(دادە – پەری)

شۆرش خالید ئاژگەیی
  2019-10-01     5757

پرۆلتاریا، ئەو چەمکەیە تەنیا لەوڵاتە دواکەتووە نەریتگەراو چەقبەستووەکاندا بەشێوازو فۆرم‌و دەمامکی جیاوازەوە دەردەکەوێ‌و گەشە دەکات‌و کۆمەڵێک فاکتەری ئابوری، کۆمەڵایەتی‌و هزری‌و مەعریفی لەپشتیەوەن.

 پرۆلتاریا سیستەمێکی نادادپەورەرو نایەکسان‌و پڕ لەکێشە لەهەناوی خۆیدا هەڵدەگرێ و بەپێی زەمەن و هەلومەمەرجە کۆمەڵایەتیەکان‌و ئاستی هۆشیاری جڤاک‌و جۆری ستراکتۆری کۆمەڵایەتی‌و باری سیاسی وڵات، چەکەرەو گەشە دەکات و دەبێتە دێوەزمەیەک بەسەر کۆی گشتی کایەی ژیانی تاک و هێشتنەوەی لەدۆخێکی خەمناکی دواکەوتوویی و بێدەرەتانی ئابوری‌و بێ رۆحیدا.

 بکەرەکانی چینی خوارەوەی نێو ئەم تایپە لە سیستەمە ئەوەندەی بە خەمی تێرکردنی سگ و دابین کردنی پێداویستیە سەرەکیە رۆژانەییەکانیانەوە سەرقاڵ کراون، نیو ئەوەندە بیریان لای ئامانجە باڵاکانی ژیان نیە. بکەرەکانی سەرەوەی هەرەمی کۆمەڵگاش، ریفۆرم و چاکسازی بە ئاراستەی چاکەی گشتی و پێشکەوتن لە بەرنامەو ئەجیندایاندا نیە و زیاتر خەمی بەرژەوەندی خۆیانە تا بەرژەوەندی گشتی کۆمەڵگا.

هەر توێژەی سەربە جەمسەرێک و تایپێک و دەستەو تاقمێکی دەست رۆیشتووی دیارونادیارە.  کۆمەڵگا بە شێوەیەکی سەرسوورهێنەر بە دەرد جەمسەربەندیەکی شاراوەوە پۆلین و پلەبەندی ودابەشکراوە. لەمجۆرە کۆمەڵگایەدا جوڵەی هزری و مەعریفی و هەنگاونان بە ئاراستەی خستنەوەکاری عەقڵ و مەعریفە و گەڵاڵە کردنی جۆرێکیتر لە دونیابینی و روانگەی تازە و تازەگەری لە دەرەوەی ئەم دونیا پر لە جەمسەربەندی و  ئاڵۆزەدا، سڕ و هێزلێ بڕاو و بێ توانا و بێ نرخ  و زەلیل کراوە. 
یەکێک لە هۆکارەکانی دواکەوتوویی و گەشە نەکردنی ئەفریقا دەگەرێتەوە بۆ ئامادەیی ئەمجۆرە لە سیستەم و عەقڵیەتی بە سوخرەگرتنی تاکی کۆمەڵگاو جەمسەربەندی دەسەڵاتدارانی سەربە دەستەبژێری سەربازی و چەقبەستوویی ئایدیا و نەبوونی بیرۆکە و پەککەوتەیی عەقڵی و مەعریفی و هەژاری ئابوری و داڕمانی دادی کۆمەڵایەتی و نایەکسانی زەق و بەرچاوەوە. 


پێناسەی دادپەروەری
چەمکی دادپەروەری لە زمانی کوردی بە واتای ویژدان و دوورکەوتنەوە لە بێدادی و ئەنجام نەدانی جیاکاریەوە دێت .  لە زمانی ئینگلیزی بە مانای یەکسانی و هاوشێوەو هاوچەشنەوە دێت.
 بە پێی باوڕە ئایینەکانەوە هەموو کائین و بوونەوەرو شتێک لەم دونیایە لە شوێنی شیاوی خۆیدا، ئەرک و فەرمانە پێ سپێردراوەکان جێ بەجێ دەکات و بە واتایەکی تر شتی شیاو لە شوێنی  شیاوی خۆیدایەوە تا دونیاش ماوە مانگ و ئەستێرەو خۆر و زەوی و وەرزەکانی ساڵ و باکورو باشور و رۆژهەڵات و رۆژئاوا هەر لە شوێنی شیاوی خۆیاندا دەمێننەوەو ئاڵۆگۆڕی ئەرک و فەرمان و بەرپرسیارەتیان پێ ناکرێ و ناگۆڕێن. 

