لیبرالیزم لەبەردەم پووکانەوەدا

شۆرش خالید ئاژگەیی
  2024-12-13     104

سەرکەوتنی دۆناڵد ترامپ لە هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی ئەمریکا هیچ پەیوەندی بە شکستە  یەک لە دوا یەکەکانی سەربازی یا دۆخی نالەباری ئابووری ئەمریکاوە نیە.  

ترامپ هەر لە سەرەتای دەست پێکردنی هەڵمەتەکانی هەڵبژارددنەوە خۆی بە نوێنەری ڕاستەقینەی چینی کرێکاری سپی پێستی ئەمریکاوە ناساند و لە بانگەشەکانیدا خۆی بە پارێزەرو داکوکیکار و خزمەتکاری کومەڵگەی ئەمریکی و پاک کردنەوەی لە ناهاوسەنگیەکان و باشتر کردنی ژیان و گوزەرانی هاونیشتیمانیانەوە لە قەڵەم دەدا و زۆرترین بەڵێنی بە گەلی ئەمریکی دابوو بۆ " گێڕانەوەی" شکۆو گەورەیی ئەو وڵاتە و ئەو وتەیەی: ئەمریکا لە پێش هەموو شتێکەوەیە.

ترامپ بەلێنی دەدا دوازدە ملیۆن کۆچەری بیانی، لەوانە مەکزیکیەکان، بۆ وڵاتی خۆیان بگێڕێتەوەو وای لێک دەدایەوە زۆرترین ڕێژەی تاوان لە ئەمریکا لە لایەن ئەم کۆچەرە نایاساییانەوە ئەنجام دەدرێت. هەروەها بەڵینی گێڕانەوەی هەلی کار و دابەزاندنی ڕێژەی بێکاری یەکێکی تر بوو لە بەڵێنەکانی.

بە کەمێک وردبوونەوەلە باری ئابوری ئابوری ئەمریکا  ئەم ڕاستیەمان بۆمان دەردەکەێ، ڕێژەی بێکاری لەم وڵاتە بە بەراورد بە ساڵانی پێشوو لە ئاستێکی زۆر نزم دایە. کرۆکی کێشەکە نزم بوونی مووچەی مووچەخۆرانە نەک تێک چوونی باری ئابوری بە هۆی کۆچی نایاسایی بۆ ئەمریکا و بەرز بوونی ڕێژەی تاوان.

پێداگری ترامپ بۆ درووست کردنمی دیوارێکی جیاکەرەوە لە نێوان ئەمریکا و مەکزیک لە پێناوی لەمپەر درووست کردن لە بەردەم کۆچی نایاسایی بۆ ئەمریکا بە یەکێک لە بەڵینە هەرە سەرەکیەکانی ترامپ دادەنرێت.

بەڵام بیانوەکانی ترامپ ئەوەی پەیوەندی بە ڕەوەندی مەکزیکیەوە هەیە لە ئەرزی واقعدا هیچ بنەمایەکی زانستی و کۆمەڵایەتی و  ئابوری نیەو شتێک نیە جگە بیانوو گرتن بە مەکزیکیەکانەوە.

ڕەوەندی مەکزیکی حاڵی حازر بە یەکێک لەو گرووپە کۆچەریانە دادەنرێن، کۆمەڵگەی ئەمریکی سودێکی زۆری لێیان بینیوە و بەشێک لەو کارو ئەرکەی ئەو ڕەوەندە بەڕێوەی دەبەن بۆ ئەمریکا زۆر گرینگە و ناکری نکۆڵی لێبکرێت. وێڕای ئەمەش مەکزیکیەکان لە ڕووی ئایینییشەوە زۆر لە کۆمەڵگەی ئەمریکی نزیکن و سەربە کاتۆلیکەکان و دەتوانن لە هەموو رووێکەوە لەگەڵ دابو نەریت و کولتەرو باوەڕە ئایینیەکانی وڵاتی ئەمریکا بگونجێن وئامارەکان پیشانی دەدەن ئەم ڕەوەندە لە هیچ کارو کردەوەیەکی تیرۆریستیەوە نەگڵاون. بە پێچەوانەی کۆچەرە موسوڵمانەکانەوە کەوا لێرەو لەوێ چەند کەسێکی سەر بەم ڕەوەندە لە چەندین کاری تیرۆریستیەوە گڵاون و بوونەتە هۆکاری ڕق و توورەیی و لەدەست دانی متمانە لە لایەن گەلی ئەمریکاوە.

