یەکێک لە تایبەتمەندیە سەرەکیەکانی هەر سەرۆکێک و سەرکردەیەکی سیاسی، توانستی بەرهەمهێنانی ئەو برواومتمانەیەیە، کەسایەتی سەرۆک لە میانەی ماوەی حوکمڕانیدا بتوانێ دەستی بخات و بنکە جەماماوەریەکەی بهێنێتە سەر شارێگای بروا هێنان بە بەڵێن و لێدوان و سیاسەت و ئاخافتنەکانیەوە.
رەگەزە شاراوە پۆپۆلیستیە دەمارگیریەکانی دۆناڵد ترامپی سەرۆکی ئەمریکا، دوای تێپەڕینی زیاتر لە دوو ساڵ بەسەر ماوەی حوکمڕانیدا هەنوکە بۆ هیچ کەسێک داپۆشراوو شاراوەو تەماوی نین.
لە دونیای سیاسەت بە گشتی و رۆژئاوا بە تایبەتی هەمیشە ڕادەی مسداقیەتی سەرۆک بەردی بناغەی درێژەپێدانی حوکمرانی و مسۆگەرکردنی ئاییندەی سیاسی و بنکەی جەماوەری بەرفراوان و یەکپارچەو وەفادار بووە. بەردەر لەمە هەر جۆرە خۆلادانێک لە راستیەکان و شاردنەوەیان لە رای گشتی و پەردەپۆش کردنی حەقیقەتی رووداوەکانی رۆژانەی پەیوەست بە کاروباری وڵاتو هاونیشتیمانیانەوە، یان هەوڵدان بۆ چەواشەکاری و بە لارێدابردنی بە ئەنقەست، دواجار بە گران لەسەر خودی سەرۆکە و پارت و لایەنە سیاسیەکەی پشتیەوە دەوەستێ و لە کاتی هەڵبژاردنەکاندا باجی چەواشەکاری و لە خشتەبردنی جەماوەر، رووبەرووی سەرۆکی نابەرپرسیار دەکرێتەوە.
پۆپۆلیزمی نەژادی
پەیوەست بە ئەمریکا، هەوادارن و دەنگدەرانی کۆماریەکان لە دوو ساڵی رابردوودا تەواو ئاگاداری هەڵسوکەوتە ناهەماهەنگ و پۆپۆلیستی و چەواشەکاری و درۆکانی سەرۆکن، لێ تا بۆیان بکرێ خۆیانی لێ نەبان دەکەن و لە جیاتی دانانی هێمای پرسیار لەسەر ڕادەی بڕواو متمانە بە سەرۆک و لێدوانە دەم دەمیەکانیەوە، تەواو پشتگیری خۆیانی بۆ دووپات دەکەنەوە.
لایەنگرانی سەرۆک و شێتو شەیدایانی ترامپ و ئایدیای ترامپیزم و دەروێشانی رێبازە تووند و راستڕۆییەکانی، هەموو درۆو لێدوانە چەواشەکاریەکانی ترامپ بە یەک رستە وەڵام دەدەنەوە:
”just Trump being Trump”.
" تەنیا ترامپ، ترامپ بێت"
ئەم رستەیە دەرخەرو بەڵگەیە لەسەر جۆری بیر کردنەوەی لایەنگرانی سەرۆکی ئەمریکا. ئەمان بە بوونی سەرۆکێکی وا تووندڕەو و پۆپۆلیست و ڕاستڕۆی پەرتکەرەوە دڵشادن و شانازیشی پێودەکەن. ئەمان هەست دەکەن جارێکی تر شکۆو هێزو هەیبەت و پێگە بۆ ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە ئاستی جیهان گەراوەتەوە.
