کێ دیویە عەتار کوتاڵ فرۆش بێت؟!

دلاوەر عەلی سۆفی کەریم
  2021-04-11     639
لەبەرەبەیانی مێژوەوە مرۆڤ سەرقاڵی دروستکردنی شارستانییەو ئەو کەشوهەوایەی ئەمڕۆ ئێمەی تیا ئەژین لەسەر ئێسک‌و پروسکی خودی مرۆڤ هاتۆتە دی، بەڵام ئەوەی کە لای مرۆڤدۆستان‌و فەلسەفەکانی پێکەوە ژیان جێگەی هەڵوێستەیە ئەو غەدرەیە کە مرۆڤ لەبرای مرۆڤی خۆی دەیکات! ئەگەر بەوردی لەکۆی کایەکانی ژیان وردبینەوە، بەبونەوەرانی غەیرە مرۆڤیشەوە، ئەبێت کەمترین ئازار بەڕۆحەکان بگەیەنین، بەڵام دوای دروستبونی دەسەڵات‌و قەوارەکان‌ سیستمە حوکمڕانیەکان، ئەمڕۆ ئەم هاوکێشەیە پێچەوانە بوەتەوە، سەرجەم ئەمانە بۆ ڕێکخستنی ژیان‌و کەم کردنەوەی کێشەو ئازارەکانە کە ڕوو لەکۆمەڵگا ئەکەن‌و بەرۆکی تاکەکان ئەگرن، لەدواجاردا هەر ئەو سیستمانەن کە ئەبن بەبارگرانی‌و مۆتەکەی سەر گەردنی خەڵک.
ئەوەی لێرەدا ئەمانەوێت لێی بدوێین ئەو تاوانانەن  کە مرۆڤایەتی بەرامبەر مرۆڤ کردویەتی بەسیستم، کە گرنگترین‌و لەبەرچاوترینیان بەبیمەکردنی سیستمی تەندروستیە، لەدواجاردا لەچوارچێوەی پرۆسەی بەتایبەت کردندا ئەو قۆناغەش تێئەپەڕێنێ‌و ئەبێتە کەرتی تایبەت. کاتێك دەوڵەت سیستم ڕێکئەخات‌و چەندین ئەرک ئەخاتە سەر شانی تاکی کۆمەڵ، بەرەبەرە باریان قورس ئەکات، لەبەرامبەردا خزمەتگوزاریە تەندروستیەکان ئەرکێکە لەئەستۆی دەوڵەتدا، بەهیچ پاساوێک نابێت خۆی لێبدزیتەوە، لێرەدا پرسیارێکی سادەو ئاسان دێتە پێشی: ئایا ئەو کەسەی پارەی نەبێت بمرێت؟ لەم حاڵەتەدا حكومەت ڕۆڵی چیە؟ ئەبێت لەبەرامبەریشدا کۆمەڵگا بێدەنگی هەڵبژێرێت؟ 
بۆ ئەوەی خوێنەری ئەم بابەتە بەهەڵە لێم تێنەگات، پێشەکی ئەڵێم کە ئەم بۆچونە لە ئایدۆلۆژیای چەپەوە سەرچاوەی هەڵنەگرتوە، تەنها لەڕوی مرۆڤایەتیەکی سادەوە نەبێت، سیستمێک باج بسێنێت ئەبێ ئەرکیش لەئەستۆ بگرێ، بەکوردی‌و بەکورتی دەوڵەت‌و سیستم بەرپرسە لەژیانی‌و تەندروستی تاکی کۆمەڵگا، ئەوەی لەهەمو ئەمانە ناڕەواترە لەکوردستان بەخراپترین شێوە پیادە ئەکرێت، ئەویش بەتایبەتی کردنی کەرتی تەندروستیە، جۆرەها نەخۆشخانەی تایبەت کراوەنەتەوەو ئەکرێنەوەو شەوانە وەک کاڵای بازرگانی لەکەناڵەکانەوە ڕێکلامی بازرگانییان بۆ ئەکرێت! کەواتە با بپرسین ئەی حکومەت رۆڵی چیە؟ کێ لەتاکی کۆمەڵگا بەرپرسە؟ ئایا دروستە مرۆڤ لەم نیشتمانەدا بکرێتە نێچیر بۆ مافیاکانی دەرمان‌و کەرتی تایبەتی تەندروستی؟ مافی هەموو تاکێکی کۆمەڵگەیە بپرسێ لەکوێی دنیادا نەخوێندەوار بوە  بەبازرگانی دەرمان؟ لەکام کوچەی سەر ئەم گۆی زەویە ڕویداوە بازرگانی نەخوێندەوار خاوەنی نەخۆشخانەی تایبەت بێت یاخود ساڵۆنی جوانکاری خانمان بتوانن هەندێ کاری پزیشکی ئەنجام بدەن؟!
 ئەوەتا ماوەیەک لەمەو پێش لە وڵاتی ئەردەن لەسەر نەمانی گازی ئۆکسجین لەیەکێک لەنەخۆشخانە تایبەتەکاندا وەزیری تەندروسی دەستی لەکارکێشایەوە، هەرچەندە ئەم نەریتە لای دەسەڵاتی کوردی مەحاڵە، بەڵام خۆ ئەشێ لەپاڵ نەخۆشخانەی تایبەتدا، وەک لەهەموو وڵاتانی جیهاندا باوە لانیکەمی کواڵێتی‌و خزمەتگوزاری گشتی ڕەچاو بکرێت. لەکۆتایدا هەر ئەو دێڕە شیعرەی (قانع)ی شاعیر ئەکەینە دەرمان، بەڵکو کەمێک لەئازارەکانمان کەم بکاتەوە، چاوچنۆک‌و تازە هەڵتۆقیوەکانیش کەمێك بیربکەنەوەو سیاسیەکانیش خۆیان بەدور بگرن لەو بازرگانیە قێزەونەو شەرم‌و حەیا بیانگرێ:  
کێ دیویە عەتار کوتاڵ فرۆش بێت 
هەم سەیدەلی بێ‌و دەوای نەخۆش بێت 


زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×