مرۆڤی بێ دەسەڵات لە دۆخی ئەبەدییەتدا

شۆرش خالید ئاژگەیی
  2025-04-07     118

ئەشێت ئەبەدییەت یا هەمیشەیی بوون، بەدەر لە ماناو مەفهومە ئایینیەکەی، مەفهومێکی تری فەلسەفیشی لێوە ڕاڤە بکەین وبەهەلومەرج یا دۆخێکی چەقبەستوو وێنا بکرێت. 

هەمیشەیی بوونی دۆخ یا هەلومەرج و شوێنگە، ئەو شوێنەیە هیچ شتێک گۆڕانکاری بەسەردا نایەت. لە ئەبەدییەتدا  زەمەن وەستاوە و هەڵگری هیچ کام لە فۆڕمەکانی گۆڕانکاری و ریفۆڕم و جووڵە بەرەو پێشەوەچوون نیە. ماهیەتی هەمیشەیی بوون و ماناکەی لە ناو خودی هەمیشەیی بووندا قەتیس ماون. 

 

لە ئەبەدییەتدا بێدەنگیەکی جوان هەیە وێنای ئەو فەزا گشتیە دەکات، ئەبەدییەت تیایدا باڵادەستە. دۆخی ئەبەدییەت بە چاو دەبینرێت و بەهەستیش هەستی پێ دەکرێ. ئەم دۆخە سەرەتا و کۆتاییەکەی دیار نیە و فەزای گشتی ئەبەدییەت فەزای ئێستایەکی وەستاوو چەقبەستوو و مەنگە. 

لە دۆخی ئەبەدییەتدا زمان توانای وەسفی خۆی و ئەو بکەرانەی نیە دۆخی ئەبەدییەتیان دروست کردووە. بگرە زمان لێرەدا توانای دەربڕین و بە وشەکردن و وێناکردنی دۆخەکەی لەدەست داوەو خۆیشی بووە بەشێک لەو دۆخ و جیهانە هەمیشەییەوە. 

 

رەگەزە پێکهێنەرەکانی دۆخی هەمیشەییبوون  گەشە ناکەن و هەرچەندە توانستی گەشە سەندن و گۆڕان و رێفۆڕمیان هەیە،  بەڵام ئەو توانایە بەکار نابردرێت و لە شوێنێک وەستاوە. 

 

ئەبەدییەت حاڵەتێکە تیایدا مرۆڤ بە تێپەڕینی زەمەن هەست بە هیچ بەرەو پێشەوە چوونێک  و گۆڕانکاریەک ناکات و پاشاگەردانی و سەقامگیری و ماتی و بێدەنگی باڵ دەکێشی بە سەر فەزای گشتیدا. رەنگە لە دۆخی ئەبەدییەتدا بێدەنگیەکی بێ وێنە فەزای گشتی داگیر دەکات و بیکات بە بەشێک ماهیەتی خۆیەوە. 

لە حاڵەتی ئەبەدییەتدا حەقیقەتەکانی ژیان لە تایبەتمەندیی “ حەقیقەت” ـەوە کەوتوون و لە وێستگەیەکدا وەک  واقیع و فاکتی حاشاهەڵنەگر قالبیان گرتووە. تەنانەت بە پێی تێگەیشتنە جیاجیاکانی کۆمەڵگا، کۆتاییان پێ هاتووەو چیتر  هەڵگری ڕاڤەو لێکدانەوەو هەڵسەنگاندنەکانەوە نین و هاوشێوەی هاوکێشە ماتماتیکیەکانەوە دەخرێنە روو. 

 

پانتای ئەبەدییەت رووبەرێکی زۆر گەورە بەرفراوان و ناکۆتاو بێ سنوورە. لێرە هیچ شتێک هەنگاو نانێت بەرەو گۆڕانکاری و هێنانە کایەی دۆخی ناهەمیشەیی بوون. تواناکانی گۆڕانکاری و چاکسازی پەکیان کەوتووە و فکرو خەیاڵ لە خاڵێکدا چەقیون و توانای بەرەو پێشەوە چوون و دروست کردنی دۆخ و دونیایەکی جوانتری نائەبەدیان لێ سەندراوەتەوە. 

لە دۆخی ئەبەدییەت هەلومەرجە گشتیەکەو دەرفەتەکانی هەنگاونان بەرەو ئاڕاستەیەکی تازەترو باشترو گونجاوتر، گەیشتوونەتە بن بەست و تونێلێکی داخراوەوە. 

 

ئەبەدییەت پێدراوێکە رەنگە مرۆڤ خۆی لە چەشنی بکەرێکی بێ ئیرادەو لە ماف کەوتوو رۆڵی لە دروست کردنیدا هەبووبێت. رەنگە مرۆڤ بێ ئاگا لەوەی ئەبەدییەت یەکسانە بە مەرگێکی پڕ لە تراژێدیای ترسناک یا مانەوەی لە حاڵەتێکی وەستاوو بێ جوڵەوە. رەنگە خودی مرۆڤ ڕاستەوخۆ یا ناڕاستەوخۆ  رۆڵی لە دروست کردنیدا هەبووبێت و بە هۆی ناهۆشیاری و بێ ئاگایی و نەخوێندنەوەی واقیع تێی کەوتبێت. 

