حەجتان بۆ هاتۆتە جێ!

دلاوەر عەلی سۆفی کەریم
  2020-04-06     1315
بە بۆچونی زۆرێک لەشارەزایانی بواری سیاسی‌و ئابوری‌و زانستی، دنیای دوای کۆرۆنا ئەو دنیایە نابێت کە پێش سەرهەڵدانی کۆڤید ١٩ لەئارادا بوە، هەڵبەت بەندەش هەمان بۆ چونی هەیە. لەو باوەڕەشدام کە گۆڕانکارییەکی ریشەیی‌و گەورەو بنەڕەتی لەسیستمی جهاندا ڕوئەدات، بەئەندازەیەک کە هەمومان لەئێستاوە هەستی پێدەکەین.

ئەمڕۆ ئەو ڕۆژەیە کە کەس سەرکەسی ناپەرژێ‌و پلان‌و ڕێکاری پێشوەختی بۆ روداوێکی هەژێنەری بەمجۆرە نەکردوە، تەنانەت ئەو حکومەتانەی لەڕوی داراییەوە دەوڵەمەندن‌و خاوەنی سیستمی بەڕێوەبردنی تۆکمەو بەرنامەو پلانن، ئەمڕۆ وەک دەبینین توشی شڵەژاویی‌و شپرزەیی بون.

ئێمەی کورد کە لەماوەی سی ساڵی حکومداریماندا نەپلانمان هەیەو نەسیستم‌و لەتوانایی مرۆییشدا ڕەنگە هەژارترین بین! خۆ ئەگەر لەڕوی دارایی‌و دەوڵەمەندییەوە لەخۆامن بڕوانین ئەوا دوژمن لەماڵت نائومێد، گەندەڵێ بەجۆرێک جەستەی کوردستانی داڕزاندوە کە تروسکەی لێبڕراوە، کیسەیەکی خاڵی پیشانی میلەت ئەدرێت، کە جێێ گومانە وابێت! ئەوەی زۆر جێی سەرسوڕمانە حکومەت تا ئێستا نەهەنگاوی ناوە، نەپلانێکی ڕاگەیاندوە بۆ چۆنیەتی دابین کردنی بژێوی زۆربەی خەڵکی دەستکورت‌و کەم دەرامەت. لەکاتێکدا نایەکسانی‌و نادادپەروەری کۆمەڵایەتی لەم وڵاتەدا بەئاشکرا لەهەمو ژیانی کۆمەڵایەتی‌‌و ئابوریماندا هەستی پێدەکرێت.

ڕاستە مانەوە لەماڵەوەو قەدەغەکردنی هاتوچۆ‌، بەمەبەستی گەمارۆدانی ڤایرۆسی کۆرۆنا هەنگاوێکی باشە کە پشکی شێر تیایدا لەجێبەجێکردن‌و پابەندبون‌و سەرخستنی پرۆسەکەدا بەر هاوڵاتیان ئەکەوێت، لەگەڵ ڕێزی زۆرو بێ پایاندا بۆ یەک بەیەکی کارمەندانی تەندروستی، هەر لەپزیشکەکانەوە تا پەرستاران‌و کارمەندان، هەروەها هێزەکانی پۆلیس‌و ئاسایش‌و هەمو ئەوانەی لەم پرۆسە چارەنوسسازەدا ماندوبون‌و ئەبن.

ئەمڕۆ جگە لەبەرپرسی نابەرپرس‌و سەرمایەداری تازە هەڵتۆقیو ، هەموان باش هەست بەئازاری چین‌و توێژێک ئەکەین لەسایەی کوردستانێکی دەوڵەمەندی تاڵانکراودا دروستبوە کە لەهێڵی هەژاری‌و بگرە خوار هێڵی هەژاریشدا دەژین‌و بەزمانێکی سادە "ژیانی ئەمڕۆیان ئەفرۆشن بۆ کڕینی نانی سبەی"، ئەوەی بەڕۆژ پەیدای نەکەن بەشەو نیانە دەرخوادی مناڵەکانیانی بدەن، بۆیە پێشنیارێک ئەخەمە بەردەم  ژووری بازرگانی‌و پیشەسازی کە کەمپینێک ڕێکبخات بۆ کۆمەک‌و یارمەتیدانی کەمدەرامەتان.
کەمپەینەکە بەتایبەتی ئاڕاستەی ئەو خەڵکە بکرێت کە بەنیاز بون ئەمساڵ بچن بۆ حەج، کورد واتەنی (مانگیش دیارە عەوەجەی پەنجە ناکات)، پێئەچێت ئەمساڵ حەج لەلایەن سعودیەوە ڕێگەی پێنەدرێت وەک بەرپرسانی ئەو وڵاتە ئاماژەیان پێداوە.

ئەگەر لیژنەیەک پێکبهێنرێت لەلایەنی پەیوەندیدار بۆ بانگەشەو ڕێکخستن‌و کۆکردنەوەی کۆمەک لەو کەسانەی پلانیان هەبوە بچن بۆ حەج کارێکی مرۆیی‌و جوامێرانەیە. ئەمساڵ حەج لەبەردەرگای ماڵەکانیانە ئەو پارەیەی بە نیاز بون حەجی پێبکەن بیخەنە خزمەتی خەڵکی ه‌ەژاری خۆیانەوە‌و خێرێکی گەورەیان دەگات لەم نەهامەتی‌و پەککەوتنی کارو کاسپی‌و بڵاوبونەوەی پەتایەدا ئەوەی دەیەوێ ئەمساڵ حەج بکات با بەدەوری خێزانە هەژارەکاندا بگەڕێت‌و دڵنەواییان بکات‌و لەخەم‌و ئازارەکانیان کەم بکاتەوە.

ڕۆژی کۆمەک‌و هاوکارییە، پێشنیار دەکەم بەچاودێرییەکی وردەوە لیژنەیەک کە لەژووری بازرگانی‌و ئەنجومەنی پارێزگاو چاودێری دارایی پێکبهێنرێت‌، ئەگەر کاری جدی بۆ بکرێت جێی خۆی دەگرێت‌و ئەوانەشی ئیماندارو خاوەن باوەڕن ئاسودەبن‌و بەم کارە حەجیان بۆ هاتۆتە جێ.
زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×