پاڵەوانی پلاستیکی بوونەوەرێکی زادەی خەیاڵ و دەرەنجامی چەکەرەی هزرێکی بەرتەسک و دڵخواز بە ئێستای دەرەوەی خۆیەتی. هەرگیز وجوودی دەرەکی نەبووە و لە بوونێکی فیزیکی و پرۆسەیەکی لەسەرخۆی فۆڕمگرتنێکی ئاسایی نەهاتۆتە دونیاوە.
پاڵەوانی مۆمیاکراوی پلاستیکی هەر وەک زادەی خەیاڵ و لە دەرەوەی خاکە، لەهەمان کاتیشدا ماهیەتێکی نەزانراوو داپۆشراوو پڕ لە ڕەمزو رازو نهێنی وەک بازنەیەک و تارماییەکی ترسناک بەدەوریدا کۆبووەتەوە.
ئەم جۆرە پاڵەوانە رووبەری مێدیا وەک تاکە کەرەستەو دەلاقەی گفتوگۆی کۆمەڵگا بەکاردەهێنێ و تابۆی بکرێ خۆی لە رووبەروو بوونەوەی حەقیقەتەکانی ناخی کۆمەڵگا دەدزێتەوە.
ئەو تەنیا لە میانەی خەیاڵ کردن و سوود وەرگرتن لە بەرهەمی مێدیاوە دەخزێتە سەر رووبەری کۆمەڵگاو کایەی ژیان و سیاسەت و زۆرانبازێیەوە.
ئەو دەرەنجامی پیتاندنی هیواوئارەزوو و خەیاڵ پڵاوی هزرێکی لە قاڵبدراوی سەردەمی خۆرە پلاستیکەکانی پۆست مۆدێڕنەو دونیای ئاڵۆزی سۆشیال مێدیاو گرژی و ئاڵۆزیەکانی پانتای کۆمەڵگاو کایەی ژیانی ئاڵۆزکاوو گێژەنگی ناکۆتای رووبەری سیاسەتە.
قارەمانی پلاستیکی لە چەشنی بوونەوەرێکی فووتێکراوو بێ روئیاو بێ ستراتیژو بێ دونیابینیەوە، شتێکی تازەی پێ نیە. ئیش لەسەر بەرهەم هێنانەوەی رووداوو بەسەرهاتەکانی رابردوو و گیرۆدەکردنی کۆمەڵگا بە پەتا و نەخۆشیە ڤایرۆسیە کوشندەکان و هیلاک کردنی کۆمەڵگای داماوەوە دەکات.
بڕێکی زۆر لەو تواناو توانستە مادی و مەعنەویەکەی لە پێناو باڵادەستی و سەپاندنی هەژمونی ئایدیاو بیرۆکەو ڕاوبۆچوونە فرە رەهەندە بەرتەسکانیەوە بەهەدەر ئەدات.
ئەم جۆرە قارەمانە لە ناو دونیایەکی تایبەتکراوی پیرۆزکراوی وشک و بێ رۆح و ئەبستراکتی ئەوتۆدا دەژیت، ئەستەمە بەم ئاستەیەوە رێگە بە نوێگەری و تازەگەری و نۆژەن کردنەوەی کۆشکی باوەڕە عەقڵانیەکان و هەڵکشانی هۆشمەندی و چەکەرەی عەقڵ و مەنتیقەوە بدات و لەگەڵ دژبەرەکانی بکەوێتە گفتوگۆی بونیادنەرەوە.
زمانی ئاخاوتن و ئەدەبی نووسین و لێدوان و دەرکەوتن لای ئەم جۆرە لە ئینسانە بە پیرۆزو مۆمیا کراوانە، تا ئاستێکی زۆر نزم دابەزیوە. زمان، زمانێکی بازاڕی و هەر وشەیەک و دەستەواژەیەکی دەریدەبڕێ هەڵگری دەیان راڤەو لێکدانەوەی سوبێکتە. دەربڕین و دەرکەوتنەکانی زادەی هەستێکی کوشندەی خودئەوینی و نمایشی خودێکی کۆپیکراوی بەر لەخۆیەیی.
