە سایەشیدا چێژی دەسەڵاتیان
لە فەرمانرەوایی و پەرلەماندا کردوە، بۆیە خۆشیان بوێت یاخود ترش پابەندن بە
کۆمەڵێک کۆدەی شاردراوەی ئەو سەردەمانە، کۆدەکانی دۆستایەتی، کۆمەڵایەتی، پیاوچاکی،
وەفا و .... تاد.
ئەم گروپانە لە پارادۆکسێکی فکری و سیاسیدا گوزەر دەکەن، لەلایەک لە دڵەوە
خوازیاری گۆرانکاری و چاکسازین و لە لاکەی تریشەوە بە قەتماغەیەکی بێئومێدی کە
زادەی ئەزمون کودەکانی مێژوە کرداری جدیان لێ نەبینراوە و وەک گۆدۆ چاوەروانن. ئەم
واقیعە کەمکردنەوە نیە لە کاریگەریان کاتێک بە دیدگایەکی هاوبەش و کارنامەیەکی
پەسندکراو لای جەماوەرەوە بکەونە کرداری جدی.
پرۆتێستەکانی دوایی چەند ناوچەیەکی بادینان سەرەتایەکی ئومێد بەخشە بۆ گۆرانکاری، چونکە خۆپیشاندانەکان خۆرسکانە بون،
لە ناخی هاوڵاتیەوە هەڵقوڵا بون، دەستی حزب و جەمسەر و لایەنە دەسەڵاتدارەکانی
ناکۆک لە گەڵ یەکتری تێدا نەبو. هاوڵاتی لە ناخی کوڵاویەوە و بۆ داوای مافە
زەوتکراوەکانی و بۆ گوزەرانی ماڵ و منداڵەکانیان ئەو کارەیان بەرامبەر بە حوکمرانی ئەنجامدا.
وێرای توندو تیژی پارتی بەرامبەر خۆپیشاندانەکانی ناوچەی نفوزیان، پێدەچیت وجودی
تاکە دەسەڵاتی پارتی لەو دەڤەرانە ناراستەوخۆ زەمینەی سەرهەڵدانی خۆپیشاندانەکانی
ئاسانتر کردبێت، کاتێک ئەم دەڤەرە بەراورد بکەین بە چەند ناوچەیەکی سلێمانی و
گەرمیان تێدەگەین فرە حزب و هێزی چەکدار و جەمسەرگەر و بەرژەوەندی جیاواز و ناکۆک
بەیەکتر لەم دەڤەرانە بەردەوام ئەستەم و رێگر بون لە سەرهەڵدانی یاخیبونەکان،
رەنگبێ ئەم ناوچانە لە ئەزمونی فرە میلیشیا و بەرژەوەندیەکانی وڵاتی سۆماڵ نزیک بن.
ئەزمونی رۆژئاوا و دوا خۆپیشاندانەکانی دەڤەری دهۆک سەلماندویانە کە مافەکانی
هاوڵاتی و دروشمی دەسەڵات لە هاوڵاتیەوە بۆ هاوڵاتی هەنگاوە بنەرەتیە مەزنەکەیە بۆ
پرۆسەی گۆرانکاری، کاتێک حزب و گۆشەکراوە دودڵەکانی حزبایەتی لە پرسێکی وا گرنگدادەست
تێوەر دەن قەیرانەکان ئاڵۆزتر و چارە سەختتر دەبن.
تێگەیشتن لە رۆڵی زلهێزەکان، پرسی نیشتمان و نەتەوە، پێگەی دەسەڵاتی کوردی و بەرەی
یاخیبو کارئاسانیەکی گەورە بە پرسەکانی گۆرانکاری و چاکسازی دەبەخشێت.