پووکانەوەی چرکەساتە قورسەکان

شۆرش خالید ئاژگەیی
  2025-01-01     130

 ئەمساڵیش لەبەردەم دەرگای ساڵێکی پڕلە هاتونەهاتەکانداین. ساتژمێرو کاتژمێر و دەمژمێرەکان دەژمێرین و دابڕاو لە ئێستا، هیوایگەورەمان بە ساڵێکی ترەوە هەیە و ئاییندەیەکی باشتر و رۆژگارێکی ئاسودەتروزامنکراوتربەئاوات دەخوازین. 

 

واقع تەنیا بریتیە لە وێنای کۆی ئەو چرکەساتانەی بە ئێستامانەوە دەمانبەستنەوە. نەک ئەوەی رەنگە رووبدات یا ئەگەری روودانی زۆر بەهێزە. لە دەرەوەی ئەم تێگەیشتنەدا وێناکردنی دونیاو رازاندنەوەی بە فکروخەیاڵ و خەونە بەدینەهاتووەکان، وێناکردنێکی مەجازی و دوورلە واقعە. 

 

مرۆڤ بوونەوەرێکە سەرلەبەری کایەی ژیانی ئێستای گرێدراوی رابردوو و خەون و خەیاڵ و خواست و ئومێدە دوورەدەست و بەدی نەهاتووەکانە. رابردوویەک،  رەنگە خودی مرۆڤ هیچ رۆڵ و کاریگەری لەسەر نەخشاندن و فۆڕم گرتنیدا نەبووبێت و لە دەرەوەی هزرو چاوەڕوانیەکانی ئەودا، بە جۆرێکی نەخوازراو فۆڕمیان گرتبێ و ئامادەیی هەژمون و باڵادەستیان بەسەر سەرلەبەری ژیاندا  دیار بێت. 

 سروشتی سەختیەکانی ژیان  بە جۆرێکن هەرچی لەزەت و خۆشی و هیواو ئارەزوو هەیە لەگەڵ خۆیاندا رایاندەماڵن و دواجار دەبن بە بەشێک لە دونیابینی مرۆڤەکان بەرامبەر بە کایەی ژیان و کولتورو تێگەیشتنێکی گشتیدا. 

 

ئاسوودەیی ئەو شوێنگەیەیە مرۆڤ بە دەستبەرداربوونی لە پرسیارەکانی (چۆنێتی) و(چییەتی) خود و کۆمەڵگا و سیاسەت، دەگات بە لووتکەی ئاسوودەیی و رەھابوون لە ( بۆچی) و ( بۆ) یەکان  و ( لە پێناو چی) ـەکان و رەهابوون لە پرسیارە سەت بارە بووە بێ وەڵامە کرچ و کاڵەکانەوە. 

لوتکەی ئاسودەیی ئەم شوێنگەیەیە مرۆڤ بە دەست بەرداربوونی لە پرسیارەکانی ( چۆنێتی) و ( چیەتی) خودو کۆمەڵگا و سیاسەت دەگات بە ئاسوودەییەکی رێژەیی و رەهابوون لە  پرسیارەکانی ( بۆچی؟) و ( بۆ) یەکان و ( لە پێناو چی)ـە کان و گەڵاڵەکردنی دیدگایەکی تر بەرامبەر بە کایەی ژیان و پێکهێنەرەکانی ناویەوە. هەروەک داماڵین و بەتاڵ کردنەوەی مێشک و زیهنە لە قورسایی و هەژمونی تاڵی بەردەوامی ( بت )ـە داتاشراوو فووتێکراوەکانی خەیاڵ و جیهانی مەجازیەوە. 

هیچ سنوورێکی سایکۆلۆژی توانای وەستاندنی خەیاڵی مرۆڤی لە خەون بینین بە داهاتووەنیە. 

 خەون بینین بە داهاتوویەکی باشترو گونجاوتر،  هێزو توانستێکی قووڵی گەرەکە. هێزێک بتوانێ سەرلەبەری تخوب و سنوورەکانی فکر ببەزێنێ و لە کەنارێکی ئارامدا لەنگەر بگرێ و بیر لە خۆدو دروست کردنی دونیایەکی جوانتر بکاتەوە. 

 

خۆبەستنەوە بە وەهم و خەیاڵ و بەڵێنی درۆیینو خەڵەتێنەرو قالب گرتن لە ئێستایەکی پڕ لەنائومێدی و نیگەرانی و ناخۆش و چەقبەستوو، ئەو دەرەمەیە، مرۆڤ لە پەلوپۆ و جووڵە دەخاتو دواجار دەیکات بە بوونەورێکی بێ ماف و جووڵەو شەکەت و پەڕووباڵ کراوەوە. 

 

حەقیقەتی ژیان بریتیە لە کۆی گشتی ئەو چرکەسات و رۆژ و مانگ و ساڵ و وێستگەو ئەو قۆناغانەی پێیاندا تێپەڕین و دواجار بەدەر لە ویست و ئیڕادەو خواستی ئێمەوە، بوون بە بەشێک لە بۆچوون و هزرەو دونیابینی و کەسێتیمانەوە. هەم بە رووبەری فرە رەهەندی سیاسەتدا ڕۆیشتین و هەمیش ئایدیۆلۆژیاو بکەرە سیاسیە فرە بەرژەوەندگەراکان و وەهم و دروشمە گەورەکانمان بینین و لەگەڵیان ئاشنا بووین و مەغزاو ناوەڕۆکی حەقیقیمان بۆ سەلمێنرا. 

 

‏‎ لە ئێستای بڕێکی گەورە لە ئێمەماناندا، وێستگەیەک هەیە کەوتۆتە دەرەوەی ئەو واقعەی تیایدا دەژین. ئەم وێستگەیە  بۆی هەیە مرۆڤ و سرووشت و کایەی سیاسی و کۆمەڵایەتی و کۆمەڵگاو نامۆبوون و تۆران و ترازان  پێکەوە ئاشت بکاتەوە.  بەڵام مەرج نیە ئەم وێستگەیەش بەهۆی گۆڕانکاری هاوکێشەکانەوە گۆڕانکاری جەوهەری بەسەردانەیەت و بە فۆڕمێکی ترو رەهەندی ترولە چرکەساتی ترو دۆخێکی تر دەرنەکەوێتەوە. هەروەک رەنگە ئەگەری هەر گۆڕانکاری و وەرچەرخانێکی لەمجۆرە، دواجار گۆڕانکاریەکی ریشەیی بەسەر کۆی دونیابینی و هزرو کەسێتیماندا نەهێنێت و  تاسەر ئێسقان دیسانەوە سەرقاڵی  سیاسەت و یاریە سیاسیەکان و شرۆڤەو راڤەکاریەکانمان نەکات. 

 

هەرچۆنێک بێت واساڵێکی تری تژی  خواست و ئومێدو رووداوو فکروخەیاڵ و نیگەرانی و ئەگەرو مەگەرو هاتو نەهات و  هەورازونشێوو مەترسیەکانمان تێپەڕاند. وا هەمیسان لە رووی ناچاریەوە توورەگەو هەگبەی خەون و ئومێدو نزاوپاڕانەوەکانمان لەگەڵ خۆمان دەبەینە ساڵێکی ترەوەو ئەگەری دووبارە بوونەوەی ساڵێکی لێکچووی لەوەی پێشوو لە هەموو ئەگەرێک بەهێزترە. 

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2025 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×