دۆخی هەمیشەیی وەستاو رەنگە لە خراپترین دەرکەوتنیدا کۆمەڵگا لە جووڵە و چالاکی و رەخنەو هەڵوێست وەرگرتن بخات و مەرگ وەک دێوەزمەیەک بکا بە دیاری و هیواو ئومێد بەرەو ئاییندە لە زاکیرەی کۆمەڵگا بسڕێتەوەو لە قالبی  دەستەوەستان و داماڵدراو لە دەسەڵاتی بدات. 

ئەوەی لە دونیای سیاسەتی جیهانی و ڕێک دوای پەتای کۆرۆناو لێکەوتەکانی لە جیهان هەوڵی بەرپاکردنی ئەدرێت، هەڕەشەو گوڕەشەو سڕینەوەو هەڵگیرساندنی جەنگ و ماڵوێرانی و کوشتن و بڕین و وێرانکاری بێ پچڕان و هەمیشەییە، نەک سارێژکردن و تیمارکردنی برینەکانی جەستەی داڕزاوو لە شکۆ کەوتووی مرۆڤی سەرگەردان و دونیای مرۆڤایەتی. 

بکەران و هەڵسوڕێنەرانی سیاسەتی جیهانی و زلهێزەئابوری و سەربازیەکان و جەمسەرەکانی هێزو هەژمون و وێرانکاری ئەم سەردەمە، ئەوپەڕی هەوڵ و کۆششەکانیان بۆ نائارام کردن و نانەوەی گرژی و ئاڵۆزی  زیاتری کەشوهەوای پێکەوەژیان و تێکدانی ئاشتی و ئارامی و ئاسودەیی و هێشتنەوەی دۆخەکان وەک خۆیو تەنانەت خرابتریش،  خستۆتەگەڕەوە.  ئەو دەنگەی لە ئێستاماندا دەبیسترێت و گوێچکەی کەڕ و سەری کاس کردووین، تەنیا جاڕی جەنگ و ماڵوێرانی و کوشت و  هێرش و پەلامارو کوشتاری بە کۆمەڵ و چۆک دادانە بە هێزە بێ دەسەڵاتە زەلیل بووەکانی تر و تەسلیم بوونیان بە هێزێکی وێرانکەرو واقعێکی سەپێنراوو مل دان بە خواست و داخوازی زلهێزەکانەوە. 

 

ئەو کاراکتەرو بکەرە سیاسیانەی ئێستا دونیای سیاسەت و رووداوە جیهانیەکان ئاڕاستە دەکەن، سەردەمی هیچوپووچیشیان تێپەڕاندووەو تۆزقاڵێک بە تەنگ مرۆڤ و شکۆی مرۆڤایەتی و  ئاسایش و  جوانی و ئاشتیەوە نین. 

 

ساڵانی نەوەدەکان بکەرانی دونیای سیاسەتی جیهانی هەڵگری کۆمەڵە پرەنسیپ و مەبادیئێکی  ئەخلاقی و  ئایدیاو ئایدیۆلۆژیاو بیرۆکەی جوانی پاراستنی مرۆڤایەتی و  ئاشتەوایی و ئایدیۆلۆژی و بەرپرسیارەتی  گەورەی قۆناغەکەکان بوون. هەرێمی دژە فڕینیان بۆ کورد لە هەرێمی کوردستان بەرپاکرد و  کەم تا زۆر بە تەنگ پاراستنی کوردو تەناهیەوە بوون. 

دواتر لە هەڵمەتێکی بەرفراوانی دیپلۆماسی و سەربازیدا جەنگی ماڵوێرانکاری بەلکانیان وەستاند و بۆسنەوهەرسک و دواتر کۆسۆڤۆو تەیموری شەرقیان کردن بە خاوەن قەوارەیی سیاسی و  بیرۆکەو ئایدیای لکاندنی زۆرە ملێی نەتەوەکانیان بە یەکتریەوە پوچەڵ کردەوە. 

 

ئەمان کۆمەڵێک سیاسەتمەداری ئایدیۆلۆژیست و خاوەن بڕواو پرەنسیپ و قورسایی جەماوەری بوون و لە ئاستی نێودەوڵەتیشدا گوێیان لێدەگیراو خاوەن قسەو بەڵێن و سەنگ و قورسایی بوون. 

