بۆ؟

دلاوەر عەلی سۆفی کەریم
  2021-11-15     738
ئەوەی ئەمڕۆ لەسەر سنوری پۆڵەنداو بیلاڕوس ئەگوزەرێ هیچی لەکیمیابارانەکەی ئەنفالی بەدناو کەمتر  نیە، ئەتوانین بڵێین ئەم پرسە بەجۆرێک لەجۆرەکان کاریگەری لەسەر سەرجەم گەلی کورد هەیە، بۆتە مانشێتی ڕۆژنامەکان و هەواڵی سەرەکی کەناڵەکانی ڕاگەیاندنی جیهانی و ناوخۆ، لێرەو لەوێ بەرپرسانی پەیوەندیدارو ئەوانەی لەدەسەڵاتدان قسەی فەرمی‌و نافەرمی لەبارەوە ئەکەن، ئەوەی بوەتە مایەی واق وڕمان‌و سەرسوڕمان ئەوەیە ئەو ڵێداونانەو ئەو هەوڵانە بۆ ڕزگار کردنیان، یان گێڕانەوەیان بۆ هەرێم  چارەسەرێکی ستراتیژو بنەبڕ نیە بۆ پرسی کۆچ، ئەگەر ئەم پرسە لەهەر وڵاتێکی دنیا ڕوبداو ئەو نەهامەتیە بەسەر هەر گەلێکدا بێت، ئەوا پێویستە سەنتەری لێکۆڵینەوە توێژینەوەی لەسەر بکات، دەیان زانکۆو شارەزای بۆ تەرخان ئەکرێت، من لێرەدا ئەمەوێت هەندێ ڕاستی بخەمەڕو لەگەڵ هەندێ پرسیار کە ئەکرێت بکرێتە بنەمایەک بۆ توێژینەوەیەکی زانستی لەو بابەتە، ئایا دەسەڵات بەگشتی یاخود زانکۆیەک یا گروپێک یاخود دەزگایەکی لێکۆڵینەوە یا هەر وەزارەتێک کە خۆی بە بەرپرس بزانێت تەنانەت هەوڵێکی تاکە کەسیش، ئەکرێت بپرسین بۆ؟  گەنجان بۆ بیر لەکۆچ ئەکەنەوە؟ لە شێوەی فۆرمێکدا پرسیارەکان بکەین، وەک: تەمەن، خێزاندار یا تاک، بڕوانامە ئەگەر هەبێت، پلەی خوێندن، کاری هەیە یان بێکارە؟ ئاستی کۆمەڵایەتی، داهاتی مانگانەی چەندە؟ پەیوەدی سیاسی یان حیزبایەتی هەیە یان نا؟ کەسی نزیکی لەدەرەوەی هەرێم ئەژی؟ ئەمانەو سەدان پرسیاری تر کە ڕەنگە کەسی پسپۆرو شارەزا پرسیارەکان دەستنیشان بکات باشتر بێت، توێژینەوەی لەسەر بکات، ئەو کاتە ئەنجامی توێژینەوەکە بخاتە بەردەست لایەنی پەیوەندیدار کە بەپلەی یەک حکومەت‌و دەسەڵاتە، تا ئەو هۆکارانەی کەوا لەگەنجی کورد ئەکات سەری خۆی هەڵگرێت‌و ڕێگەی هات‌و نەهات بگرێتە بەر بۆ؟ ئێستا کاتی ئەوە هاتوە ڕەخنەو پرسیارەکان ئاڕاستە بکەین، مافێکیش بدەین بەو گەنجانەی ڕوەو چارەنوسێکی نادیار سەری خۆیان هەڵگرتوە بۆ؟