لە رووی دەروون ناسیەوە بنکە جەماوەریەکەی سەرۆکی ئەمریکا بەشێکن لەو دونیایەی ترامپ بۆیانی وێنا دەکات. جیهانێک سەرلەبەری نۆرم و تێگەیشتن و هەستی ناسیۆنالیزمی سەردمی پۆست ئۆباما، تیایدا گەشە دەکات و گشت رەنگ و بۆن وبەرامەو نۆرم و بیروبۆچوون و ئایدیۆلۆژی وئایدیاکانی تر لە بنەماوە ڕەت دەکاتەوە. تەنانەت گشت هەواڵیکی دەزگاکانی راگەیاندنی ئەمریکا ئەگەر بە دڵی ئەو نەبێت بە ( هەواڵی ساختە Fake News ) دەچوێنێ و لە نرخ وبایەخەکەی کەم دەکاتەوە.
جەماوەری حەماسی حەزیان لە چی بێ، سەرۆک باسی ئەویان بۆ دەکات و سڵ لە پەلاماردان و ناوهێنان و ناوزڕاندن و بچوک کردنەوەو پێشێل کردنی مافو تایبەتمەندی هیچ کەسایەتی ولایەنێکی دیاری کراوو وڵاتێک ناکاتەوە.
ئەم ناسیۆنالیزمە تازەیەی ترامپ سەرکردایەتی دەکات، تێکەڵەیەکە لە ئایدیۆلۆژیای نەتەوەپەرەستی سەردەستی سپی پێست ( فاشیزمی سپی یا فاشیزمی مۆدیرن یا فاشیزمی نەژادی ...لەواتارێکیدیکەدا دەپرژێمەسەری) و دەمارگیری نەژادی لە لایەک و هێزی فەرمانرەوایی کردنی جیهان و گێرانەوەی پێگە ستراتیژی و سیاسی و سەربازی و ئابوریەکەی بۆ دۆخی جاران، لە لایەکی ترەوە. بەڵام بێ ئاگا لەوەی جیهانی ئێستا لە زۆر رووەوە زۆر جیاوازترە لەو جیهان و حیکایەت و رووداوانەی لە سەدەی رابردوو مرۆڤایەتی شاهیدی بوو و تیایدا دەژیا.
گەر لەم دەلاقەیەوە لە دۆخی ئێستای ئەمریکا بڕوانین و لە رووداوەکانی دوو ساڵی رابردووەوە ورد بینەوە، نیشانە و هێماکانی ئەم تایپەلە بیرکردنەوەیەمان بە ئاشکرا بۆ دەردەکەوێ. تایپێک بەردەوام حەزی لە ئاڵۆزکردنی دۆخی وڵاتان و تێکدانی ئاسایشی ناوچە جیاجیاکان و سەپاندنی هەژمونی سەربازی و ئابوری و سیاسیەکەیەو هەوڵی رەهای سەرکردایەتی کردنی جیهان دەدات.
لە دونیای سیاسەتدا هەمیشە هێزی ئابوری توانیویەتی پاڵپشتێکی بەهێزو نکۆڵی لێنەکراوی بونیاد نانی هێزی سیاسی و دیپلۆماسی بێت و لەپاڵ ئەم دوو فاکتەرەشدا بونیادی پتەوی هێزی سەربازی توانیویەتی ڕۆڵی یەکلاکەرەوە لە بەخشینی نازناوی زلهێز ببەخشێتەوە وڵاتانەوە.
ئاورێک لە رابردوو
مێژووی ململانێکانی جەنگی سارد و رووداوەکانی سەدەی رابردوو پێمان دەڵێن، ئەمریکا لە سەدەی رابردوودا توانی بە سود وەرگرتن لە پێشکەوتنە خێراکانی بواری تێکنۆلۆژیاو سەربازی و دەست تێوەردان لە کاروباری وڵاتان، ئەم ڕۆڵە بۆ خۆی دەستەبەر بکات و لە چەندین بەرەوە لەگەڵ ئەو وڵاتانە بکەوێتە ململانێوە، ئامادە نەبوون مل بۆ داواکاریەکانی بدەن و بکەونە ژێر هەژمونیەوە.
