ناشێت ئۆباڵی سەرلەبەری شکست و نشوست و کەوتن و نەھامەتیەکانمان بخەینە ئەستۆی دوژمن و نەیارو داگیرکەرە شۆفینیەکانەوە. دەکرا مێژوویەک لە نەھامەتی و پاشاگەردانیەکانمان بە جۆرێکی تر دیراسەو شرۆڤە بکردایە و ھەڵسەنگاندن و لێکۆڵینەوەکانمان بە جورئەتەوە ئەنجام دابوایە.
دەکرا بە پلان و ستراتیژی وردو درێژمەودا زەمینەی کارو گەشەو پێشکەوتنی کۆمەڵگە لە گشت بوارێکی پەیوەندیدار بە ژیان و گوزەرانی تاک بە تاکی ئەندامانی کۆمەڵگە فەراھەم کەین. ستراکتۆرێکی پتەو دابرێژرێت و ئاراستەی جڤاک بخرێتە سەر ڕاستەڕێ و رێچکەی نوێ بوونەوەو نۆژەن کردنەوەوەو هاوچەرخ بوونەوە.
دەکرا مۆدێلێکی سیاسی بەھێزو شوێن بڕواو متمانەی گشتی و نزیک لە جەماوەر و دوور لە ململانێی مێدیای و فەوزای سۆشیال مێدیا، بە سوود وەرگرتن لە ھزرو بیرۆکە و ئەندێشەی بیرمەندان و خاوەن بیروڕا دیارەکان، بەرھەڤ بکەین و ساڵ لە دوای ساڵیش بە دیراسەو هەڵسەنگاندێکی وردەوە، پەنجە بخەینە سەر کەموکورتی و ھەڵەکانەوەو دووبارەیان نەکەینەوە و بە پینەوپەڕۆ، پاساومان بۆ هەڵەکانمان نەهێنایەتەوە.
ئەکرا نیشتیمانێک بونیاد بنێین ھەمووان ئارەزووی ژیان و مانەوەو خۆبەختکردنیان تێیدا بکردایە و هیچ تاکێک لێی ڕانەکردایە.
دەکرا کۆمەڵگەیەک بینابکەین، ھەمووان بە بێ جیاوازی و ئینتیمای حزبی و سیاسی و ناوچەو دەڤەر، تیایدا ھەستیان بە گەورەیی، کەرامەت و شکۆو سەربڵندی و خۆشگوزەرانی و یەکسانی لە ئەرک و مافدا بکردایە. جیاوازی و کەلێنە کۆمەڵایەتیە زەقەکانمان نەھێشتایە یا لانی کەم کەممان بکردایە.
ئەکرا سیستەمێکی پەروەردەی ھاوچەرخ و زانستگەرامان بونیاد بنایە و بۆ چارەسەری نەخۆشیەکانمان لە رووی ناچاری یا چاولێکەریەوە روومان لە دەرەوەی نیشتیمان نەکردایە.
بۆ پێشخستنی کۆمەڵگە و گەیشتن بە کەناری ئارامی و لوتکەی پێشکەوتن و سەرکەوتن و ترۆپکی دادپەروەری، پێویستیمان بە مەیخانەو چایخانەو قاوەخانەو نێرگەلەخانەو دیوەخانەو نێرگڵە کێشان و پێکان و قومارخانەو سەنتەری شێلانی ( کامل مواسەفات) و ھینخانەی ئەملاو ئەولای مۆدێرنەوە نیە.
ھیچ جڤاکێک بەم شتانە پێش نەکەوتووەو هەرگیزیش پێش ناکەوێ، بەڵکو بەردەوامیدان بەم فۆڕمە تا دێت زیاتر کۆمەڵگا لە ناو زەلکاوی ئاڵۆزی کولتوری و دۆخی ڕقاوی و ناھەمواری و دەرھاویشتە کۆمەڵایەتیە نەرێنیەکاندا نقوم دەکات و زیاتر بەرەو وێرانی و لە جوانی کەوتن، ئاڕاستە دەکات.
بە هەڵگەڕاندنەوەی حەقیقەتەکان و شێواندنی مێژوو و فەرهەنگ و دروست کردنی گێژەنگی جڤاکی و گەڕەلاوژێی سیاسی نەبڕاوە و تێکدانی دۆخی سایکۆلۆژیای کۆمەڵگاو تاک و دۆخی ئابوری خراپ و ناسەقامگیر، کۆمەڵگا زیاتر لە ناو دڕدۆنگی و گرێی دەروونی و ڕقاوی و پاشاگەردانیدا نقوم دەبێ.
بەرهەم هێنانەوەی رابردوو و پشت کردنە مێژووی شکست و نوشست و دیراسەنەکردنیان، نەک هەر ئێستا بەڵکو ئاییندەی کۆمەڵگاو نەوەکانی داهاتووش ئەهاڕێ و لە پەلوپۆیان ئەخات و نەوەیەکی بێ مافو بێ شوناس و نەخوێندەوارو دابڕاو لە واقع بەرهەم دێنێ.
ئەمانتوانی بە میانەرۆیی لە بەخشینی ئازادیەکان و بەخشندەیی لە رێکخستنی کاروباری ژیان، لە رێگەی یاساو سەروەرو سەردار و کوێخاکردنیەوە، ھەنگاو بەرەو کۆمەڵگەو نیشتیمانێکی پێشکەوتوو و ھاوچەرخ لە رووی ناوەرۆک و مەغزاوو ئامانج و بەھاو پتەوبوون و یەکریزیەوە ھەڵێنین.
وڵاتانی پێشکەوتوو لەسەر بنەمای ژمارەی شوێنە گەشتیاری و سەنتەرو ناوەند و مۆل و مەڵبەندەکانی کات بەسەربردن و کەیف وسەفاو شێلان و کێشان و گۆرانی و ھەڵپەرکێوە بونیاد نەنراون، بەڵکو ژمارەی ناوەندەکانی توێژینەوە و لێکۆڵینەوەی ستراتیژی و زانستی، مەڵبەندەکانی رۆشنبیری و رۆشنگەری و چاپ و بڵاوکردنەوەی کتێب، توێژینەوە ئابوریەکان، درووست کردنی دەرفەتی کار بە پێی گەشەی کۆمەڵگە و ئازادی ئاخاوتن و رەخنەو پێشنیاری بوونیادنەرو بیرۆکەی جوان، سەنگی مەحەک و بەڵگەی حاشاھەڵنەگری پێشکەوتن و هەنگاونانن بەرەو ئاییندەیەکی باشترو گەشترو دڵنیاترەوە.
ئەمەیب وترا یۆتۆپیاو زادەی خەیاڵ پڵاوو خەونی شاعیرانەو ئەدیبانەو ساویلکەیی و ناواقعی و نەکردەیی نیە. بۆ دەست پێکردنی هەر پرۆژەو بیرۆکەو پرۆسەیەک، یەکەم هەنگاوگرینگە.