هەر جارەی بۆی دەگەڕێیتەوە هەست بە گۆڕانکاریە خێراکان دەکەی. گۆڕانکاریەکان تەنیا دیوێکی رووکەشی ئەو کایەی ژیانە دەگرێتەوە، خود، وەک بکەرێکی سەرگەردان لە قووڵایی رووداوەکان و هەناوی ماهیەتەکەیدا دەخولێتەوەو بێ خواستی خۆی ئاوێتەی شوناسێکی سەپێنراوو لە جوانی کەوتوو دەبێت.
لەیەکەم وێنەدا گۆڕانکاریەکان لە شەقام و باڵەخانەو سەنتەرو شەقام و پردو بەرزەپردی سەر شەقامە قەرەباڵغ و جەنجاڵەکان، سەرەنجی بینەر بەلای خۆیاندا ڕادەکێشن. رێستۆرانت و چایەخانە و قاوەخانە و سەنەتەرەکانی جوانکاری و شێلان و هوتێل و مۆتێل و کاروان سەراکان ئەوەندە زۆرن فریای هەژماردن و تۆمارکردنیان ناکەویت.
لێرە گرینگیدان بە رووکەش و مۆدێلی ژیانێکی ساختە و دیوە دیارەکەی ژیان و باڵەخانەو ئوتۆمبێل و ئامرازەکانی تری پڕ لە جووڵەو دەنگەدەنگی ناو شارو پارەوپوڵ بەهیچ لێوەرێکی فەلسەفی و زانستی کۆمەڵناسی ناپێورن. دیوە مەعریفیەکەی ژیان بزرە. لە بری ئەمەدا ئامادەیی تاکەکان بۆ خوێندنەوەو خوێندن رۆژ دوای رۆژ لە داکشان دایەو مەیلی کتێب و رۆژنامە خوێندنەوە لە جاران کرچ و کاڵتر بۆتەوەو بەرەو کزبوون و کوژانەوەی یەکجارەکی هەنگاو دەنێت.
لەم دونیا دەسکردەی ئێستاکەدا، سۆشیال مێدیا باڵی بەسەر دونیای سەرلەبەری پەیوەندیەکان داگرتووەو لە دەرەوەی زیهنیەتی مرۆڤەکان دونیایەکی دوورلەواقع و ساختەو بێ تاموچێژی دروست کردووە، گەورەوبچووک پێیەوە سەرقاڵن.
سەنتەرەکانی جوانکاری لە گۆشەوکەناری شارو شەقامە لابەلاو گشتیەکان وێنای کۆمەڵگایەک دەکەن، بایەخدان بە دیوە دیارو بەرچاوەکەی جەستەو ژیان و رێکوپێکی، لە خڕ کردنی سمتەوە بیگرە تا دەگات بە نەشتەرگەری لوت و لێوو گۆناو چاندنەوەی قژ و بۆتاکس و فیلەر، لە بایەخە هەرە گەورەکانی ژیانن.
ئوتۆمبێلە دوامۆدێلەکان وەک ئەژدیهای چاخەدێرینەکان شەقامەکان هەڵدەدڕن و دووکەڵێکی خەست و قورس و ژەهراوی بە فەزای شاردا بڵاو دەکەنەوە. پۆزلێدان بە ئوتۆمبێل و ماڵی دونیا، لە بەها هەرە گەورەکانی ژیانن.
خواردنە خێران داواکاری یەجگار گەورەیان لەسەرەو وێنای کۆمەڵگایەک دەکەن لە رووکەشدا جوان و رازاوەو لە ناواخن و لە رووی تەندروستیش لێوان لێوە لە دەردو نەخۆشی و جۆرەها پەتای دوژمنی تەندروستی و کوشندەوە.
لە هیچ کام لە شەقامەکان تاکە ئامرازێکی گشتی گواستنەوە نابینرێت. تەکسیە ناوبۆش و بەتاڵەکان لە پاڵ یەکتردا، لە چەشنی چەمێکی بە خوڕ لەسەر شەقامە گشتیەکاندا دێن و دەڕۆن و هێمایەکن بۆ ئاستی بەرزی بێکاری و سەرگەردانی لە هەناوی شاردا.
فەزای گشتی شار زیاتر لە قەرەباڵغیەکی بێ سنوورو بێ کۆنترۆڵ و بێ چاودێری و پڕ لە جەنجاڵی دانیشتوانی ئەچێت، تا هێمایەک بۆ هارمۆنیایەکی دڵگیرو ئاسودەو پڕلە هیواو ئامانج و ئارامیەوە. تووڕەییەکی شاراوە بە تاکەکانەوە دیارە. ئەم تووڕەییە هۆکارو پاڵنەری سەرەکی سەرجەمی ئەو کێشە کۆمەڵایەتی و سیاسیانەی کۆمەڵگان، تاکەکانی لە چەشنی رۆبۆتە بێ زمانەکان، توانای بە تێکست کردن و نووسینەوەی و وێناکردنیان نیە.
بڕێکی زۆری ئەم جەنجاڵیە خەستەی لە چەشنی ڕاکەڕاکەیەکی ڕاکەرێکی سەرگەردان و بەپەلە بە سیمای شارەوە دیارە، هی دۆخی ئەمڕۆ و پەیوەست بە ئەمڕۆوە نیە. ترسێکی شاراوەی تاکەکانیەتی لە داهاتوو و سەرلەبەری ئەو ئەگەرومەگەرانەی ئەم کۆمەڵگایەی پێ دەناسرێتەوەو وەک بڵێی نیشتیمانی بۆ هەمیشە لە قۆناغێکی ڕاگوزەر و پڕلە نیگەرانی و ترس و فۆبیای هاتو نەهاتەکان هێشتۆتەوە.
چڕوپڕی شارو هاژەهاژی دەنگی ئۆتۆمبێلەکان و ڕاکەڕاکەی تاکەکان بەدوای دابین کردنی گوزەران و بژێوی ژیان و ترسێکی شاراوە، تەنیا شوناسێکە لێرە هەم شاری پێ دەناسرێتەوە هەمیش وەک دێوەزمەیەک رۆژانە ناخی کۆمەڵگا دەهاڕێ و زیاتر لە هەموو جارێک لە داهاتوو نیگەرانیان دەکات و وەک پێدراوێکی خراپ، لە ئێستادا دەیانهێڵێتەوە. ئێستایەک پڕە لە ڕق و تووڕەیی و سەغڵەت بوونێکی نادیار لە یەکتری و تەواوی ئەو شتانەی کۆمەڵگای پێ دەناسرێتەوە.