سۆشیال مێدیا بەدەر لە هەموو دیوە خراپ و باشەکانیەوە بۆ هەندێ کەس بوو بە نیعمەتێکی گەورەو فەزاو دەلاقەیەکی دیجیتالی بۆ خۆدەرخستن و نمایش و ستایش و سنگ دەرپەڕاندن و فریودانەوە.
لەهە موو کۆمەڵگاکاندا کاراکتەرە هیچ لەبارادانەبووەکان بەردەوام بە دوای دەرفەت و دەلاقەیەکەوەن لەوێوە خۆیان نمایش بکەن و دوای ماوەیەکی زەمەنی کەم، ببن بەو بکەرە فووتێکراوانەی جگە لە هاشوهوش قسەی زل و باق و بریق و من من کردن، هیچ هونەرێکی تر نەزانن و هیچ بەهرەیەکی تریان نەبێ.
ئەم تایپە لە کاراکتەرانە پانتای کۆمەڵگا بە مەجازی و نامەجازیەوە وەک سەکۆیەک و پلاتفۆڕمێک دەبینن بۆ خوبردنە پێشەوەو خۆدەرخستن و خۆهەڵێخستنی دیجیتالیەەە.
ئەم مەیلە شاراوەی خودنمایشی و زهنیەتە سەرچاوەیەکەی لە هەرچیەوە بێت، بۆ ئەوە نیە رێڕەوی مێژوو یا جووڵەی کۆمەڵگا بگۆڕێت بەرەو دۆخی باشترو یەکسانترو دادپەروەریەوە. بۆ ئەوە نیە گۆڕانکاری لە عەقڵیەت و لۆژیک و تێگەیشتنە گشتیەکانی جڤاک بکات یا سیستەمێکی سیاسی، ئیداری و ئابوری بەهێز بکات بە بەری کۆمەڵگاوەو ئاڕاستەکەی بەرەو خوشگوزەرانیەوە بگۆڕێت.
مرۆڤی خۆدەرخەر و خودئەڤین، گشت دەرفەت و ئیمکانیاتی بەردەستی رووبەری کۆمەڵگا بۆ نمایشی خۆی و پیشاندانی خودێکی خۆپەرەست بەکار دەهێنێ. ئەم، هەڵگری جۆرەها گرێی دەروونی و رۆحیە. هەمیشە بەدوای ئەوەیە زۆرترین بیسەرو بینەرو گويگری کەڕولاڵ و بێ دونیابینی بە دەوریەوە بن.
ئەم جۆرە لە بکەرە بێ دیدگایانە، بۆ ئەوە هەوڵ نادەن کۆمەڵگا لە دۆخی پاشاگەردانیەوە دەربهێنن و بیخەنە سەر ڕاستە ڕێی گەشەو پێشکەوتن و ئارامی و ئاسودەییەوە.
مرۆڤی خودئەڤین بەردەوام هەڵپەی پلەو پۆست و ئیمتیازاتی بێ سنوورو چەورە. حەزی لەوەیە زۆرترین دەرفەتی مێدیای بۆ نمایشی خۆی بخرێتە خزمەت و لە کەمترین مەودادا بگات بە خەون و خۆلیا لە بن نەهاتووە شەخسیەکانیەوە . زۆرترین نەیار و کەمترین دۆست و هاوڕێی هەن و ئیش لەسەر دەست خستنی زۆرترین دەسکەوتی مادی و مەعنەویە دەکات و باکی بە قوربانی کردنی کەسەر نزیکەکان لە پێناو شان و شەوکەت و خۆیە نیە.
ئەم جۆرە لە بکەرە بە شێوەیەکی گشتی نمایشی خود و ستایشی ئەویتر یا ئەوانی تری دەست رۆیشتوو دەکات بە ستراتیژی کار کردن و هێمایەک بۆ ناوبانگ دەرکردن. هەمیشە هێماکانی بۆ سەرووی خۆیەتی و لە وێناکردنی سەروو، خۆی بۆ نزمترین ئاستەکان دادەبەزێنێ و لە دەرکەوتنەکانی تا ئاستی خوارەوەی زەلیل بوون و رەزیل بوون دادەبەزێ و بە زەڕنەقوتێکی جڤاکی دەشوبهێنرێت.
ئەم هەمیشە ترسێکی شاراوەی رەخنەکردن لێی، لە چەشنی دێوەزمەیەک و تارماییەکی ترسناک بەسەر سەریەوەیە و توانای خۆرزگار کردنی نیە. هەرگیز حەز بە بیستنی حەقیقەت ناکات و تا بۆی بکرێ چەواشەکاری و بە لاردێدابردنی ڕاستیەکانی مێژوو و کۆمەڵگا، وەک سیستەم و باوەڕێکی نەگۆڕ و دەسکەڵایەک بۆ شێواندن و فریودان و ئاڵۆزکردنی ناکۆکیەکان بەکاردەهێنێ.
ئامادەیی حەزی نمایش و خۆدەرخستن لای ئەم جۆرە لە کاراکتەرانە لە فەزای کۆمەڵگادا دۆخێک دەهێنێتە ئاراوە، نمایش و ستایشی دەستەبژێری سیاسی و ئەو کاراکتەرانەی کۆمەڵگا بەڕێوەدەبەن و لە هەرەمی دەسەڵاتدان، دەبێ بە خووێکی ناشرینی شایەری دەستەجەمعی و چاولێکەری دەست خستنی دەسکەوت و بەرکەوتەو بەرەکەتەوە.
بەردەوام بوونی ئەم دیاردەیە دواجار و لە خراپترین دەرکەوتەیدا، ئەم مەیل و خواستە ناشرینە لە حاڵەتەوە بۆ دیاردەیەکی زۆر زەق و کولتورو باوەڕێکی چەسپاو لە ناخی کۆمەڵگادا دەگوازێتەوەو دواجار زۆرینەی تاکەکانی کۆمەڵگا خووی پێوەدەگرن و لە دوورمەودادا وەک باوەڕێک و ئاکارێکی فۆڕم گرتووی جێگر و تەنیا رێگای دەست خستنی بەرکەوتە و دەسکەوت و پێگەو جێگەورێگە لە ناو هەرەمی حوکمڕانیدا، فۆڕم دەگرێت.
نمایش و ستایش و پیاهەڵدان و مەتح و سەنا کردن ( یا بە زمانی بازاڕی ماستاوکردن و پان کردنەوە) تایبەتمەندی جۆرە کەسانێکە هەڵگری جۆرەها نەخۆشی کۆمەڵایەتی و رۆحی و دەروونی و رەفتارین. کاریگەری رەهەندەکانی ئەم نەخۆشیە وەک پەتایەک لە چەشنی شێرپەنجەی کۆمەڵایەتیەوە پەل دەهاوێ بۆ شێرپەنجەی سیاسی و دواکەوتوویی و دەبەنگی و سەرلەبەری کۆمەڵگا لە جوانی و هارمۆنیا دەخات و دەیکات بە کۆمەڵگایەکی ناشرینی پاشاگەردان و چەقیو، لە ناو چوارچێوەیەکی بەرتەسک و داخراوی هزری و کولتوری و بیروبڕوا چەوت و نالۆژیکی و ناعەقڵانیەکانەوە.