گەر بتەوێ لە قووڵایی ژانی کۆمەڵگا تێبگەی، پیاسەیەکی دەم ئێوارە بەسەر شەقامەکانی شار برێکی گەورەی حەقیقەتەکانت بۆ دەخاتە نمایش و وێناکردنێکی ئیستاتیکیەوەو هەندێ لە دیوەشاراوەکانی کایەی ژیانی ئەم بەشەی نیشتیمانت بۆ وێنا دەکات.
مرۆڤەکان بە گەورەو بچوکەوە بە هزرێکی ئاڵۆزەوە بەسەر شەقامەکاندا دێن و دەچن و نیگەرانیەکی قووڵ بە روخسارو سیمایانەوە دیارە. هاتوچۆکان سیستەماتیک نین و هەڕەمەکین. دیمەنی شەقامە سەرەکیەکانی شار و کۆچەوکۆڵانە لابەلاکان بە جۆرەها مۆدێلی ئۆتۆمبێلی دوژمنی ژینگەو کەشوهەوا تەنراون. پێ دەنێیتە هەر شەقام و بەردەم دوکانێک و مارکێتێک دوو یا سێیان و چوار لەم جۆرە ئوتۆمبێلە دووکەڵاویە ژهراویانە لەبەر دەمتدا قوت دەبنەوە. شەقام لە وێنای چەمێکی پڕلە ئوتۆمبێل لە یەکەم چرکە ساتدا سەرەنجت بە لای خۆیدا ڕادەکێشێت.
دیمەنی گەڕەکەکان دیمەنێکی لەجوان کەوتووی ناشرین و فەزایەکی تژی دووکەڵ و گەردیلە ژەهراویەکانە. هیچ کام لە باڵەخانەو ماڵ و خانوو و دیوارەکان قووڕێنە نین، بەڵام تەمێکی خەست و ترسناک وەک دێوەزمەو تارماییەکی ناشرین و ژەهراوی دیمەنی گەڕەک و شاری لە ناو ماهیەتی خۆیدا شاردۆتەوە و بەدەنگی موەلیدەکان لە چەشنی مۆسیقایەکی نامۆو رۆح ئازاردەرەوە ئاوێتە بووە.
پیادەکان هەرکامەیان بە شتێکەوە سەرقاڵن. پرسیاری موچەو سەری مانگ و مانگی چەند رۆژەو سەرەتا و کۆتایی مانگ و کرێی خانوو گرانی و گوزەرانی سەخت و نەخۆشی و دکتۆرو دەواو دەرمان سەرەنجت بەلای خۆیدا ڕادەکێشێ.
پرسیاری ئەو حەشاماتەی لە دوکانێکەوە بۆ دوکانێکی تر بەدوای دابین کردنی پێداویستیە سەرەتاییەکانی ژیانەوەن، پرسیاری گوزەرانی سەخت و ژان و ژیان و بەردەوامی قەیران و بێ دەرەتانی و گوشاری لە ڕادەبەدەری سەر شانە.
لەم شەقامە و شەقامەکانی نزیک ئەم شەقەمەدا بێتاقاتیەکی تەواو بەسەروو سیماو روخساری مرۆڤەکانەوە دیارە. هیچ کەس باس لە سیاسەت ناکات، وەک بڵێی کایەی سیاسی و بکەرە سیاسیەکان لەم بەشەی شاردا غایب و لە زاکیرەی ئەم بەشەی شاردا سڕاونەتەوەو نادیارو بزرن.
لەم بەشە لە شاردا شوناسێکی یەکانگیر خۆی دەردەخات و لەگۆشەو کەناری بازاڕو شەقامە سەرەکیەکەدا ئامادەیە . شوناسێک، زۆر جیاوازە لە شوناسی گەڕەکە فیرعەونیەکانی تری شارەوە. هیچ شتێک ئەم بەشەی شار بە گەڕەکە فیرعەونیەکانی شار نابەستێتەوەو پێوەیان گرێ نادات. شوناسە جیاوازیەکان و کەلێن و جیاوازیە کۆمەڵایەتیەکانی ئەوم دوو دیوەی شار ئەوەندە زەق و بەرجەستەو دیارن، بە هیچ پینەو پەڕۆو چەواشەکاری و پیاهەڵدان و نمایشێکی بێ بەها و شاردنەوەی حەقیقەت مکیاج ناکرێن.
لێرە هاونیشتیمانیان لە رووی ناچاری و جەبری رۆژگارو سە ختی و نەهامەتیەکانیانەوە وەک یەک بیر دەکەنەوە و لە یەک خاڵدا هابەش و هاوبیروبۆچوون و هاوفکرن. خەمەکان خەمی گشتین و ئازارەکانیش هەر هەمان ئازارن و ژیان کردن لەم گەڕەکە هەژار نشینەدا هەر رۆژێکی کابوسێکی ترسناک و پڕ لە دڵە راکێ و ترس و نیگەرانی و دڕدۆنگیە.
لێرە دۆخی ژیان و ئاستی هۆشیاری و جۆری تێڕوانینی ئینسانەکان دەرهاوێشتەی حەقیقەتی تایبەتمەندیەکانی ئێستایە. ئێستایەکی ئاڵۆز و پڕلە گرژی و هەڵچوون و داچوون و هەڵکشان و داکشانی سیاسی و کۆمەڵایەتیەوە.
لێرە بەشێکی گەورەی ئینسانەکان بە زمانێکی سادەی بازاڕی یەکتر ئەدوێنن. ئەو دونیای تیایدا دەژین دونیای ماتریاڵ و دۆلار دەفتەرو جی کلاس و کچەمۆدێل و کۆمپانیاو براند و ژیانی شاهانە نیە. دونیای کرچ و کاڵ بوونەوەی ئینتیماو وابەستە بوون بە نیشتیمانەوەیە. دونیای سەوداو کڕین و فرۆشتنی سادەترین و سەرەتاییترین بەهاکۆمەڵایەتی و ئایینی و سیاسیەکان نیە. لەم بەشەی کۆمەڵگا هیچ جۆرە ئینتیمایەکی سیاسی بە حزب و ئایدیۆلۆژیا ئامادەیی نیە.
چین و توێژەکانی ئەم بەشەی شار لە یەک شتدا هاوبەش و برابەشن. ئەویش بەڕێ کردنی ئەمڕۆیە لە پێناو سبەیەکی ناخۆشی وەک ئەمڕۆو ئاییندەیەکی نادیارو پەردەپۆش کراو بە دەیان ئەگەرو مەگەرو کارتێکردنەکانی دۆخی سیاسی و رێککەوتن و پێکهاتن و پێکنەهاتنەکان و بەردەوامبوونی قەیران و تەنگژەو نەبوونی و بێ بەهابوون و کەشوهەوای سیاسی ناسازگارو دەیان ئازارو نیگەرانی و هەژاری ترەوە.