کسینۆفۆبیای کاراکتەرە سێبەرەکان

شۆرش خالید ئاژگەیی
  2024-09-18     182

 کسینۆفۆبیا یا ترس لە بێگانە یا ئەوانیتر، ترسێکی شاراوەو دەمامکدارە تا لێی قووڵ نەبیتەوە، بە رەهەندەکانی نازانیت و لێت دیار نیەو ونە. 

 

فۆبیا لێرەدا بە مانای ترسە، ترس لەوانیتری جیاواز و ترس لەوانیتری ڕکابەرو ترس لەوانیتری سەربە دونیابینی و دەستەو تاقمەکەی ترو جەمسەرەکەی ترو گرووپەکەی تر.  چەمکی کسینۆفۆبیا لە کایەی سیاسی کوردیدا دەرخەری ئەو ترسە شاراوەیەیە, سەرتاپای رووبەری کۆمەڵگاو کایەی سیاسی گرتۆتەوەو تا دەشهێت زیاد لە جارێک و لێرەولەوێ هێماکانی دەردەکەون و دەبن بە واقعێک، ئەستەمە بە ئەنجامدانی گۆڕانکاری ئەرێنی و پێداچوونەوە، بتوانرێ فۆڕم و ناوەرۆکێکی تری پێ ببەخشرێت . 

 

ئەم بکەرانەی سەربەم دونیایەن  وەک دەنکە تەسبیحەکانی مامە حاجی پێکەوە گرێدراون. هیچ کامیان بێ ئەوەی تر هەلناکات. هەم ترس و ڕقی دنیایان لە یەکترە و هەمیش لە نمایش و دەرکەوتنە دیجیتاڵیەکاندا بە بزەیەکی ساختەوە دەردەکەون و هەوڵی فریودانی بینەر دەدەن. لە ناو کۆی سیستەمە ڕەسمیەکەدا، سیستەمێکی بەهێزو گەورەی سێبەرن و جۆرێک لە دونیای تایبەت بە بەرژەوەندیە رەنگاڵەکانیان بۆ خۆیان بەرهەڤ کردووە، لە وێنە گشتیەکەدا بزرن. 

 

ئەم بکەرە سێبەرانە فڕیان بە پەیوەست بوون بە ئایدیۆلۆژیاو فکرو قوتابخانە فکریەکانەوە نیە. نەک هەر ئەمە، تەنانەت لە رووی هۆشیاری و دانایی و زاناییەوە بێ دونیابینترین و بێ دیدگاترین کاراکتەرەکانی فۆڕمێکی شاراوەی نێو سیستەمەکەن. 

ئەوەی ئەم کاراکتەرانەی تەسبێح ئاسا پێکەوە بەستووەتەوە،  هەژمونێکی شاراوەو مەیل و خواستێکی رانەگەیەنراوی بەرژەوەندی و خۆ قەڵەوکردن و باڵادەستی و خۆ فەرزکردنە. 

 

چەند دانەیەک لەم بکەرانە، کورتکراوەی کۆی سیستەمەکەن. کۆدی هێنان و بردن و گۆڕانکاری و لادان و سەرخستن و بن خستن و هەڵکشان و داکشانی دۆخەکە لای ئەمانە. کێیان بوێ ئەیبەنە کەشکەڵانی فەلەکەوەو ڕقیش لە کێ هەڵبگرن تا پلەکانی خواری خوارەوە دایدەبەزێنن و سڵ لە هیچ ناکەنەوە. گەورەترین سوکایەتی لای ئەمان، بەزاندنی سنوورەکانی بەرژەوەندی و پێ خستنە نێو دونیا دەسکردە بەرتەسکە بە پیرۆزکراوەکەی سەر بە ئەمانە. 

 

دونیای تەراتێنی ئەم کاراکتەرانە بە دەیان حیسابات و لێکدانەوەو هەڵسەنگاندنی تەسکی هزروفکرێکی لە قاڵب و دەورە دراوە. پێوەری پێناسی مرۆڤ بوون لای ئەم توێژە، پێوەرێکی  تەسکی دەسکردی خۆیانەو سەربە هیچ کام لە دونیای فکرەکانەوە نیە. 

 

فکر لەم دونیا تایبەتیەی ئەمان بۆ خۆیان دروستیان کردووە، زۆر دەمێکە فکرێکی بەرژەوەندگەرای کرچ و کاڵ و  ژەنگاوی و پەراوێزخراوی رووبەری کۆمەڵگاو  کایەی سیاسیە.  فکرێکە میحوەرە ئەسڵیەکەی هەڵگری خەسڵەتە جەوهەریەکانی کۆکردنەوەی سەروەت و سامان و سەروەت و سامان و دواجار هەر سەروەت و سامانە. 