لە رووی مەفهوم و ماناوە چەمکی دادپەروەری واتا بەخشینی ماف بە خاوەن ماف، یا دانانی هەموو شت لە شوێنی راستەقینە و پێگەی سرووشتی و حەقیقی خۆیەوە، بەدەر لە هەر جۆرە حیساباتێکی لابەلاوە. 

دادپەروەری لە هەناوی خۆیدا هەڵگری مانای ( دانانە) نەک ( بەخشین).  هەر هەوڵێک بەمەبەستی ( بەخشینی) دادپەروەری، ئەم چەمکە لە سیاقی سروشتی و ئاسایی خۆی بە لاڕێدا دەبات و دواجار لە ناوەرۆک و مەغزاو ئەرکی خۆیەوە دایدەماڵێ. 

دادپەروەری نابەخشرێت، بەڵکو دائەنرێت و دۆخی تایبەت بە گەشەپێدانی بۆ فەراهەم دەکرێت. ئەم چەمکە واتا ستراتیژ و بەرنامە و بیرکردنەوە لە پێناو ئیدارەدانی کۆمەڵگەو نەهێشتنی کەلێنە کۆمەڵایەتی و ئابوریەکان و فەراهەم کردنی کەشوهەوایەکی گونجاوو هاوشێوە، بۆ خۆشگوزەرانی و بەرزکردنەوەی ئاستی رەزامەندی تاکەکان لە جۆری ژیان وگوزەران بە شێوەیەکی گشتی.  هەر هەوڵێکیش لە پێناوی بەخشینی دادپەروەری، رێک دەچێتە خانەی بەخشش و خیرو سەدەقەوەو هەوڵێکە بۆ ئەنجامدانی چاکەکاری و بەخشش بۆ توێژێکی دیاریکراو لە سەر حیسابی توێژێکی دیکەوە.

دادپەروەری لەسەر چوار کۆڵەگەی سەرەکی بونیاد دەنرێ:
1- بیری قوڵ ( عەقڵ): ئەوانەی لە شێوازی بیرکردنەوەیان دوور دەکەونەوە لە چەوتی، گەیشتوونەتە لوتکەی بیرقوڵی و عەقڵانیەتەوە.
2- زانست و فکرێکی دەوڵەمەند و حەقیقەت گەرا ( دانایی): ئەوەی قوڵ بیری کردەوە گەیشتووتە باڵاترین ئاستی زانست و مەعریفەوە.
3-حوکمدان و حوکمرانی باش ( میانرەویی): ئەو کەسەی گەیشتە باڵاترین ئاستی زانست و مەعریفەوە، لە حوکمرانی و حوکومدانیشدا میانرەو دەبێت و خۆی لە دەمارگیری و لایەنداری دەپارێزێت و لانی کەمی دادپەروەری وەک ئەرکێکی ئەخلاقی و کۆمەڵایەتی جێ بەجێ دەکات.
4-بەردەوام بوون لەسەر ئارامگرتن و هێمنی ( نەرمی نواندن):  ئەو کەسەی خۆی لە دەمارگیری پاراست، لە کاروئەرک و فەرمانەکانیدا زێدەڕۆیی ناکات و نەرمی دەنوێنێ.

دادپەروەری لە روانگە جیاوازەکانی فکرەوە
1-روانگەی کۆنسێڤرڤاتیزم( پارێزگاران یا موحافیزەکاران):
هزری پارێزگاری پێی وایە مرۆڤەکان لە رووی تواناو بەهرەو هۆشمەندی و ئاستی بلیمەت بوونیانەوە جیاوازن. بۆیە نایەکسانی لە کۆمەڵگا لە رووی کۆمەڵایەتی و ئابوریەوە دیاردەیەکی ئاساییەو هەر هەوڵێک لە پێناوی نەهێشتنی، دواجار رووبەرووی شکست دەبێتەوە. چونکە رەگ و ریشەی نایەکسانی بۆ زاتی مرۆڤ خۆی دەگەرێتەوەو دەسکاری کردنی ئەم حاڵەتە ئەستەم و تا ڕادەیەک مەحاڵیشە.

