پارادۆکسی گەشەی کۆمەڵگاو نەمانی سۆز

شۆرش خالید ئاژگەیی
  2025-01-26     143

ئامانج لە ژیان دروست کردنی مرۆڤێکی چالاک و ئەرکناس و خاوەن شوناس و چەقی گۆڕانکاری و خاڵەکانی وەرچەرخانی پانتای ژیانە. ژیان لە ناواخنیدا پوچ و بێ ناوەرۆک و پوکاوە نیە. ئەو شتەی ژیان بێ ناوەرۆک و بێ ئامانج  وێنا دەکات و لە جوانی دەخات، ناچالاک بوونی خودی مرۆڤ و هەڵبژاردنی پەراوێزە لە لایەن خودی مرۆڤەوە. ئەوە خودی مرۆڤە بێ ئیرادەکانن لە فەزایەکی بەرتەسک و چوارچێوەیەکی بچوک و رووبەرێکی ئاڵۆزی فانتازیدا فکرو هزرەکانیان لغاو کردووە و هەنگاو بەرەو دروست ژردنی دونیایەکی جوانترەوە نانێن.  

 

ژیان بەردەبازێکە بۆ پەڕینەوە لە وێستگەیەک بۆ وێستگە و قۆناغێکی باشترو دروست کردنی جیهانێک و ژینگەیەک، فاکتەرە سەرەکیەکانی مانەوە،  رێ کردنی و تێرکردنی غەریزە پاڵنەرەکانی چێژ وەرگرتن و لەزەتە کاتیەکان و رابواردن نەبن. 

 

ئەوەی لێرەدا گرینگە، هەوڵ و تێکۆشان و جووڵەو مامەڵەو رەفتارەکانی خودی مرۆڤە وەک بکەرێکی خاوەن پلان و روئیاو بەرنامەو جیهانبینی تایبەتەوە لەگەڵ دەورووبەرو ئەو ژینگەو کۆنتێکستەی تیایدا دەژیت و چالاکی دەنوێنێ و هەناسە دەدات. 

 

بە درێژایی مێژوو هیچ کات مرۆڤ تا ئەم ئاستەی ئێستا نەکەوتۆتە بەردەم هەژمون و باڵادەستی تێکنۆلۆژیاو پێشکەوتنە خێراو سەرسووڕهێنەرەکانی ئایتی و بە دیجیتال کردنی کۆمەڵگاو باڵادەستی ژمارە و کۆدەکانەوە. 

باڵادەستی تێکنۆلۆژیا، سەرباری ئاسانکاریەکانی،  ژیانی کۆمەڵایەتی و پێکەوەیی تا ئاستێک دابەزاندووە، تاکی لە چەشنی گەریدەیەکی تەنهاو سەرگەردان و داماڵدراو لە گشت دەستپێشخەری و هەنگاونانێک، لە هەموو مەعنەویەت و توانستێکی فکری و بیرکردنەوەیەکی عەقڵانی داماڵیوەو کردوویەتی بە کۆیلەیەکی گوێ ڕایەڵ و فوێ لە مستی ژمارەوکۆد و دونیایەکی ناواقعی مەجازیەوە. 

 

شۆڕشی زانیاریەکان و داهێنانەکانی تێکنۆلۆجیا بە قەد رێنیسانسی ئەورووپا، گشت کونج و کەلەبەرەکانی کۆمەڵگای مرۆڤی تەنیوەتەوەو  بەرگێکی دیجیتاڵی تەواوی کردۆتە بەر هەموو پێکهێنەرەکانی ژیان و کۆمەڵگاوە. ئەم پێشکەوتنە خێرایە وای کردووە فکرو دیدگای مرۆڤ بەرامبەر ژیان و پێکهێنەرەکانی گۆڕانکاری ریشەیی بەسەردا بێت و لە ئێستایدا لەگەڵ دەیان گرفتی  تەندروستی و سایکۆلۆجی و  کۆمەڵایەتیەوە دەرگیر بێت. 

 

هەرچەندە گۆڕانکاریە خێرایەکانی پانتای کۆمەڵگاو ئاسانکاریە بەردەستەکانی رووبەری دونیای دیجیتاڵ توانیویەتی فۆڕمێکی تر و تایبەتمەندی نوێ بە ژیان و پێکهێنەرەکانی ناویەوە ببەخشێ، لێ دەیان کێشەو گرفتی نوێشی لەگەڵ خۆی وەک دیاری بۆ مرۆڤ هێناوە. ئەم گۆڕانکاریانە بەسەرێک باش و ئەرێنی و پێویستن و بە دیوێکی تریشدا دەیان کێشەی تەندروستی خێزانی و پێکەوەیی و کارەساتی کۆمەڵایەتی و عەقڵانیان لێکەوتۆتەوە. 

