دیوە کۆمەڵایەتیەکەی کەسایەتی و کاراکتەری ھەرکام لە ئێمەمانان، لە ئەنجامی کارلێکی سیستماتێکی ئێمەوە لەگەڵ دەورووبەرو رەگەزە پێکھێنەرەکانی ژینگەی کۆمەڵایەتی و سیاسی و ململانێی ھزروباوەرەکانەوە فۆرم دەگرێ و لە لوتکەی دەرکەوتنیدا چەکەرە دەکات و دەخزێتە سەر رووبەری کۆمەڵگاوە.
هیچ تەقینەوەیەک لە رووبەری ژیان و کۆمەڵگادا بۆ دروست کردنی دونیایەکی جوانترو پانتایەکی رێکترو رووبەرێکی ئاسودەو ئارامی و بەرهەڤ کردنی شوناسێکی کۆمەڵایەتی و نیشتیمانی یەکانگیر نیە. ئیشی تەقینەوە وێرانکاریە…دارووخان و ڕمان و نابود کردنە…ئاکارێکی سەرشێتانەو بەرهەمی هزرێکی دۆگماو چەقبەستوو و بەستوو و نەخۆش و وەهم گەرایە.
ئامادەیی خواست و ئیرادەی خۆتەقاندنەوە دەرەنجامی هەژمونی دونیابینیەکی بەرتەسک و لە قالب دراوو قێزەوەن و دواکەوتووە. دەرەنجامی پەروەردەیەکی سەقەت و مێتۆدێکی نائەخلاقی و فکرێکی دۆگمای بێ هەست و جوڵەو لڤین و ئیرادە نەخۆشە.
خواستی خۆتەقاندنەوە لە پێناو ئایدیۆلۆژیاو هەر حزب و بزاڤێکی سیاسی، ئایینی، کۆمەڵایەتی، هونەری، وەرزشی و روناکبیری بێت، پەتایەکی کوشندەو وێرانکەر و ئاوێتەو هەڵگری دەیان ڤایروسی کوشندەی کۆمەڵایەتی و هزری و خێزانی و دەستەگەریە.
دەرهاوێشتەکانی ئاکاری خۆتەقاندنەوە نەک کۆمەڵگا، بەڵکو ئەشێ نیشتیمانێک لە جوانی بخات و دواجار وەک نەریت و کولتورێکی پیرۆز لە لایەن هاوشێوەوهاوبیرەکانی ترەوە بانگەشەی بۆ بکرێت و بڵاو بکرێتەوەو کۆمەڵگاو کایەی ژیان و دۆخی سەقامگیری جڤاک، بەرەو ئاڕاستەیەکی چەوت و دەمارگیر و ناڕاستەوە بەرێت.
هەموو ئەو مرۆڤە دەمارگیرانەی لەو فەزا ئەبستراکت و کۆمەڵگاو کۆنتێکستەی تیایداپەروەردە کراون، لەوپەڕی وەهم و پووچگەراییەوە ئامادەیی ئەوەیان تێدایە بۆ گەیشتن بە ئامانجە دوورو نزیک و کاتیەکانیان پەنا بۆ هەر ئاکارێکی کۆمەڵایەتی و ناعەقڵانی و دوورلە لۆژیکەوە بەرن.
ئەم تایپە هەرگیز بەدوای مانا قووڵەکانی ژیاندا ناگەڕێن و واڕاهاتوون هەموو بیروبۆچوون و ڕایەکیان لەسەر شەپۆلی رەوتی باوی کۆمەڵگاو ئەو رووبەرە تەسکەی تیایدا دەژین و لەجووڵەدان، بونیاد بنێن.
ئەمجۆرە لە مرۆڤەکان لەو رووبەرەی تیایدا قالبیان گرتووە، زیاتر لە کۆمەڵێک رۆبۆتی داماڵدراو لە ئیرادوخواست و دونیابینیە لۆژیکی و واقعیەکان دەچن تا تاکێکی هەڵگری دیدگا عەقڵانیەکان.
ئیشی رۆبۆتە خۆتەقینەکان دروست کردنی دونیایەکی جوانتر و ئاسودەترو هێمنتر نیە.ئیشی ئەمان درێژەدانە بەو حاڵەت و دیاردە کۆمەڵایەتیە قوڵانەی کۆمەڵگایان لە پەلوپۆی گەشەسەندن و پێشکەوتن و جوانی و ئاسودەییەوە خستووە.
ئەشێ خۆتەقێنەکان بەرهەمی پەروەردەیەکی خێزانی و کۆمەڵایەتی و تەنانەت سیاسی و رێکخراوەیی وابن، نەیانهەوێ بەهیچ لۆژێک و قسەودوان و گفتوگۆیەک بگەڕێنەوە سەر ڕاستەرێی عەقڵ و مەنتیقەوە.