جگە لەمەش بوونی نایەکسانی لە کۆمەڵگا دەبێتە فاکتەرێکی پاڵنەری بەهێز بە ئاراستەی گەشەی کۆمەڵایەتی و ئابوری لە کۆمەڵگادا. بەم پێیەی نایەکسانی لە داهات و ئاستی ژیان وگوزەرانی ژیانی تاکەکان دەبێتە هێزێکی پاڵنەر بۆ زیاتر هەوڵدان و خۆ هیلاک کردن لە پێناوی راست کردنەوەی باری لاری ژیان و کەم دەرامەتی، کە ئەمەش دواجار دەبێتە هۆی دروست بوونی  دینامیکیەت لە نێو کۆمەڵگادا و هاندانی کەم دەرامەتەکان بۆ زیاتر هەوڵدانیان. 

هزرمەندانی ئەم قوتابخانە فکریە پێیان وایە:
 "هەر هەوڵێک لە پێناوی چارەسەر کردنی نایەکسانی لە کۆمەڵگا دواجار دەبێتە هۆی هێنانە کایەی جۆرێک لە سیستەمی دیکتاتۆری و ئیستیبدادی سیاسی.  ئەمان وا وێنای نەهێشتنی نایەکسانی دەکەن، وەک ئەوەی بیرۆکەیەکی ناواقعی و پوچەو گەشەی کۆمەڵایەتی و ئابوری لە جڤاکدا پەک دەخات.

ئەمان پێیان وایە مێژوو سەلماندوویەتی گشت پێشکەوتنەکانی کۆمەڵگا لە دەرەنجامی نایەکسانیەوە بەدەست هاتوون. ئەگەر نایەکسانی لە کۆمەڵگا بوونی نەبێ، هەوڵی تاکەکان تەنیا لە دابین کردنی موچەو ژیان وگوزەرانێکی گۆنجاودا قەتیس دەمێنێ و سنوورەکانی خولیاو خواست و ئارەزوو بۆ بڕینی پلەکانی ژیان نابەزێنێ.  نایەکسانی فاکتەرێکی گرینگە بۆ دەرکەوتنی دستەبژێرەکانی کۆمەڵگاو لە رووی زانست و مەعریفەو سیاسەت و ئابوریەوە. یەکسانی سوود بە گەشەی کۆمەڵگا ناگەیەنێ و پەکی دەخات.  نایەکسانی هاندەری سەرەکی دەوڵەمەند بوونی کۆمەڵگاو دروست بوونی سەروەت و سامانی گشتیە لە کۆمەڵگا پێشکەتووەکاندا. لە کاتێکدا ئارەزووی یەکسانی، خواستی بەرهەم هێنان لە ناوکۆمەڵ لەناودەبات و کۆمەڵگا دوادەخات و لەگەشە دەیوەستێنێ. 

2-روانگەی لیبراڵیزم:
لە روانگەی لیبرالیستەکانەوە چەمکی ئازادی چەمکێکی رەهایە. سنووری ئازادی تاک تا ئەو شوێنە بڕ دەکات، ئازادی تاکەکانی تر سنووردارو پێشێل نەکات. ئەمان پێیان وایە لە نێوان هەردوو چەمکی " ئازادی" و " یەکسانی"دا هیچ جۆرە سازش و پێکەوەییەک بوونی نیە.
لیبرالیستەکان پێیان وایە دەرکی مرۆڤ لە مەفهومی ئازادی بە گشتی، گرێدراوی دەستەبەر کردنی کەمترین مافی خۆشگوزەرانیە لە کۆمەڵگادا وگەورەترین ئامانجی خەبات و تێکۆشان لە پێناوی ئازادیدا، یەکسانی بووە بەرامبەر یاسا باوەکانی جڤاکەوە.  
یەکسان بوون بەرامبەر یاساکانی کۆمەڵگ فاکتەرێکی بەرچاوە بۆ هاتنە کایەی جۆرێک لە ئازادی. هەر هەوڵێکیش بۆ لەناو بردنی یەکسانی بەرامبەر بە یاسا باوەکانی کۆمەڵگا لە دەرەنجامدا دەبێتە هۆکارێک بۆ پوچەڵ کردنەوەی ئازادی و بەرتەسک کردنەوەی سەربەستی.

