زیهنیەتی دەستەڕاستەکان 

شۆرش خالید ئاژگەیی
  2024-08-30     181

فەزای کارو کایەی سیاسی دونیایەکی ئاڵۆز و پڕ پێچ و پەناو کاراکتەرو بکەری ڕاستەقینەو سێبەرو دیارو نادیارە. 

بکەرانی و کاراکتەرە سیاسیەکان ئەوانەن لە رێگەی وەرگرتنی بەرپرسیارەتیەوە هەوڵی ئیدارەکردن و بەڕێوەبردنی وڵات یا دامەزراوەیەک ئەدەن. ئامادەیی شارەزایی و بەرچاوروونی و هۆشیاری و توانای هەڵسەنگاندن و وردبینی لەو تایبەتمەندیانەن لە بواری ئیدارەدان پێویستی حەتمین. 

 

هەمیشە لەپاڵ  کاراکتەرو سەرۆک و سەرکردەوبکەرانی پانتای سیاسەت، کەسانێک هەن لە چەشنی یاریدەدەر و دەستە ڕاست لە پشتەوەی زۆربەی هەرە زۆری بریارو راسپاردەو ئاڕاستەی کایەی سیاسی و دروست کردنی رووداوەکانەوەن. ئەمان کەمتر لە رووبەری راگەیاندن و شاشەو دونیای مەجازیەوە دەردەکەون، بەڵام رۆڵێکی یەکلاکەرەوەو گەورەیان لە دروست کردن و دەرکردنی بریارەکانەوە هەیە. 

 

“ دەستە ڕاستەکان” سێبەری سەرلەبەری سیستەمی حوکمرانین و حوکومەتۆکەیەکن لەناو دامەزراوەو سیستەمە حوکومرانیە گەورەکاندا. حوکومەتۆکەیەکی بچوکی تەوق دراو بە دەیان بەرژەوەندی و بینەوبەردەو سەوداو بازرگانیەوە. 

 

ئەمان بە رووکەش لە رووبەری کۆمەڵگا و پانتای حوکومرانیدا هەمیشە هەوڵی پەراوێزکەوتنێکی درۆینەی خۆیان لە کایەی سیاسی دەدەن، بەڵام بە کردار و لە ئەرزی واقعدا کاریگەری زۆر گەورەو یەکلایی کەرەوەیان لە ئیدارەدان و گۆڕانکاریە ئیداریەکان و دابەش کردنی پلەوپۆستەوە هەیەو لەزۆر حاڵەتدا دواقسەو بریار و شەفاعەت لای ئەوانە. 

 

دەسڕە ڕاستەکان یا دەستەڕاستەکان تەنانەت دەسەڵاتی گۆرینی ئاڕاستەی حوکومڕانی و دروست کردنی بریارە چارەنوس سازەکانی سەرلەبەری  کایەی حوکومرانی و هەیکەلی حوکومەت و ئاڵۆگۆڕی پۆست و پلەی حوکومی و حزبیان وەک میرات و مۆرک بۆ خۆیان و دەستوپەیوەندیەکانیان بە شێوەیەکی رەها مسۆگەر کردووە و بەردەوام خەون بە زۆرترەوە دەبینن و فریوی سێبەری خۆیان دەخۆن. ئەم توێژە توانای دروست کردنی قەیران و تەنگژەو ئاڵۆزی سیاسیان هەیەو بێ پچڕان لە هەوڵی سەپاندنی هەژمونی خۆیاندان بەسەر کایەی سیاسی و بکەرانی ناویەوە. 

 

دەستە ڕاستەکان مەرج نیە هەمیشە لە لای ڕاستی بەرپرسانی خۆیان بوەستن یا دابنیشن. رۆڵی بە رووکەش پەراوێزو لە گواستنەوەی هەواڵ و دونیای مێدیاو شاشەکان، رۆڵێکی کرچ و کاڵە. قورسایی ئەمان لە پشت پەردەی دەرکردنی بریارو راسپاردەو پێشنیارو رێنمایی و ئامۆژگاریەکانەوەیەو بەهیچ جۆرێک حەز بە دەرکەوتنێکی چڕی مێدیای ناکەن و لە دونیای خودئەوینیەکی نامۆ بە کۆمەڵگاو واقعەوە مەستی دروست کردنی دونیایەکی بەرتەسک و تەوق دراوی زادەی خەون و خەیاڵەکانیانن. 

 

دەسڕە  ڕاستەکان بکەرە ڕاستەقینەکەی ناو کایەی سیاسین. 

حیکایەتی ئەمان بە جۆرێکە بەردەوام بۆ پاراستنی بەرژەوەندیەکانیان وزامن کردنی پلەی حزبی یا حوکومیان هەمیشە وێنایەکی ناڕاست و مکیاج کراوو دوورلە واقع و درۆینە دەخەنە بەردەم سەرووی خۆیان و لە دروست کردنی تۆڕێکی بەهێزی پاراستن و مسۆگەر کردنی پۆست و پلەو پایەیان، سڵ لە هیچ پیلان و پلانێک ناکەنەوە.  هەمیشەش  کۆمەڵێک کەسانی هاوبەرژەوەند و هاوچارەنووس و  هاوگیرفان  و هاوتورەگە لە چەشنی تۆڕی جاڵجاڵۆکە لەدەور خۆیان دروست دەکەن و باکیان بە هیچ دەرەنجام و لێکەوتەیەکی خرابی سیاسەت کردنەوە نیە . 

 

دەستەڕاستەکان یا یاردیدەدەرەکان ئەشێ بۆ پەردەپۆش کردنی دونیای رەنگاڵە و گەیشتن بە خەون و ئارەزووە پەمەییەکانیان پلەی بەرێوەبەری نووسینگە یا  سکرتێری یا تەنانەت راوێژکاری هەڵبژێرن و لە پەراوێزێکی ئارامدا سەرقاڵی تەخت کردنی رێگای گەیشتن بە بەرژەوەندیەکانیان بن. 

 

ئیتر ئەم جۆرە بکەرو کاراکتەرە خۆڵەمێشیە سێبەرانەی سیستەمە حوکومرانیەکان،   بە جووڵەو پلانەکانیانەوە لە بێ بەهاکردنی سیاسەت و سیستەمی حوکومرانی و تەنانەت سەرووی خۆشیانەوە سڵ لە هیچ هەنگاوێکی ناعەقڵانی ناکەنەوە. ئەمان لەو جوانیە کەوتوون بەتەنگ بەرژەوەندیە گشتیەکان و چاکەی گشتی و شکۆی حوکومرانی و دۆزینەوەی وەڵام بۆ پرسیارە گەورەو سادەکانی کۆمەڵگاوە بن و هەوڵی جدی و شێلگێرانە بۆ دۆزینەوەی چارەسەریەکان بدەن و بە ئەرک و وەزیفەی ئەخلاقی و بەرپرسیارەتیە کۆمەڵایەتی و سیاسیەکانیانەوە هەڵسن.

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×