رەهەندی فکر لە خەیاڵدانی ئەمجۆرە کاراکتەرە سێبەرە نامەلموسە خۆڵەمێشیانەی ناو سیستەمە ڕەسمیەکە، رەهەندێکی ئابوریە و لە گشت تایبەتمەندیەکانی تایبەت بە دونیای فکر و رۆشنگەری و روناکبیریەوە کەوتووە. فکرێکی هەژارو ڕەبەن و پەراوێزکەوتوو بێ دەسەڵات و داتەپیوو دۆش داماوو پەک کەوتەیە. 

 

کاراکتەرە(  سێبەرە )دەست رۆیشتووەکان سەربە دونیایەکی  یەجگار ئاڵۆزو تەمومژاوین. دونیایەک تیایدا هەم ترس لە سبەی و هەم دڕدۆنگی لە لەدەست دان و پەراوێزکەوتن لە ئەمڕۆ و هەم نیگەرانی لە  باڵادەستی و دەست رۆیشتوویی جەمسەری جەمسەربەندیەکانی تر، لە چەشنی پەتایەکی کوشندەی  بێ چارەسەر، سەرتاپای دونیای بیرکردنەوەیانی داپۆشیوەو لە پەلوپۆو جموجۆڵ و  چالاکی خستووە. 

 

تا مرۆڤ لێیان ورد نەبێتەوە رەهەندەکانی ئەم ترسەی بۆ دەرناکەوێت. 

ئەم دەستەیە هەڵگری شوناسێکی تایبەت بە خۆیان و دونیاکەی خۆیانن. ئەمان لە وێناکردن و وەسف کردنی دەستەکەی تر زۆر بێ بەزەییانە پەنا بۆ ترسناکترین و قێزەوەنترین و گەنترین دەستەواژەوە چەمکە نائەدەبیەکانەوە دەبەن، جاران لە دونیای ئەدەب و نووسیندا ون بوو. ئەگەریش هەبووبێت، بە دەمامکەوە دەردەکەوت و وا بە زەقی پانتای کایەی کۆمەڵایەتی و سیاسی لەکەدار و گەن نەدەکرد. 

 

وێناکردنی بەرامبەرو جەمسەرەکانی تری ناو خودی سیستەمەکە بە  مەترسی و دێوو درنج و ئەژدیهای گڕلەزارو گورگ و کەمتیار، دەرخەری دابەزینی ئەو مۆڕاڵە سیاسی و ئاکارە کۆمەڵایەتیە جوانانەن، هەمیشە هێمایەکی بەهێز بوونە بۆ جوانیەکانی کۆمەڵگاو کۆی سیستەمەکە.  پەنابردن بۆ ئەمجۆرە لە وەسف کردنە لەو ترسەوە سەرچاوە دەگرێ، ساڵانێکە سنوورەکانی نێوان دونیای “ باش “ و “ خراپی” بە شێوەیەکی ترسناک ئاڵۆزکردووەو ئەم دونیایەی دووچاری تێکچڕژانێکی ناکۆتای بێ چارەسەر و ناشرین کردووەتەوە. 

ئەم وێناکردنە هێمایەکی زیندووە بۆ ونبوونی دیوە ئینسانی و جوانەکەی دونیای سیاسەت و دیوە کۆمەڵایەتیەکان، لە کۆمەڵگایەکی تەژی ئاڵۆزی و پێاهەڵشاخێن و قەیران و گرژی و ڕقاویدا. 

هێمایەکی گەورەیە بۆ داڕووخان و هەنگاونان بە ئاڕاستەی هەڵوەشانەوەی کۆمەڵگاو تۆخ بوونەوەی سەرجەم سنوورەکانی نێوان پێکهێنەرەکانی کۆمەڵگاو کاڵ بوونەوەی بەها کۆمەڵایەتی، ئایینی و سیاسیەکان. ئەم دۆخە ئەشێ لە خراپترین حاڵەت و  بەدترین دەرکەوتنیدا سەربکێشێ بۆ لەدایکبوونی دونیایەک، زۆر بە ئەستەم  بتوانی رەگەزەکانی یەکگرتوویی کۆمەڵایەتی و یەکانگیری سیاسی و کولتوری و ئاسودەیی و یەکسانی نەتەوەیی تیایدا بدۆزیتەوە.

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×