گەورەترین مەترسی لەسەر ژیان، نە گۆڕانی کەشوهەواو پیس بوونی ژینگەیە، نە هەڵکشانی خێرای ژمارەی دانیشتوانی سەر زەوی. نە تیرۆرو تیرۆریزمە نە رەگەزپەرەستی و نە برسێتی و نە سۆشیال مێدیاو کارەساتە سرووشتیەکان.
بەڵکو گەورەترین هەڕەشەو مەترسی لەسەر ژیان بە درێژایی هەزار ساڵی رابردوو ئەو بکەرو کاراکتەرە شەڕەنگێزانەن رۆحی مرۆڤ لەسەر مەیلی شەڕەنگێزی و کوشتن و بڕین و کاولکاریەوە پەروەردە دەکەن و مرۆڤەکان بۆ گۆڕەپان و سەنگەرەکانی بەگژیەکداچوون و خوێن رشتن هان دەدەن.
ئەو بکەرانەن لەوپەڕی دڵرەقی و بێویژدانیدا، مرۆڤەکان دەکەن بەگژیەکدا و کۆمەڵگایەکی ڕقاوی بینادەکەن. ئەمان لە خراپترین حاڵەتدا، ئینسانەکان دەکەن بە کۆمەڵە رۆبۆتێکی گوێ لە مست و گوێڕایەڵ و بێ دونیابینیەوە. دواجار پەرە بە جەهل و نەفامی و گەمژەیی و بەگژیەکداکردن و بڵاوکردنەوەی ترس و حەماقەت و نەفامیەوە ئەدەن.
ئەوانەن، هەموو تواناو ئیمکانیاتی بەردەستیان دەخەنەگەڕ بۆ هاڕینی رۆحی کۆمەڵگاو ئاڕاستەکردنی لە پێناو دابین کردنی بەرژەوەندیەکانیان. ئەوانەن ئیش لەسەر ترساندن و دڵەراوکێ و نائومێدکردن و داوەشانی تاک و هاڕینی کۆمەڵگاوە دەکەن.
ترس لە جەنگ وەک دێوەزمە و تارماییەکی ترسناک بە درێژایی مێژوو، لە چەشنی مۆتەکەیەک بەردەوام بەدوای مرۆڤەوە بووە. ماهیەتی ترس رەگوریشەی لە ناخی مرۆڤ و دۆخی دەروونی مرۆڤدایە. مرۆڤ لەو چرکەساتەی پەی بە ناسینی خۆی دەبات و لە جیهانی دەرەوەی خۆی تێدەگات، هەست بە ترس دەکات. ترس و مەترسی لەسەر ژیان و مانەوە، پێدراوێکی سایکۆلۆژیە لەگەڵ مرۆڤ لەدایک دەبێت و بە درێژایی ژیان گۆڕانکاری بەسەردا دێت و بە فۆڕم و قەوارەو رەهەندی جیاوازەوە لە هەلومەرجی جیاوازدا دەردەکەوێ و چەکەرە دەکات.
بکەرانی شەڕەنگێزو ژەنەراڵ و فەرماندەکانی جەنگ ئەو کەسانەن، بە وردی ئیش لەسەر کاتوساتی هەڵگیرساندنی جەنگەوە دەکەن. ئەمان کەسانێکن عەقڵی کۆمەڵگایان بە جوانی خوێندۆتەوەو زۆر بە وردی دیراسەی عەقڵیەت و بیرکردنەوەی تاک و کۆمەڵگایان کردووە.
بکەرانی جەنگ دوای دیراسەکردنی عەقڵی کۆمەڵگا و دونیابینیەکانی تاک، یاری بە هزرو شێوازی بیرکردنەوەی تاکی لەقالب دراو، تێکەڵ بە مەرام و حەزە سیاسیەکانیان دەکەن و لەوێنای کۆمەڵگا وەک گشتێکی ئامادەی لە قاڵب دراوی بەردەست، بریار ئەدەن چۆن مامەڵەی ئەم عەقڵیەت و گشتە بکەن.
بۆ ئەمان جەنگ و پێکدادان و کاولکاری و خوێن رشتن گەورەترین سەرمایەو دەست مایەی بەردەوامبوون و هاڕینی ناخی تاک بە تاکی کۆمەڵگایە و لەم پێناوەشدا بۆ گەیشتن بە مەرامە جەنگی و ستراتیژی و ئایدیۆلۆژیەکانیان سڵ لە هیچ کردەیەکی نالۆژیکی و نائینسانی ناکەنەوە.
بەلای بکەران و فەرماندەکانی جەنگ، هەڵگیرسانی جەنگ گەورەترین وەبەرهێنانە. لە دیدی ئەمان ئەشێ جەنگ دەسکەوتێکی مەعنەوی و کۆمپانیاو مەکینەیەکی گەورەو زەبەلاحی وەبەرهێنان بێت هەم بۆ رۆژانی جەنگ و هەمیش بۆ رۆژانی دوای جەنگ. ئەوە رۆژانی دوای جەنگە پرۆسەی دابەش کردنی کێک و دیاریکردنی دەسکەوتەکان دەست پێ دەکات. هەر لە رۆژانی دوای جەنگ، رێژەکانی بەرکەوتەو لێکەوتە و کەم کەوتەو زۆرکەوتەی فەرماندە ترسنۆکرکانی پشت سەنگەرەکانی شەڕ، لە پشت پەردەو بەهاوکاری مێدیای چەواشەکار و مەکینەکانی درۆسازی و درۆکردن و لەخشتەبردن دەخرێتە بواری جێ بەجێ کردندا.
مرۆڤ دەتوانێ دوای هەر کاولکاریەک وێرانەکە ئاوەدان بکاتەوە.
دەتوانێ رێگاوبان و کۆشک و تەلارو خانوو باڵەخانەی نوێ و جوانترو سەرەنجڕاکێشتر لە جاران بونیاد بنێتەوە. دەتوانێ ناشرینیەکان جوان و پاک بکاتەوە و وێنایەکی جوانترو واقعیتر لە جاران دروست بکات.
مرۆڤ دەتوانێ بە فۆرم و قەوارەو رەنگ و کەرەستەی نوێوە زۆر دیمەن و وێنای جوانتر لە جاران بخولقێنێ.
بەڵام هەرگیز ناتوانێ دووبارە رۆحی تازە بە بەر مردووەکان بکاتەوەو دووبارە ژیانیان پێ ببەخشێتەوە.
توانای ئەوەی نابێت دڵنەوایی دڵی زامدارو کۆست کەوتووی پاشماوەکانی وێرانکاریەکان بداتەوەو بە قەد قەبارەی زیانی کارەساتەکان ببێت بە هەتوانی دڵ برینداران و هاودەمی دڵ پڕ لە ئازارەکانەوە.
مرۆڤ دوای هەر کارەساتێک و شەڕێک بیر لەرۆژانی بەرلە روودانی جەنگ و کارەساتەکە دەکاتەوە. بیر لە سەرەتا و دوێنێ و ئێستا دەکاتەوەو کاتێک لە دەرەنجام و بەرەنجامی ئەمڕۆ ورد دەبێتەوەو قەبارەی زەرورو زیانە گەورەکەی دێتەوە پێش چاو، بەهیچ وشەو دەستەواژەو دەربڕینێک توانای وەسفی گەورەیی و رەهەندە سایکۆلۆجیاو تەندروستیە درێژخایەنەکانی نابێت و خەمێکی قوڵ باڵ بەسەر هزرو خەیاڵیدا دەکێشێ و لە جووڵەی دەخات و دەیخاتە دۆخی کپی و پەشیمانی و خەمۆکیەوە.