 

بەداخەوە دۆخی ئێستای سیاسەتی جیهانی بە تایبەت دوای هاتنەوە سەرکاری دۆناڵد ترامپ  و چەکەرەی ئایدیای “ ترامپیزم”، و سەرکەوتنی پۆپۆلیست و کۆمەڵە  سیاسەتمەدارێکی ڕاستڕۆی فاشیست لە وڵاتانی رۆژئاوا، دۆخێکی پڕ لە نیگەرانی و نائارام و مەترسیدارو ترسناکە. ئەو کۆمەڵکوژیە بەرفراوان و وەحشیگەری و کوشتنەسیستەماتیکیە تراژێدیایەی لە غەزە روو ئەدات و هەموو سنوورێکی ئەخلاقی،  ئینسانی، ئایینی و کۆمەڵاتی بەزاندووە، بەڵگەیەکی بەهێزو حاشاهەڵنەگرە لەسەر ئەو دۆخە هەمیشەییە ترسناکەی حاڵی حازر بە شێوەیەکی زۆر ترسناک باڵی بەسەر  مرۆڤایەتی و ناوچەکەدا کێشاوەو کاراکتەرە سیاسیەکانی دونیای پوچی هێزو دەسەڵات و پارەو ئابوری و سەربازی، ئاڕاستەی دەکەن و هەڵیدەسوڕێنن و رۆڵی سەرەکی لە گەشە سەندنیدا دەبینن. 

 

ئەم دۆخە هیچ جۆرە ئومێدێک و هێماو نیشانەیەکی دڵخۆشکەری بۆ داهاتوو لێ ناخوێندرێەوەو تا دێت دەرەنجامە دڵتەزێن و پڕ لە تراژێدیا ئینسانیەکانی  لە غەزەو جەنگی ئۆکرانیاو کۆمەڵکوژ کردنی دانیشتوانە بێ تاوانەکەی بە ئاشکرا دەردەکەون. 

ئەم پەرەسەندنە ترسناکە هێمایەکی گەورەی پرسیارو حەپەسان و سەرسووڕمانی خستووەتە سەر کۆی گشتی هەموو ئەو چەمک و بەهاو مەفاهیم و جاڕنامەکانی مافی مرۆڤ و مافی گەلان و سەرجەمی ئەو یاساو رێساو رێنماییانەی لە هەفتاو پێنج ساڵی رابردوودا، وەک قەڵغانێک و زەمانەتێکی نێودەوڵەتی، مرۆڤە بێ دەسەڵات و بێ تاوانەکانی تا ئاستێکی هەرچەندە کەم، لە دەست درێژی  و کۆمەڵکوژ کردن دەپاراست . 

 

تاوانەکانی ئیسڕائیل و کۆمەڵکوژ کردنی خەڵکی بێ تاوانی غەزە، بەدەر لەهەر ئایدیۆلۆژیاو پینەو پەڕۆکردنێکی بێ بنەما، و باڵادستی  ئایدیۆلۆژیای قڕکەری زایۆنیزم لە هەڵگیرسانی جەنگو ماڵوێرانی لەژێر دەمامکی دیموکراسی و بەرگری کردن، و بێدەنگی جیهانی رۆژئاواو جیهانی زەلیل کەوتووی عەرەبی و ئیسلامی،  سەلماندنی حەقیقەت و ماهیەتی  درۆیینەی ئەم قۆناغەی پاراستنی مافی مرۆڤ و ئازادی گەلانی ژێردەستە و بە کۆیلەکراوە.  

 

جەنگی غەزە جەنگی بێ بەهاکردنی رۆحی مرۆڤ و ژیان و لە جوانی خستنی کۆی ئەو شتانەیە مرۆڤی پێ دەناسرێتەوە. جەنگی بە سوتماک کردنی خاک و وێران کردنی ژینگەو بەسەریەکدارووخاندنی داروبەردی ئەوانەیە زیاتر لە هەفتاساڵە لە بەردەم پرۆسەو مەکینەیەکی وێرانکاری داگیرکاری و شۆفینیزمی نەژادیدا، هەناسە ئەدات. ئەم جەنگە، هەوڵێکی ترسناکی سڕینەوەی شوناس و کولتورو مێژوو و لە خاچ دانی رۆحی هەزاران مناڵی بێ تاوان و بێ دەرەتان و بێ دەسەڵات و گەلێکی کەنارکەوتووە.  جەنگی زیاتر ڕۆچوونی ئایدیایەکی نەخۆش و خۆپەرەستە لە ناو زەلکاوی هزری “ هەڵبژێردراوانی خوا” و  و بە کۆیلە کردنی سەرجەم مرۆڤەکانی ترو ناچارکردنی جیهانە بۆ کڕنۆش بردنیان و نۆکەریان. 

 

بەردەوام بوون و بەهەمیشەیی کردنی ئەم دۆخە تراژێدیایە،  وێنای پوچەڵ بوونەوەی قسەی زل و بانگەشەی مرۆڤایەتی و درۆیەکی گەورەی شاخدارو پەڵەیەکی ڕەش و پڕلە شەرمەزاری و نەنگیەکی گەورەیە،  بە نێوچەوانی سەرجەم بانگەشەکارانی پاراستنی مافی مرۆڤ و مافی گەلان و دیموکراسی و سەروەرو سەردارکردنی یاسا نێودەوڵەتیەکان.

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2025 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×