کاتێک بەرپرس یا کاربەدەستێکی بیانی جا کۆمەڵایەتی، ئایینی یا سیاسی بێت سەردانی هەرێمی کوردستان دەکات، زۆر جار دەستەواژەی “ شەرەفمەندین” لە کاتی پێشوازی کردنەکە بەکار دێت و تۆخ دەکرێتەوە و دووبارەو چەند بارە دەکرێتەوە.
لەبری ئەم دەستەواژەیە ئەشێ بەم جۆرەش وێنای پێشوازی کردنەکە بکرێت و ئەم رستانە بەکار بێت، بێ ئەوەی لایەن یا لایەنەکانی پێشوازیکەر خۆیان بچوک و بەرتەسک بکەنەوە:
سوپاس بۆ ئەو دەرفەتە رەخساوەی ئەم دیدارەی لێکەوتەوە.
یا
سوپاس و پێزانینمان بۆ ئەو کەسایەتی و لایەنانەی یارمەتی رەخساندنی ئەم دەرفەتیان دا، تا لە نزیکەوە گوێ لە بیروبۆچوونەکانمان بگرین و ڕاستەوخۆ گفتوگۆ بکەین.
یا
جێگەی خۆشحاڵیمانە دۆخێکی وا ھاتۆتە پێشەوە بتوانین بە شێوەیەکی شایستە پێشوازیتان لێ بکەین.
یا
میوانگریمان لەم رۆژە مێژوویی و ساتە چارەنوس سازەدا، دەرفەتی ئەم سەردانیکردنەی ئێوەی لێ بەرھەم ھات.
یا
بایەخدانتان بەم سەردانیکردنە، ھێمای گرنگی پێدانتانە بەم ھەرێم و دانیشتوانەکەی.
یا
ھاتنتان بۆ ئێرە لەم دۆخە ھەستیارە تەندروستیەی ھەنوکە تەنگی بە دونیاو مرۆڤ و مرۆڤایەتی ھەڵچنیوە، بەڵگەی پەرۆشیتانە بۆ پێکەوەژیان و ئاشتی و ئارامی و دووپات کردنەوەی سۆزو وەفاتانە بە بەڵێن و پابەندیەکانتان.
یا
سەرخستنی گوتاری پێکەوەھەڵکردنی نێوان ئایین و ئایینزاکان و پێکەوەژیانی سسرجەم چین و توێژەکان، پێویستیی ئەنجامدانی ئەم سەردانیکردنەی دووپات کردەوە.
یا
گوتاری پێکەوەژیان لە پراکتیک و دیدارە نزیکەکاندا زیاتر دەردەکەوێ و دەرگاو دەرفەتی ئاڵوگۆڕی بۆچوونەکانیش لەبەر دەممان واڵا دەکات.
یا
ھەوڵەکانتان لە پێناو پێکەوژیان و دوورکەوتنەوە لە تووندوتیژی و ھزری رادیکاڵی ئایینی و دەمارگیری سیاسی، بە ھاتنتان بۆ ئێرە دووپات کردەوە.
یا
بەلای ئێمەوە ئەم سەردانەتان دەرفەتێکی شایستەو گونجاوە بۆ بەھێزکردنی دۆستایەتی نێوانمان و پتەوکردنی پەیوەندیە دوو قۆڵیەکان.
یا
ھیوامان وایە ئەم پێشوازیکردنە لە ئاست پێگەی ئایینی و کۆمەڵایەتی جیھانیتاندا بێت.
هیچ کاربەدەستێکی باڵای رۆژئاوایی بە بینین یا سەردانی کردنی سیاسیەکی رۆژھەڵاتی وشەو دەستەواژەی " شەرەفمەندم" بەکار ناهێنێت. بەکاری بشهێنن، زۆر دەگمەنە.
تێناگەم بۆ دەبێ رۆژھەڵاتیەک بە سەردانیکردنی رۆژئاواییەک شەرەفمەند و شاگەشکە بێت...!!!
شەرەفمەندین دەستەواژەیەکی قورس و مانادارەو چەمکێکی فرە رەھەندی ماناداری کۆمەڵایەتی و سایکۆلۆژیە و گەرەکە بە وریاییەوە بەکاری بێنین. ئەم دەستەواژەیە هەڵگری بڕێکی زۆر لە مانای خۆبچووک کردنەوەو کڕنۆش بردنە بۆ شەخس یا لایەنی بەرامبەر.