کورد ئەڵێ "دۆستم ئەوەیە ئەمگرێنێو دوژمنیشم ئەوەیە بۆم پێئەکەنێ"، بۆیە بەوە دەستپێئەکەم ڕەخنەکەم دۆستانەیەو لەبەرژەوەندی دەسەڵاتە، ئاشکرایە ئێمە بندەستی دەوڵەتی عوسمانی، بوین بەشێک بوین لەوانەی کە باجو خەراجمان داوە بەسوڵتانی عوسمانی لەدوادواییەکانی دەسەڵاتی دەوڵەتی پیاوە نەخۆشەکەداو مایەپوچبونی دەوڵەتو تەشەنە کردنی گەندەڵیدا، دەستیان داوەتە سەپاندنی باجی سەیرو سەمەرە بەسەر خەڵکدا، یەکێ لەو باجە سەیرانە بزنانە بوە. باجگرەکانی ئەو زەمانە گەڕاون بەسەر دێهاتەکاندا، مەڕوماڵاتەکانیان ژماردوە لەهەر چل سەر ئاژەڵ دانەیەکیان بەباج وەرگرتوە، لادێنشینەکان بۆ ئەم پرۆسەیە ناوێکی پڕ بەپێستی خۆیان بۆ دیوەتەوە، ئەویش ( بزنانە )یە.
ئەوەی پیرە پیاوانی ئەو ڕۆژگارە گێڕاویانەتەوە هەندێکیشی لێرەو لەوێ یاداشت کراوە ئەوەیە ئاغاو شێخەکانو پیاوەکانی دەوڵەت ئەو باجەیان نەداوە، ئەمەش ئەوە ئەگەیەنێت بزنانە هەر بۆ چینە هەژارەکە بوە. هەروەها لە کاتێکدا دەسەڵاتی تاجی فەرەنسا خەزێنەکەی بەتاڵ بوەتەوە باجی لەسەر خوێ داناوە لەساڵی "١٣٦٠"دا، باجگریشی بەرداوەتە گیانی خەڵک بۆ کۆکردنەوەی باجەکە کە پێیانوتون "جابیلۆس"، ئەم دەستەواژەیەش لەبنەڕەتدا بۆ فەرمانبەرە بەرتیلخۆرەکان بەکارهاتوە کە زەبروزەنگی زۆریان کردوە لەگەڵ خەڵکی هەژاردا. ئەوەی جێی نیگەرانی خەڵکەکە بوە ئەو باجە دەوڵەمەندەکانو نەجیبزادەکانی نەگرتۆتەوە، هەر ئەمەش وایکردوە لەشۆڕشی فەرەنسادا "١٧٨٩" زۆرێک لەو جابیلۆسانە خراونەتە بەر مەقسەڵەکەی رۆبسپێرو سەریان پەڕاندون.
ئەم دو نمونەیە ئەوەمان بۆ ئەگێڕێتەوە باج ئەرکەو ئەبێت بەجێبهێنرێت، بەڵام لەبەرامبەردا ئەبێت باجگر کە دەسەڵاتە مافیش بپاریزێت. ماوەیەکە لەکابینەی نوێی حکومەتەکەماندا، ئەرکەکانی باجدەر بەجۆرێک زیادی کردوەو زیاد ئەکات خەریکە ئەبێتە ئەرکێکی تاقەت پڕوکێن، با لەو پەندەوە دەستپێبکەین کە ئەڵێت "بار لەباج ناناڵێنێ"، بەڵام کام بار؟ کاتێک هەرکەسێک بدوێنین دادو بێدادیەتی لەدەست بێ بازاڕی، قەیرانەکانی کە بەرۆکی هاوڵاتی ئەم هەرێمە ئەگرێت لەژماردن نایەن، کارەبا بەنەبونیەوە گران ئەکرێت، سوتەمەنی لەنەوتو بەنزینو غاز، لەمن مەپرسن خۆتان سەیری دۆکۆمێنتو مێژووی دو ساڵی رابردو لەگەڵ ئێستا بەراورد بکەن! موچە ئەوە حاڵیەتی کە خۆتان لەئێمە باشتری ئەزانن، دووسێکتەری گرنگی خزمەتگوزاری لەجێی نەبوانە، خوێندنو تەندروستی، لەلێواری داڕماندایە وا بڕوات ڕەنگە نەمێنێن! ڕسوماتی مامەڵەی هاوڵاتیان ئەمەندە زۆر بوە لەتوانای کەسدا نەماوە، وایلێهاتوە ڕو لەهەر فەرمانگەیەک بکەین جوابی سڵاویش بەبێ ڕسوماتو بە بەلاش نادەنەوە! پارەی خۆڵانە سەندن بەجۆرێکە هیچ هاوسەنگیەکی تیا نیە، شار خەریکە ئەبێتە تاریکستان بەهۆی پارەی تابلۆوە، باج بەخەمڵاندنو گۆترەیە لەبری لیستو دۆکۆمێنتی فرۆشو داهات. پارەی دەستەبەری کۆمەڵایەتیش لەسەرو هەمویەوە کە کەس نازانێ لەبەرامبەر چی وەرئەگیرێ! لەکاتێکدا دەنکێ حەبی سەریەشە بۆ کرێکارێک دابین ناکەن! بەڵام ئەوەی مایەی واقوڕمانە گەورە کۆمپانیاکان باج نادەن، بەڵام دوکاندارێکی بچوک ساڵی دە جار وەک مەڕ ئەبڕنەوە!
هیوادارم پەرلەمان کاتێک کە مەزاجیان فول بو ئەو ئەرکە لەئەستۆ بگرن، چاوێکی ڕەحمەتیان لەخەڵک بێت چاوێک بەو پرسانەدا بخشێننەوە ڕێگەنەدەن بەڕێنمایی لەبری یاسا پاروی دەمی هەژاران ببرێت. هەرچەندە دودڵم کە هیچیان لەدەستبێت.