فوول لایتەکەت بکوژێنەوە تا ماڵتی وێران نەکردووە…تا خێزانەکەتی سەرگەردان و مناڵەکانتی لەسۆزی باوک و خۆشەویستی خێزان بێ بەش نەکردووە.
گۆڵ لە تیپی بەرامبەرت مەکە تا هاندەرانی تیپی بەرامبەر بە هۆتاف و درووشمی ناشرین و سووک پەلاماریان نەداوی و نایانکردووە بە شەڕەشار و شەڕە خێڵ و جەنگی سەرتاسەری.
داوای قەرزەکانت مەکەرەوە تا لەسەر قەرز بە دوو فیشەک ساردیان نەکردوویەتەوە.
مشتومڕی سیاسی و موناقەشەی نشوست و شکستەکان مەکە، رەخنە مەگرە، تێبینیت نەبێ، قاز ئاسا سەر بلەقێنە، تا وەک تێکدەرو لادەرو هەڵگەڕاوو دژو گۆڕاو، مۆرکی هەڵگەڕانەوەو خیانەتیان لە نێوچەوان نەداوی.
فوول لایتکەت بکوژێنەوە تا منداڵەکانتی سەرگەردانی کۆچەوکۆڵانەکان نەکردووە. بیکوژێنەوە تا عەنتەرێکی خۆپەرەستی فشۆڵ، بە عەنتەریات هەڵی نەکوتاوەتە سەرت و هەنجن بە هەنجنی نەکردووی.
فوول لایتەکەت بکوژێنەوە تا فوولێکی مەستی لە خوا بێ ئاگا و بێ بەزەیی و دڵڕەق و بێ دەماغ، دانەبەزیوەتە سەرت و بێ پرس و وەڵام و هۆکار، یەک مەخزەن فیشەکی ڕقاوی لە ناو جەستەت بەتاڵ نەکردووە.
فوول لایتەکەت بکوژێنەوە تا نەیانکوشتووی و تا گەڕەکێکی پرسەدارو مناڵەکانتی هەتیو نەخستووە.
چ زەمەنێکە دەستی باوک دەچێتە خوێنی کوڕ و دەستی کوڕ دەچێتە خوێنی باوک و زاوا بە خەزوور و خەزوور بە زاواو و ئامۆزا بە ئامۆزا و قوتابی بە مامۆستا و مامۆستا بە قوتابیەوە. چ رۆژگارێکە منداڵ بەزەیی بە دایکوباوکیدا نایەتەوە.
سەگ پەلاماری گەورەوبچووک و گەورە بچووکیش پەلاماری یەکتر بدەن و شەوو رۆژ چەقۆ لەیەکتر بسون و جار ناجارێکیش لە بۆنەو مەڕاسیمێکی نیشتیمانیەوە، لە رووی ناچاری و بۆ نمایشەوە بۆ مێژوویەکی پڕلە تراژێدیای نەتەوەییش بگرین؟
لە کوێی دونیا بووە لەسەر لەفە، ترافیک لایت، ڕاگرتنی ئوتۆمبێل، شکاندنەوە، فوول لایت، قەرز، کێشەی کۆمەڵایەیی، جیاوازی بۆچوونی سیاسی، شەڕەمناڵ، شەڕەکۆتر، شکاندنەوە، هۆڕن لێدان، شەڕەگەڕەک گەورەو بچوکی کۆمەڵگا بەدوای بیانوویەکەوەبن هێرش و هەڵمەت بەرن بۆ سەر یەکتر و لە قەڵاچۆ کردنی یەکتر ساتێک نەسڵەمێننەوەو لە پاڵ ئەم فەوزاو ئاڵۆزیەشدا، ڕق و قین بەرامبەر یەکترو شارو زۆن و ناوچەی یەکتر هەڵبگرن و بە سەرسووڕمانەوە داوای ئازادی و شارستانیەت و دیموکراسی و دەوڵەت و سەربەخۆیی و ڕێزلێنانی بیانیەکان بکەن؟
هەمیشە حیکایەتی “دەنگ”ی زوڵاڵ بە بێدەنگی “بێ “ دەنگەکان کۆتایی دێت.
پرسیاری جەوهەری و مێژوویی و عەقڵانی ئەمەیە:
بۆ کورد دوای ئەم هەموو قوربانیدانە، دوای ئەم هەموو کارەساتە، دوای بڕینی ئەم هەموو قۆناغە سەختە، دوای بڕینی ئەم هەموو هەورازو نشێوە، بێرە بگات…؟؟؟