دوای کۆتایی دووەم جەنگی جیهانی، ئەمریکا سەرکردایەتی بەرەی دژە نازیسم و دەمارگیری ناسیۆنالیزمی وێرانکەری ئەڵمانیای گرتە دەست و توانی بەهۆی دووربوونی لە سنوورەکانی جەنگەوە، ئەوروپای رۆژئاوا بێنێتە ژێڕ رکێفی خۆیەوە. بۆیە دوای هەوڵ و تەقەلایەکی زۆر پەیمانی ناتۆی دژی بلۆکی کۆمۆنیزمی ئۆروپای رۆژهەڵات راگەیاند و بەدرێژایی ساڵانی جەنگی ساردەوە رۆڵی یەکلا کەرەوەی لە سەپاندنی شەرتو مەرجەکانی خۆی بەسەر ئۆروپای رۆژئاوادا گێراو چەندین بنکەو بارەگای سەربازی لە ئەوروپا دامەزراند. لەهەمان کاتیشدا هاوکاریەکی بەرفروانی وڵاتانی زیان لێکەتووی ئەوروپای رۆژئاوای کرد لە چوارچێوەی هاوکاریە مادیەکان بە ناوی ( پلانی مارشاڵەوە).
ئەم بۆچوونە ( زلهێزو پۆلیسی نێودەوڵەتی) رەنگە رەگو ریشەکەی بۆ مێژووی سێ سەد ساڵی رابردووی دروست بوونی ئەمریکا بگەرێتەوە. بەڵام بە کەمێک خاڵی جیاوازەوە.
سەرۆک و سەرکردە و پیاوانی بواری سەربازی و سیاسی ئەمریکا دوای تێپەراندنی جەنگێکی ماڵوێرانکاری ناوەخۆ و بەزاندنی گشت کۆسپ و تەگەرەکانی بەردەم هێنانەکایەی وڵاتێک بە ناوی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، توانیان جۆرێک لە پێکەوە ژیانی ئارەزوومەندانە لە نێوان چین و توێژ و رەگەزە جیاوازە کۆچەریەکانی ئەم وڵاتە بهێننە کایەوە و هەنگاو بەرەو دامەزراندنی نیشتیمانێک بنێن بە ناوی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا.
ئەم وڵاتە لە نیوەی دووەمی سەدەی هەژدە توانی مێژووی شەڕوشۆڕو پێکدادان و جەنگە ناوەخۆییەکانی تێپەرێنی و بەرەو پێشکەوتن و شارستانیەتی مۆدێرن ئاراستە بگرێ.
بەڵام سەیرەکە لەوەدایە وڵاتێک بەم گەورەیی و پانتا بەرفراوان و ژمارە زۆرەی دانیشتوانیەوە تەنیا خاوەنی دوو پارت و دوو تایپ لە ئایدیا وجۆرە فکر و ئایدیۆلۆژیای حزبایەتی و کاری سیاسیە.
سەرکەوتنی ترامپ
سەرکەوتنی دۆناڵدترامپ لە دوایین هەڵبژاردنەکانی ئەمریکا، بە هاوکاری روسەکان بووبێت یا نا، زەنگێکی هۆشداری بوو بۆ سیستەمی جێگیری سیاسی چەندین دەیەی رابردووی ئەم وڵاتە و پەیامێکی ئاگادارکردنەوەی ئەو دەستەبژێرە سیاسیە بوو، ماوەی زیاتر لە سێ سەد ساڵە جڵەوی دەسەڵاتیان لەم وڵاتەدا لەدەست دابووە.