 

بێگومان پەرەسەندنە خێراکانی رووبەری پڕ لە هەڵکشان و داکشانی ژیان وای لە مرۆڤ کردووە هەڵگری دیدگاو  بیرکردنەوەو روانینی تر بێت بەرامبەر بەو شتانەی چێژی پێ دەبەخشن و شادیهێنەرن.  چێژ پەرەستی و رەفاهیەت و خۆشویستنی هەموو ئەوشتانەی پەیوەستن بە چێژەوە، یەکێکە لە دەرەنجامەکانی ئەم فۆڕمە تازەیە لە بیر کردنەوە. لە پاڵ ئەمەشدا تێکچوونی شیرازەی خێزان و کۆمەڵگا تەنگی بە مرۆڤ هەڵچنیوەو لە ئێستایدا هیچ دەرچەیەکی عەقڵانی لەم دۆخە ئەبستراکتە و پارادۆکس و ناخۆشەدا شک نابات. 

 

مرۆڤ بە هۆی کەوتنە ژێر کاریگەری ئەم تەوژمە بە هێزو فرە رەهەندەی تێکنۆلۆژیاو بە دیجیتاڵ بوونی “ مرۆڤایەتی” ـەوە، گشت خەسڵەتەکانی “ مرۆڤ” بوونی لەدەست داوەو وەک رۆبۆت و بەکاربەرێکی بێ هەست و فکرو دیدگایەکی عەقڵانیەوە، کەوتۆتە نێو گێژەنگێکی ئاڵۆزو ترسناک و  ناکۆتاوە. 

 

فەزای کۆمەڵگا، فەزایەکە تژی ئامێرە زیرەک و دوا داهێنانەکانی بواری تێکنۆلۆژیایە. هەر ئەم دۆخەش وایکردووە مرۆڤ بەهاکانی مرۆڤایەتی لەبیر خۆی بباتەوەو لە چەشنی بکەرێکی بێ ئیڕادەو بێ دیدگا،  ببێ بە رۆبۆتێک یا بەکاربەرێکی بێ فکرەوە.  

 

ئەم پرۆسەیە  دواجار بوونەوەرێک لە مرۆڤ بەرهەم دەهێنێ جگە لە شوناسێکی “ دیجیتاڵی” یا “ مەجازی” ناو دونیای دیجیتاڵ و تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان، هەڵگری هیچ شوناسێکی مەلموس و دیاری کراوەوە نەبێت. 

 

تێکنۆلۆژیاو پێشکەوتنە خێراکان دونیایەکیان بۆ مرۆڤەکان بەرهەم هێناوە، مرۆڤ نەک هەر نزیکە لە دۆڕاندن و دەست هەڵگرتن لە شوناسی نەتەوەیی وکولتورو نەریت و زمانەوە، بەڵکو گێژاوێکی دروست کردووە، ئەندامانی کۆمەڵگا وەک کۆمەڵە بوونەوەرێکی سەرلێشواوو بێ شوناس و لە ژێر فشار، بوونەتە بەکاربەرانێکی هەمیشەیی ئەو ئامێرانەی هیچ هێماو تایبەتمەندیەکی کۆمەڵایەتی و عەقڵانی و هەست و سۆزیان پێوەدیار نیە. 

 

کێبڕکێکانی داهێنانی پێشکەوتووترین ئامێرو ئەپلیکەیشنەکان و مۆبایلی زیرەک و تەلەفزیۆنی زیرەک و ئۆتۆمبێلی زیرەک و …هتد، دۆخێکی هێناوەتە ئاراوە وڵاتان بۆ کنەکردن و هەڵکردن و  کڕاندنی شاخ و کێوو کانزاکان و دەرهێنانی ناوسگی  ژێر زەوی و تاڵان کردنی  سەرزەوی گشت سنوورێکی عەقڵانی ببەزێنن. 

 

رەنگە  پێشبینی کردنی ئاڕاستەی ئەم بزاڤ و جموجۆڵە تێکنۆلۆژیەی مرۆڤ  لە بوارەکانی پەیوەندی کردن و ئابوری و سەربازی و کشتوکاڵیدا لە ئێستادا ئەستەم بێت. لێ هێماکانی تێکچوونی شیرازەی خێزان و کۆمەڵگاو نەمانی سۆزو بەزەیی و خۆشەویستی لە نێوان تاکەکانی کۆمەڵگا،  بەم خێرایی و گەورەیی و ئەم قەبارەیەی ئێستا، دەرەنجامی خراپترو زیانبەخشتری لێ بکەوێتەوەو ژیان لە بۆن و بەرامەی سۆزو بەزەیی پێداهاتنەوەو جوانی و هارمۆنیاوە بخات.

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2025 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×