فەزای شاروئاوەدانی بەرەو تاریکیەکی خەست و ئەنگوستەچاودا، خێراخێرا ھەنگاودەنێ....منیش بەرەو ئامانج نزیکتر دەبمەوە، لەکاتێکدا رێگاکەی بەردەمم تادێ باریکترو باریکتر خۆی دەنوێنێ.
تاریکی زۆر بێ بەزەییانە تەنگی بە روناکی ھەڵچنیوە... وەک بڵێی بە نیازە خەون و خولیاکانی لە سێدارە بدات و ھیواوئارەزووەکانی زیندەبەچاڵ بکات.
تۆزێک لەولاتری بینایە گەورەکەی سەربەشارەوانی، لەسەر پردی پێکەوە گرێدانی دوێنێی پرلەپشێوی و ئەمرۆی ئاڵۆزەوە، ھەڵوەستەیەکی خێرا دەکەم.
دوێنێ زیاتر لە تابڵۆیەکی رەنگاڵەی پرلەنەخش و نیگارو خواری و خێچی و لە تابڵۆیەکی ھونەری تێکھەڵکێشی رەنگەدژبەیەکەکان دەچێت...وەک ئەوەی فەزایەکی کلاسیکی و ئەبستراکت و سەنگینی جوان بخاتە نمایشەوە...
لە رووبەروو ئاسۆیەک دەبینم تەمومژێکی خەست بەرچاوی گرتووەو لەبەردەمیدا وەک دێوەزمەی نگبەتی چەقیوەو سەرلەبەری فەزاکەی داپۆشیوە...لەملاشەوە تاریکی فشاری بۆ ھێناوەو ھەرچەندە زۆری لە خۆم دەکەم توانای بینینی زیاتر لە پەنجا مەترم نیە. لێرە گەر وریا نەبیت تا دێت بینین مەوداکەی کورتتر دەبێتەوە و وەک بوونەوەرێکی کەڕوکوێرولاڵت لێ دێ. بینین لێرەدا جۆرێک لە نەسازان لەگەڵ دەورووبەر گەڵاڵە دەکات.
لە چرکە ساتێکدا هەم دوێنێێ پەشێوو ئەمڕۆی ئاڵۆزکاو پێک دەگەن و هەستێکی تابڵێی ناخۆش و رقاوی سەراپای جەستەت دادەگرێ.
نەتوانای خۆڕاپسکاندنت هەیەو نە دەشتوانی ئاڕاستەی خەیاڵت بەرەو شوێنێکی ئارام و ئاسوودەترو رونتر و شەفافترەوە بەریت.
ھەربۆیە زۆر بە ئەسپایی لەسەر پردەکە رێدەکەم و بەرەو ماڵ دەبمەوەو سەیری دواوەم ناکەم و دوور دەروانم...لێ لەگەڵ خۆمدا وڕێنەدەکەم:
بۆ ئەوەی ئێستامان جوانتر بێ لە دوێنێ، بۆ ئەوەی جوانتر بین لە پێرێ، پێدڤیە ئەو دیوارە ئەستورە دابڕە کۆنکرێتیە کرێتە ناشرینەی نێوان دوێنێی رابردوو و ئەمرۆی گرژو ئاڵۆز برووخێنین.
دیوارەکان هەمیشە هێمای جیاکردنەوەی دوو شوێن و جێگەو دونیاو ژینگەن. دیوارەکان بەربەستێکی گەورەی کۆنکرێتین بۆ دانانی سنوورو خۆجیاکردنەوەو دیاری کردنی مەودای نفوزو دەسەڵات و بەخشینی شوناس بە ناشوێنە وەهمی و خۆڵەمێشیەکانەوە. دیوارەکان هەر بۆ ئەوە بونیادنراون دونیاکان لێ جیا کەنەوەو جۆرێک لە دابڕان و چینایەیی لە نێوان ئەوەی “ من” و ئەوەی “ تۆ” بونیاد بنێن و لە رێگەی وێنای شکۆمەندیەکی دەسکردەوە هێما بۆ شکۆو سنوورو تخوبە دابڕاوەکانەوە بکەن.