3-سۆشیالیزم:
بیرۆکەی سۆشیالیزم لەسەر بناغەی دادپەروەری و یەکسانی بونیاد نراوە. پێرەوکارانی ئەم ئایدیۆلۆژیایە پێیان وایە، زەق بوونەوەی دیاردەی نایەکسانی لە کۆمەڵگا درەنجامی باڵادەست بوونی سیستەم و عەقڵیەتی وەبەرهێنان و بەرهەم هێنان و وەدەست خستن و کەڵەکە کردنی زۆرترین سەروەت و سامان و سەرمایەو کاڵایە لە لایەن دەسەڵاتداران و دەستەبژێرێکی دیاریکراوی چەوسێنەری بازار و هێزی کارەوە، بە بێ رەچاوکردنی دۆخی کۆمەڵایەتی و ئابوری تاکەکانی کۆمەڵگە. 

ئەو فەلسەفەیەی لە پشت ئەم قوتابخانەوەیە، کۆمەڵگای مرۆڤایەتی دوێنێ و ئەمرۆ بەسەر دوو  جۆر کۆمەڵگا و چینی کۆمەڵایەتیدا دابەش دەکات. یەکەم ئەوانەی خاوەنی کارگەکانی بەرهەم هێنان و وەبەرهێنان و پوڵ و سەرمایەن، دووەم ئەو هێزەکارەی تەنیا خاوەنی هێزی بازوو کاری خۆیانن و دوور و نزیک پەیوەندیان بە موڵکداری کارگەکان و دامەزراوە بەرهەم ههێنەرەکانەوە نیەو دەکەونە دەرەوەی بازنەی خاوەندارێتیەوە.

چینی خاوەن کار بە هۆی دەست بەسەراگرتن و کۆنترۆڵ کردن و قورغ کردن و موڵکدارێتی سەرچاوەکانی داهات و ئابوریەوە، کۆنترۆڵی گشت جۆرەکانی دابەشکردنی سەروەت و سامان لە کۆمەڵگادا دەکات و خاوەنی هێزو میکانیزمی تایبەت بە خۆیەتی. هێزی لەبن نەهاتووی خاوەن موڵک لە رووی ئابوریەوە ئەو هەلەی بۆ دەرەخسێنێ کۆنترۆڵی هەموو جومگە و دامەزراوەکانی کۆمەڵگا بکات و هەموو جووڵەیەکی ئابوری لە ژێر چاودێری خۆیدابێ.  ئەم دۆخە توانایەکی لە رادەبەدەری ئابوری و سیاسی بۆ خاوەن کار فەراهەم دەکات و هیچ جووڵەیەک لە ژێر چاودێری ئەودا ون نابێ و دەبێ بە خاوەن نفوز ودەسەڵاتێکی رەهاوبێ سنوور وبەهێزی ئابوریەوەو لە رێگەی ئەم هێزەوە بەژوەندیە زۆرەکانی خۆی دەپارێزێ و بەردەوام پەرەیان پێ دەدات و مەودای جوڵەی ئابوری خۆی بەرفراوان دەکات، بە بێ ئەوەی زەڕەیەک ڕەچاوی دۆخی ژیان وگوزەرانی خراپی کۆمەڵگە بە گشتی و  تاکەکانی بە تایبەتی بکات.  
لایەنگرانی ئەم قوتابخانە فکریە نایشارنەوە، هاتنەکایەی دۆخێکی نابەرامبەری لەمجۆرە لە کۆمەڵگە، لە دوور مەودادا دەرەنجامی خراپ و ترسناکی کۆمەڵایەتیو ئابوری لێدەکەوێتەوە. درێژە کێشانی دۆخێکی وا  رەنگە دواجار ببێت بە هۆکاری ململانێ لەسەر بەرژەوەندیەکان لە لایەن توێژی خاوەن کارو دەسەڵاتدارەوە لە لایەک و نارەزایەتی چین و توێژە زەرەرمەندەکانی جڤاک لە لایەکی ترەوە. 

