لەسەردەمی دوابڕاوەکەدا ئەمانوت کوردستانیان لێکردوینەتە بەندیخانە، ئێمەی خەڵکی سلێمانی تێرترمان کردبوەوەو ئەمانوت سلێمانی کراوە بەزیندانێکی گەورە! بەڵێ سەدامی دیکتاتۆر داگیرکەر بوو، هیچ داگیرکەرێکیش نیە لەدنیادا گەلی بندەستی خۆی خۆش بوێت یان دڵسۆزیی بەرامبەری بنوێنێ، بەڵکو بەپێچەوانەوە تا بۆی بکرێت هەمو کایەکانی ژیانو شارستانیو کلتوریو مێژووی ئەشێوێنێ.
ئەو داگیرکەرو دوژمن بوو، ئەی خۆمان بۆ بەدەستی خۆمانو بەمەبەست هەمو بەهاکان سوک ئەکەینو بێ گوێدانە بەها مرۆڤایەتیەکانو گشت پیرۆزیەکانو مرۆڤیش لەم وڵاتەدا لەسایەی دەسەڵاتی خۆماندا کراوە بەکاڵاو نرخی لەسەر دانراوە؟ ئایا دروستە بەکلتورەکەی بەعسی گۆڕ بەگۆڕ کار بکەین؟ هەرچەندە لەو ڕۆژگارەدا سێکتەری تەندروستی لەدەست ڕژێمدا بوو، ئەگەر بەویژدانەوە باسی بکەینو لەسیاسەت دوری بخەینەوە زۆر لەئێستا باشترو بەخزمەتتر بوو، نەخۆشخانەی تایبەت تەنها لەپایتەختدا هەبوو کە بەغدا بوو، ئەویش ژمارەیان لەپەنجەکانی یەک دەست تێنەئەپەڕی، ئەی ئێستا؟ رەوای هەقە کوردستان بکەینە نەخۆشخانە؟ ئەگەر تەنها سەرپێی بەشەقامەکانی سلێمانیدا گوزەر بکەینو بەچاوێکی دڵسۆزانەو پڕ سۆزەوە وردبینەوە، ئەبینین سلێمانی بوەتە نەخۆشخانەیەکی گەورە، تەنها شەقامی توی مەلیک تا برایم پاشا نزیکەی پەنجا نەخۆشخانەو سەنتەری پزیشکی تایبەتی تیادایە! دڵنیابن حاڵی شارەکانی تری هەرێم ئەگەر لەسلێمانی خراپتر نەبێت هەرگیز باشتر نیە.
لێرەدا با بپرسین ئەی چەند قوتابخانە لەهەمان شەقامدا هەیە؟ ئایا گەلی کورد هەموی نەخۆشە؟ دەرمانخانە لەبەقاڵو گۆشتفروش زۆرترە! هەرچەندە لەوتارێکی وا کورتدا ماوەی ئەوە نیە کەموکورتیو خاڵە نێگێتڤەکانی ئەو سەنتەرو کلینیکانە هەژمار بکەین، بەڵام ئەپرسین کێ بەرپرسە؟ منیش هیچ نەڵێم هەرکەسێکی سادە بدوێنیین هەزارو یەک ڕەخنەی هەیە هەر لەهاوردەی دەرمانی خراپو بەسەرچوەوە تا بەرزی نرخو کواڵێتیو ئاستی زانستی پزیشکانو کارمەندانی ئەو بوارە، هەروەها پەکخستنی کەرتی گشتی تەندروستی، ئەگەر مافی ئەوە بەخۆمان بدەینو بپرسین کێ بەرپرسە ئایا دروستە گەلێک بکرێتە دوو چین؟ چینێک لەئاسمانو چینێک لەزەوی، ئایا مرۆڤ لەم نیشتمانەدا کاڵایە؟ ئایا کێ پەتی بۆ ئەم بوارە شلو بەڕەڵا کردوە؟ ئایا کاتێک تاکێکی گیرفان بەتاڵی موچە پاشەکەوت کراوی ئەم کۆمەڵگایە پێویستی بەخزمەتگوزاری تەندروستی ئەبێت کێ فریای ئەکەوێت؟ بمرێت؟ لەهەمو دنیادا دو سێکتەر دەوڵەت لێی بەرپرسە پەروەردەو خوێندن لەگەڵ تەندروستی، بەڵام لەوڵاتی ئێمەدا دەستپێشخەریمان هەیە بۆ داڕمانو داتەپینی ئەو دوو بوارە، هەمو وەزارەتەکان سەرۆکایەتی هەرێم سەرۆکایەتی حکومەت بەدەیان بگرە بەسەدان ڕاوێژکاریان هەیە، بەڵام کوا پلان یان لای ئێمە پلانیش بەپێچەوانەیە.
ئازیزان باوەڕ بکەن مێژوو لەکەس نابورێت، ئەتوانم بڵێم ئاگاتان لەئازاری خەڵک نیە، ئاگاتان لەو بازرگانیە نیە کە بەمرۆڤەوە ئەکرێت، ئایا ئاگادارنو ئێوەش لەو سێکتەرانەدا هاوپشکن، جا ئەگەر مرۆڤەکان هەژارو دەستکورت بن، سەرباری ئازاری جەستەییان ئازاری دەرونیشیان مەدەن، لێتانئەپرسن وڵاتەکە بۆ بوەتە بەهەشتی هەندێکو دۆزەخی هەندێکی تر، ئایا ئەمە بوو ئەو بەڵێنانەی پێش ڕاپەڕین ئەتانداینێ؟ هەرچەندە من باسی بەڵێنیەکانی پێش هەڵبژاردنەکان ناکەم، بەڵام ئەڵێم گوناحە وڵات ببێتە نەخۆشخانەیەکی گەورە، ئەمە بۆ؟