هەموو دەرکەوتن و نمایشەکانی ئەم پاڵەوانە وەهمیە بە ئاڕاستەی دروست کردنی ترس و دڵەراوکێ و کەرت کردن و پەرت کردن و نائومێدی و هیوابڕاوکردنی کۆمەڵگایە.
دونیای پاڵەوانی فووتێکراوی پلاستیکی دونیایەکی سادەو ئارام و پڕ لە ڕاستگۆیی نیە. دونیایەک نیە رەهەندە و ئامرازەکانی ئاسودەیی و ئۆقرەیی و دڵنیایی تیادا بدۆزیتەوە. دونیای خەیاڵی پاڵەوانی پلاستیکی پڕیەتی لە کاراکتەرە پلاستیکی و لاستیکیە بێ بەرهەم و دیکۆرەکانی ترەوە.
پاڵەوانی پلاستیکی هەمیشە لە هەوڵی وێناکردنی دونیای دەرەوەی خۆیدا، تاکرەهەند و یەکلایەنە بڕیار ئەدات و دونیای دەرەوەی خۆی بە سەر ( ئێمە) و ( ئەوان) و خێروشەڕ یا سپی و ڕەشدا دابەش دەکات و چێژی لێوەردەگرێ.
رووبەری هزری ئەم جۆرە پاڵەوانە ئەوەندە بەرتەسکە تەنانەت ترسی لە سێبەری خۆش هەیە. بیروبۆچوونەکانی هەڵگری جۆرێک لە تایبەتمەندین، هەمیشە ئامادەیی بەگژداچوونەوەی ئەوانیتری تیادا ئامادەیە. هەرچەندە خۆشی بەم تایبەتمەندیانەی هەیەتی لە چەشنی مەکینەیەک، بێ پچڕان لە هەوڵی دروست کردنی ترس و دڵەراوکێ و بێ ئومێد کردنی کۆمەڵگاو تاکەکان و دونیای دەرەوەی خۆیدا، سڵ لە هیچ ئاکارێکی ناشرین و دەست بردن بۆ پیرۆزیەکانی کۆمەڵگا و نانەوەی گرژی و پێکدادان ناکاتەوە.
پاڵەوانی پلاستیکی لە غیابی پاڵەوانە ڕاستەقینەکان هەمیشە کۆمەڵێک خۆری پلاستیکی و سێبەرو هەرچی و پەرچی ئەتۆی بە دەورەوەیە، سێبەر ئاسا بەدوای بەرژەوەندیە بەرتەسکەکانی خۆیانەوەن. ئەمان وەک کۆمەڵێک بوونەوەری هەلپەرەست و پۆست پەرەست و پول پەرەست و مایک پەرەستەوە، وێنایەکی زۆر ناشرین و قێزەوەنیان بە کۆی دیمەنی ئەو دونیا تاکڕەهەندیەوە بەخشیوە، پاڵەوانی پلاستیکی نوێنەرایەتی دەکات و وەک تاکە پێناسی حەقیقی بۆ بەردەوام بوون بە کۆمەڵگا دەیفرۆشێتەوەو لەو گێژەنگەی دروستی کردووە، کڕیاری بۆ دەستەبەردەکات.
ئەوەی بە نهێنی و وەک پرسیارێکی جەوهەری و ریشەیی و رادیکاڵی بێ وەڵام لای بەشێکی زۆری کۆمەڵگا دەمێنێتەوە، پرسی شەرعیەتە. ئاخۆ بکەرێکی لەم شێوەیە تاسەر شەرعیەت لە چیەوە وەردەگرێ و چالاکی و جموجۆڵەکانی تا کوێ بڕ دەکات و لە چ خاڵێکدا دەوەستێ و پاشەکشە دەکات و بەخۆی و ئاکارو مێتۆدو دیدگا بەرتەسکە وێرانکاریەکانیدا دەچێتەوەو دونیایەکی هەماهەنگترو یەکڕەنگترو جوانترو یەکسانتر لەمەی ئێستا دروست دەکات!!