 گومانیشی تێدانە هەوڵنەدان بۆ دۆزینەوەی میکانیزم و چارەسەری بنەڕەتی بۆ بارودۆخێکی لەم جۆرە، دوور نیە سەربکێشێ بۆ پشێوی کۆمەڵایەتی و ئاژاوەو  هاتنەکایەی دۆخی ناسەقامگیری جڤاکی ولەبار چوونی ئاسایشی کۆمەڵایەتی و شۆڕش و ڕاپەڕین و ئاڵۆزیەوە.
مارکس پێی وایە کێشەی سەرەکی کۆمەڵگەیەکی لەمجۆرە، ناعەدالەتیە لە دابەش کردنی سەروەت و سامان لە نێوان ئەندامانی کۆمەڵگەوە. ئەو، گومانی نیە شۆڕش و راپەرین کۆتایی بەم نادادپەروەریە دێنێت.  لە دیدی مارکسەوە گەرەکە دابەش کردنی سەروەت و سامان لەهەموو کۆمەڵگەیەک لەسەر بنەمای دوو چەمکی  "پێداویستی" و "جۆری کارەوە" دابەش بکرێت، نەک بیرۆکەی " شایستە بوون". 



4-روانگەی لیبراڵ دیموکراتەکان 
هزری لیبراڵ دیموکراسی یا دیموکراسی دەستوری، جۆریك بوو لەو دیموکراسیەی لە سەدەی بیست ویەک، وەک جەمسەرێکی بەهێزو لە گەرمەی جەنگی ساردی رابردوودا، بەرامبەر سیستەمە تاک حزبیەکانی بلۆکی سۆشیالیزمی رۆژهەڵات، لە ئورووپای رۆژئاوا لە دایک بوو.  

لیبراڵ دیموکراتەکان لە رووی دەستوورەوە خاوەنی رێبازو ئاراستەی فکری لە یەکتر جیان.  ئەشێ وەک کۆماریەکانی ئەمریکا یا فەرانسە بن ورەنگیشە لە فۆرمی دانیمارک و بەریتانیا خاوەنی ستراکتۆرێکی هزری پاشایەتی بن. دەکرێ خاوەنی سیستەمی سەرۆکایەتی بن یا سیستەمی پەرلەمانی بنەمای کارو ئەندێشەیان بێت. یا وەک فەرانسە خاوەنی دوو جۆرە سیستەمی سەرۆکایەتی بن ( سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران – سەرۆکی وڵات).
مەبەست لە پێوەنانی وشەی " لیبراڵ" بە وشەی " دیموکراسی"،  وێناکردنی ئەو ڕاستیەیە کە مافە ئازادیەکانی تاک بەرامبەر بە دەسەڵات لەم جۆرە سیستەمە  بە یاسا پارێزراو دەبێت و یاسا بە کردار سەردارو سەروەر دەبێ نەک بە درووشمی قەبە و باق و بریقەدار.

5-سوودگەراین
ئەم بیرۆکەیە بەمجۆرە وێنای کۆمەڵگە دەکات:
 خێری گشتی کۆمەڵگە لە خێری تاک بە تاکی ئەندامانی کۆمەڵگەدایە. بە واتایەکیتر زامن کردنی بەرژوەندیەکانی تاک، زامن کردنی بەرژەوەندی گشتیە نەک بە پێچەوانەوە.
بەم پێیە دادپەروەری و یەکسانی  دوو هێڵی دانەبڕاون لە بەرژوەندی گشتیدا و لێک جیا ناکرێنەوە.  هەرکاتێ بەرژوەندی تاکەکانی جڤاک لە لایەن سیستەمی سیاسیەوە گەرەنتی کرا، بەرژوەندی گشتیش دەپارێزرێت و پێشێل و هەراج ناکرێت.

6-لایەنگرانی بیرۆکەی( گرێبەست گەرا)
هەردوو بیرمەندی رۆژئاوا، هابزو هیوم لە سەدەکای هەڤدە وهەژدە دوو لەو بیرمەندانە بوون بانگەشەیان بۆ ئەم هزرەو تێروانینە دەکرد. لای ئەوان چەمکی دادپەروەری گرێدراوی ئەو ( ئەرکانەیە) تاکەکانی کۆمەڵگە ئارەزوومەندانە و لە پێناوی کۆمەڵێك بەرژەوەندی و دەسکەوتەوە هەڵیان بژاردوون و وەک گرێبەستێکی کۆمەڵایەتی و بەرپرسیارەتی ئەخلاقی، مەحکومن بە ئەنجامدانیەوە. 