بەڕێزان ئەوانەی لەدەسەڵاتدان‌و دەسەڵاتدارن، بەڕێزان ئەو لایەن‌و حیزبانەی لەحکومەتدان، بەڕێزان ئەوانەی لەئۆپۆزسیۆندان، بەڕێزان هەرکەس خۆی بەخاوەن ویژدان ئەزانێ‌و گیانی ئەو خەڵکەی لا مەبەستە، کاتی ئەوە هاتوە ڕۆڵی تەماشاکەر جێبهێڵن‌و بێنە سەر ستەیجەکەو هەڵوێست‌و قسەی خۆتان هەبێت، بۆیە بەمافی خۆمانی ئەزانین بپرسین کوا عەدالەتی کۆمەڵایەتی؟ بونی نیە بۆ؟ مناڵی بەرپرسان بەنمرەی کەمەوە ئەتوانن لەبەرزترین کۆلێجی ئەهلی بڕوانامە بکڕن  بۆ؟ پێش تەواو کردنی خوێندن دامەزراندنیان بەپلەی باڵا مسۆگەرە بۆ؟  تێچوی ئاهەنگی هاوسەرگیریەکانیان دەنگ ئەداتەوە بۆ؟ ئۆتۆمبێلەکانیان ئەبێت پۆرش‌و مایباخ بێت بۆ؟ ساڵانەش بیگۆڕن بۆ؟  کاتێکش مناڵی هەژارێ بڵێ بەری چاوتان کلی پێوەیە ئەوا بەگولە وەڵامی ئەدەنەوە بۆ؟ دیوەخان جێگەی بەدادگا لەق کردوە بۆ؟ سوڵحی عەشایەری باڵادەستەو دادگا ئیفلیج کراوە بۆ؟ لەپێش ڕاپەڕیندا لەکورداستاندا زیاتر لەسێ هەزار کارگەی بچوک لەکاردا بوە، کە لانیکەم هەلی کاری بۆ سی هەزار کەس دەستەبەر کردوە، نەبەرپرسێک نە لایەنێک نەیپرسیوە بۆ ئەم بوارە ئێستا وەستاوەو قۆرغ کراوە بۆ چەند حیزبێک بۆ؟ لەناو ئەو چەند حیزبەشدا بۆ چەند کەسێک بۆ؟ ئەزانن کەرتی تەندروستی لە چ داڕمانێکدایە گەنجێکی ئەم وڵاتە نەخۆش بکەوێت ئەگەر پارەدار نەبێت ئەبێت چاوەڕیی مەرگ بکات بۆ؟ ئەوەتا بەرە بەرە کەرتی گشتی تەندروستی بەمەبەست ئیفلیج ئەکرێت بۆ؟ تا بازاری کەرتی تەندروستی تایبەت بازاڕی گەرم بێت بۆ؟ باوەڕ ناکەم کەسێک هەبێت نەزانێ هۆکاری ئەمە چیە،هەمو تاکێکی ئەم کۆمەڵگایە باش ئەزانێت کە ئەم وڵاتە لە سەر دەریایەک نەوتە خاوەنی چ سامانێکە، لەکاتێکدا زۆر بەباشی چاوی لێیە ئەو سامانە بۆ کێیەو بۆ کوێ ئەچێ ئەویش لە ملاوە زەقەی چاوی بێت، بۆ؟  ئەو گەنجەی شەش بۆ حەوت ساڵە خوێندنی تەواو کردوە بەدوای کارێکدا ئەگەڕێت دەستی ناکەوێت، لەولاشەوە چینێک دروست بوە لەبەرپرسان‌و حوتەکانی بازاڕ، کە مناڵەکانیان لەبەرزترین ئاستدا ئەژین، بەدڵنیاییەوە  گەنجی چینە هەژارەکەش بەهیچ جۆرێک ئینتیمایان نە بۆ نیشتیمان‌و نە بۆ نەتەوە نامێنێت.
محەمەد ماغوتی گەورە نوسەری سوری ئەڵێت (تاکە شتێک کە بەنیشتیمانەوە ئەمبەستێتەوە پێڵاوەکانمە)، دیارە ئەو قسەیەی ماغوت بێ بنەماو بێ بێ هۆ نیە، خۆ ئەگەر ناعەدالەتی نەبوایە نوسەرێکی وا گەورە هەرگیز وای نەئەوت، ئەوەتا بەبەر چاوی هەمو دنیاوە ئەبینین وڵاتەکەی ماغوت لەئەنجامی ناعەدالەتیدا بەکوێ گەشت!
جا بەڕێزان ئەوەی باسمان کرد مشتێکە لەخەرواری ناعەدالەتی ئێستا ئەزانن گەنجان بۆ سەری خۆیان هەڵئەگرن؟ جا خۆزگە کارێکتان بکردایە هەرێمەکەمان بەدەردی وڵاتەکەی ماغوت نەچوایە.
زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×