گۆشەنیگا
شۆرش خالید ئاژگەیی
2019-11-08   1274
ناشێ ئۆباڵی سەرلەبەری نەھامەتیەکانمان بخەینە ئەستۆی دوژمنو نەیارو داگیرکەرە شۆفینیەکانەوە. دەکرا مێژوویەک لەنەھامەتیو پاشاگەردانیەکانمان بەجۆرێکی تر دیراسەو شرۆڤە بکردبایەو ھەڵسەنگاندنو لێکۆڵینەوەکانمان بەجورئەتەوە ئەنجام دابایە.
دەکرا بەپلانو ستراتیژی وردو درێژمەودا زەمینەی کارو گەشەو پێشکەوتنی کۆمەڵگە لە گشت بوارێکی پەیوەندیدار بەژیانو گوزەرانی تاک بە تاکی ئەندامانی کۆمەڵگە فەراھەم کرابوایە. ستراکتۆرێکی پتەو دابرێژرایەو ئاراستەی جڤاک بخرایەتەسەر رێچکەی نوێ بوونەوەو نۆژەن کردنەوەوە.
دەکرا مۆدێلێکی سیاسی بەھێزو شوێن بڕواو متمانەی گشتی و نزیک لەجەماوەرو دور لەسەماوەرو حەماسی شۆڕشگێڕیو ململانێی مێدیایو بەسود وەرگرتن لەھزرو بیرۆکەو ئەندێشەی بیرمەندانو کاراکتەرە سیاسیە قاڵبووەکانی نێو دنیای سیاسەت و ئەکادێمیستو خاوەن بیروڕا دیارەکان، بەرھەڤ بکەین و ساڵ لەدوای ساڵیش پێشی بخەینو بێ سڵەمینەوەو شەرمو ترسەوە، پەنجە بخەینە سەر کەموکورتی و ھەڵەکانەوەو دووبارەیان نەکەینەوە.
دەکرا نیشتیمانێک بونیاد بنێین ھەمووان ئارەزووی ژیان و مانەوەو خۆبەختکردنیان تێیدا بکردایە.
دەکرا کۆمەڵگەیەک درووست بکەین ھەمووان تیایدا ھەستیان بەگەورەیی، کەرامەتو سەربڵندیو خۆشگوزەرانی و یەکسانی لە ئەرک و مافدا بکردایە. جیاوازی و کەلێنە کۆمەڵایەتیە زەقەکانمان نەھێشتبوایە.
دەکرا سیستەمێکی پەروەردەی ھاوچەرخ و زانستگەراو مۆدێلی سیستەمێکی تەندروستی بەھێز و جێی بڕوامان بونیاد بنایە و بۆ چارەسەری نەخۆشیەکانمان لە رووی ناچاری یا چاولێکەریەوە روومان لە دەرەوەی نیشتیمان نەکردایە.
بۆ پێشخستنی کۆمەڵگە و گەیشتن بە کەناری ئارامی و لوتکەی پێشکەوتن و ترۆپکی دادپەروەری، پێویستیمان بە مەیخانەو چایخانەو قاوەخانەو نێرگڵە کێشان و پێکان و قومارخانەو سەنتەری شێلانی ( کامل مواسەفات) و ھینخانەی ئەملاو ئەولای مۆدێرنەوە نیە.
ھیچ جڤاکێک بەم شتانە پێش نەکەوتووەو پێشیش ناکەوێ، بەڵکو رەنگە وریا نەبین لە ناو زەلکاوی ناھەمواری و دەرھاویشتە نەرێنیەکاندا نقوم دەبین و لە ناوەوەڕا داڕمێین.
دەمانتوانی بە میانەرۆیی لە بەخشینی ئازادیەکان و بەخشندەیی لە رێکخستنی کاروباری ژیان، لە رێگەی یاساو سەروەرو سەردار و کوێخاکردنیەوە، ھەنگاو بەرەو کۆمەڵگەو نیشتیمانێکی پێشکەوتوو و ھاوچەرخ لە رووی ناوەرۆک و مەغزاوو ئامانج و بەھاو پتەوبوون و یەکریزیەوە ھەڵێنین.
وڵاتانی پێشکەوتوو لەسەر بنەمای ژمارەی شوێنە گەشتیاری و سەنتەرو ناوەند و مۆل و مەڵبەندەکانی کات بەسەربردن و کەیف وسەفاو شێلان و کێشان و گۆرانی و ھەڵپەرکێوە بونیاد نەنراون، بەڵکو ژمارەی ناوەندەکانی توێژینەوە و لێکۆڵینەوەی ستراتیژی و زانستی، مەڵبەندەکانی رۆشنبیری و رۆشنگەری و چاپ و بڵاوکردنەوەی کتێب، توێژینەوە ئابوریەکان، درووست کردنی دەرفەتی کار بە پێی گەشەی کۆمەڵگە و ئازادی ئاخاوتن و رەخنەو پێشنیاری بوونیادنەر، سەنگی مەحەک و بەڵگەی حاشاھەڵنەگری پێشکەوتنن.