ئیشی ئەمان دروست کردنی رووداوگەلێکی ساختە و وەهمە خۆڵەمێشیەکان و درێژەدانە بەو خۆرافاتەی تاسەر ئێسقان باوەڕیان پێ هێناوەو ئامادەیی ئەوەیان تێدانیە تۆزقاڵێک لێی لابدەن. چونکە هەر لێدانێک لەم دونیا دۆگمایە بە خیانەت لە خۆیان و دونیای باوەڕەکانیان وێنا دەکەن.
ئەم تایپە لە ئەندامانی کۆمەڵگا هێما بۆ ئاکارو کردەیەک دەکەن، جگە لە دروست کردنی عەفیۆن و پەتا و نەخۆشی و گێژاوو گەن کردنی کۆمەڵگا، هیچ ئەنجامی دڵخۆشکەر و شوێن ئومێدی تری لێناکەوێتەوە.
وەزیفەی ئەمان شاردنەوەو پەردەپۆش کردنی واقعێکە، خۆیان بەشێکی سەرەکین تیایدا، بەڵام بەو پەڕی رووقایمیەوە نکۆڵی لێ دەکەن و دانی پیا نانێن و هەرجۆرە بۆچوونێکی پێچەوانە لە چەشنی دوژمن و نەیار هێمای بۆ دەکەن.
وەزیفەی ئەمان دۆزینەوەی مانایەکی قووڵ نیە بۆ ژیان و پاک کردنەوەی کۆمەڵگا لە چەوتی و لاریەکان و گەڕانەوە بۆ مەعرئفەو عەقڵانیەت. ئەسلەن لە خەیاڵدانی ئەم جۆرە مرۆڤانەدا ئەم چەمک و مەفاهیمە مەعریفیانە بەهیچ شێوەیەک شوێنی نابێتەوە.
ئەمان هەڵگری دەیان بیروبۆچوونی بەرتەسکی هەڵقوڵاون لە ناخێکی لە خاچدراوی بەرهەمی پەروەردەیەکی ناڕاست و ئایدیۆلۆژیاو کۆمەڵگایەکی بێ شوناس و سەرلێشێواوو دەرگیر لەگەڵ جەمسەربەندیە هزری و سیاسی و بەرژەوەندیە دژبەرەکاندا.
لوتکەی گومرایی و نەفامی و گەمژەییە بتەوێ لە رێگەی خۆ تەقاندنەوە لە پێناو کەسێک و سیاسەت و ئایدیۆلۆژیاو کۆمەڵێک بەرژەوەندی بەرتەسک و دونیایی و ناپایەدارو کاتیەوە خۆت بتەقێنیتەوە. ئەوپەڕی دەمارگیریە بۆ گەڕان بە دوای شوناس و پێناسێکی فەردی و دەستەجەمعی و جڤاکیەوە پەنابەریت بۆ کردەیەکی کۆمەڵایەتی خۆکوژی و پێت وابێ ئەمە تاکە ڕێگە ڕاست و دروستەکەیە…!!!
تاکە خۆتەقێنەکان هەڵگری دونیابینیەکی نەخۆش و پەروەردەیەکی ساختەو داڕماوو خواروخێچ و نالۆژیکی و لە قالبدراوەن. ئەم تایپانە بەوپەڕی جورئەتەوە و لە ناخەوە بانگەشە بۆ کردەی خۆ تەقاندن دەکەن کەوا زادەی خەیاڵێکی وەهم گەراو نەخۆشە.
ئەمان زیاتر وێران کردنی رووبەری ژیان و پێکهێنەرەکانی مەبەستیانە و خەون بە لە جوانی خستنی هەموو ئەو شتانەی تایبەتن بە مرۆڤەوە، دەبینن. هەڵگرانی هزری لەمشێوەیە تەنیا هێما بۆ باوەڕە بەرتەسکەکانیان وەک حەقیقەتی رەهاوە دەکەن و لەدەرەوەی ئەم تێروانینەیاندا، سەرلەبەری دیدگاو بۆچوونەکانی تر رەت دەکەنەوەو دەیانخەنە خانەی خیانەتەوە.
ئەوەی وەھم و خەیاڵ و تارماییەکانن و ئێمەیان لەم گەردوونەدا تا سەر ئێسقان بەخۆیانەوە مەشغوڵ کردووەو رووبەری ژیانمانی بە ھیواوخواستە لەبن نەھاتوو و بەدینەھاتووە رەنگاڵەکانەوە سیخناخ کردووە و تا قوڵایی ناخمان رۆچوونە، نامێنن و کۆتاییان پێ دێت.
ئەوەی دەمێنێتەوە حەقیقەتی رەھای دوای وەھم و خەیاڵە بێ سنوورەکانی ئەم جیھانە ئاڵۆزو پڕوپوچ و پڕلە کێشەیەیە...جیھانیک، گەرەک بوو ھەرکام لە ئێمەمانان سەردارو سەروەری رەھا خۆمان و ئەستێرەی درەوشاوەی ئاسمانی ژیانی خۆمان باین، نەک لە فەلەکی وەھمگەرایی و پوچگەرایی ژینگەیەکی پڕ لە کاراکتەری فرەسیما وفرەجەمسەری بەرژەوەندیپارێزی مشەخۆردا بخولابانیەوە.