هیۆم لەژێر کاریگەریەکانی هزری هابز بڕوای بە تێزی " سوود" هەبوو.
ئەو پێی وابوو دادپەروەری  بەرهەمی دۆخێکە تیایدا چەمکی سوود گەیاندن بە هەموو شێوەیەک بناغەی  لە کۆمەڵگادا داکوتابێ. تاکەکانی کۆمەڵگە لە کاتی سوود گەیاندنی هاوسەنگ و یەکسان بە یەکتریەوە یارمەتیدەری چەسپاندنی دادپەروەری دەبن. نەک یەکێک بە سوودمەند بوونی لە هەموو شتێک، مافی ئەوانیتر نەدات و بیانچەوسێنێتەوە و دەست بەسەر هەموو سەرچاوەکانی ژیان و گوزەراندا بگرێ و بە ئارەزووی خۆی یاریان پێ بکات.

بە بۆچوونی هابز عەدالەت بریتیە لە فەزیڵەتێكێ ئەخڵاقی، کەوا لە میانەی بردنە سەری پەیمان و گفت و جێ بەجێکردنی بەڵێن وئەرکە کۆمەڵایەتیەکان بەرهەم دێت. ئەو پێی وابوو دادپەروەری حاڵەتێکە، تێکرای تاکەکانی کۆمەڵ لە دۆخی ژیان وگوزەرانیان رازی بن و هیچ جۆرە نارەزایەتیەک لە شێوازی دابەشکردنی سەروەت و سامانی گشتی و خزمەتگوزاریە گشتیەکان لە کۆمەڵگەدا بەدی نەکرێت و توێژێکی کەمینە رۆژبەرۆژ دەوڵەمەندتر و قەبەتر و زۆرینەش رۆژبەرۆژ هەژارتر و بێدەراندتر و ماڵوێرانتر نەکەون. 

بە دیدی فردریش هایک، مانای چەمکی دادپەروەری پەیوەستە بە جێبەجێ کردنی پڕەنسیپەکانیەوە نەک بارودۆخ و هەلومەرجەکان.

دادپەروەری گرێدراوی ستەم نەکردن و بێدادی نەکردنی تاکەکانی کۆمەڵگەیە بەرامبەر بەیەکتریەوە، نەک هێنانەکایەی دۆخێکی ناواقعی تاسەر ئێسقان پڕ لە دادپەروەری. 

حکومەتی قانون و یاساگەرا دەتوانێ بە گرتنەبەری رێبازی مامەڵەی یەکسان لەگەڵ تاکەکانی کۆمەڵ، یارمەتیدەری چەسپاندنی دادپەروەری بێ، نەک درووست کردنی دۆخێکی تەواو دادپەروەری خەیاڵی. 

هەوڵدان بۆ یەکسانسازی و نەهێشتنی جیاوازیە بەرچاوە کۆمەڵایەتیەکان  لە رووی داهات و ژیان وگوزەرانەوە، لە ناواخنی خۆیدا هەڵگری رەفتارێکی جیاکاری دەبێت. بەوەی هەر هەوڵێک بە ئاراستەی نەهێشتنی ئەم جیاوازیانە دواجار دەبێتە هۆکاری نواندنی رەفتارو هەڵسوکەوتی جیاواز لەگەڵ دۆخ و تاکەکانی کۆمەڵگەدا. 

بەلای هایکەوە، ئەندێشەی دامەزراندنی دادپەروەری یا چەسپاندنی پایەکانی دادپەروەری لەسەر بنەمای شایستەبوون و دابینکردنی پێداویستیە ژیاریەکانی ژیان، لە بنەوانەوە ناکردەییە.  هەموو پێداویستیەکان لە یەک ئاست و مایەی بەراوردکردن نین لەگەڵ یەکتریدا. چونکە هیچ جۆرە پێوەرێکی عەقڵانی و مەنتیقی بۆ درووست کردنی مۆدێلێکی جیهانی دانپیانراوو ستانداردی دادپەروەری، بۆ پرکردنەوەی پێدوایستی و بۆشاییەکان بوونی نیەو ئەمە پرسێکی رێژەییە.  هەڵسەنگاندنەکانیش لەم بوارەدا هەڵگری رەگەزێکی  خواستی تاکە کەسین و بۆن وبەرامەی سەلیقەییان لیووەدەێت و دواجار فۆڕمێکی سەلیقەیی و مەزاجگەرا وەدەردەگرن و نابن بە پێوەری رەسمی و زانستی و ستانداردەوە.