هەرچەندە ترامپ لە رووکەشدا نوێنەرایەتی کۆماریەکان دەکات، لێ لە ناخی خۆیدا هەڵگری ئایدیۆلۆژیایەکی راسترۆی شەرەنگێز و پەرتکەرو تووندڕۆ و گوتارێکی حەماسی و پەلاماردەرە. ئەو گوتارەی ترامپ هەڵگریتی، رێک ئەو گوتارەیە راسترۆکانی ئەمریکاو بزوتنەوە کۆنسێرڤاتیڤە مەسیحیەکان ( پارێزگارە نەریتگەرا ئایینیەکان) هەڵگرینی. بە واتایەکیتر ترامپ نوێنەرایەتی رەوتە راسترۆ نەریتگەراکانی ئەمریکا و تەنانەت ئەوروپاش دەکات و بە سەرۆک و سەرقافڵەی ئەم بزاڤانە دەژمێردرێت.
لێدوانەکانی ترامپ لە دوو ساڵی رابردوودا چ لە ئاستی ناوەخۆ و چ لە ئاستی نێودەوڵەتیدا خاڵی بوونە لە تایبەتمەندی دیپلۆماسی و ژیری و حیکمەتی سیاسی و بە هیچ شێوەیەک هەڵگری سیحری نزیک کردنەوەی لایەنە پێک ناکۆکەکانیان نەبووە، بەڵکو ( تویتی دیپلۆماسی) شوێن دیپلۆماسی سەر ئەرزی واقعیان گرتۆتەوە. ترامپ لە دوو ساڵی رابردوودا لە رێگەی تویتەرەوە سیاسەتی کردووەو تەنیا بە دوو یا سێ دێڕ هەڵوێستی خۆی بەرامبەر زۆربەی رووداوە سیاسیەکان خستۆتە روو.
ترامپ نەک هەر لە ناوەخۆ بەرەیەکی رانەگەیندراوی دژە مێدیای دەسەڵاتی چوارەمی گەڵاڵە کرد و زیاتر پشتی بە تویتە کورتەکانیەوە بەست، بەڵکو لە دەرەوەش هەم لەگەڵ نەیارەکانی ئەمریکا کەوتە ململانێ و لێدوانی ئاگرین و هەمیش هەوڵی داوە هاوپەیمانە ئۆروپاییەکانی پەرت کات و دەرز بخاتە نێو ریزەکانی یەکێتی ئەورووپاوە. پشتگیری ناوبراو لە دەرچوونی بە پەلەی بەریتانیا لە دامەزراوەی یەکێتی ئوروپا، نمونەیەکی هەرە زیندووی هەڵوێستی ترامپە بەرامبەر بە یەکێتی ئەوروپا و ئارەزووی هەڵوەشانەوەی ئەم دامەزراوە دیموکراسیە.
ترامپ پێی وایە ئەو توانیویەتی بە گرتنە بەری ئەو سیاسەتەی لە دوو ساڵی رابردوودا لە ئاستی جیهانی گرتوویەتەبەر، شکۆو گەورەیی بۆ ئەمریکا و ناوو ناوبانگی لەدەست چووی ( بە بڕوای ئەو) بگێرێتەوە و سەردەمی پۆست ئۆبامای دەستەبژێری روناکبیرە سیاسیە ئەکادێمیستەکانی ئەمریکا تێپەرێنێ.
پەرچەکردارەکانی ترامپ
ترامپ لە لایەک فشار بۆ کۆریای باکور دەهێنێ دەست بەرداری پرۆگرامە ئەتۆمیەکەی بێت، لەولاوە کەوتۆتە شەڕێکی رانەگەینراوی بازرگانی لەگەڵ وڵاتی چین، لەم لاشەوە هانی بەریتانیا دەدات پرۆسەی چوونە دەرەوە لە یەکێتی ئەوروپا خێراتر بکات.
