لەو ڕۆژەوە حکومەتی هەرێم تەپڵی نابوتی لێداوە گوێبیستی گەلێ قسەی قەبەو
سەیر ئەبین، بۆ نمونە باسی بوژانەوەی کەرتی پیشەسازی و کشتوکاڵ ئەکەن لەوەش
سەیروسەمەرەتر هەندێ بەرپرسی نابەرپرس باسی کەرتی گەشتوگوزار ئەکەن ، ئەمە ئەگەر وابوایە
ئەبوو هەرگیز پێویستمان بە داهاتی نەوت نەبوایە بۆ موچە ، با لەکەرتی پیشەسازیەوە
بڕوانین بەپێی داتاکانی ژووری بازرگانیوپیشەسازی زیاتر لە دوو لەسەرسێی کارگە بچوک
و ناونجیەکانی کەرتی تایبەت وەستاون ، بگرە ڕەنگە هەر نەشمابن ، هۆکاری ئەمەش ئەو
دەروازە ئاوەڵایانەی سنورەکانن کە لەبەردەم هاوردەی کاڵای دەروجیراندا نەک ڕێگری لێناکرێ
بەڵکو ئاسانکاریشی بۆ ئەکرێت ، جابۆیە ئەتوانین بڵێن ئاوا بەرهەمی ناوخۆ ئەپارێزن؟
کەرتی پیشەسازی چۆن ئەبوژێننەوە ؟
خۆئەگەر بڕوانینە کەرتی کشتوکاڵ ئەوە دیارە لە کەرتی پیشەسازی وێرانترە ،
هەرکاتێک بەروبومی ناخۆ پێئەگات ، لەدەروازە سنوریەکانەوە بەلێشاو و بەنایاسایی
بەرهەمی کشتوکاڵی ئامدیو ئەکرێت، کاتێک وەرزی پێگەیشتنی دانەوەێڵەیە ، ئەوە گەورە
کۆمپانێاکان ئەکەونە هاوردەی گەنم لە وڵاتانی دراوسێوە ، ڕەنگە هەر ئەم هۆکارەشبێت
بەغدا پارەی گەنمی جوتیاران نەدا ، خوێنەری ئازیز ئەوەی کەوتە بەر دیدی بەڕێزتان
سەربوردەیەک بو لەحاڵی ئابوری مەملەکەت ، بەڵام ئەوەی مەبەستە ، پرسی گەشتوگوزارە
، بەڵام کام گەشتوگوزار؟ کۆڵەکەکانی گەشتوگوزار زۆرن ، لەوانە شوێنەوارە
مێژوویەکان، ڕێگاوبان ، با بپرسینو بڵێین ئەگەر کەسێکی بیانی بێت و بیەوێ چاوی بە
شوێنەوارە مێژوویەکان بکەوێ ، مەگەر بە کۆپتەر بۆی بڕوا ، نمونەی سێ شوێنەواری مێژووی باس ئەکەین کە زۆر باس ئەکرێن ، ئەوانیش پەیکەری نرامسین لە
دەربەندگەوری قۆپی قەرەداغ ، ئەشکەوتی قسقاپان لەچەمی ڕێزان ، ئەشکەوتی هەزارمێرد لە
بەرانان ناوچەی سلێمانی، کاتێک سەردانی پەیکەرەکەی نرامسین ئەکەیت توشی داچڵەکینێک
ئەبیت کەمایەی سەرسوڕمانە ، با بپرسین بە فەرمانی کێو بە چبڕیارێک توانیتان بەناوی
چاککردنو نۆژەنکردنەوەوە دەستکاری بکەن؟
کام شارەزاتان بۆ هێنا تا ڕێگەتان
پیشانبدات؟ ئەوجۆرە پەیکەرانە چۆن چاک ئەکرێن ؟ هەرهیچ نەبێت بەسەرهاتی (پەیکەری
بەزەیی مایکڵ ئەنجیلۆتان ) بخوێندایەتەوە ، ئیتالیا کە بەلانکەی پەیکەرتاشی دنیا حساب ئەکرێت
جورئەتی ئەوەی نەکرد بێ پرسی چەند شارەزایەکی جیهانی غەیرە ئیتالی ئەوپەیکەرە کە
لە کەنیسەی سانپیترۆیە چاک بکات، بۆ چاک
کردنی تەنها یەک پەنجەی ئەوپەیکەرە ،داوایان لە یۆنسکۆ کرد شارەزایانی جیهانیان بۆ
بنێرێت ! ئەشکەوتەکەی قزقاپان لە چەمی
ڕێزان جکە لە خراپی ڕێگەکەی بەجۆرێ
شێوێنراوە مرۆڤ ڕوی نایەت ئەگەر میوانێکی بیانی هەبێت بیبات بۆ ئەوشوێنەوارە بڵی
منیش گەلێکی جیاوزم ئەمەش شوینەواری نیشتیمانەکەمە ، هەرئەمەندەی یادگاریو قسەی
هەلەقومەلەق و دڵ وتیر لێنوسراوە ئەبێتە مایەی شەمەزاری ، بەڵام لەهەمو ئەمانە
داماوترو فەوتاوترو پشتگوێخراو ئەشکەوتەکەی هەزارمێردە .
ئەشکەوتی هەزارمێرد وەک ئەڵێن یەکێکە لەوشونەوارانەی کە شارەزایان و مێژو
نوسان باس لە سی بۆ پەنجا هەزارساڵ ئەکەن کە مرۆڤی تیا ژیاوە، ئەمە ئەکرا وەک
بەرپرسانی قسە زل ئەفەرمون جێگەیەکی گەشتیاری بێت . بەڵام بەکوێدا بۆی بڕۆیت؟ ڕێگاکەی بەجۆرێکە کە مەگەر بەقاتر یا هێستری
یەرغە بتوانیت بیگەیتێ، هەر بۆیە چەند وێنەیەکی ئەخەینە بەردیدی بەڕێزتان ، وە ڕوی
دەممان ئەکەینە وەزارەتە پەیوەندیدارەکانو ئەڵێین جوان مێردێک نیە فریای هەزارمێرد
بکەوێ؟؟