خۆ پەیوەست کردنمان بە رابردووی پڕ لە نەهامەتی و شکست و دەسکەوت و سەرکەوتن و بن کەوتنی دیراسەنەکراو، وامان لێدەکات لە فەلەکی هزروبیرکردنەوەکانماندا بەدوای خودی بزربووی نێو داڵان و کەلەبەرەکانی مێژوودا سەرگەردانی نێو داهۆڵەکانی گەڕان بەدوای شوناسێکی یەکانگیر و ونبووەکانی ناو دیرۆک و پیرۆزیەکی گشتگیرەوە بین.
عەشق و ئەوینی ئێمە بە دوێنێ، خۆگرێدانمان بە دوێنێ و گێڕانەوەی چرکەساتەکانی دوێنێمان، یاداوەری شکۆو جوانیە دڵرفێنەکانی دوێنێن. یاداوەریەکان لێرەدا تەنیا کەرەستەو ئامرازێکن بۆ بیرهێنانەوەو بیرخستنەوەی دوێنێ و ئەو بڕگە لە مێژویەی بێ ئەزمون وەرگرتن لێی، بە ئاسانی بەسەرماندا تێپەڕین و لە ئێستاماندا وەک دێوەزمە و بارێکی گران و سێبەرێکی خەستە، بە دوامانەوەن.
ئێمە لەمرۆی نامۆو کرێت و ئاڵۆزماندا بۆ رزگاربوونمان لە ناشرینیەکان و باری لارو قورسی ژیان و ئاڵنگاریەکانی پەیوەست بەم هەموو ناشرینی و نارێکی و دووبەرەکی و چەندبەرەکی و دڵرەقی و نامێهرەبانی و تۆخ بوونەوەی فشارو دێوەزمەی ناوچەگەرێتیەکان، دەستمان بە دوێنێوە گرتووە. دوێنێش لە وينای هزرو خەیاڵی پەرش و بڵاوی ئێمەدا کۆی ئەو شتانەیە کاریگەری ڕاستەوخۆی کردووەتە سەر ئەمڕۆمان. ئەمڕۆیەک، تێکەڵەیەکە لە ڕق و قین و تووڕەیی و هیوابڕاوی لە ئاییندە.
لە دوێنێش وەک ئەمرۆ ساڵ چوار وەرز بوو. شەوورۆژەکان لە چەشنی سعاتی قورمیشکراو، زۆر بە هێمنی و ئەسپاییەوە یەک لە دوای یەک دەهاتن و جێ پێیان بە یەکتر لەق دەکرد.
دونیامان ئەوەندە ئاڵۆزکاوو خەم و نیگەرانیەکانمان ئەوەندە گەورە و لەناوەخۆشدا تائەم ئاستە نەیاری یەکتر نەبووین.
ترسمان لەوەیە ئەوەی لە ئەمرۆماندا حەسرەتی بۆ دەخۆین و خۆزگەکانمانی تەنیوەتەوە و لە رووبەری ژیاندا هەوڵی دووبارە بونیادنان و گەڵاڵە کردنیان دەدەین، لە داهاتوودا ببن بە خەون و خەیاڵی سەرزەمینە دوورەدەستەکان و مۆرکی زەمەنی داهاتوویەکی نادیارو لێڵ، پێیانەوە بنرێت و بەم بارەی ئێستامان و لە دۆخی تا سەر ئێسقان ناتەبا و پەرتەوازەیمان، هەرگیز پێیان نەگەین و تەنیا لە خەیاڵ و هۆنراوەو دەقە ئەدەبی و گوتارە سیاسیەکاندا بە دوای وێناکردنیانەوە بین.