ترامپ بەوەش نەوەستاوە فشارێکی یەجگار زۆری بۆ ئەندامانی پەیمانی ناتۆ هێناوە لە رووی داراییەوە زیاتر هاوکاری دامەزراوەکە بکەن و ئەمریکا چیتر ئامادەی تێدا نیە بەشی هەرە زۆری خەرجیە سەربازیەکان بگرێتە ئەستۆوە. هەروەک چەندین جاریش هەرەشەی لە یەکێتی ئۆروپا کرد بەوەی باجی زیاتر دەخاتە سەر کەلوپەلەکانی هەناردەکراویان بۆ ئەمریکا. سەرۆکی ئەمریکا تاکلایەنە لە رێککەوتنی کەشوهەوای پاریس و رێککەتنی بازرگانی ئاسیای رۆژەهەڵات کشایەوە و راشیگەیاندووە بە نیازە لە چەندین پەیمان نامە و رێککەوتنیتریش بکشێتەوە ئەگەر بێتوو بەرژەوەندیە ستراتیژی و ژیاریەکانی وڵاتەکەی تیایاندا رەچاو نەکرێت. ترامپ نیازی خۆی لە دەست خستنە نێو کاروباری وڵاتی قەیرانلێدراوی ڤێنێزوێلاش نەشاردۆتەوە بۆ کۆتایی هێنان بە ماوەی سەرۆکایەتی مۆدۆرۆی سەرۆکی وڵات و هێنانە سەرکاری ئۆپۆزیسیۆن. لە دوا هەوڵێشیدا سەرقاڵی لەشکەر کێشیە بۆ سەر ئێران و فشار خستنە سەر ئەو وڵاتە و ناچارکردنی بە مل دان بۆ داواکاریەکانی و پاراستنی بەرژەوەندیە ئەمنیەکانی ئیسرائیل.
ناوبراو نەیشاردۆیتەوە تەنانەت ئامادەیی ئەوەیشی تێدایە رووبکاتە ئەنجامدانی مانۆرە سیاسیە حیساب بۆ نەکراوە سیاسی و دیپلۆماسی و ئۆپەراسیۆنە کتوپڕە سەربازیەکان و بە پێی قەوارەی بەرژەوەندیە ژیاریەکانی ئەمریکا هەنگاوی لەناکاو هەڵینێ و گۆمە مەنگەکان بشڵەقێنێ و دۆخەکان ئاڵۆز بکات. هەموو ئەم هەڵسوکەوتانەی سەرۆکی ئەمریکا بەڵگەن لەسەر ئامادەیی خوێکی شەرانگێزی و تووندڕۆیی لە ناخیداو گوێ نەدان بە بارودۆخی نێودەوڵەتی و رێزنان لە سەروەری وڵاتان و رێزو تێگەیشتنی دوولایەنە و پاراستنی بەرژەوەندیە هاوبەشەکان.
دیپلۆماسی تویتەر
لەوەتەی دۆناڵد ترامپ بۆتە سەرۆکی ئەمریکا، هەڵسوکەوت و توویت و لێدوانەکانی بوونەتە جێی سەرنج و تێڕامان و تیشک خستنە سەریان لە لایەن ناوەندە سیاسی و دیپلۆماسیەکانەوە.
جێی سەرسوڕمانە رێژەی خۆشەویستی ترامپ لە نێو بنکە جەماوەریەکەیدا لە دوو ساڵی رابردوودا هیچ گۆرانکاری رادیکاڵی بەسەردا نەهاتووەو کەمی نەکردووە و لە پاشەکشێی نەداوە. سەرەرای ئەوهەموو کێشەیەی بۆ خودی خۆی و ئیدارەکەی و دەست لەکار کێشانەوەی بە لێشاوی کاربەدستان و ستافی ئیدارەکەی رووبەرووی بۆتەوە.
پەیامنێری کەناڵی یەکی دانیمارکی لە ئەمریکا بەر لە چەند مانگێک دوای رەزامەندی وەرگرتن و رێگە پێدانی لە لایەن گرووپێکی تووندڕۆی هەواداری ترامپ لە یەکێک لە ویلایەتەکانی ئەمریکا، سەردانی کەمپێکی مەشق و راهێنانی جەنگ و مێتۆدەکانی شەڕی دەستەویەخەو چۆنیەتی بەکار هێنانی چەکی سووکی گرووپەکەی کرد. سەرۆکی گرووپەکە کە خۆی بە دەنگدەرو لایەنگری سەرسەختی دۆناڵد ترامپ دایە قەڵەم، زۆر راشکاوانە دەنگۆی دادگایی کردن یا لادانی ترامپی بە تووندی رەت کردەوەو ئامادەیی گرووپەکەی بۆ هەڵایسانی شەڕ و بەرگری کردن لە ترامپ ئاشکرا کرد.
