چاوچنۆکیی و بەرژەوەندیگەرایی و تێرنەخۆریی بەردەوام، وەک پرۆسەیەک، مرۆڤ ئەکا بە دوو لەتەوە، دوو پارچەی هەماهەنگ بەڵام لێک جیاواز، دوو کاراکتەری نامەلموسی ناو یەک جەستەی فیزیکی و مەلموسەوە.
بەشێک نوێنەرایەتی کاراکتەری ناوەوە دەکاو دەبێت بە واجیهەی کاراکتەری ناوەوە. ئەوەی ناوەوە هەڵگری هەموو ئەو پێداوو تایبەتمەندیە سایکۆلۆژیانەیە، کاراکتەری ڕاستەقینەی پێ دەناسرێتەوە، بەڵام مەلموس نیە.
بەشی دەرەوە لە زمان و چاوو دەست و گوێچکە و قاچەکان پێکهاتووە. ئەم بەشە بکەری حەقیقی و ئەو بەشەیە لەگەڵ کۆمەڵگاو بکەرانی تر لە پەیوەندیدایە. سەرلەبەری جووڵەو رەفتارو قسەو کردارەکان بەم سپێردراوە. ئەم بەشە نوێنەرایەتی کاراکتەری ناوەوەش ئەکاو جاری واش هەیە بە بێ هەماگەنگی لەگەڵ بەشی دەروون، لە خۆیەوە درۆ لەگەڵ ناوەوە دەکا و بیروڕاو باوەڕە حەقیقیەکانی دەشارێتەوە و بەردەوام درۆ لەگەڵ جیهانی دەرەوە دەکا بە پرەنسیپێک و مێتۆدی ژیان کردنیەوە.
کاراکتەری مرۆڤ وەک گشتێک لەم دوو بەشە پێکهاتووەو بەردەوام لە پانتای کۆمەڵگا و کایەی ژیان بە جووڵەو رەفتارەکانیەوە دەناسرێتەوە.
بەشی دەروون یا باشتر بڵێین ئەو پارچەیەی ئەرکی هەست کردن و لێکدانەوەو بیروبڕواو باوەڕەکانی پێ سپێردراوە، ئەو بەشەیە لە رووبەری کۆمەڵگادا بەردەوام دەکەوێتە ژێر کاریگەری رووداوەکانی کۆمەڵگاوە.
دیوی ناوەکی کاراکتەری مرۆڤ ئەو بەشەیە رۆژانە ڕاستەوخۆو ناڕاستەوخۆ لە ژێر کارتێکردن و کاریگەری دەواو دەرمان، رێکلامە بازرگانیەکان، تەوژمی ئایدیۆژیا، سیاسەت، هەڵکشان و داکشان و پەیامە بازرگانیەکان، ئابوری و رووداوەکانی ناخی کۆمەڵگادایەو نوێنەری ڕاستەقینەی کەسەکەیە.
کاتێک کۆمپانیاکان سەنتەرە بازرگانیەکان و گوتارە سیاسی و ئایدیۆلۆژیای ئایدیۆلۆژیستەکان و پروپاگندەو بانگەشەی هەڵبژاردنی پارتە سیاسیەکان و مەکینەکانی درۆسازی پانتای کۆمەڵگا دەکەونە کارەوە، سەرەکیترین دیوی ناوەکی مرۆڤ دەکەوێتە ژێر کارتێکردنێکی زۆر گەورەوە.
مێشکی مرۆڤ لەم قۆناغەیدا وێنای خاڵێکی وەرچەرخانی بێوێنەی گەشەی تەکنۆلۆجیاو هەڵکشانی دونیای زانست و زانیاری و بە دیجیتال کردنی مرۆڤ و کۆمەڵگای بۆ دەکرێ، بە شێوەیەکی سیستەماتێک لە ژێر فشارو پاڵەپەستۆیەکی زۆر گەورەو فرە رەهەند دایە.
مێشکی مرۆڤ وەک فەرماندەی سەرەکی دیوە ناوەکیەکەی مرۆڤ لەم دونیا پڕ لە رووداوو جەنجاڵەی خودی مرۆڤ بەدەستەکانی خۆی بۆخۆی دروستی کردووە، هەمیشە ناچارە ئاڕاستەیەک بگرێتەبەر، هاوتەریبی بەرژەوەندی و خواستەکانی مرۆڤە بێت و بە موو لێیان لانەدات.
دونیای ئێستا، دونیای بەرژەوەندیەکان و نایەکسانیەکان، بێ مافیەکان، چەواشەکاری و درۆسازی و خەڵەتاندن و لە خشتەبردنی مرۆڤە، لە لایەن بەشە ناوەکی و دەرەکی خودی مرۆڤەوە. دونیایەکی ئاڵۆزو جەنجاڵی ململانێی بێ سنووری دیوە ناوەکیەکان و دەرەکیەکانی مرۆڤەکانە لەسەر پارەو دارایی و ئابوری و دەسکەوتی شەخسی و بەرژەوەندیە گەورەکانی هەڵقوڵاوی چاوچنۆکیەوە.
ئەم بەریەک کەوتنە، لە ئەنجامی ریفۆڕمێکی ڕادیکاڵی و کۆمەڵایەتی و کولتوری و شۆڕشی زانست و زانیاریەوە نەهاتۆتە ئاراوە و هۆکارە پاڵنەرەکەی پێشخستنی ژیان و یەکسان و دابین کردنی دادپەروەری نیە. ململانێ و جەنگەکان لەسەر دەستخستنی زۆرترین دەسکەوت و زیاترین بەرکەوت و ڕشتنی زۆرترین خوێن و بە کوشت دانی ئەوانی ترە.
دونیای ئێستا پڕیەتی لە جەمسەربەندی کاراکتەرە دەمامکدارە گومانیەوەکانی دەروونی و دەرەکی مرۆڤەکان کەوا تەنیا خاڵێک کۆیان بکاتەوە، دابین کردنی بەرژەوەندی و بەرژەوەندی و دواجار بەرژەوەندیە.
دونیای ئێستامان وێنای دونیایەکە پڕیەتی لە ملیۆنان کاراکتەری درۆسازو درۆزن و پەیمانشکێن و چەواشەکارو خۆپەرەست. پڕیەتی لە ململانێی دیوە دەروونیە نامەلموسە دێوئاساو حەقیقیەکان و دیوە دەرەکیە درۆزنە لە خشتەبەرەکانی جەمسەربەندیە ئایدیۆلۆجی و ئابوریەکان، کەوا لە یەکەم وردبوونەوەدا هەڵگری هیچ یەکێک لە تایبەتمەندیەکانی جوانی نین و بەتەواوەتی لە جوانی و بەهێزبوونەوە کەوتوونەو تاسەر ئێسقان ناشرین کراون.