بۆیە هەر هەوڵدانێک بە ئاراستەی نەهێستنی بێدادی، لە خۆیدا هەوڵێکی سەلیقەیی و تاکەکەسی دەبێ کەوا لە ناخی خۆیدا تێکەڵیەکە لەوەی خەیاڵ وێنای دەکات و سەلیقەی هەڵیدەبژێرێ.

جگەلەمەش عەقڵیەتی هێنانەکایەی دادپەروەری بیرۆکەی (پاداشت ) بەرامبەربە( خزمەت) بە تەواوی لەبار دەبات و ناکڕێ گشت تاکێکی کۆمەڵگا بە بێ رەچاوکردنی ئاستی پێداویستی وجۆری ژیان و گوزەران و پرەنسیپی پاداشت و خزمەتەوە، لەو کۆمەڵگایەی تیایدا دەژی، لەهەموو خیروبێری کۆمەڵگە سوودمەند بێت. 

 جۆن رالز یەکێک لە ناودارترین و کاریگەرترین و ئیلهامبەخشترین فەیلەسوفەکانی سەدەی بیستەم بەم جۆرە پێناسەی دادپەروەری دەکات: 
دادپەروەری چەمکێکی دانەبڕاوە لە چەمکی ( ویژدان).  تێزی لیبراڵ دیموکراسی لەسەر بنەمای ویژدان بونیاد نراوە و لە دوو بنەمای سەرەکی پێک هاتووە.
 بنەمای یەکەم: 
بریتیە لە ئازادی و رەخساندنی دەرفەت بۆ هەمووان. بەم مەبنایە ئازادی و دەرفەتە یەکسانەکان گەرەکە بۆ هەمووان بن و تایبەت نەبن بە چین و توێژێکی دیاریکراوەوە، بە ئارەزووی خۆیان و لە روانگەی بەرژەوەندیە چینایەتی و ئۆرگانیەکانی خۆیانەوە یاری بە داهات و سەرچاوەی ژیان وگوزەرانی گشتیەوە بکەن و بنەماکانی یەکسانی لەناوبەرن. بنەمای یەکەم پێداگری لەسەر  چەمکی یەکسان بوونی ماف و ئازادیە مەدەنی و سیاسیەکان دەکاتەوە و دژی قورغ کردنیەتی بە بروبیانوی جیاوازەوە.

بنەمای دووەم:
بریتیە لە ئەو بنەمایانەی شەرعیەت بە نایەکسانی و بێدادی دەبەخشن.  ئەم بنەمایە پێداگری لەسەر ئەوە دەکاتەوە، هەموو نایەکسانیەکی سەپێندراوو بە ئەمری واقع کراو  گەرەکە بە جۆرێک رێکبخرێت جیاوازی ئاستی ژیان وگوزەرانی  چینێکی دیاریکراوی کۆمەڵ لەگەڵ ئەوانیتر وەک مەدوای نێوان ئاسمان و زەوی نەبێ. واتا چینێک پێی بمرن  ( لە ناوزو نیعمەتدا بژین)   و چینێکیش بۆی بمرن ( لە نەهامەتی و بێدەرەتانیدا بتلێنەوە). 

7- فێمینیستەکان
فێمینیەستەکان سەرەڕای بیروبۆچوونی تایبەتیان سەبارەت بە یەکسان بوونی ژن وپیاو، سەرقافڵە و ئاڵا هەڵگری یەکسان بوونی مافەکانن لە نێوان ئەم دوو توێژەدا.  ئەمان هەرجۆرە جیاکاریەکی رەگەزی لە نێوان پیاوو ئافرەت ڕەت دەکەنەوەو خوازیاری زامن کردنی مافە مەدەنی و یاساییەکانی ئافرەتن لە گشت بوارەکانی رووبەری ژیاندا و هەر لە پێناوی سەرخستنی ئەم درووشمەشدا تێدەکۆشن و تا کو ئێستاش دەیان گرووپ و کۆمەڵە و رێکخراوی تایبەت بە خۆیان لە سەرانسەری جیهاندا دامەزراندووەو دەنگ و سیمایەکی دیاری ئەم بوارەن.  

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×