راپۆرتی میولەریش، پەیوەست بە لێکۆڵینەوە لە ئەگەری تێوەگڵانی رووسەکان لە هەڵبژاردنە گشتیەکانی دوو ساڵ لەمەوبە ر و هاوکاری کردنی ترامپ لە سەرکەوتنی بەسەر هێلاری کلینتۆندا، لەولا بوەستێ.
بەگوێرەی راپۆرتێکی کەناڵی سی ان انی ئەمریکیەوە لە دووسەت رۆژی رابردووی ماوەی سەرۆکایەتی ترامپ تا کو ئێستا، ترامپ رۆژانە بیست و دوو جار لێدوانی ناراستی بە دەزگاکانی راگەیاندن داوە و بەهیچ شێوەیەک پەرێزی راستگۆیی خۆی ( گەر هەیبێ) نەپاراستووە. ئەوەی زیاتر بەلای ترامپەوە گرینگ و شوێنی بایەخ پێدان بووە، بردنەسەری ئەو بەڵێنانەیە لە کاتی هەڵمەتەکانی هەڵبژاردندا بە دەنگدەرانی داوە.
لێکۆڵینەوەیەکی تر دەریخستووە زۆربەی لێدوانەکانی ترامپ تەعبیرن لە هەست و نەستی ناوبراو نەک مامەڵەکردن لەگەڵ فاکت و راستیەکان. ترامپ پێی وایە ئەوەی ئەو دەیانڵێت گشتی راستین و ئەوە دەزگاکانی راگەیاندنن راستیەکانی لێ ( چەواشە) دەکەن و لەگەڵ گەلی ئەمریکی راستگۆ نین.
سەیریش لەوەدایە دەنگدەرە وەفادارەکانی ترامپ بە گشتی و ئەو هەوادارانەی بە تایبەتی سەرسامن پێی، بروا بە قسەکانی دەکەن، وێڕای ئەوەی دەزانن ترامپ راستی ناڵێت و درۆ دەکات. رۆژنامەی واشنتۆن پۆست لە توێژینەوەیەکی مناگێک لەمەوبەر نووسیبووی 56% لە دەنگدەرانی ترامپ بێ تێفکرین و بەدواداچوونی وردەوە، بروا بە درۆکانی دەکەن.
هەروەک رۆژنامەی واشنتۆن پۆست نموونەی هێناوەتەوە، ناوبراو ساڵی رابردوو زیاتر لە سەد جار و لە چەندین شوێن وتوویەتی، دەست کراوە بە دروست کردنی دیوارە کۆنکرێتیەکەی سەر سنووری ئەمریکا و مەکزیک، کەچی هێشتا دروست کردنی دیوارەکە بەردی بناغەشی بۆ دانەنرابوو. رەخنەگران لەسەر یەک شت هاوڕان: دۆناڵد ترامپ نوێنەرایەتی کۆنسێرڤاتیڤە ئاییندارە تووندڕۆکانی ئەمریکا دەکات و خاوەنی خوێکی تووندە و ئامادەیی هەستی دەمارگیری و مەیل و خواستێکی قوڵ و ئاگرین و لغاوپچراوی ناسیۆنالیزمی نەژادی ئاراستەی هەڵسوکەوتەکانی دەکات و زیاتر مەیلی بەلای ورووژاندن و ختوکەدان و ئاڵۆزکاریە تا چارەسەر و پاراستنی هێمنی و گرتنەبەری رێکارە دیپلۆماسیەکان و سوود وەرگرتن لە ژیری سیاسی و عەقڵانیەتی دیپلۆماسی.