کات و زەمەن بێدەنگن، دەنگیان نیە، بەڵام تێناپەڕن. کات وێنای ئەو چرکەساتانەیە ئێمە بە هەستەکانمانەوە هەستی پێ دەکەین و وا وێنای دەکەین تێدەپەڕێ و بەرەو کۆتایی هەنگاو ئەنێ و ئاڕاستەکەی دیارە.
کات شتێکی مەلموس و فیزیکی و پێدراوێکی قابیلی بینین و دەست لێدان نیە تا بە چاو بیبینین بزانین بە چ خێراییەک لە تەکمانەوە تێدەپەڕێ. ئەوە ئێمەین لە رووی زیهن و فکرەوە وا فێرکراوین و فێربووین، کات شتێکە وەک هەموو شتە بینراوەکانیتر بە فۆڕم و قەوارەی جیاواز توانای تێپەڕبوونی هەیە و لە یەک شوێن ناگیرسێتەوەو بە ناخی مرۆڤەکاندا تێدەپەڕێ.
ئەو شتەی دەنگی هەیەو چرکەساتەکان لەهەژماری زاکیرەی ئێمەدا بە خێراییەکی سەرسووڕهێنەرەوە تۆماردەکا، کاتژمێرە. کاتژمێر، بێ وەستان و بێ پچڕان لە پەیوەندیەکی ڕاستەخۆو، جاری واش هەیە لە پەراوێزی رووداوەکانی هەناوی زەمەن، کاتەکان هەژمار دەکات. کاتژمێر لێرەدا لە چەشنی ئامێرو مەکینەیەکی وردی ژماردن، کات و زەمەن لە داڵانەکانی خەیاڵدانی مرۆڤ، بە کۆد و نهێنی زۆرەوە هەژمارو تۆمار دەکات.
زیهنی مرۆڤەکان لەوە ڕاهاتووە کات و زەمەن وەک رووداوێک و پێدراوێکی فیزیکی لە خەیاڵی خۆیدا وێنا بکات و دواجار لە چەشنی فاکتێکی سەرووی خەیاڵ و حەقیقەتێکی پیرۆزو دەست لێنەدراو لە ناخیدا گەڵاڵەی بکات.
تێپەڕینی کات و زەمەن هێمای ئەو تێگەیشتنە سوبێکتەی مرۆڤە بەرامبەر بە “ دوێنێ” و “ ئێستا”ی و کائیناتی ناویەوە. هێمای ئەو تێگەیشتن و پێش داوەریە زیهنیانەیە مرۆڤ لە رۆژی لە دایکبوونیەوە فێری دەبێ و لە فێرگەی زیهنیدا بە پیرۆزکراوو جێگیرو نەگۆڕ وێنایان دەکات.
کات و زەمەن لەهەوڵەکانیان بۆ بڕینی پانتای مێژوو، بۆ تەی کردنی هەوراز و نشێوو هەڵکشان و داکشان و سەرکەوتن و دابەزینەکانی ناو مێژوو، هەموو پێدراوو رووداوو و بویەر و پێدراوەکانی ناو مێژوو دەبڕن و تەفروو تونایان دەکەن و قووتیان ئەدەن. هەروەک خۆر لە رۆژهەڵاتەوە لە چرکەساتی هەڵاتنیداو تا چرکەساتی ئاوابوونی، کاریگەری ڕاستەوخۆ دەکاتە سەر مەفهومی “ رۆژ” و وەک ئیلهامبەخشێکی بەهێز و باڵادەستێکی گەورە، مانایەکی قووڵ بە چەمکی “ رۆژ “ و ماهیەتی ئەبەخشێت.
کات و زەمەن هەن و هەر هەشبوونەو لە شوێن خۆیاندا وەستاون. ئەوە ئەوانن بینەری تێپەڕینی ئێمەن بە ناو داڵانەکانی مێژووی نەنووسراوی ئەواندا.
ئەوان تێناپەڕن. ئەوە ئێمەی گەریدەی بە تاڵووکەو بەپەلەو بە هەڵپەو چاوەڕوانی و پلان و سەرقاڵی رووبەری دونیاین، بێ هەر جۆرە هەڵوەستەیەک بەرامبەر بە کات و زەمەنی باڵادەستەوە تێدەپەڕین. تەمەنی تێپەڕو کورتی مرۆڤ لە خۆیدا بەڵگەیەکی بەهێزە لەسەر ئەم حەقیقەتە.
کات و زەمەن بەو فۆڕمەی ئێمە تێی گەیشتووین هەڵگری تایبەتمەندی لەناوبردن و وێران کردنن. کات و زەمەن شارستانیەتەکان ئاوەژوو دەکەن. گۆڕانکاری بەسەر شوێنەوارە مێژووییەکان و ئاڕاستەی ئاوەکان و سیستەمی ژیان و شارو ئاوەدانیەکاندا دەهێنن و لە پاڵ ئەمەشدا شاهیدی لە داکبوون و رەوتی ژیان و ساتەوەختی مەرگی مرۆڤەکانن.
کات و زەمەن لە گەرمەی هەڵگیرسانی جەنگەکان، نەوە دوای نەوە بەرەو لەناوچوون دەبەن و ئاوەدانیەکان ئەکەن بە کەلاوە. هەربۆیەش مرۆڤەکان کاتێک دەیانهەوێ وێنای کاولکاریەکان بکەن، پەنادەبەنە بەر دەستەواژەی:
“ کات” گۆڕانکاری بەسەر هەموو شتەکان، مرۆڤەکان، تێگەیشتنەکان، ئایدیۆلۆجیەکان و سەردەم و قۆناغەکاندا دەهێنێ و لێی پاشگەز نابيتەوە. ئەوە ئێمەین لەم ململانێ ناکۆتایە تووندەدا، بێ ئەوەی هەستی پێ بکەین کەوتوویەنەتە بەر کەلبەو ددانی کات و زەمەن و بکەرانی بێ ویژدانی ناویانەوەو لە هەموو حاڵەتێکدا رێبوارو گەریدەی پانتای ئەم زەمەنەی ئێستای “ کاتین” و ئەشێت بە بێ ویستی خۆمان تەسلیمیان بین .