پەیوەست بە دۆخی ئابوری و هەلی کاریش ، لەم ساڵانەی دواییدا بەشێکی بەرچاوی کۆچەرە مەکزیکیەکان بە هۆی باشتر بوونی باری ئابوری وڵاتیانەوە ئارەزوومەندانە گەڕاونەتەوە مەکزیک و ئەمریکایان بە یەکجاری جێ هێشتوە.

بەڵام لێرەدا پرسیارێکی جەوهەری ڕووبەڕوومان دەبێتە و ئەویش ئەوەیە، بۆ گەلی ئەمریکا دەنگ بە ترامپ دەدات؟

ئەمریکا نە دووچاری قەیرانێکی قەوارە گەورەی نیشتیمانی و نەتەوەیی بۆتەوەو نە لە ڕووی کۆمەڵایەتیشەوە لە لێواڕی داڕووخان وداتەپین وو لێکترازاندایە. بەڵکو ئەو قەیرانانە لە لایەن خودی دۆناڵد ترامپەوە درووست کراون و لە سەر ئەرزی واقعدا بە هیچ شێوەیەک بوونیان نیە.

ئەمریکا دەمێکە کەوتۆتە نێو قوناغی قەیرانێکی قووڵی فەرهەنگیەوە و هیچ کام لە نوخبە یا دەسەڵاتداران و گەلی ئەمریکا ڕۆلیان لە درووست کردنیدا نەبووە.

ئەم قەیرانە دەرەنجامی گەشەی خێرای تێکنۆلۆژیا و ئینتێرنێت و چەقبەستوویی میدیای زەبەلاح و پاشەکشەی سەندیکاکانی کرێکاران و ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی ئەمریکایە. 

میدیای ئەمریکا لەم چەند ساڵەی دواییدا نەیتوانیوە پێ بە پێ لەگەڵ گەشەی بەرچاوو خێرای بوارەکانی تێکنۆلۆژیا و ئێنتێرنێت، خۆی نوێ بکاتەوە و پێش بکەوێ و وەک دامەزراوەیەکی گرینگی ڕاگەیاندن و سەرچاوەی زانیاری و گەیاندنی ڕاستیە شاراوەکانەوە شان لە شانی بوارەکانی تری تێکنۆلۆژیاوە بدات.

لەم چەند ساڵەی دواییدا پێگە کۆمەڵایەتیەکانی وەک فەیس بووک، تویتەر و ئینستگرام و....توانیان ببن بە ئامرازێکی کارا و کاریگەر لە ڕووی بڵاوکردنەوەی زانیاریە هەڵە و ناراستەکانی پەیوەندیدار بە بوارەکانی ئابوری، کۆمەڵایەتی و سیاسی و ئاسایشەوە و بەم جۆرە کاریگەری بخەنە سەر ڕای گشتی و بەو جۆرە ئاراستەی بکەن، خۆیان دەیانەوێت.

بەرەی ڕاستڕۆکانی ئەمریکا بە سوود وەرگرتنی کارا و بەردەوام لەم جۆرە پێگانە توانیان ڕای گشتی بە لای پەیام و بۆچوون و تێڕوانیە تەسک بینانەکانی خۆیان دژ بە دەزگاکانی ڕاگەیاندنی بینراوو بیسراو و ژەهراوی کردنی کەشی سیاسی و کۆمەڵایەتی دژبە سیاسەتمەدارانی خاوەن پێگە و ڕابردووی سیاسی و چینی نوخبە و ڕەوەندی کۆچەران و تەنانەت موسوڵمانانەوە هان بدەن و وەک تاوانبارلە قەڵەمیان بدەن و دواتر خۆیان وەک فریاد رەسی راستەقینەی گەل و وڵات بدەنە ناساندن. 

 هۆکاريکی تری سەرکەوتنی ترامپ لە هەڵبژاردنەکانی ئەم دواییەدا بۆ بێ ئیرادەیی و ناکارامەیی بایدن و ئیدارەکەی لە چارەسەرکردنی کێشە و  گرفتە ناوخۆییە ئابوریەکانی ئەمریکاو نەبوونی هیچ روئیایەکی دلنیاکەرو دڵخۆشکەر دەگەڕێتەوە. 

ترامپ توانی لە هەڵمەتەکانی هەڵبژاردندا ئیش لەسەر خاڵە لاوازەکانی خودی بایدن و جێگر و ئیدارەی دیموکراتەکان بکات و دیموکراتەکان وەک حزبێکی ماندوو و  سەرلێشێواوو بێ روئیاو بێ دیدگا بۆ باشتر کردنی دۆخی ژیانی ئەمریکیەکان وێنا بکات. 

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×